به‌ر له‌وه‌ی له دوایین ئه‌لبوومیدا گوێم له "حه‌یران"ه‌كه‌ی (ئه‌یووب عه‌ل) ی بێت، چه‌ندان بۆچوونم له‌باره‌یه‌وه بیست، زۆربه‌ی بۆچوونه‌كان تێكدانی "حه‌یران" بوو له‌لایه‌ن ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌وه، بێگومان نه ده‌ربڕین و نه هیچ یه‌كێكیش له دید و بۆچوونه‌كان له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌كی هونه‌ری نین كه بهێنی له ته‌كیاندا بكه‌وینه دیالۆگه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه پێوه‌ست ده‌بوون به‌چێژی كه‌سییه‌وه، وێڕای ئه‌وه‌یش كه چێژ لای بیسه‌ر یه‌ك له دیوه سه‌ره‌كییه‌كانه بۆ هه‌ر كارێكی هونه‌ری، به‌ڵام ناكه‌وێته بۆته‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی هونه‌رییه‌وه، زۆر جار هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان له چێژدا له ئه‌سڵی بابه‌ت دوور ده‌كه‌ونه‌وه، چونكه چێژه‌كان له یه‌كتر جیاواز و یه‌كانگیر نابن، ئه‌مه جیا له‌وه‌ی له‌ناو هونه‌رمه‌ندانی بواره‌كه‌یشدا بۆچوون و دیدی جیاواز هه‌یه له تێگه‌یشتنی مه‌قامه‌كان، بۆیه زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی خۆیان له هونه‌ری مه‌قام ده‌ده‌ن، نه‌یانتوانیوه له فۆڕمه لاساییكاره‌وه‌كه‌ی ده‌ریبێنن، یان یارییه‌كی نوێی له‌ته‌كدا بكه‌ن، بۆیه گوێبیستی هه‌ر مه‌قامێك بن، ئه‌گه‌ر دروست وه‌ك ئه‌وه نه‌بێ كه پێشتر له‌سه‌ری ڕاهاتوون و به‌شێوه لاساییكاره‌وه‌كه وه‌ریانگرتووه، ڕاسته‌وخۆ ڕه‌تی ده‌كه‌نه‌وه، بۆیه لێره‌وه‌یه تووشی كێشه‌یه‌لێك ده‌بین و له‌كاره نوێیه‌كانمان دوور ده‌خه‌نه‌وه، ئه‌مه‌یشیان وه‌ك له نووسینه‌كانی پێشترمدا خستوومه‌ته به‌ر ئاماژه‌وه، پتر پێوه‌ست ده‌بێت به‌پیرۆزكردنی شته‌كان، واته پیرۆزكردنی مه‌قامه‌كان و شێوه‌گوتنیان..بۆیه لێره‌وه مه‌به‌ستمه به‌كورتی له‌باره‌ی ئه‌و كۆپله "حه‌یران"ییه بدوێم كه (ئه‌یووب عه‌لی) پێمانی گه‌یاندووه.
