رەتكردنەوەی كۆبوونەوە. . . ترس یاخود غروری سیاسی ... شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

لەكاتێكدا هەرێم بەقۆناغێكی هەستیاردا تێپەڕدەبێت و   ئاریشەكانیشی لەگەڵ بەغدا روو لەزیادبووندایەو ئەو بەڵێنانەی لەماوەی رابردووشدا   بەكورد دراون هیچیان نەهاتوونەتەدی و ڕەوشی ناوخۆی هەرێمیش لەگەڵ سەرهەڵدانی   ئۆپۆزسیۆن و شۆڕشەكانی ئەم دواییەی وڵاتانی عەرەبی بەئاراستەیەكی دیكەدا رۆیشتووەو   ئەوەندی هەست بەمەترسییەكانی دەكرێت هێندە هەست بەگەشبینی ناكرێت.  


پشێویەكان   بادینان بۆ روویاندا


ئەگەرچی تاوەكو ئێستاكە هۆی سەرەكی رووداوەكانی بادینان   بەروونی دەرنەكەوتووە كە كێ لەپشت ئەم كارەوەیە، بەڵام هەر زوو میدیای پارتی و  یەكگرتوو كەوتنە تۆمەتباركردنی یەكتری بەوەی یەكگرتوو لەپشتی هاندانی جەماوەرەوە بووە بۆ ئەوەی شوێنەكانی گەشتیاری و دووكانی مەیفرۆشی و سەنتەرەكانی مەساجكردن بكەونە بەر پەلاماردانی خەڵكییەوەو هەروەها میدیای یەكگرتووش لەكاتژمێری یەكەمەوە پارتییان بەوە تۆمەتباركرد كە كادیرانی پارتی دەستیان هەبووە لەسوتاندنی بارەگەكانی یەكگرتووداو دوای چەند رۆژێكیش لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە لیژنەیەك بۆ دیراسەتكردنی رووداوەكە پێكهێنراو ئەوەبوو لیژنەكە لەراپۆرتێكدا یەكگرتووی ئیسلامی بەهاندانی خەڵكی تۆمەتباركردو پارتیش بەوە ناوبرد كە كەمتەرخەم بووە لەبەرانبەر لایەنگرانی خۆی بۆ ئەوەی پشێویەكی لەم جۆرە دروست نەبێت.


دوابەدوای راگەیانراوەكەی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەرووداوەكانی بادینان، ئیدی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو دەرئەنجامی ئەنجامەكانی لیژنەكەی رەتكردەوەو لەراگەیەنراوێكدا ئاماژە بەوە دەكەن كە لیژنەكەش هەمان قسەی بەرپرسانی پارتی دووبارە دەكەنەوە. رەتكردنەوەی دەرئەنجامی راپۆرتی لیژنەكەی سەرۆكی هەرێم لەلایەن یەكگرتووەوە هێندەی تر پشێویە سیاسیەكان قوڵتر دەكاتەوەو خودی یەكگرتووش دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەكی گەورەترەوە كە رەنگە بەهۆیەوە ئاڵۆزییەكان بەئاقارێكی مەترسیداردا بڕۆن.

