پێموانییه هه‌بن هێنده‌ی مه‌لا حه‌زیان له زۆرگوتن بێ، زۆرگوتن یه‌ك له ئاره‌زووه به‌رده‌وامه‌كانی زۆربه‌ی مه‌لایانه، مه‌لایان جیا له‌وه‌ی له گوتن ماندوو نابن و به‌رده‌وام ده‌ڵێن كه ئه‌مه‌ش پێوه‌ندیی به‌كاره‌كه‌یانه‌وه هه‌یه، له‌وه‌ش پتر زۆرترین چێژ له گوێگرتنه‌كانی به‌رانبه‌ره‌كانیان ده‌بینن، بۆ ئه‌و گوێگرتنه‌ش مه‌به‌ستم له گوێرایه‌ڵییه، یان گوێگرتنی بێ ده‌مودوو له‌لایه‌ن به‌رانبه‌ره‌كانه‌وه.. مه‌لا زۆریان پێ خۆشه پرسیاریان لێ بكرێ و ئه‌وانیش به‌ویستی خۆیان وه‌ڵام بده‌نه‌وه، به‌ڵام بۆ پرسیاره‌كانیش ته‌نیا چێژ له‌وانه ده‌بینن كه به‌بێ زانیاری یان به‌زانیارییه‌كی كه‌مه‌وه ده‌یانه‌وێ له ڕێگه‌ی پرسیاره‌كانه‌وه له مه‌لا سوودمه‌ند بن، ئه‌گه‌رنا، به‌ئه‌زموونی خۆم چه‌ندان جار له‌گه‌ڵ مه‌لایا تووشی ململانێ بووم به‌هۆی پرسیاره زیته‌كانه‌وه، یان ئه‌و پرسیارانه‌ی مه‌لا ئیحراج ده‌كه‌ن و وه‌ڵامه‌كانیان ته‌ته‌ڵه‌یان پێ ده‌كا.. ئه‌وان كێشه‌یان له‌وه نییه له هه‌ر ڕوو و دۆخ و بوارێكدا لێیان بپرسی، كێشه‌كه‌یان له پرسیاره بێ وه‌ڵامه‌كانه و به‌هۆیه‌وه به‌گورجی تووڕه ده‌بن، ئه‌وجا خوانه‌كا گیربی له تووڕه‌بوونی زۆربه‌ی مه‌لایان، چونكه به‌هۆی نه‌بوونی وه‌ڵامه‌وه دروست ده‌تكه‌ن به‌زه‌ندیق و ئیبلیس و ئه‌و ناو و ناتۆرانه‌ی تر كه لای خه‌ڵكه ساده‌كه جڕقڵ و فڕقڵت ده‌كه‌ن، بێگومان نه‌تیجه‌كه‌شی ته‌كفیر ده‌كرێیت.
ئه‌مانه ته‌نیا دیوێكی مه‌سه‌له‌كانن، كێشه‌ی ڕژد له زۆرگوتنی مه‌لا و گوێگرتنه‌كان لای خه‌ڵكه ساده‌كه‌یه نه‌ك كه‌سانی شاره‌زا له ئاین و خه‌ڵكانێك كه وێڕای ئه‌وه‌ی موسڵمانن، به‌ڵام كراوه‌تر له ئاین ده‌ڕوانن، موسڵمانی ساده‌ی كورد، به‌تایبه‌تیش خه‌ڵكی كه‌مخوێنه‌وار پتر گوێ له مه‌لا ده‌گرن بۆ فێربوون، بۆیه وه‌ك كادرێكی ئاینی گوتنه‌كانی مه‌لایان لا ده‌بێته سه‌نگی مه‌حه‌ك، به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی وشكه موسڵمانن هه‌موو ده‌مێ ئاماده‌ییی ئه‌وه‌یان هه‌یه نه‌ك ته‌نیا به‌خوتبه‌ی مه‌لای مزگه‌وت، ته‌نانه‌ت به‌فیتی فه‌ریكه مه‌لایه‌كیش په‌لامار بده‌ن، چونكه ئه‌وان ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌یان وه‌رگرتووه (مه‌لا گوتی)، ئیتر ئه‌و گوتنه له شێوه‌ی فه‌توا له ئه‌قڵیاندا جێگیر ده‌بێت و نه‌ك هه‌ر پێی په‌روه‌رده ده‌بن، بگره كاریشی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و نموونه‌ش بۆ ئه‌م لایه‌نه هه‌رچه‌ندی بڵێی به‌رده‌ستن.
فه‌ریكه براده‌رێكم به‌هۆی كاری ڕۆژانه‌مه‌وه هه‌یه، بێ ئه‌وه‌ی بزانێ قوبادی جه‌لیزاده چییه و كێیه و چیی نووسیوه و بێ ئه‌وه‌ی ناویشی بزانێ، ئه‌وه‌نده نه‌بێ كتێبێكی ته‌حریمكراوی له‌لایه‌ن مه‌لایه‌كی زه‌ندیقه‌وه بیستووه، كه‌چی وه‌ك كفرێكی زه‌ق باسی كتێبه‌كه‌ی ده‌كرد و وه‌ك كافرێكی موتڵه‌قیش باسی نووسه‌ره‌كه‌ی، واته جه‌لیزاده‌ی بۆ ده‌كردم، من لێم پرسی ئه‌رێ برا تۆ ده‌زانی ئه‌و جه‌لیزاده‌یه كێیه و چیی كردووه؟ گوتی "كوره كاكه ئه‌وه كافره كافر، به‌خودای مه‌لا گۆتی".. سه‌یرتر ئه‌وه‌یه دوای ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌و كێشه و ئه‌قڵییه‌ته تڕكه‌ڵه‌یه‌ی مه‌لاكه‌م بۆ شی كرده‌وه، دیسان به‌جۆرێك له بڕوابوون و یه‌قینه‌وه گوتی "ئاخر وه نییه نا، خۆ مه‌لا درۆی ناكا".