به‌ر له هه‌ر شتێك (ئه‌یووب) نه‌هاتووه "حه‌یران"ێكی كامڵمان بۆ بڵێت تا ئێمه بتوانین هه‌ڵسه‌نگاندنێكی دروستی بۆ بكه‌ین وه‌ك مه‌قامێكی سه‌رتاسه‌ر له ئه‌داكردنیدا، ئه‌و له گۆرانییه‌كیدا كه بۆ هه‌ولێری گوتووه و خۆشه‌ویستیی خۆی بۆ شاره‌كه و سه‌نگی پایه‌ته‌ختی كوردستان ده‌ربڕیوه، ویستوویه‌تی چێژێكی ڕه‌سه‌ن له جه‌رگی شێوازه مه‌قامیی ناوچه‌كه‌وه به‌رجه‌سته بكات، كه به‌ڕای من ئه‌مه‌یش یه‌ك له كاره دروسته‌كانیه‌تی و ده‌بوو بیكات، ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وه هه‌رگیز گۆرانییه‌كه‌ی هه‌ولێری ئه‌و چێژه‌ی نه‌ده‌گه‌یاند كه ئێستا گه‌یاندوویه‌تی، هه‌ولێریش كه به"حه‌یران"ه ڕه‌سه‌نه‌كان ده‌ناسرێته‌وه، له هونه‌ری مه‌قامدا وه‌ك ناسنامه‌یه‌كی شار و ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی لێ هاتووه، بۆیه كاركردن له‌سه‌ری هه‌ڵوێستێكی ڕژده له پاراستن و گه‌شه‌پێكردنی ڕه‌سه‌نایه‌تی له هونه‌ری كوردیدا..ئێوه بیهێننه پێش چاو و ناو گوێچكه‌تان ئه‌گه‌ر (ئه‌یووب) گۆرانییه‌كی له‌سه‌ر په‌یژه‌ی مه‌قامی "به‌یات" بگوتایه و پێوه‌ست بووایه به‌كه‌ركووكه‌وه، چه‌ند جوانتر ده‌بوو له‌گه‌ڵیدا كۆپله‌یه‌ك مه‌قام یان چێژێكی مه‌قامی "ئای ئای" یاخۆ "قه‌تار"مان پێ بگه‌یه‌نێت؟ له‌م نموونه‌یه‌شدا مه‌به‌ستم چێژی تاكه‌كانه له ناوچه‌گه‌ریدا، واته له هه‌ر ناوچه و ده‌ڤه‌رێكی ئه‌م كوردستانه به‌پێی شێوازه‌كان چێژی جیاواز لای بیسه‌ر و هه‌وادارانی مه‌قام و گۆرانی دروست ده‌بن، بۆیه ئه‌سته‌مه "حه‌یران"ه‌كه‌ی (ئه‌یووب) وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی یان ئێمه ده‌مانه‌وێ له ده‌ڤه‌ری هه‌ورامان وه‌ربگیرێ، چونكه له‌وێدا ئه‌وه‌نده‌ی چێژه‌كان ده‌كه‌ونه به‌ر "سیاچه‌مانه" ناكه‌ونه به‌ر "حه‌یران"، ئه‌دی خۆ (ئه‌یووب) یش گۆرانییه‌كه‌ی بۆ هه‌ولێر گوتووه، كه‌واته ده‌خوازێ ئێمه له دوو دیودا له‌و به‌رهه‌مه بڕوانین، دیوێكی كاركردنه له سه‌ر ڕه‌سه‌نایه‌تیی هونه‌ری كوردی و هه‌وڵێك بۆ پاراستنی، دیوه‌كه‌ی تریشی پیره هه‌ولێره‌كه‌یه و ده‌هێنێ چێژی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی له‌به‌رچاو بگیرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له خانه‌قین "ئه‌ڵوه‌ن" و له كه‌ركووك "ئه‌لڵاوه‌یسی" و له سلێمانی "سه‌فه‌ر" و له بادینانیش "لاوك" و زۆری تر له‌و شوێنانه‌دا سه‌رچاوه‌ن.
