كه بوومه په‌رله‌مانتار و وه‌زیر ئاگادار نه‌بووم، به‌ڵام به‌ویستی خۆم سه‌ركردایه‌تی پارتیم هه‌ڵبژارد.
راشكاوانه نهێنیه‌كانی ژیانی خۆی بۆ (شه‌قام) ئاشكرا ده‌كات و وه‌ڵامی ته‌واوی پرسیاره‌كان ده‌داته‌وه، چنار سه‌عد عه‌بدوڵڵا پهرلهمانتارو وه‌زیری پێشتر له هه‌رێمی كوردستان و كاندیدی ده‌رچووی ئێستای سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌و دیداره تایبه‌ته‌دا باس له سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی ژیانی خۆی ده‌كات و ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو " كه بوومه په‌رله‌مانتار و وه‌زیر ئاگادار نه‌بووم، به‌ڵام به‌ویستی خۆم سه‌ركردایه‌تی پارتیم هه‌ڵبژارد " ئه‌وه‌ش ئاشكراده‌كات كه وه‌زیرایه‌تی بۆ ئه‌و فێری ته‌حدای كردووه، سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش چنار پێیوایه " ماڵوێرانیه ئه‌گه‌ر له‌به‌ر خاتری موجهمهله له شوێنێك دابندرێم ".
نه‌جات ئه‌حمه‌د
به‌شی یه‌كه‌م
جانتاكه‌ی چنار كارتی بزنس و قه‌ڵه‌م و كلینكس و و چوكلێت و بنێشت و مۆبایل و تۆقه‌یه‌كی تیایه وه‌زیرایه‌تی فێری تهحداكردنی كردن كردم واڵڵا نه‌وسنم و حه‌زم له خواردن و دروستكردنی خواردنیشه
ماڵوێرانیه ئه‌گه‌ر له‌به‌ر خاتری موجهمهله له شوێنێك دابندرێم
شه‌قام: باله‌وه ده‌ست پێبكه‌ین تۆ په‌یوه‌ندیت به سیاسه‌ته‌وه چیه‌و چۆن باس له سیاسه‌ت ده‌كه‌ی؟
چنار سه‌عد: دیاره سیاسه‌ت ئه‌و چه‌مكه‌یه كه په‌یوه‌سته به ژیانی ئیداری و ئارامی و ئاسایش و خۆشگوزه‌رانی و به‌رێوه‌بردن و هونه‌ری ئیداره‌كردنی كۆمه‌ڵگایه، جا ئه‌و ئیداره‌كردنه هه‌ندێكجار ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری بارودۆخێكی دیاریكراو و ئه‌وكات تووشی شڵه‌ژاوی و كاره‌سات و شه‌ڕو ناخۆشی دێت و هه‌ندێكجاریش به‌هۆی هه‌بوونی كه‌شێكی له‌بار ئه‌و سیاسه‌تكردنه به‌رێكوپێكی به‌رێوه ده‌چێت و له خزمه‌تی هێنانه‌كایه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خۆشبه‌خت به‌رێوه‌ده‌چێت، بۆیه من پێموایه سیاسه‌ت له كۆمه‌ڵگای كوردی دیوه‌كه‌ی تری بووه كه پڕِبووه له ناجێگیری و پڕ له ده‌ربه‌ده‌ری و پڕ له ئاواره‌یی و شه‌ڕو كوشتن و ماڵوێرانی كه منیش به‌شێك بوویمه له‌و قوربانی بارودۆخه سیاسیه‌كه.
شه‌قام: سه‌ره‌تای هاتن بۆ نێو سیاسه‌ت، یان ئه‌و كاریگه‌ریانه چی بوون كه وای له تۆ كرد بێیته ئه‌و بواره؟
چنار سه‌عد: به شكلێكی ویلادی و فیزیكی كاری سیاسی و ژیانی سیاسی من له‌گه‌ڵ له‌دایكبوونم ده‌ستی پێكرد، ئه‌وكاته‌ی من له‌دایكبووم باوكم پێشمه‌رگه بوو، ئه‌وكاته‌ی كه شۆڕش له هه‌ڕه‌تی گهرمووگوڕیدابوو، بۆیه ده‌توانم بڵێم هه‌ر له‌و قۆناغه‌دا ئیتر ژیانی سیاسیم و هاتنه ناو خه‌بات و ماڵوێرانی و به‌دبه‌ختی من ده‌ستی پێكرد، به‌ڵام به‌شێوه‌ی پراكتیك وه‌ك چنار ژیانی سیاسیم له‌و رۆژانه ده‌ستی پێكرد كه هه‌ستم به زوڵم و غه‌در ده‌كرد و هه‌ستم ده‌كرد راسته ته‌مه‌نم منداڵ بوو ئه‌وكاته له ته‌مه‌نی شه‌ش، حه‌وت ساڵی هه‌ستم به‌وه‌ده‌كرد كه من له خانه‌واده‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌م و باوكی من پێشمه‌رگه‌یه و ده‌ربه‌ده‌ری و ئاواریی وایلێكردم كه هه‌ست بكه‌م بێ وڵاتی چه‌نده سه‌خته هه‌ست بكه‌م كه زوڵمكردن چه‌ند ناخۆشه، ئه‌مه له‌وێوه خه‌ڵكێك كه نازج و بالغ ده‌بێت بیر له ژیانی سیاسی و زوڵم و سته‌م ده‌كاته‌وه، به‌ڵام من له ته‌مه‌نێكی زۆر منداڵی به‌هۆی بارودۆخی ناخهوادهكهم هه‌ستم به‌و زوڵمه كرد‌و وجودی ئێمه له‌لایه‌نی سیاسیه‌وه زۆر زوو ده‌ستی پێكرد و خۆشم