خودا؟؟؟ یان بۆ ده‌بێت ئاینم هه‌بێت؟ ... ئارام جه‌لال

پێناسه‌ كردن و قسه‌ كردن له‌سه‌ر خودا بۆ كه‌سێك قسه‌ گه‌لێك هه‌ڵده‌گرێت كه‌ خۆی بڕوایه‌كی ته‌واوی به‌ خودا هه‌بێت و یاخود شوێنكه‌وته‌ی یه‌كێك له‌ ئاینه‌كانبێت چونكه‌ مرۆڤ له‌ ڕێگه‌ی ئاینه‌كانه‌وه‌ پێناسه‌ی حازر و ڕونكردنه‌وه‌ی حازری له‌به‌رده‌سته‌ له‌سه‌ر خودا، بێ ئه‌وه‌ی پرسیار له‌ هیچ شتێك بكات خودایه‌كی حازری بۆ دانراوه‌ و ده‌توانێت قسه‌ی زۆری هه‌بێت له‌سه‌ر خوداوه‌ند، به‌ڵام بۆ كه‌سێك هه‌ هیچ ئاینێكی نیه‌و خودایه‌ك تا ئه‌م ده‌مه‌ نه‌بۆته‌ خودای ئه‌و، له‌م كاته‌دا ئه‌و نه‌ پێناسه‌ی حازرو به‌رده‌ستتی هه‌یه‌ نه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌یه‌ كه‌ خودای لێوه‌ ببینێت بگره‌ خودایه‌ك نابینێ تا پێناسه‌ی بۆ بكات، بۆیه‌ له‌م كاته‌دا قسه‌ كردن له‌سه‌ر خوداو خودابوون لای شوێنكه‌وته‌ی ئاینه‌كان قسه‌و باسی زۆرتر هه‌ڵده‌گرێت تا لای كه‌سانی بێ ئاین.

كاتێك كه‌ من هیچ پێناسه‌یكی ئاماده‌كراوم بۆ نه‌كراوه‌ كه‌ له‌ ده‌می ئاینه‌كه‌مه‌وه‌ باسی خودا بكه‌م و خودا ڕوون بكه‌مه‌وه‌ كێیه‌، چونكه‌ من میتۆدێكم نییه‌ ناوی ئاینی ئاسمانی بێت ده‌توانم بڵێم:

لە ئەنجامی رامان لە کەون و بیرکردنەوە لە ھاوکێشەی بوون و ڕاوەستانی کەون، بەر ھێزیکی توند دەکەوین، کە ھەمیشە ئەو ھێزە راکێشی کردووین بۆبیرکردنەوە لە سەرچاوەکەی، زانیاری مرۆڤ زۆر لەوە سنور دارتربووە کە بگاتە پێناسەکردنی ھێزە بەدیھێنەرەکەی کەون، زۆربەی کاتەکان ئەم بیرکدنەوە قوڵە مرۆڤەکان بەرەو گێژبوون دەبات، بۆ خۆدەربازکردن لە سەرگێژخواردنمان لە بیرکردنەوە لەو ھاوکێشەیە، ئەو ھێزە ناودەبەین بە خودا، ڕەنگە ئەو ھێزەی کە ناوی دەبەین بە خودا ڕۆژێک زانست بیسەلمێنی کە فیزیا یە فیزیایەکی ئەزەلی، ھەمیشە خودا لای من بریتیبوە لەو ھێزە نادیارەی پشتی کەون رەنگە ئەو ھێزە سروشت دەربچێت یاخود فیزیا یاخود سودفە ھیچیان جیاوازی یەکی ئەوتۆیان نیە.

بەڵام ئەوەی کە لای من جێگای دڵنیاییە کە ئه‌و هێزانه‌ کارێکیان بەسەر مرۆڤەکانەوە نی یە واتە کاری ئەو وەک و ھێزێکی دروستکەرە و ھیچی تر.

