رووداوه‌كانی بادینان قسه‌ی زۆری له‌سه‌ر كرا و شیكردنه‌وه‌ی زۆریشی له‌باره‌وه خرایه روو، به‌تایبه‌ت میدیا و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن، بی ئه‌وه‌ی حیسابی ئه‌وه‌ش بكه‌ن، كه قسه‌كردن و وروژاندنی هه‌ندی شت و مه‌سه‌له‌ی حه‌ساس له‌و ساته وه‌خته ده‌بێته هۆی گرژی و ئاڵۆزی زیاتری وه‌زعه‌كه، كه‌وتنه ته‌حلیلی باسه‌كه و ده‌یان قسه و لێكدانه‌وه‌ی جیا جیایان ڕشته نێو جه‌ماوه‌رو ڕای گشتیه‌وه، كه به داخه‌وه زۆرێك له‌و قسه پێشوه‌ختانه ده‌چوونه خانه‌ی (گولله به‌تاریكی وهنانهوه) .
ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی منه ئه‌و هێرش و قسه بی بنه‌مایانه بوون، كه مامۆستایانی ئایینی و وتاربێژانی كوردستانیان پی تۆمه‌تبار ده‌كرا و، خه‌ریك بوو بڵێن: كاری مه‌لا ته‌نها نانه‌وه‌ی ئه‌و جۆره شتانه‌یه و به‌س!! كه به‌داخه‌وه ئه‌مه ئاماژه‌یه‌كی ترسناكه و، جگه له ناشیرین كردنی كه‌سایه‌تی زانایانی ئایینی و مینبه‌ری مزگه‌وت شتێكی تری لی ناخوێندرێته‌وه.
جاری ده‌بی هه‌مووان بزانین، كه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی گوتاری ئایینی و وتاربێژان، ئایینی پیرۆزی ئیسلامه و، ئیسلامیش زۆر راشكاوانه راستی و ناراستی و هه‌ق و باتڵ و خێر‌و شه‌ڕی بۆ ئێمه روون كردۆته‌وه، یه‌كی له‌و وه‌زیفه هه‌ره سه‌ره‌كیانه‌ی خودی ئه‌و ئیسلامه‌ش له‌سه‌ر كۆی موسڵمانان دایناوه، وه‌زیفه‌ی (ئه‌مر به چاكه و نه‌هی كردنه له خراپه)، كه‌واته وتاربێژ ده‌بی مونكهڕو مه‌عروف بۆ خه‌ڵك روون بكاته‌وه و بنه‌ماكانی شه‌ریعه‌تیش شیی بكاته‌وه.
ئه‌گه‌ر بڕیار بی وتار بێژ هه‌ڵه‌ی كردووه، كه باسی حه‌رامی و زیان و مه‌ترسیه‌كانی عاره‌قی كردووه، ئه‌وه به‌هه‌ڵه داچووین، چونكه ئه‌وه كاری مامۆستایانه بۆ خه‌ڵكی روون بكه‌نه‌وه و شتێكی تازه‌ش نیه، كه گوترا بی عاره‌ق حه‌رامه و ته‌نها ئه‌و مزگه‌وته‌ش نه‌بووه باسی حه‌رامی عاره‌قی كردبی. . !
ئه‌گه‌ریش بڕیار بی له‌به‌ر ئه‌وه باس نه‌كری تا شعوری مه‌یخۆره‌كان بریندار نه‌بی، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌تره، له‌هه‌مان كاتدا پرسیارێك دێنێته پێشه‌وه به‌وه‌ی بۆچی و له پێناو چی به‌و به‌ربڵاویه دوكانه‌كانی مه‌یفرۆشی ده‌كرێنه‌وه و، خاتری مه‌یخۆره‌كان ده‌گیری ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شعوریان تێك نه‌چی! ئه‌ی باشه بۆ رێز له شعووری ئه‌و هه‌موو موسڵمانه‌ی كوردستان ناگیری، كه قبوڵیان نیه مه‌یخانه به‌و شێوه بكرێنه‌وه و گه‌نج و لاوی ئه‌و وڵاته به‌ره‌و ئاقارێكی دوور له قیه‌م و داب و نه‌ریتی كۆمه‌ڵگایه‌كی زۆرینه موسڵمان ئاراسته بكرێ!؟ مه‌گه‌ر هه‌ستی دیندارێتی ئه‌و هه‌موو موسڵمانه پێویستی به پارێزگاری و ڕاگرتن نیه؟!