كه ده‌ستم به موماره‌سه‌ی كاری سیاسی كرد له‌منداڵیش له ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵان ئه‌وكاته‌ی باوكم پێشمه‌رگه بوو ده‌چووینه لای و له شاخ ده‌ماینه‌وه‌و له نه‌ورۆز به‌شداریمان دهكردو له بۆنه سیاسی و حزبیه‌كان به‌شداریمان ده‌كرد و ئه‌وكات سرودی ئه‌ی شه‌هیدان فێربووین، ته‌نانه‌ت له‌بیرمه منداڵ بووم گه‌ڕاینه‌وه شار له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌مده‌زانی و فێری ئه‌و سرودانهش ببووم و ئه‌وكات تهحیهتوعهلعهلم هه‌بوو له قوتابخانه‌كان له راوه‌ستان له رۆژی پیشنج شه‌ممه چووم سرودی ئه‌ی شه‌هیدانم ووت مامۆستایه‌كه زۆر ترسان به‌ڵام من به سیقه‌وه ئه‌و سروده‌م ووت، دواتر ژیانی ئاواره‌یی ده‌ستپێكرد و كه‌وتینه ژیانكردن له‌گه‌ڵ فارس و توركه‌كان هاونشینی ئێمه بوون له‌شار زۆرجار له قوتابخانه ئه‌و داڕشتنانه‌ی كه ده‌منووسی ئه‌گه‌رچی به زمانی فارسی بوون به‌ڵام زۆر پێناسه‌یان له‌بارودۆخی سیاسی ئێمه ده‌كرد، منیش له منداڵیه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر حه‌زم له كتێب و نووسین ده‌كرد مامۆستاكانم زۆر منیان به‌دڵ بوو، زۆر باشم له‌بیره كاتی كۆڕه‌و ده‌ستی پێكرد ئه‌وكاته هاورێیه‌كانم له پۆلهكهمدا به جۆرێك له جۆره‌كان له‌باسی ژیانی ئه‌و كوردانه‌ی هاتبوونه ئێران زۆر برینداریان كردم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وانه به ره‌ش و رووتی هاتنه شاره‌كانی ئێران ئه‌وانیش به گاڵته‌وه باسیان ده‌كرد كه من زۆرم پێ‌ناخۆش بوو ئه‌مه‌ش وای لێكردم كه من دارشتنێك بنووسم و به توندی ئیدانه‌ی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌وانم كرد كه به‌رانبه‌ر به ئێمه هه‌یانبوو كاتی له پۆلهكهشم ئه‌و داڕشتنهم خوێنده‌وه زۆربه‌یان هاتن داوای لێبودرنیان لی كردم و وتیان مه‌به‌ستمان نه‌بووه كه تۆ بریندار بكه‌ین، ئیتر ئه‌مانه هه‌موو ژیانی سیاسی من بووینه بۆیه ده‌توانم بڵێم ئه‌وكاتانه ده‌ستی پێكرد، به‌ڵام له‌هاتنه ناوه‌ی رێزی ئۆرگانه‌كان و حزبی ئه‌وكاته كه قوتابی بووم له دواناوه‌ندی و دواتریش له زانكۆ زۆر چالاكانه له‌ناو ریزه‌كانی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان ده‌ستم به‌كار كرد‌و دواتر له ناوچه‌ی قوتابیانی زانكۆوه به‌ره‌و سیاسه‌ت هه‌نگاوم ناو ئه‌مه سه‌ره‌تای ژیانی من بووه بۆ ناو سیاسه‌ت.
شه‌قام: ئه‌ی كاریگه‌ری باوكت له‌سه‌ر هاتنه ناوه‌وه‌ی تۆ بۆ نێو سیاسه‌ت هه‌بوو؟
چنار سه‌عد: به‌ڵی له 100% كاریگه‌ری له‌سه‌ر من هه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك له‌ناو خانه‌واده‌یه‌كی كوردپهروهرو سیاسی په‌روه‌رده ده‌بێت، زۆرجار ناتوانێت خۆی له لایه‌نی سیاسی لابدات، به‌ڵام شتێكی زۆر گرنگیش هه‌یه ئه‌ویش له‌ناو خودی كه‌سه‌كه چه‌نده حه‌زكردن له‌كاری سیاسی هه‌یه، چونكه له‌ناو خانه‌واده‌كه‌ی ئێمه چه‌ند كه‌سێك هه‌یه چه‌ند منداڵێكمان هه‌ن، به‌ڵام وه‌ك حه‌زو خولیایی سیاسه‌ت له‌لای من زیاتر ره‌نگی دابوویه‌وه تاوه‌كو ئه‌وانی تر، ئه‌مه‌ش وایكرد من خۆم له‌نێو سیاسه‌ت بینمه‌وه.
شه‌قام: ئه‌گه‌ر باوكت بمابوایه، سیاسه‌تت ده‌كرد؟
چنار سه‌عد: به ته‌ئكید، كاتی ئه‌ویش له ژیاندا بوو من له ناوچه‌ی یه‌كێتی قوتابیان بووم دواتر ماسته‌رم ته‌واو كرد چوومه ناوچه‌ی مامۆستایان، به‌ڵام ئه‌وكات به‌رپرسیاره‌تیم وه‌رنه‌گرتبوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێموابوو ئه‌وكات باوكم به‌رپرسیاریه‌تی هه‌بوو منیش پێم باش بوو كه وه‌ك هاوڵاتیان وه‌ك كه‌سێكی ئاسایی كار بكه‌م.