كاتێك مرۆڤ هه‌وڵی داوه‌ ئه‌م هێزه‌ بكاته‌ خودایه‌ك و په‌رستراوێك بۆ خۆی، هاتووه‌ به‌رگی كردوه‌ به‌به‌ر ئه‌م هێزه‌داو ئاینی بۆ دروست كردووه‌، ئه‌گه‌ر بێت و سه‌یری هه‌ر یه‌كێ له‌ ئاینه‌كان بكه‌ین كه‌ ئه‌و هێزه‌یان كردوه‌ به‌ خودا، لای ئه‌وان پێناسه‌ هه‌بووه‌ بۆ خودا یاخوود وێنه‌ هه‌بووه‌ بۆ خودا، بۆ نموونه‌ له‌ هه‌ندێك ئایندا ده‌ڵێن خودا له‌ شێوه‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤێكدایه‌ یاخود له‌یه‌كێك له‌ ئاینه‌ زیندوه‌كاندا ده‌ڵێت خودا له‌ وێنه‌ی گه‌نجێكی جواندایه‌ یاخود ده‌ڵێت خودا ده‌ستی هه‌یه‌ قاچی هه‌یه‌ وه‌ ڕانی هه‌یه و له‌ ڕۆژی دواییدا به‌رده‌ له‌سه‌ر خودا لاده‌برێو ڕانی ده‌ره‌كه‌وێ، ته‌نانه‌ت ده‌ڵێن په‌نجه‌ی هه‌یه‌و دڵی مرۆڤه‌كان له‌ نێوان دوو په‌نجه‌ی خودادایه‌، ته‌نانه‌ت له‌ زۆر شوێندا هه‌ندێك له‌ سیفاته‌كانی مرۆڤیش ده‌درێت به‌ خودا و ده‌وترێت خودا پێده‌كه‌نێت یاخود خودا توره‌ ده‌بێت كه‌ مرۆڤ له‌ سیفاته‌كانی خۆیه‌وه‌ بیر له‌ سیفاتی خوداش ده‌كاته‌وه‌، گه‌ر بێت و سه‌یری ئه‌م لێكدانه‌وانه‌ بكرێت بۆ وێناكردنی ئه‌و هێزه‌ نه‌زانراوه‌ی پشتی به‌دیهێنان ئه‌وا زۆر به‌ ڕوونی ده‌یبینی كه‌ ئه‌م وێناكردنه‌ جگه‌ له‌ خه‌یاڵاتی مرۆڤ زیاتر هیچی تر نیه‌ چونكه‌ ئه‌م بونه‌وه‌ره‌ كه‌ مرۆڤه‌ خودای له‌ شێوه‌ی خۆیدا به‌ڵام به‌ باڵاده‌ستی وێنه‌ ده‌كات، گه‌ر بێت و بچینه‌ ناو خه‌ێڵی ماسی یه‌ك یاخود هه‌رچ بوونه‌وه‌رێكی دی ئه‌وا ئه‌ویش گه‌ر ڕۆژێك بیر له‌ بونی ئه‌و هێزه‌ به‌دیهێنه‌ره‌ بكاته‌وه‌، له‌سه‌ر هه‌مان شێوه‌ی خۆی بیری لێده‌كاته‌وه‌، ماسیه‌ك خودا به‌ ماسیه‌كی زۆر گه‌وره‌و باڵاده‌ست ده‌بینێت ووه‌ هه‌رچ بوونه‌وه‌رێكی تر به‌هه‌مان شێوه‌ وێنای ده‌كه‌ن.

گه‌ر سه‌یری سه‌راپای مێژووی مرۆڤایه‌تی و په‌رستن بكه‌یت زۆر به‌ده‌گمه‌ن وێنای خودا له‌ وێنای مرۆڤ دوور بووه‌، وه‌ ئه‌و په‌یكه‌رانه‌ی كه‌ كراونه‌ته‌ په‌رستراو زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆریان له‌ شێوه‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤدان و به‌ ده‌گمه‌ن په‌یكه‌رێك ده‌بینرێته‌وه‌ شێوه‌ی مرۆڤی تیا نه‌بێت.