له لایه‌كی تره‌وه هه‌ر كه حه‌ده‌سێكی وه‌ها هاته پێشه‌وه، یه‌كسه‌ر مامۆستایانی ئایینی و مینبه‌ری مزگه‌وته‌كان ده‌درێنه به‌ر تانه و ته‌شه‌رو، وه‌ك بڵێی (نه مزگه‌وت و نه مه‌لا) هیچ خزمه‌تێكیان له‌و هه‌رێمه نه‌كردبی، یاخود توێژێكی زیاد بن و بار بن به‌سه‌ر كوردستانه‌وه! جاری من تێناگه‌م بۆ كه‌س باسی سهروهریو هه‌نگاوه ئیجابیه‌كانی زانایانی ئایینی له‌و هه‌رێمه ناكات، له كاتێكدا ده‌یان ئینجازو هه‌ڵوێست و په‌یامی ئاشتیخوازانه‌یان هه‌یه، كه به شاهێدی دۆست و دوژمن كاراترین كه‌سی نێو كۆمه‌ڵگه‌ن و، خاوێنترین په‌رێزیان هه‌یه و، ئه‌و په‌ڕی دڵسۆزیان به‌رامبه‌ر دین و خاك و وڵات نیشان داوه و، به عه‌مه‌لیش ئه‌وانه‌یان سه‌لماندووه، كه نمونه زۆره و لێره جێگه‌ی باسكردنیان نابی. به‌ڵام له زه‌قكردنه‌وه‌ی شتی بچووك، زل ده‌كرێته گامێش و مینبهرو مزگه‌وتیش بهناشیرن وه‌سف ده‌كرێن.
لێره‌وه جێی خۆیه‌تی ئه‌و راستیه بڵێین، كه له هه‌ر رووداوێكی له‌و شێوه، ته‌نها یه‌كێتی زانایانه دیفاع له زانایان بكات و كه‌سی تر به خه‌مخۆرو داكۆكیكاری زانایانی ئایینی نابینری، له لایه‌كی تریشه‌وه له جێیه ئه‌گه‌ر گلییهك له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف بكه‌ین، كه به‌داخه‌وه نه‌یتوانیوه له ئاراسته‌ی سیاسه‌تی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی، وڵامێكی به‌هێز بۆ ڕای گشتی دروست بكات، كه فیعله‌ن زانایانی ئایینی له‌و هه‌رێمه دڵسۆزیان هه‌یه و، ئه‌وان پێشه‌نگی كاری چاكه و هه‌نگاوی پڕ خزمه‌ت و خه‌مخۆی خاك و وڵاتن.
كۆتا قسه‌م به‌وه دێنم ده‌بی هه‌مووان ئه‌وه بزانین، كه مامۆستایانی ئایینی نه‌ك ته‌نها وتاربێژن، به‌ڵكو به‌شێكی گرنگی كۆمه‌ڵگه و ته‌نانه‌ت مێژووی میلله‌ته‌كه‌شمان و هه‌میشه په‌یامی ئه‌وان بۆ كوردستان په‌یامێكی خێر‌و پڕ له ته‌بایی بووه و، قه‌تیش له‌گه‌ڵ خراپه و ناكۆكی و ئاڵۆزی و نانه‌وه‌ی ئاشووب نه‌بووینه، بۆیه پێویسته به‌و په‌ڕی رێزه‌وه بڕٍوانینه پێگه‌ی زانایان و نه‌یانخه‌ینه سه‌به‌ته‌ی خهتاباریهوه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
کوردستان نێت نێتی هەمووانە