شه‌قام: زۆرجار له‌كاتی وه‌رگرتنی پۆسته‌كانت، تۆ خۆت وانیشانداوه كه ئاگاداری ئه‌وه نه‌بوویته كه ئه‌و پۆستانهت پێبده‌ن بێ ئاگا بوویته؟ ئه‌مه چۆن بووه؟
چنار سه‌عد: ده‌بێت ئه‌و پرسیاره له‌وه ده‌ست پێبكه‌ین كه شێوازی به‌خشینی پۆست یاخود به‌رپرسیاره‌تی له وڵاتی ئێمه چۆنه؟ ئه‌گه‌ر ئێمه پێورێكمان هه‌بێت و سیسته‌مێكمان هه‌بێت، وه‌ڵامه‌كه‌ی منیش مانای ده‌بێت لای ئێوه، دیاره له وڵاتی ئێمه ته‌نانه‌ت له خولی پێشووی په‌رله‌مانیش به‌خشینی كار‌و پێدانی كار له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌وه نه‌بووه كه پێشتر بانگی كه‌سه‌كه بكه‌ن و یانیش خودی كه‌سه‌كه چووبی به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت داوای كردبێت، بۆیه به چه‌ندین شێوه به‌رپرسیاره‌تی وه‌رگیراوه، یا ئه‌وه‌تا كه‌سه‌كه خۆی لێهاتووه و ئه‌و توانایه‌ی تێدایه‌و خه‌ڵك ده‌یبینی و پێیوایه گونجاوه بۆ ئه‌و شوێنه ئیتر بڕیاری ئه‌وه ده‌درێت كه ئه‌و كه‌سه له‌و شوێنه دابندرێت ئینجا به‌كه‌سه ده‌ڵێیت ئه‌وكات كه قبولی كرد به‌رپرسیاره‌تی پێده‌درێت، له هه‌ندێك كاتیش‌دا بووه ره‌نگه كه‌سێك خۆی له‌ده‌رگای به‌رپرسانی دابێت تا پۆست وه‌ربگرێت ئه‌وكات ئه‌گه‌ر به‌شیاو زاندرا ئه‌و پۆسته‌ی پێده‌ده‌ن، واته سیسته‌می به‌خشینی پله‌ی به‌رپرسیاره‌تی له ووڵاتی ئێمه سیسته‌مێكی روون نیه، بۆیه من كه وتوومه چ له په‌رله‌مان چ له وهزرارهت كه وه‌ك پێویست له پێشوه‌ختدا ئاگه‌دار نه‌بویمه ته‌نیا بۆ ئه‌وه ده‌گرێته‌وه كه ئه‌و سیسته‌مه زۆر دیار نه‌بوو، ئه‌گینا بێگومان كه‌سێك بۆ شوێنێك دیار ده‌كرێت، بێگومان پرس و ڕای پێده‌كرێت و دواتریش كه خۆی قبوڵی نه‌بێت ئه‌و به‌رپرسیاره‌ته وه‌رناگرێت.
شه‌قام: دوا به‌رپرسیاره‌تی كه وه‌رتگرتووه، له چوونت بۆ سه‌ركرایه‌تی پارتی، له‌مه‌ش بێ ئاگا بوویت؟
چنار سه‌عد: نه‌خێر ئه‌مه هه‌ڵبژارندنی خۆم بوو، ئه‌زانی چۆن بوو، بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان ئه‌وكاته حزب به‌دوای ئه‌وه ده‌گه‌ڕا كه كۆمه‌لێك له نێر‌و می بزانن شیاو بێت بۆ ئه‌و پۆسته له‌گه‌ڵ ره‌چاوكردنی كۆمه‌لێك ئیعتبارات ئه‌وانه ده‌ست نیشان بكه‌ن، ئیتر بهمنیشان ووت ئه‌گه‌ر تۆ ره‌زامه‌ند بیت منیش لاری نه‌بوونی خۆم پیشاندا له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی وه‌زاره‌تیش ئه‌وكاته من له په‌رله‌مان بووم دوایان لێكردم ئه‌و به‌رپرسیاره‌ته وه‌ربگرم ئه‌گه‌رچی له سه‌ره‌تاوه پێموابوو كه كاری پهرلهمانیشم به‌لاوه گرنگتر‌و له‌و قۆناغه پپَم باشتر بوو، به‌ڵام كاتی وه‌ك ئه‌ركێك بهمن سپێرداو وتیان ئه‌مه‌ش ئه‌ركێكه كه تۆ به شیاو ده‌زانین بۆ ئه‌و شوێنه منیش قبوڵم كرد، به‌ڵام له سه‌ركرایه‌تی كاتی چانس هه‌بوو بۆ هه‌مووان كه به‌شداری ئه‌و پرۆسه‌یه بكه‌ن، من بڕیاری ئه‌وه‌مدا كه به‌شدار ببم و ده‌وروبه‌ریش كاریگه‌ریان هه‌بوو كاتی هه‌ڤاڵانیشم داویان كرد كه من كه‌سێكی گونجاوم و ده‌توانم له‌و شوێنه كار بكه‌م ئه‌وكاته بڕیارمدا خۆم كاندید بكه‌م و سوپاسشیان ده‌كه‌م كه هاوكارم بوون تا ده‌نگ بێنم و ئه‌و متمانه‌یه وه‌ربگرم، تا له داهاتوودا له‌و شوێنه كار بكه‌م.