من زۆر جار قسه‌م له گوتنی مه‌قام به‌شێوه‌ی نوێ كردووه، دروستنه‌بوونی ئه‌و شێوازه گوتنه‌یه وایكردووه هونه‌ری مه‌قام له‌ناو گه‌نجاندا ته‌ریك بكه‌وێ، ڕاسته هه‌ندێك هه‌وڵ له‌كایه‌دان، به‌ڵام نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی زۆرترین ده‌نگه‌كان كاری له‌سه‌ر بكه‌ن، ئه‌گه‌رچی كارێكی دروسته وه‌ك بنه‌مایه‌ك وه‌ربگیرێ..نموونه‌ی زۆرمان له‌به‌رده‌ستن، (عه‌دنان كه‌ریم) له هونه‌ری مه‌قامدا هه‌میشه هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه خۆی له شێوازه لاساییكاره‌وه‌كه دوور بخاته‌وه، به‌ڕاست دووریش كه‌وتووه‌ته‌وه، بۆیه له هونه‌ری نوێ‌دا زۆرترین چێژ له ئه‌دا مه‌قامییه‌كانی (عه‌دنان) وه‌رده‌گیرێت، (دیاری قه‌ره‌داغی) و (ماهیر محه‌مه‌د ئه‌مین) یش ئه‌و هه‌وڵانه‌یان هه‌بووه، له دوایین ئه‌لبوومه مه‌قامییه‌كه‌ی (لۆكه) یشدا دیسان هه‌وڵێكی له‌و جۆره ده‌بینین كه مه‌قام و میلۆدی ئاوێته كراون، ئه‌مانه به‌هایه‌لێكن ده‌هێنێ كاریان له‌سه‌ر بكرێ..(ئه‌یووب عه‌لی) ش به‌هه‌مان شێوه هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ مه‌قامه‌كاندا كردووه، ئه‌گه‌ر وردتر سه‌رنج بده‌ین، له زۆربه‌ی ئه‌و ئه‌دا مه‌قامییانه‌ی ئه‌یووب عه‌لی كردوونی، له فۆڕمه لاساییكاره‌وه‌كه دوور كه‌وتووه‌ته و ئه‌دایه‌كی "ئه‌یووبییانه‌مان" ده‌داتی، من (ئه‌یووب) له نزیكه‌وه ناناسم و له‌گه‌ڵیشی نه‌دوواوم تا له‌بری ئه‌و توانای لێدوانم هه‌بێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌دیوه هونه‌رییه‌كه‌ی و به‌مه‌به‌ست به‌و شێوه‌یه كار له‌سه‌ر جوانكردنی مه‌قام بكات، بێگومان گه‌شبینمان ده‌كات، خۆ ئه‌گه‌ر به‌دیوه‌كه‌ی تریشیدا ته‌نیا پێوه‌ست بێت به‌چێژی كه‌سی و گه‌مه ده‌نگییه‌كانی خۆیه‌وه، ڕه‌نگه له‌مه‌یاندا چاوه‌ڕوانی پتری لێ نه‌كرێ، به‌ڵام دیسان ده‌هێنێ به‌چاوێكی گه‌وره‌تره‌وه له‌و جوانكارییه ده‌نگییانه‌ی بڕوانین كه ئاكام به‌سوودمه‌ندیی هونه‌ری نوێی مه‌قام و مه‌قامی كوردی ده‌گه‌ڕێته‌وه.
"حه‌یران" هونه‌رێكی كۆنه، بۆچوونی جیاجیای له‌باره‌وه زۆرن و سه‌رچاوه‌یه‌كی دروستمان له به‌رده‌ست نییه هه‌موومان بۆ مێژووه‌كه‌ی له‌سه‌ری كۆك بین، زۆریشن ئه‌وانه‌ی له‌باره‌یه‌وه دوواون، به‌بۆچوونی من (غه‌فوور مه‌خمووری) دروستتر له‌باره‌یه‌وه ده‌دوێت، به‌ڵام دیسان هه‌موومان له خاڵێكی هاوبه‌شدا كۆ ناكاته‌وه و كۆكبوونێكی له‌باره‌وه دروست نه‌بووه..