وه‌ چه‌مكی خودا لای ئاینه‌كان زۆر باڵاده‌ستتره‌ له‌ هێز، چونكه‌ خودا‌ خالقه، وه‌ خودا ئاگادارو به‌ ئاگایه‌ له‌ كاری هه‌موو مه‌خلوقه‌كانی وه‌ لێپرسینه‌وه‌ی وردیان له‌گه‌ڵده‌كات، كه‌واته‌ ئه‌م خودایه‌ی لای ئاینه‌كان هه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی زۆر توندو تۆڵ كار ده‌كات و وه‌ به‌ ئاگایه‌ له‌ هه‌موو شته‌كان وپێویستی به‌ كه‌س نیه‌و هه‌موو كه‌س پێویستی به‌وه‌و...هه‌تا دوایی، ئه‌گه‌ر بێت و لۆجیكی بیر له‌ ئه‌م خالق بوونه‌ بكه‌ینه‌وه‌ ده‌بێت خالق بوون له‌ قۆناغێكدا بگاته‌ بن به‌ست، كاتێك مرۆڤ ڕازی نیه‌ به‌كه‌ون دروست بون بڵێت سودفه، له‌ وه‌ختێكدا كه‌ ده‌بێت ڕازیبیت به‌وه‌ی كه‌خودا دروستبوونی نا دیاره‌و تاراده‌یه‌ك شێوه‌ سودفه‌ی پێوه‌ دیاره‌ به‌ڵام ئاینه‌كان نالێن سودفه، وه‌ ئه‌م خودایه ‌دروستكه‌ری نیه‌و خۆی له‌ نه‌بوونه‌وه‌ هاتۆته‌ بوون و وه‌ دروستكه‌ری هه‌موو شته‌كانه‌و زانا و دانا و به‌ یه‌ك چركه‌ هه‌موو شتێك دێنێته‌ بوون، ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ مه‌نتیق نایه‌ته‌وه‌ ئه‌م خالقه‌ بێ دروستكه‌رو به‌ سودفه‌ دروست بوبێت، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا هه‌میشه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ یه‌كه‌مجار دروست ده‌بن ساده‌تروو سه‌ره‌تاییترن وه‌ك له‌وانه‌ی كه‌ زه‌مه‌ن تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ریانداو به‌ تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ن ئاڵۆزتر و به‌رنامه‌دارتر ده‌بن، به‌م پێیه‌ ده‌توانم بڵێم دروست بوونی كه‌ون له‌ خۆیه‌وه‌ زۆر لۆجیكی ترو عه‌قلانی تره‌ وه‌ك له‌ دروست بوونی خوایه‌ك له‌ خۆیه‌وه‌، له‌ كاتێكدا كه‌ ئه‌م خوایه‌ ئه‌و هه‌موو تواناو زانیاریه‌ی هه‌یه‌.

خودای من کێیە:

ئەگەر بیر لە بە خودا بوون بکرێتەوە، خودابوون دەبێتە دووبەش خودابوون لە بەدیھێنان و خودابوون لە پەرستن لای من ئەم دوو خودایە ھەر یەکەیان سەربەخۆن،

خودای من لە بەدیھێناندا بریتیە لەو ھێزە نادیارە سروشتی یە یاخەود فیزیاییەی کە ڕوون نیە بۆمان بە جۆرێک لە جۆرەکان دەتوانم بڵێم لە بەدیھێناندا خودای من نادیارە، وه‌ ناتوانم به‌ ئاسانی بڕیار له‌سه‌ر هێزێك بكه‌م كه‌ من و هه‌موو ته‌نه‌كانی ده‌ورو پشتمی به‌دیهێناوه‌، چونكه‌ بڕیاردان له‌م كاره‌ پێویستی به‌ یه‌قێنێكی گه‌وره‌ هه‌یه‌، هه‌میشه‌ ئه‌و بابه‌تانی كه‌ له‌ دنیای مادیدا نین هه‌تا به‌ڵگه‌ی زانستی نه‌بێت ئاسان نیه‌ یه‌قینت هه‌بێت له‌سه‌ری.

بەڵام خودای پەرستن جۆرێکی دیکەیە چونکە پەرستن بریتیە لە خۆشویستنی تەواو+بەگوێکردنی تەواو، بە بونی ئەم دوو کاراکتەرە پەرستن دروست دەبێت کەواتە خودای من لە پەرستنا دەکرێت ھەر دەمەو شتێکی جیاوازبێت وە خودایەکی جێگیر و خودایەکی کامل لە سیفاتی پەرستندا بۆمن بوونی نیە چونکە ئەستەمە بڕیاربدەین کە بونەوەرێک یاخود ھەر شتێکی دی قابیلی خۆشویستنی تەواو و بەگوێکردنی تەواوبێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی په‌رستن له‌ زۆركاتدا چاوه‌ڕوانی پاداشت كردن و زیندوو بونه‌وه‌و كۆمه‌ڵێك له‌م بابه‌تانه‌ به‌دوای‌ خۆیدا ده‌هێنێت كه‌ من ناتوانم ئه‌و جۆره‌ خودایه‌م هه‌بێت كه‌ چاوه‌ڕوانی پاداشت و سزای لێبكه‌م، جگه‌ له‌وه‌ی ڕه‌نگه‌ ئه‌و هێزه‌ی كه‌ بۆته‌ دروست بوونی كه‌ون به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ ئه‌و پێویستی به‌ په‌رستنی ئه‌م ته‌نه‌ بچوكانه‌ی سه‌ر زه‌وی هه‌بێت و ئه‌م بونه‌وه‌رانه‌ له‌چاو قه‌باره‌ی ته‌نه‌كانی تردا جێگه‌ی ئه‌وه‌ نیه‌ پێوه‌ی سه‌رقاڵ ببێت.

ئارام جەلال

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.