شه‌قام: جگه له‌تۆ له خانهوهداكهت كه‌سی تر خه‌ریكی كاری سیاسیه؟
چنار سه‌عد: نه‌خێر، مه‌به‌ستم له خێزانه‌كه‌ی ئێمه كه‌س نیه.
شه‌قام: ئه‌مه به ویستی خۆیانه؟
چنار سه‌عد: ره‌نگه توانای خۆیان له شتی تر ببینه‌وه، هه‌ندێكیان له بواری ئیداری و هه‌ندێكیان خه‌ریكی ژیانی خێزانین و هه‌ندێكیشان حه‌زیان له‌كاری دیبلۆماسیهو هه‌ندێكیشان حه‌زیان له‌كاری ئه‌كادیمیه، ئه‌مه‌ش ده‌وه‌ستێته سه‌ر حه‌زو خولیای ئه‌وانه به‌ڵام من سیاسه‌ت بۆته به‌شێكی گرنگ له ژیانم و ناشتوانم لێی دابرێم.
شه‌قام: ئه‌ی په‌یوه‌ندییه خزمایهتیهكانت چۆن رێكخستووه؟ سه‌ره‌تا له خێزانیه‌وه تا خاڵ و مامهكانیشت؟
چنار سه‌عد: خۆی من كه‌سێكی عاتفیمه، كه ئه‌مه خانه‌واده‌كه‌م واده‌ڵێن، له هه‌مانكاتیشدا هه‌ر له منداڵیشه‌وه ئه‌و سیفه‌ته له‌ناو مندا هه‌بوو كه به‌كه‌سێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ناسراوم و حه‌زم له په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵاییه‌تیه‌كان بووه و هه‌میشه هه‌وڵی ئه‌وه‌م داوه كه ئه‌و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیانه توندوتۆڵ بكه‌م و هۆكارێكیش بوویمه بۆ له‌یه‌كتر نزیكبوونه‌وه‌ی ده‌ورووبه‌رو بۆ كۆبوونه‌وه خێزانیه‌كانمان تا گه‌رموگوڕی له‌ناو خێزانه‌كانم هه‌بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وه حه‌زی خۆم بووه، ره‌نگه له‌گه‌ڵ خوشك و برایه‌كانیشم له هه‌ندێك دیدو بۆچوون ناكۆكیمان هه‌بووبی، به‌ڵام هه‌میشه هه‌وڵی ئه‌وه‌م داوه هاورێیان بم و لێیان نزیك بم.
شه‌قام: له كوڕه‌كان نزیكتری یان له كچه‌كان؟
چنار سه‌عد: ره‌نگه له كوڕه‌كان به پله‌ی یه‌ك گۆرانی برام كه له‌دوای من له‌دایكبووه زۆر نزیكم و له خوشكیشم له‌كه‌ناری خۆشكم نزیكم ئه‌وانه هه‌موو به پله بۆ من رێزكراون.
شه‌قام: له‌كامه‌یان زیاتر ئاسوده تری؟
چنار سه‌عد: گۆرانی برام.
شه‌قام: ئه‌ی ژیانی رۆژانه‌ت به چی به‌سه‌ر ده‌به‌ی ئه‌گه‌ر نه‌چیته ده‌وام؟
چنار سه‌عد: (به پێكه‌نینه‌وه..) زۆر مه‌شغولم، چونكه به‌راستی سروشتی من ئه‌وهایه زۆر‌و به‌رده‌وام ئیش ده‌كه‌م، واته هه‌تا ئه‌گه‌ر كه ده‌ڵین من بێ ئیشم ئه‌وكاتانه زۆر به ئیشم، چونكه ئه‌وه سروشتی منه‌و ناتوانم بێ ئیش بم، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر له‌ماڵ بم زۆربه‌ی كاتم خوێندنه‌وه‌و نووسینه كه دوو شتی زۆر سه‌ره‌كین له ژیانمداو ناتوانم لێیان دابڕێم، سێیه‌میش فێربوونی زمانی ئینگلیزی كه ئه‌مه كارێكی دیكه‌یه‌و به‌رده‌وام هه‌وڵی فێربوونی ده‌ده‌م، زۆرجار له‌سه‌ر ئینته‌رنێت وێب سایته‌كان به‌گشتی و بی بی سی به‌تایبه‌ت ده‌كه‌مه‌وه‌و زۆرجار له‌سه‌ر ئینته‌رنێت په‌یوه‌ندیه‌كانم رێكده‌خه‌م و كاری ماڵیش ده‌كه‌م و یارمه‌تی دایكم ده‌ده‌م به پاككردنه‌وه‌ی ماڵ یان هه‌ر كارێكی تری ناو ماڵ بێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه خوشكه‌زایه‌كی بچووكم هه‌یه كه كوڕی كه‌ناری خوشكمه زۆرجار وایه له‌گه‌ڵی ده‌بم، چونكه ئه‌و كاتی ده‌چێته ده‌وام زۆربه‌ی كاته‌كان لای ئێمه‌یه به‌راستی ئه‌گه‌ر له‌ماڵ بم زۆر خه‌ریكی ئه‌و خوشكهزایهم ده‌بم، ئێستا ژیار هه‌موو كاته‌كانی منی داگیركردوه، ئه‌مه جگه له‌و تهلهفۆناتانهی كه بۆم دێت وه‌ڵامیان ده‌ده‌مه‌وه.
