بزوتنەوەی گۆڕان لەدایک بوی هەلومەرجێکی دیموکراسیە لە کوردستان.بەڵام نەبونی ڕۆشنبیری سیاسی و ئۆپۆزیسۆنی لە لای سەرکردەکانی گۆڕان یاخود ڕونتر بڵێم باوەڕ نەبونی سەرکردەکانی گۆران بە پرۆسەی دیموکراسی و گۆڕانی ڕاستەقینە لە ڕیگەی هەڵبژاردن و سیستەمی پەڕلەمانیەوە ڕۆحی شەڕەنگێزی و کودەتا ئەکەن بە بەری بزوتنەوەکەیاندا.
ئەگەرخوێندنەوەیەکی سیاسیانە بۆ بانگەشە کودەتا کردنی گۆڕان بکەین کە بە کەڵک وەرگرتن لەئازادی بێ سنوری ڕاگەیاندنەوە بڵاوی ئەکەنەوە، ئەوا لە گاڵتەجاڕی زیاتر شیکردنەوەیەکی دیکەی بۆ ناکرێ.
بزوتنەوەیەک کە لەسایەی سیستەمێکی ئەگەرچی نیمچە دیموکراسییش بێت، بتوانێ پەیڕەوی گشت مافە یاسایی ودەستوریەکانی باکات و خەڵک ڕێک بخات بۆ بەدەست هێنانی دەنگی زۆرینەی خەڵکی کوردستان و سەرکەوتن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی دیموکراسیدا و پاشان لەو ڕێگەیەوە گۆڕان لە سیستێمی حوکمڕانیدا بکات، ئیتر چ پێویست بە بانگەشەی کوردەتاکردن ئەکات و خەڵک هانبدات بۆ گۆڕینی دەسەڵات.
باشە ئەوە نیە خۆتان لە پەڕلەمانی کوردستاندا بە ئاشکراو و بەبەر چاوی کامێراو میدیاکانەوە دژایەتی دەسەڵات ئەکەن و دژی هەموو بڕیارەکانی حکومەتن.ئەی ئەوە نیە کەناڵی ڕاگەیاندنی بێسنوری ئازادیتان هەیە کە هەر لەوێشەوە هەڕەشەو بانگەوازی کودەتا ئەکەن؟
لەیەکیک لە ووتارەکانی ساڵی ڕابوردوما نوکتەیەکم نوسی بوو کە ئەڵێ " بۆیەکەمجار لە مێژوی کوردا سەرکۆمارێک بۆ کوردستان هەڵئەبژێرێت، پێش ئەوەی جەنابی سەرکۆمار دەست بەکار بێت ڕۆژنامەوانان لێی ئەپرسن، وەک یەکەم سەرکۆماری کوردستان ئێستا حەز لە چی ئەکەیت، ئەویش لە وەڵامدا ئەڵی حەزم لە کودەتایە"
من ئەوەم وەک نوکتە نوسی بوو بەڵام بەداخەوە ئەوە ئێستا ئەو نوکتە گاڵتە ئامێزە لە میدیاکانی گۆڕانەوە وەک ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگر بڵاو ئەبێتەوە.
هیوادارم خەڵکی کوردو ڕۆشنبیرانی کورد باش هەڵسەنگاندن بۆ ڕوداوەکانی ناو گۆڕەپانی سیاسی کوردستان بکەن و نەکەونە ژێر کاریگەری خواست و ئامانجە تایبەتیەکانی کۆمەڵێک خەڵکی نا بەرپرسەوە.
دوا لە سەرکردەکانی ئۆپۆزیسۆنیش ئەکەم ئەگەر شارەزاییان نیە لە کاری ئۆپۆزیسۆنی با تەشریف بێنن بۆ ووڵاتانی ئەوروپای دیموکراتی و چەند کۆرسێک لەو بوارەیا ببینن و پاشان بگەڕێنەوە بۆ کوردستان ئەوکات دڵنیام بانگەشەی کودەتا نادەن بە گوێی خەڵکدا، بەڵکو کاری ئۆپۆزیسۆنی خۆیان درێژە پێ ئەدەن.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
