· کەسێك بە ناوی ئەزمڕ، لە سایتی کوردستان پۆستا هێرشێکی هەرزانەی کردۆتە سەرم وئەڵێت: (چهند کهسێک لهم ڕوناکبیرو نووسهرو هونهرمهندانه، لە رۆژگاریی خۆیدا ئهیان ووت، کە نێچیر بارزانی کوڕێکی گهنج و دڵسۆز و خوێن گهرمی نهتهوهییه، لە خەمی گەلەکەیدایە، گوێگر و کوردپەروەرە، تهنانهت بهر له چهند ساڵێک یهکێک لهوانه کە ناوی حەمە رەشید هەرەسە، (رەنگە پاش ئاشکراکردنی ناوەکەی وەڵامبداتەوە و بڵێ وا نییە) کە لە دەرەوەی وڵات گەڕابوویەوە، بۆ ئێمهی باس دهکرد دهیووت: نێچیروان له من نهتهوهیی تره. نەک تەنها ئەم، ئهم زاتانهی تریش بیرو ڕایان هەروابوو، کە نێچیروان کهسێکی دڵسۆزه به کێشهکانی کورد، ههندێک به نووسین، ههندێکیشیان بهدانیشتن و گفتوگۆکردن ئەو راو بۆچوونەیان هەبوو، لەوانە: ( ناوەکانم لابرد رێگە بەخۆم نادەم دووبارەیان بکەمەوە) ئێستا داخۆ ئهم بهڕێزانه ڕایان چۆنه به چوونی نێچیروان بۆ ئهنقهره و لێدوانهکهی دژی پهکهکه؟ من دەمەوێت هەر یەکە لەمانە ئەمڕۆ راشکاوانە وەڵام بدەنەوە، بزانم رایان بەرامبەر بە نێچیرەڤان چییە، کە لە ئەنقەرە بۆ میدیاکان و تەلەڤیزیۆنەکان ئەو قسانەی کرد؟ ئەمە لە کاتێکدا نێچیرەڤان هیچ بەرپرسیرێتییەکی حکومی و ئیداری نییە، تەنها جێگری مەسعود بارزانییە، کەچی بە ناوی هەموو میللەتی کوردەوە، ئەو ناماقووڵییەی کرد و خۆی کردە نوێنەری هەموومان و ئیدانەی پەکەکە و گەریلاکانی کرد؟ )
· ئەم ئەزمڕە ئەڵێت: (رەنگە پاش ئاشکراکردنی ناوەکەی وەڵامبداتەوە و بڵێ وا نییە) منیش ئەڵێم کاك ئەزمڕ ئەگەر بە بەڵگە ئەو قسەیەی منت بسەلمانایە، چۆن ئەتوانم بڵێم وا نیە!! گوایە بەر لە چەند ساڵێك ئەو قسەیەشم کردووە، رووشت نەهاتووە ژمارەی ساڵەکان دەستنیشان بکەیت. ئەشڵێیت: (من دەمەوێت هەر یەکە لەمانە ئەمڕۆ راشکاوانە وەڵام بدەنەوە، بزانم رایان بەرامبەر بە نێچیرەڤان چییە)، منیش ئەڵێم تۆ کێیت تا داوای وەڵام لە من بکەیت؟ فەرموو کاك ئەزمڕ ئەوا من هەر بە هەوەس، وەڵامی تۆی ئەزمڕ لەو بارەیەوە نادەمەوە هەتا وەك خۆم بە ناو و مەیڵی ئاشکرا نووسین و بەرهەمی خامە هەڕاج کراوەکەت بڵاو نەکەیتەوە. چونکە من وەك تۆ خۆم ناشارمەوە. خوێنەرانی بەندە لایان ئاشکرایە کە بە درێژایی ئەم ماوەیە چ جۆرە نووسینێکم بڵاو کردۆتەوە و، ئەوەتا منیش وەك تۆ ئێستا لە کوردستانم، خویشت چاك ئەزانیت هەر کەس من بناسێت ئەشزانێت لە هیچ مەترسییەك سڵم نەکردۆتەوە، چونکە من بۆ بەرژەوەندی نەتەوەکەم ئەنووسم، تۆش بە کۆی نووسینەکانتا دیارە بۆ بەرژەوەندی کێ دەنووسیت، بۆیە تۆقیویت و بەناوی خوازراوەوە ئەنووسیت.
· ئەزمڕ ئەڵێت گوایە من لە دەرەوەی وڵات گەڕاومەتەوە، قسەم بۆ ئەوان کردووە، منیش ئەڵێم کاکی ئەزمڕ ئەی بۆ ئەو کاتە ئەم شەکرەی ئێستا شکاندووتە، ئەو کاتە لە دژی بۆچوونەکانم نەتشکاند؟! خۆ ئەگەر ئێستا تۆ ئەترسیت، کەچی ئەو کاتە کاتی دوو ئیدارەییەکە بوو، کەواتە هەر ئەو کاتەش لە سلێمانیدا بوێری لای من و تۆقینیش لای بەڕێزتان بوو.