شه‌قام: كامه‌یان له‌و سهرقاڵیانهت چێژی زیاتره بۆ تۆ؟
چنار سه‌عد: هه‌موویان خۆشن و هه‌ریه‌كه‌یان پله‌ی خۆی هه‌یه، بۆ نموونه خوێندنه‌وه زۆرترین چێژی لێوه‌رده‌گرم، كاری ناو ماڵ ره‌نگه به جێگه‌ی خۆی چێژی هه‌بێت، ره‌نگه زۆرجار نه‌توانم كار بكه‌م و به ده‌ستی خۆم خواردن دروست بكه‌م، ئه‌مه‌ش زۆر چێژی هه‌یه‌و مه‌سه‌له‌ی گرنگیدان به‌و منداڵه كه ناوی ژیاره من زۆر موهتهمم پێوه‌ی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێموایه منداڵ زۆر گرنگه كاتی مرۆڤێك بتوانێت منداڵێك دروست بكات و ئه‌وه‌ی ده‌یزانم پێدهڵێیم له رووی سایكۆلۆژی و سۆسیۆلۆژیه‌وه له‌سه‌ری جێبه‌جێده‌كه‌م، ته‌نانه‌ت كه‌ناری خوشكم پێمده‌ڵێت ژیار بویته عه‌قلی ته‌جرووبه كه هه‌رچی ده‌یزانی له‌سه‌ری ته‌تبیق ده‌كه‌ی، به‌ڵام من ده‌مه‌وێت بزانم چه‌نده ده‌توانم مرۆڤێك دروست بكه‌م جیاوازتر له مرۆڤانانه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه هه‌یه به نه‌ریت و كه‌سایه‌تیه‌كی دیاری كرا‌و، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی كات لای ئێمه ته‌نانه‌ت به دایكیشی ده‌ڵێم به‌و شێوه‌یه په‌روه‌رده‌ی بكات بۆیه هه‌ست ده‌كه‌م تاڕاده‌یه‌كی زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه‌و ده‌توانم بڵێم منداڵێكی نموونه‌یه‌و زۆر ئاقڵه.
شه‌قام: ئه‌ی له‌گه‌ڵ خواردن بهینت چۆنه؟
چنار سه‌عد: واڵڵا نه‌وسنم و حه‌زم له خواردن و دروستكردنی خواردنیشه.
شه‌قام:كامه‌یانت حه‌ز لێیه؟
چنار سه‌عد: به‌دبه‌ختی كورد له‌وه‌یه كه له خواردن جۆراو جۆر نین، زۆربه‌ی خواردنه كوردهواریهكانی ئێمه دروستی ده‌كه‌ین به تایبه‌تی ئێستا زۆر باوه، دۆڵمهیهو برنجه و ساوارهو تا كۆتایی خواردنه كوردیه‌كان.
شه‌قام: ئه‌گه‌ر برسیت بێت و له‌ماڵ بیت چی بۆ خۆت دروست ده‌كه‌ی؟
چنار سه‌عد: ئه‌گه‌ر برسیم بێت هه‌ر شێك هه‌بێت بیخۆم، چونكه زۆر به برسیه‌تی هیلاك ده‌بم.
شه‌قام: زۆرجار له بازاڕ له‌گه‌ڵ كچه بچوكێك ده‌تبینم؟ ئایا هه‌ر به‌و شێوه‌یه ده‌مێنیته‌وه؟
چنار سه‌عد: ئه‌مه كچی خاڵمه یان كچه پورهكهمه، به‌ڵی هه‌ر وادهمێنمهوهو داشم ناوه كه‌سایه‌تی خوم له‌ناو كۆمه‌ڵگا بهێڵمه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاتی مرۆڤ بهرپرسیارتیشی هه‌بوو هاوڵاتیه‌كی ئاساییشه، منیش ده‌مه‌وێت وه‌ك هاوڵاتیه‌كی ئاسایی بمێنمه‌وه له جه‌ماوه‌ریش دانه‌بڕێم، بۆ ئه‌وه‌شمه كه خه‌ڵك وا هه‌ست بكه‌ن كه به‌رپرس هاوڵاتییه‌كه به‌ر له‌وه‌ی به‌رپرسێك بێت.
شه‌قام: قه‌ت به ته‌كسی چویت بۆ بازاڕ‌و گه‌رایته‌وه؟
چنار سه‌عد: زۆرجار به ته‌كسی چوویمه و به ته‌كسیش هاتیمهوه، جاری وا هه‌بوو به ئۆتهمبێڵی خۆمان چوینه، دواتر به ته‌كسی هاتیمهوه، زۆرجاریش حه‌زم لێبووه به پاس هاتوچۆ بكه‌م، ژیانی من زۆر ئاسایه، چونكه پاراستنی ژیانی ئاسایی زۆر گرنگه مرۆڤ بتوانێت بیپارێزی، چونكه بۆشایه‌ك له‌نێوان تۆ جه‌ماوه‌ر كه دروست ده‌بێت به تایبه‌تی ئه‌وكاته‌ی له بارودۆخێكدا كه تۆ بهرپرسیارهتیهكهت نامینی زۆر سه‌خته تۆ بتوانین بگه‌ڕێته‌وه ژیانی واقعی، بۆیه من نامه‌وێت تووشی ئه‌و شۆكه بم.