رەتكردنەوەی كۆبوونەوە. . . ترس یاخود غروری سیاسی


چەند رۆژێك دوای پشێویەكانی بادینان بەهۆی دەستپێشخەریەكەی عەلی باپیری ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی، بڕیاردرا هەردوو لایەنی پارتی و یەكگرتوو لەبارەگە تایبەتییەكەی و بەئامادەبوونی ئەمیری كۆمەڵ بۆ تاوتوێكردنی رەوشەكە كۆببنەوە، كەچی چەند كاتژمێرێك بەر لەوادەی دیاریكراوی كۆبوونەوەكە مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو لەدانیشتنەكە پاشگەزبوونەوەو بەمەش پارتی و بەشێكی زۆری خەڵكی نیگەران كرد. ئەمەش خوێندنەوەی ئەوەی بۆ دەكرێت بەراستی یەكگرتوو دووچاری غروری سیاسی بووە یاخود ترسیان لەنەبوونی بەڵگەی پشتراستكراو هەبووە لەوەی پارتیان تۆمەتبار كردووە بەسوتاندنی بارەگانی یەكگرتووی ئیسلامی و تەنانەت هەندێ‌ جاریش لەلایەن میدیاكەیانەوە تۆمەتی نانەوەی پشێویەكانی ناوچەكەشیان ئاراستەی پارتی دەكرد.
لەم بارەیەوە ئەرسەلان بایزی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لەهەمان كاتیشدا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانە، رەخنە لەیەكگرتوو دەگرێت لەوەی پاشگەزبوونەتەوە لەئەنجامدانی كۆبوونەوەكەو پێیوایە كە یەكگرتوو كەوتۆتە ژێر كاریگەری حیزبە ئیسلامییەكانی عەرەب و رەخنەی ئەوەشیان ئاراستەدەكات بەوەی هەڵچوونی ئیعلامیان پێوە دیارەو مەرجەكانی یەكگرتووش بۆ بەشداری نەكردن لە كۆبوونەوەكە بەجۆرێك لەجۆرەكان بەبیانووێكی لاواز وەسف دەكات و دەڵێت: بۆچی پێش كاتی كۆبوونەوەكە مەرجی ئازادكردنی گیراوەكانیان نەكردە مەرجی سەرەكی دانیشتنەكە؟. هەروەها ئەرسەلان بایزی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەم وتارەیدا كە لەكوردستانی نوێدا بڵاو كراوەتەوە ئاماژە بەوەش دەكات بەو پێیەی یەكگرتوو پەشیمان بوونەتەوە لەكۆبوونەوەكە ئەگەر حەقیشیان بووبێت ئەوا بەهەدەریاندا

.
پشێویەكانی بادینان و هەڵویستی رۆشنبیران


ئەوەی جێگەی مەترسییە كەسانێكی رۆشنبیری چەپ هێندەی مەبەستیان سەنگەرگرتن بوو لەپارتی هێندە خودی كردەوە ناشیرینەكەی بادینانیان مەحكوم نەكرد بەوەی ئازادی تاكەكەس و پێكەوەژیانی ئایینی پێشێلكراوە بەهاندانی جەماوەری حیزبێكی ئیسلامی سیاسی لەڕێگەی بەكارهێنانی مزگەوتەوە بۆ زیادكردنی نفوزی حیزبی، ئەگەرچی یەكگرتوو پاكانە بۆ ئەوە دەكات كە ئەوان دەستیان نەبووە لە هاندانی خەڵكی، بەڵام نووسەر شاخەوان شۆڕش لەدیدێكی مێژووییەوە ئیسلامییەكان بەوە تۆمەتبار دەكات كە لەدوای نەوەدەكانەوە كار بۆ كۆنەپارێزكردنی ئایینیانەی كۆمەڵگە دەكەن و خەڵكی دژی دیاردەو پرەنسیپە نائیسلامییەكان هاندەدەن و دەستیان خستۆتە ناو كاروباری خێزانی كۆمەڵگەی كوردییەوە. هەروەها رووناكبیر شاخەوان، ئیسلامییەكان كە لێرەدا زیاتر لەگەڵ یەكگرتوویەتی ئاماژە بەوە دەكات لە مزگەوتەكاندا لەرێگەی مەلاكانیانەوە رۆژانە لەسەری خەڵكی دەخوێنن و بەرەو كۆنەپەرستی و داخراوی ئایینی هانیان دەدەن دژی ئازادی تاكەكەسی.
نووسەر و رۆژنامەنووس هیوا رەش لەماڵپەری "ئەمڕۆ"دا دەڵێت: یەكگرتووەكان لەرووداوەكانی بادینان بەكۆڵ فرمێسكیان بۆ بارەگە سوتاوەكانیان رەشت. بەڵام رەخنەی ئەوە لەسەركردایەتی یەكگرتوو دەگرێت كە ئامادەنەبوون داكۆكی لە ماف و ئازادییەكانی خەڵكی نائیسلام بكەن و لەپەلاماردانی سەرچاوەی بژێویان لەلایەن هەندێك گەنجی سەرەڕۆی ئیسلامی تینوو بەخنكاندنی ئازادی بێنەدەنگ. كەواتە دەگەینە ئەو دەرئەنجامە مەترسیدارەی یەكگرتووەكان لەپشتی هاندانی خەڵكەوە بوونە بۆ ئەنجامدانی هێرش و پەلاماردانی هاوڵاتیانی نائیسلامی كە هەمیشە ترسیان لەزیادبوونی ئەم رەوتە نائیسلامییە هەیە لەوەی هیچ كاتێك دەنگ بەحیزبێكی ئیسلامی سیاسی نادەن، بەڵكو كاریگەری خراپیشان بۆ سەر پێگەی جەماوەری یەكگرتوو هەیە لەناوچەكەدا.
بەدیوەكەی تریشەوە بەم كارەیان ویستیان بە جیهانی دەرەوە بڵێن دەسەڵاتی كوردستان ناتوانێت باڵانسی ئایینەكان رابگرێت و لەوێشەوە پاڵپشتی دەوڵەتانی عەلمانی بۆ هەردوو حیزبی عەلمانی فەرمانڕەوای كوردستان لاواز بكەن و دووربكەونەوە لەداڕشتنی سیاسەتی مەدەنیانە لە هەرێمی كوردستان و بەمەش دەرفەتێك بۆ ئیسلامی سیاسی بێتە پێشەوە تا دەسەڵات بگرنە دەست بە سوود وەرگرتن لە ئایین و سادەیی خەڵكانێكی موسڵمان كە ناتوانن كۆدە شاراوەكانی ئیسلامی سیاسی بخوێننەوە.