مه‌به‌ستم نییه له مێژووی "حه‌یران" بدوێم، ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستمه ئه‌وه بڵێم كه به‌هۆی كۆنبوونیه‌وه بۆچوونی جیاوازی له‌سه‌ر دروست ده‌بێت، ئه‌مه نه‌ك ته‌نیا بۆ "حه‌یران"، بگره ته‌واوی مه‌قامه كوردییه‌كان ده‌گرێته‌وه ته‌نیا "هیجران" نه‌بێت كه لقه مه‌قامییه‌كی نوێیه له‌سه‌ر په‌یژه‌ی "به‌یات" و (عه‌لی مه‌ردان) داهێنه‌ریه‌تی..كه‌واته بۆ "حه‌یران"یش هه‌مان كێشه‌مان له جۆره‌كانی و ته‌نانه‌ت ئه‌داكردنیشی بۆ دروست ده‌بێت، چونكه لای هونه‌رمه‌ندان و هونه‌ردۆستانی ئێمه وا ڕاهاتووین "حه‌یران" و "سه‌ردولكه" و جۆره‌كانی تری "حه‌یران" وه‌ك "مه‌جلیسی" و سه‌رچیایی"، هه‌ریه‌ك له‌وان جۆرێك ئه‌دایان هه‌یه و ڕێگه‌پێدراو نین گه‌مه‌ی نوێی هونه‌رییان له‌گه‌ڵدا بكه‌ین، ئه‌مه‌یش دیسان به‌شێواندنی پیرۆزییه‌كان و ڕه‌سه‌نایه‌تیی هونه‌ری كوردی وه‌رده‌گیرێت كه به‌بۆچوونی من بووه‌ته هۆكاری سه‌ره‌كیی چه‌قبه‌ستووییمان.
(ئه‌یووب) یش كه "حه‌یران"مان بۆ ده‌ڵێت، وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێ دا، ئه‌و نه‌هاتووه "حه‌یران"ێكی كامڵمان بۆ بڵێت تا داوای "مه‌جلیسی" یان "سه‌رچیایی" یان هه‌ر جۆرێكی تری لێ بكه‌ین، ئه‌و ته‌نیا چێژێكی "حه‌یران"ییانه‌مان پێ ده‌گه‌یه‌نێت بۆ جوانتركردنی میلۆدییه‌كه‌ی هه‌ولێر، كه‌واته ئه‌و ویستوویه‌تی جوانكارییه‌ك له به‌رهه‌مێكی گۆرانیی خۆیدا بكات و ئه‌مه‌یش مافێكی كه‌سی و هونه‌رییانه‌ی خۆیه‌تی، بۆچوونه‌كان هه‌رچی بن، ئاكام ئێمه بۆچوونه هونه‌رییه‌كه‌ی (ئه‌یووب) وه‌رده‌گرین، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ هه‌ڵسه‌نگاندنیشی بۆ بكه‌ین، ئه‌وه ڕێگه‌پێدراو نین هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ "حه‌یران"ه‌كه‌ی بكه‌ین ئه‌وه‌نده‌ی گۆرانییه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته بۆته‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه..بۆیه به‌دیتنی من ئه‌وه‌ی (ئه‌یووب عه‌لی) له‌و به‌رهه‌مه‌یدا كردوویه‌تی، ده‌كرێ له‌ڕووی هونه‌رییه‌وه به‌پوختترین گۆرانیی ئه‌لبوومه‌كه‌ی بچوێنین كه توانیویه‌تی له ڕێگه‌یه‌وه هونه‌رێكی تا ئاستێك جوانمان پێشان بدات.
ئه‌مه هه‌ڵسه‌نگاندن نییه بۆ ئه‌لبوومه‌كه نوێیه‌كه‌ی (ئه‌یووب عه‌لی)، ئه‌وه‌نده‌ی كورته هه‌ڵسه‌نگاندنێكی گۆرانیی "هه‌ولێر"ه‌كه‌یه‌تی له به‌رجه‌سته‌كردنی كۆپله "حه‌یران"ییه‌كه‌یدا، چونكه بۆ به‌رهه‌مه‌كانی تری ئه‌لبوومه‌كه‌ی بۆچوونی تر هه‌ن و ڕه‌نگه له داهاتوودا خوێندنه‌وه‌یه‌كی بۆ بكه‌ین.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