شه‌قام: زۆرجاریش له پێشه‌نگاكانی كتێب سوتفه‌م كردویو ده‌شبینم كتێبی زۆر ده‌كریت، هه‌موویان ده‌خوێنیته‌وه؟
چنار سه‌عد: زۆر به ته‌ماحم له كرینی كتێب و زۆریش به ته‌ماحم له خوێندنه‌وه‌ی كتێب، به‌ڵام به‌داخه‌وه ره‌نگه بۆم نهرهخسابێت هه‌موویان بخوێنمه‌وه، به‌ڵام كرینی كتێب بۆ ئێمه‌ی ئه‌كادیمی مه‌رج نیه له‌هه‌مانكاتدا هه‌مووی بخوێنینه‌وه، به‌ڵام جاری واهه‌یه لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ده‌كه‌ی ده‌توانی كه‌ڵكی لێوه‌ربگریت و به‌كاری بهێنی و بێگومانیش ده‌بێت له به‌رنامه‌یه‌كی درێژخایه‌ن بیانخوێنیته‌وه.
شه‌قام: كامه‌یه ئه‌و كتێبه‌ی كه تۆ ده‌چیته دیار مه‌كته‌به‌كه‌ی ده‌ستی بۆ ده‌به‌ی؟
چنار سه‌عد: كتابی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌و بوارانه‌ی كه پێویسته سیاسیه‌ك ئاگاداری بێت به تایبه‌تی بۆ منێكی سیاسی و ئه‌كادیمی و كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌لێك شت زۆر گرنگن ئه‌و كتابانه‌ی تایبه‌ت به سیاسه‌ت و سیسته‌می دیموكراتی و ئه‌زموونی ووڵاتان له‌و بواره‌و كتێبی مێژوو و كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونناسیش زۆر حه‌ز ده‌كه‌م.
شه‌قام: وه‌ك كچه شه‌هیدێك چۆن بیرده‌كه‌یته‌وه؟ مه‌به‌ستم كچه شه‌هیدبوون چه‌ند كاریگه‌ری له‌سه‌ر تۆ هه‌بووه له هه‌ستكردن به كچه شه‌هیده‌كان؟
چنار سه‌عد: بێگومان هه‌ر مرۆڤێك كاتی خۆی ده‌بێته به‌شێك له قه‌زییه‌كه زیاتر ده‌توانێت له ناوه‌رۆكی ئه‌و بابه‌تانه تێبگات كه پهیوهندسته به‌و بابه‌ته‌ی كه كچه شه‌هیدێك هه‌ستی پێده‌كات، كچی شه‌هیدبوون وام لێده‌كات كه من زیاتر بایه‌خ به كه‌سوكاری قوربانیان و شه‌هیده‌كان بده‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌ك ماده‌م من كچه شه‌هیدم كه‌واته كچه شه‌هید گرنگه، نه‌خێر ماده‌م من كچه شه‌هیدم له ئازاره‌كانی كچه شه‌هیدێك تێده‌گه‌م و ده‌شزانم ئازاره‌كانی ئه‌وان چیه و پێویستی ئه‌وان به پله‌ی یه‌ك چیه ره‌نگه پێویسته‌كانیش به پله بێت بۆیان ره‌نگه له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكی تر بگۆڕدرێت، له‌وانه‌یه هه‌ندێكیان پێویسته‌كانیان ته‌نها سۆز و به‌سه‌ركردنه‌وه بێت هه‌ندێكیان مادیی بێت، بۆیه ئه‌مه وای كردوه زۆر زیاتر لێیانه‌وه نزیك بم.
شه‌قام: ئه‌ی چ شتێك رۆژانه دڵخۆشت ده‌كات؟
چنار سه‌عد: كاتی كارێكم هه‌بێت و بتوانم ئه‌نجامی بده‌م و به‌رهه‌مه‌كه‌شی ببینم سه‌ركه‌وم.
شه‌قام: ئه‌ی به چی دڵتهنگدهبی؟
چنار سه‌عد: به‌و كاتانه‌ی كه فكره‌یه‌كی گرنگم هه‌یه و ده‌مه‌وێت جێبه‌جێی بكه‌م كه لهبهرچهوهندی گروپ و خه‌ڵك میلله‌ته و به‌ڵام خه‌ڵكێك هه‌یه به گرنگ وه‌ریناگرن، كاره‌كه‌ی ده‌مه‌وێت سه‌رناكه‌وێت زۆر دڵته‌نگ ده‌بم، یان ئه‌وكه‌سانه ده‌بینم درۆ و خیانه‌ت ده‌كه‌ن یان ده‌بینم ئه‌و كه‌سانه‌ی كه قیمه‌تی ئه‌و وڵاته نازانن و زۆر به نامه‌سئولانه ده‌یانه‌وێت ئه‌وه‌ی هه‌یه ناشرینی بكه‌ن زۆر تووره ده‌بم.
شه‌قام: ئه‌ی به‌چی ئیزعاج ده‌بی؟
چنار سه‌عد: به ته‌له‌فۆناتی بی مانا كه زۆرجار وایه ئیزعاج ده‌كرێم.