مەلاو پشێوی سیاسی


ئەو پشێوەی لەوتاری مەلاكەی زاخۆوە داكەوت بەلای جەمال حوسێنی نووسەری فیكری ئیسلامی سیاسی موفاجەئە نەبووە، ئەمە قسەی نووسەرە كە تایبەت بەپەیجەكەی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوی كردۆتەوەو رەخنەی ئەوە لە حیزبە عەلمانییەكانی كوردستان دەگرێت لەوەی بۆ دژایەتیكردنی هێزە ئیسلامییەكان و وەكو پەرچەكردارێك دەیان مەلایان قوت كردۆتەوە. ئەم بۆچوونە ئەوەمان بۆ روون دەكاتەوە حیزبە عەلمانییەكانی ئێمە خۆیان هۆكارێكن لە نانەوەی ئەو پشێویانەی مەلاكان لەسەر هەموو شتێكی كۆمەڵگە دێنەدەنگ و شیكارێكی هەڵەی ئایینیان بۆ دەكەن و زۆر جاریش بوونەتە هۆی نانەوەی ئاڵۆزی كۆمەڵایەتی. جەمال حوسێن یەكێتی زانایان بەدەزگەیەكی سامناكی فەتواو قۆرخكردنی حەقیقەتی ئایینی وەسف دەكات و دەڵێت: بەگوێگرتن لەوتارەكانی ئەم تایپە نوێیە لەمەلای سیاسی توڕەو توندڕەو تێدەگات كە رووداوێكی لەم شێوەی بادینان موفاجەئە نییە. بەڵگەش بۆ بۆچوونەكەی نووسەر ئەوەیە ئەم چەند ساڵەی دوایی مەلاكان مزگەوتەكانیان كردۆتە شوێنگەی بەرژەوەندی كەسی و حیزبی و بوونەتە فاكتەرێكی دیاریش لەنانەوەی پشێوی كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و سیاسی و ئەمانەش هیچیان پەیوەندیان بەپیشەكەی ئەوانەوە نییە. كەچی ئەوە مەلا ئیسلامییە سیاسییەكانن لەسەر بڵاوكردنەوەی شیعرو تابلۆی هونەری و وەرگێڕانی چیرۆك و دەقە ئەدەبییەكاندا هانی خەڵك و حیزبەكانیان دەدەن بۆ دروستكردنی فشاری سیاسی بۆ سەر حیزب و كەسە عەلمانییەكان و بەهەڵە وەسفكردنی دەستەواژە مەدەنییەكانی وەك جێندەرو دژایەتیكردنی گلۆبالیزەیشن و سیمای مەدەنیانەی كۆمەڵگە كە راستەوخۆ ئەمانە دەبنە هۆی لێدان لەبەرژەوەندی ئەوان و لاوازكردنی پێگەی كۆمەڵایەتیان.
هەروەها میدیای ئیسلامی سیاسیش وەك پاڵپشتییەكی هەمیشەیی مەلاكانی خۆیان خەریكی نانەوەی پشێوی كۆمەڵایەتین بۆ لاوازكردنی دەسەڵات و دواتریش گرتنەدەستی و پیادەكردنی ئەو سیاسەتە فاشیلەی لە ئەفغانستان دەكراو ئێستاكەش لە ئێرانی ئیسلامی پەیڕەو دەكرێت.

تێبینی: ئەم رابۆرتە لە هەفتەنامەی پرس بڵاوبۆتەوە


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.