· باشە کاکی ئەزمڕ ئەگەر بەڕێزت لە جێی نێچیرڤان بەرزانی بوویتایە، چیت بە تورکە کەمالییەکان ئەوت؟ من وەك تۆ ساویلکە نیم داوای وەڵام بکەم، خۆم وەڵامەکەشت بۆ ئەنووسم: ئەتوت ئەگەر بە ئارامی دانەنیشن، ئەوا هەزارەها مووشەکی ئەتۆمی و هایدرۆجینی ئاراستەی وڵاتەکەتان ئەکەین و دەیەها پۆل فرۆکەی شەبەح ئەنێرینە سەر بنکە سەربازییەکانتان و لەگەڵ وڵاتە دۆستەکانمان، گەلەکۆمەکێی سەربازی ئەکەینە سەر هەر هەموو وڵاتەکەتان، بە بیستوچوار سەعات، لەسەر نەخشە ئەتانسڕینەوە.
ئاخر کابرای شۆڕشگێڕ، کوردێکی بێکەس چی دەسەڵاتە بەرامبەریان؟ هەر کە پێیان وتی دژی فڵانەکەس بنووسە وا ئەزانیت لە دەشتا ئەهاژوویت؟
· باشە کاکە ئەزمڕ بەڕێزت هاتویت ناوی شەشحەوت کەست پۆڵین کردووە، خێرە لە ناو هەموو ناوەکاندا بە تەنها ناوی بەندەت زەق کردۆتەوە؟!
· کاکی ئەزمڕ ئەزانیت ئەگەر بە پڕی یەك کتێب، ستایشی کاك نێچیرڤان بارزانی، یان دکتۆر بەرهەم، یان هەر کەسێکی ناو دەسەڵات بکەم (کە تا ئێستا نەمکردووە) پێم کەمیی نیە، بەقەد ئەوەی ئەم وەڵامدانەوەی بەڕێزت خۆم زۆر بە کەم دێتە بەرچاو، ئەزانیت بۆ؟ چونکە نازانم بەرامبەر کێ ئەدوێم.
· ئەمڕۆ لە کوردستاندا کەڵچەرێکی سەقەتتان قوت کردۆتەوە، هەر کەسێك بە بۆچوون و عەقڵی نیوەناتەواوی ئێوە نەنووسێت، ئەوا ئەو مافە بەخۆتان دەدەن بەم جۆرە نووسینانە ئەوگاریان بکەن، کەچی دەم لە ئازادی رادەربڕێنیش ئەکوتن.
· ساڵانی سەرەتای دووهەزار، بەندە یەکدوو مەیڵی ئەلیکترۆنیم لە کەسێکەوە بۆ هات، داوای ئەوەی لێکردم کە زانیاری زۆر گرنگم لەسەر هەندێك لێپرسراوی ناو دەسەڵات بۆ ئەنێرێت، منیش لەسەریان بنووسم و بڵاوی بکەمەوە، بەرامبەر ئەوەش هەموو جارێك بڕێك پارە بخاتە ناو کۆنتۆکەمەوە. منیش وەڵامم دایەوە وتم: خۆ چاك ئەزانم بەرێزت یەکێکی لە کەسانی ناو دەسەڵات، چاکیش ئەزانێت هەموو دنیام بدەنێ نە خۆم نە خامەکەم هەڕاج ناکەم، تۆ بە هەڵە منت بۆ ئەو کارە هەڵبژاردووە.
· لە دوای ئەو کاتەوە، هەر کە نووسینی هەندێك کەس ئەخوێنمەوە، خامەیەکی هەڕاج کراو لە توێی دێڕەکانیدا ئەبینم.
· من بە هیچ جۆرێك دژایەتی ئەم ئەزموونە ناکەم، هەوڵیشم داوە ناپاکی لە قاو بدەم و رەخنەبارانی بکەم. هەر کەسێکیش سەرۆکایەتی ئەم ئەزموونەی کرد و دەسەڵاتی بە دەستەوە بوو، مانای ئەوەیە وڵاتەکەم ئەبات بە رێوە، دە من هەوڵ ئەدەم دەستخۆشی لە بیری چاکی و گفتاری چاکی و کرداری چاکی بکەم و، رەخنەش لە بیر و، گفتار و، کرداری خراپی بگرم، بە پێی فەلسەفەی ئاسمانیی زەردەشتی مەزن.
· ئەمڕۆ بەرەو کۆمەڵەی هونەرەجوانەکان ئەبوومەوە، لەسەر سووچی شەقامی پیرەمێرد و ئەو جادەیەی بۆ کۆمەڵ ئەچێت، لەسەر سەربانی بینایەك پەیکەرێکی گەورە بۆ کەڵەپیاوی کورد سەعید قەزاز دروست کراوە. بیرمە زۆر مناڵ بووم و دەق دوای شۆڕشی چواردەی تەمووزی ساڵی ١٩٥٨ و لە هەمان شوێنی پەیکەرەکە تووشی ئابوورەیەك خۆپیشاندەران بووم، هاواریان ئەکرد: چیتان ئەوێت ئەی میلەت؟ ئیعدامی سەعید قەزاز. چووم بە باوکمم وت: بابە خۆ تۆ ئەتوت سەعید قەزاز پیاوێکی کوردپەروەر بوو، ئەی بۆ کورد داوای ئیعدامی ئەکەن؟ باوکیشم فەرمووی کوڕم ئەوانە بە حەشیشەی دوژمن سەرخۆش کراون، کە سەرخۆشیەکە بەریدان، هەر خۆیان لەبەردەرکی سەرا پەیکەری بۆ ئەکەن.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانن، کوردستان نێت لێیان بهرپرسیار نییه.