شه‌قام: له‌سه‌ر ده‌می وه‌زیریت چی فێر بووی؟
چنار سه‌عد: (واو...) له‌سه‌رده‌می وه‌زیریم فێره سه‌برو ته‌حمول بووم، كه كاركردن له وه‌زاره‌تی شه‌هیدان به تایبه‌تی ره‌نگه له وه‌زاره‌تێكی تر بومایه جیا ده‌بوو، ره‌نگه ئه‌گه‌ر له وه‌زاره‌تی گه‌شتوگوزار یان هه‌ر وه‌زاره‌تێكی تر بوومایه ئه‌زموونی كاری وه‌زاری من زۆر جیاواز بوو، بۆیه له‌وی فێره تهحمولكردن بووم فێره ئه‌وه بووم كه دڵم زۆر گه‌وره بێت، زۆر ببیستم و زۆر گوێبگرم، فێر بووم كه چۆن ته‌حدا بكه‌م، ئه‌گه‌رچی پێشتر ئه‌وه لای من هه‌بوو به‌ڵام له‌كاری وه‌زاری زیاتر بوو، چونكه بۆ چینێك ده‌مكرد زۆر به توندی ته‌حدای زۆر شتم ده‌كرد، مه‌رج نیه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه دێن له‌به‌رانبه‌رت قسه‌ده‌كه‌ن و خۆیان دڵسۆز نیشان ده‌ده‌ن، به‌ڵكو له پشتیانه‌وه ره‌نگه خه‌ڵكانێك هه‌بن، زۆر پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌موچاوه بن كه پیشانی منیان ده‌دا، بۆیه سه‌رده‌می وه‌زیری بۆ من قوتابخانه‌یه‌ك بوو.
شه‌قام: ئه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زش بهینت چۆنه؟
شه‌قام: حه‌ز له وه‌رزش ده‌كه‌م به‌ڵام وه‌ك پێویست وه‌رزش ناكه‌م، هه‌ندێكجار ماوه ماوه خۆم گه‌رم ده‌كه‌مه‌وه، ئه‌گه‌ر كاتم هه‌بێت له‌گه‌ڵ براده‌ره‌كانم یاری تۆپی ده‌ست ده‌كه‌م و حه‌ز به پایسكل هاژووشتنیش ده‌كه‌م پاسكلێكم هه‌یه به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێستا تێكچووه، به‌داخه‌وه له وڵاتی ئێمه وه‌ك پێویست فرسه‌ت نیه ئافره‌ت وه‌رزش بكات له ده‌ره‌وه به ناچاری له حه‌وشه‌ی خۆمان پاسكیله‌كه‌م ده‌هاژووشت و حه‌زیش له مه‌له‌وانیش ده‌كه‌م.
شه‌قام: ئه‌ی هانده‌ری كامه یانه جیهانیه‌كانی؟
چنار سه‌عد: من هانده‌ری به‌رازیلم و به‌ڵام كاتی دهدۆرینی ده‌چم ده‌بمه هانده‌ری یانه‌یه‌كی تر، بۆ ئه‌مساڵ زۆر حه‌زم كرد ئیسپانیا بباته‌وه، هه‌رواش ده‌رچوو.
شه‌قام: بۆی داده‌نیشی؟
چنار سه‌عد: به ته‌ئكید شه‌ڕیشی بۆ ده‌كه‌م، به تایبه‌تی كه ده‌گاته فیناڵ و بۆ هه‌موو یارییه‌كانی به‌رازیل داده‌نیشم و به‌ڵام كاتإ له جامی جیهانی نامینی ئیدی به‌ناچاری ده‌بمه هانده‌ری تیپێكی تر.
شه‌قام: ئه‌ی یانه‌كان؟
چنار سه‌عد: هه‌ر چه‌نده زۆر گرنگیان پێناده‌م به‌ڵام حه‌زم له یانه‌ی به‌رشلۆنه‌و ئه‌رسناڵ و چێڵسیه، ئه‌گه‌ر هه‌ر یانه‌یه‌ك جوان وه‌رزش بكات من ده‌بمه هانده‌ری به‌ڵام له‌گه‌لڕ ئه‌وه‌ش هه‌موویان قورسایی خۆیان هه‌یه.
شه‌قام: ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت نه‌ما چی ده‌كه‌ی؟
چنار سه‌عد: (ئۆۆۆۆ...) زۆرم ئیش هه‌یه، هیچ كاتێك بی ئیش نابم من كه‌سێكی ئه‌كادیمیم و ئیشی رۆژنامه‌وانی و رۆشنبیری ده‌كه‌م و حه‌زیش له كاری رێكخراوه‌یی ده‌كه‌م له ئێستاش سه‌رۆكی ئهنستیۆتێكم بۆ پرسی چینۆساید و ڤیكتۆلۆمۆچی، بۆیه زۆر كار هه‌یه من بیكه‌م.