لێره‌وه كێشه‌ی هه‌موومان له‌گه‌ڵ چمكی فه‌توا دروست ده‌بێ، له كوردستاندا فه‌توا چ پێوه‌ندییه‌كی به‌لێژنه‌ی باڵای فه‌تواوه نه‌ماوه، ئه‌م نه‌مانی پێوه‌ندییه‌ش پێوه‌ست ده‌بێت به‌ئه‌قڵییه‌تی مه‌لاكانه‌وه كه پێموایه له خزمه‌تی خۆیاندا ده‌یبینن، لانیكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی كوللی ئه‌قواله‌كانیان وه‌ك فه‌توا وه‌ربگیرێن، زۆربه‌ی مه‌لاكان به‌شكستی ده‌بینن ئه‌گه‌ر لێدوانه ئاگرینه‌كانیان نه‌چێته بۆته‌ی فه‌تواوه، ئه‌گه‌ر نا، ده‌بوو ڕوونكردنه‌وه‌ی چمكی فه‌توا له مه‌لاكان خۆیانه‌وه بخرایه‌ته ڕوو، بێگومان به‌ر له‌وانیش لێژنه‌ی باڵای فه‌توا به‌رپرسیاری یه‌كه‌می ئه‌م كێشه و تێنه‌گه‌یشتنه‌ن، ئه‌وانیش كه خاوه‌نی پرسه‌كه‌ن، تا ئێسته جیاوازییه‌كانیان له نێوان گوتنی مه‌لا و چمكی فه‌توا له‌لایه‌ن لێژنه‌كه‌یانه‌وه بۆ خه‌ڵك ڕوون نه‌كردووه‌ته‌وه، بۆیه گوته و لێدوانی هه‌ر مه‌لایه‌ك لای خه‌ڵكه ئاسایییه‌كه به‌فه‌توا وه‌رده‌گیرێ.
كه له‌وجڕێكی وه‌ك مه‌لا مه‌سعوودیش كتێبه‌كه‌ی قوبادی جه‌لیزاده ته‌حریم و خۆیشی ته‌كفیر ده‌كات، لای خه‌ڵكه ئاسایییه‌كه به‌فه‌توای مه‌لا وه‌رده‌گیرێت و ئاكامه‌كه‌یشی هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ گیانی شاعیره‌كه.. وێڕای ئه‌وه‌ی دڵنیام مه‌لا له‌وجڕ فڕی به‌سه‌ر هونه‌ری شیعره‌وه نییه، ئه‌و له كلۆره‌داردا بۆ هه‌نگوین گه‌ڕاوه و كتێبه‌كه‌ی كردووه‌ته بیانوویه‌ك بۆ په‌لاماردانی ڕۆشنبیران، واته ئه‌مه شه‌ڕێكه و ماوه‌یه‌كی كه‌میش نییه ده‌ستی پێ كردووه كه هه‌ڵگیرسێنه‌ره‌كه‌ی هه‌ندێك له مه‌لاكانی كردووه‌ته ده‌سكه‌لا.
به‌بۆچوونی من كێشه‌كه كه‌متر له كۆنبینیی مه‌لایه ئه‌وه‌نده‌ی ده‌كه‌وێته به‌ر شلۆقیی هه‌ڵوێستی ڕۆشنبیرانی كوردستان، بێده‌نگیی ڕۆشنبیرانی كوردستان له ئاست ئه‌و سووكایه‌تییه‌ی مه‌لا به‌هونه‌ر و ئه‌ده‌بی ده‌كات، شتێك نییه جیا له زه‌نده‌قچوون و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان، ئه‌مانه هه‌نگاوی ڕژدن بۆ به‌ئیسلامیكردنی حوكم له كوردستاندا، ڕه‌وته عه‌لمانییه سسته‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه ده‌روازه‌كانی بۆ خستوونه‌ته سه‌ر پشت، ئه‌دی ئه‌مه‌یه وا ده‌كات مه‌لا گڵۆڵه‌ی یاسا بخاته لێژی، یاسا به‌رانبه‌ر به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌یه‌ك، شیعرێك، نووسینێك، به‌فیتی مه‌لا ڕۆشنبیر سزا ده‌دات، فه‌رهاد پیرباڵ نموونه‌یه‌كی نێزیك و زیندووه بۆ ئه‌م پرسه، كه‌چی هه‌مان یاسا به‌رانبه‌ر به‌مه‌لایان هه‌رچه‌ندی بڵێی له‌رزۆكه، به‌ڕاست نازانم سه‌روه‌رییه‌كه‌ی له كوێ و له چیدایه؟.. كاتێك مه‌لا بتوانێ له مینبه‌ری مزگه‌وته‌وه فه‌ریكه گوته‌یه‌كی خۆی بكاته فه‌توا و هه‌ڕه‌شه‌ی ڕژد بۆ گیانی ڕۆشنبیر دروست بكات، گومان نامێنێ كه ئه‌مه شتێك نییه جیا له تڕكه‌ڵه‌ییی یاسا و پاشه‌كشه‌ی عه‌لمانییه‌ت.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