شه‌قام: زۆرجار له رۆژنامه‌كان ده‌بیندرێت وتارت هه‌یه و نووسین بڵاوده‌كه‌یته‌وه، كه‌چی هه‌ندێ جاریش رۆژنامه‌نووسه‌كان روحمیان پێنهكردویت؟
چنار سه‌عد: (به پێكه‌نیه‌وه...)، من زۆرم حه‌ز له كاری رۆژنامه‌وانی و كاری میدیایه به گشتی ته‌نانه‌ت كاری ته‌له‌فزیۆنیش، هاورێم هه‌یه له ته‌له‌فزیۆنه‌كان به تایبه‌تی له ته‌له‌فزیۆنی زاگرۆس دكتۆر نیاز، خۆمانه قسه‌ی بۆ ده‌كه‌م و پێی ده‌ڵیم كه هه‌ر كاتی بی كار بووم حه‌ز ده‌كه‌م بێم له كه‌ناڵه‌كه‌ی ئێوه كار بكه‌م، چونكه زۆر حه‌زم له كاری ته‌له‌فزیۆنی وه‌ك ده‌رهێنه‌رێك له پشت به‌رنامه‌كانه‌وه بم به تایبه‌تی هه‌ندێك به‌رنامه كه تایبه‌تن به كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری، له مه‌سه‌له‌ی رۆژنامه‌ش من هه‌میشه به‌ر له بهرپرسیارهتیشم له سه‌رده‌می زانكۆ له‌گه‌ڵ هاورێیان سه‌روه‌ختێك بڵاوكراوێكمان هه‌بوو به‌ناوی (را) كه‌من خاوه‌ن ئیمتیازی بووم و هه‌میشه دۆستی رۆژنامه‌نووسان بوومه، به‌ڵام جار جاره‌ش له‌سه‌ر لاپه‌ره‌كانی رۆژنامه‌و وێبسایته‌كان ره‌نگه خه‌ڵكانێكی نابه‌رپرس یا نه‌زان به من و ناتێگهیشستوو بهمن و كاره‌كانی من تووشی هه‌ندێك هێرشی نابهرپرسانهیان ده‌بم ئه‌مه‌ش لای من شتێكی سروشتیه، چونكه كه‌سێك كار بكات به‌تایبه‌تی له‌كاتی وهزیرێتیم گه‌یشتمه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه ئه‌و كه‌سانه‌ی كار ده‌كه‌ن ده‌بنه بابه‌تی رۆژنامه‌كان.
شه‌قام: ئه‌ی تاچه‌ند ده‌موچاو و جوانی مرۆڤ كاریگه‌ریان له‌سه‌ر سیاسه‌ت هه‌یه، به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر وه‌رگرتنی پۆسته‌كان؟
چنار سه‌عد: به‌داخه‌وه ئه‌گه‌ر بێت‌و په‌یوه‌ندییه‌ك دروست بكه‌ین له نێوان روخساری رووكه‌شی مرۆڤه‌كان له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی پۆسته‌كان ره‌نگه له هه‌ندێك روودا خه‌ڵك باس بكات و یان تێگه‌یشتنی هه‌ندێك پیاو بۆ ئه‌و چه‌مكه تێگه‌یشتنێكی زۆر ساده و ساكار و لاواز بێت، بیه‌وێت ئه‌و دوو مه‌سه‌له‌یه به‌یه‌كه‌وه په‌یوه‌ست بكات، به‌ڵام من پێموایه ئه‌مه دوو شتی جیاوازن ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌ستنیشان ده‌كرێن بۆ كارێكی دیاریكراو و به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌گه‌ر له ناوه‌ڕۆكدا كه‌سانێكی لێهاتوو نه‌بوون بۆ ئه‌و پۆست و به‌رپرسیاریه‌ته نابێت هیچ كاتێك رووخسار ببێته پێوه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه له‌و شوێنه دابندرێن، چونكه من پێموایه ئه‌مه گهمهكردنه به چاره‌نووسی خه‌ڵك، له‌به‌ر ئه‌وه مرۆڤ دراوێك نیه بۆ كرین و فرۆشتن، مرۆڤ وه‌ك كائینێكی داهێنه‌ر كار ده‌كات و چالاكی هه‌یه بۆیه ده‌بێت توانسته ئه‌قلیه‌كانی ئه‌و پێوه‌ر بن بۆ ئه‌و.
شه‌قام: هه‌موو رۆژێك ئارایشت ده‌كه‌ی؟
چنار سه‌عد: زۆر ناو به پی پێویست ئارایشت ده‌كه‌م و حه‌زیشم له ئارایشتی زۆر تۆخ نیه و هه‌موو شوێنێك پێویستی به شێوه‌ی خۆی هه‌یه تامرۆڤهكان خۆیان بۆ ئاماده بكه‌ن، بۆ بازاڕ جیاوازه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تۆ بچیت بۆ ئاهه‌نگێك.
شه‌قام: له‌و پۆستانه‌ی كه وه‌رتگرتووه هه‌ستت نه‌كردوه موجامه‌له كرابیت له پێدانی ئه‌و پۆستانه؟
چنار سه‌عد: نه‌خێر بڕواناكه‌م، ئه‌گه‌ر بڕیار بێت من مرۆڤێك بم له‌به‌ر خاتری موجهمهله له شوێنێك دابندرێم، پێموایه ئه‌مه ماڵوێرانیه بۆ من، جگه له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر موجامه‌له‌ش بكرێت مرۆڤ جارێك موجامه‌له ده‌كرێت خۆ هه‌موو جارێك موجامه‌له ناكرێت، بۆیه من پێموایه ئه‌وه‌ی من له‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌رچووه.
شه‌قام: ئه‌ی جانتاكه‌ت چی تێدایه؟
چنار سه‌عد: كارتی بزنسی خۆم و قه‌ڵه‌م و كلینكس و وه‌رقه‌ی و هه‌ندێك جار چوكلێتی تێدایه چونكه چوكلێتهكان له شوێنه‌كان وه‌رده‌گرم نایانخۆم ده‌یخه‌مه ناو جانتاكه‌م هه‌ندێكجار بنیشت و مۆبایل و تۆقه‌یه‌ك هه‌ڵده‌گرم و هه‌ندێك جاریش پاره‌ی تێدا نیه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی ئافره‌ت زۆر جانتا ده‌گۆرین جاری واهه‌یه له گۆرینی جانتا ئه‌و كێشه‌یه‌مان بۆ دروست ده‌بێت شته‌كان له‌بیر ده‌كه‌ین.
تێبینی: ئه‌م دیمانه‌یه له ژماره 185 گۆڤاری شه‌قام بڵاوكراوه‌ته‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
