یەکێک لەخەسڵەتە سەیر و نەگۆڕەکانی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئەوەیە ( نە دۆست و نە دوژنمێ هەتا هەتاییان هەیە ) ئەمەش لە مێژوی کون و نوێ و سیاسەتی پیادەکراوی ئەم وڵاتەدا بە تۆخی ڕەنگی داوەتەوە و هەرکاتێک ویستبێتیان گرێیەکی شێرپەنجەیی لە جەستەی هەر گەل و بستە خاکێکدا بچێنن، چاندویانە و هەر کاتێکیش بە دیدی خۆیان پێویستی بە گۆڕین یان دەرهێنانی کردبێت سڵیان لە دەنگە نەشازەکانی ڕکەبەرەکانیان نەکردۆتەوە ! کوردیش بە زیادەوە و لە چەند جارێکداکراوەتە قوربانی ئەم سیاسەتە و دیارترینیان هەرەس پێهێنانی شوڕشی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە ساڵی ١٩٧٥ لە وڵاتی جەزائیر، دوای ئەوەش گۆڕینی ڕژێمی پاشایەتی لە ئێران و بە موتوربەکردنی ڕژێمێکی سەرسەختی ئیسلام گەری و گواستنەوەی داشێکی لاواز و کەم بودی شەترەنجەکە لە نەجەف و کەربەلاوە و دانانی لە جێگەی پادشا و تەقڵەدان بەو ڕژێمە ڕەگ داکوتاوەی شا و ئەمجا تێوەگلانی هەردو وڵاتی عێراق و ئێران بە شەڕێکی درێژخایەنی تەڕ و وشک سوتێنەر و دوای لە پەل و پۆ و حەپە حەپ کەوتنی هەردولایان واتە ( سەگی سپی و سەگی ڕەش لە دیدی ئەمریکا ) هەمان ئەم سیاسەتە لە لایەن سەرانی بەعسەوە بەرامبەر بە کورد ( پێشمەرگە و جاشدا ) گرترابۆ بەر، دواتریش ناچاریکردن بە قایل بون بە دانیشتن لە سەر مێزی گفتوگۆ، پاشان قورمیشکردنی ڕژێمی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتی کوێت و داگیرکردنی و پاشانیش پاشەکشەپێکردن و دەرپەڕاندنی سوپای عێراق لە لایەن هاوپەیمانانەوە کە ئەمریکا خۆی جڵەوی هێزەکان و داڕشتنی سیاسەتی جەنگەکەی گرتبۆ دەست ( لێرەوە ئەمریکا توانی شوێن پێیەکانی خۆی لە هەرێمەکە بکاتەوە و داری ڕەنج و مانوبونەکانی بەری گرت و سەرەتایەک بۆ کۆتایی پێهێنانی چاوەڕوانیەکان دەستی پێکرد ! ؟) .لە کاتێکیشدا لە ١١ سێبتەمبەری ٢٠٠١ دا کە گەورە بەرپرسانی ئەمریکی بۆمبایەکی دانراوەیان لە نێو ماڵی خۆیاندا تەقاندەوە، بەمە توانیان ىڕوا بە ئەمریکیەکان بهێنن کە ووڵات دوچاری مەترسی گەورە هاتوە و پێویستی بە یەک دەنگی و یەک هەڵوێستی دەبێت تا بتوانین ئەو شەڕە لە نێو ماڵی خۆمان بگوازینەوە بۆ دەرەوە، لە لایەکی تریشەوە ئەوە بوو بە ( ساعەی سفر ) بۆ دەستکردن بە بۆ جوڵاندن و جێگۆڕکێیەکی گشتگیری لە هەموو ئەو جێگایانەدا کە بە پێی لێکدانەوە و تێڕامانی خۆیان کاتی گۆڕینیان هاتوە.لەو ساتەوە بڕیاری یەکلا کەرانەوەیان دا و بەشێکی زۆری ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدارانیش پێیان وایە ئەم گۆڕانکاریانەی ئەمرۆ بە درەنگانەوە لە بەشێکی زۆری وڵاتانی عەرەبیدا ڕویان داوە و ڕودەدەن، لە مێژ بوو دەبوو ڕویان بدایە ! لە کاتێکدا لە ٩/ ١٩٩٤ تاقمی تالیبان شکستیان بە حکومەتی ئەفغانی هێنا و دەستیان گرت بە سەر وڵاتدا، وڵاتیان گەڕاندەوە بۆ ڕۆژگارە تاریکەکانی سەردەمی دواکەوتن و تەواوی ئازادیە سەرەتاییەکانی خەڵک وە بە تایبەتی ژنان و کچانیان زەوت کرد و بە پێی قورعان و شەریعەی ئیسلام هەڵس و کەوتیان دەکرد ! لەم کاتەدە هەلێکی زێڕین بوو بۆ جێ پێی خۆ کردنەوەی گەورە تیرۆرکار ( بن لادن ) کە تا ئەو کاتە دۆستی ئەمریکا بوو، لە گەڵ ڕێکخراویی القاعیدة لە سەر گۆڕەپانی ئەفغانساتن .ئیتر تا دەهات کێشەکان روەو هەڵچون دەکشان، شەڕی سارد دەستی پێکرد، تا لە ساڵی ٢٠٠١ لە مانی ١٠ دا هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ سەر بنەو بارەگاو مۆڵگای تالیبان و القاعیدة دەستیان پێکرد و هاوکات سوپای ئەفغان و بەشێکی زۆری هۆزەکانی ئەفغانستان لەو شەڕەدا ڕۆڵی بەرچاویان گێڕا پاش دوو ساڵ توانرا ئەفغانستان لەو تاقمانە پاک بکەنەوە کە ووڵاتیان کردبو بە گۆڕستانی ( ئازادیەکان ) لە چیاکانی تۆرا بۆرایان قایم کردن و وڵاتیشیان ڕادەستی کەسێک کرد کە ناوی وەک پێویست لە نێو ناواندا نەبوو کە ئەویش ( حامید کارەزای ) بوو هەتا ئێستاش حوکمی ئەو وڵاتە دەکات .شایانی وتنە بەوەشەوە نەوەستان و ویستیان کوردوستانیش لە ڕێگەی تاقمە ئیسلامیە توند ڕەوە کوردەکانەوە کە کرێگرتە و کلکەی ئەوان بوون و مەلا کرێکار و براکەی دەستی باڵایان هەبوو بە تایبەت لە نەوەتەکاندا لەو کاتەی کە ئەو دوو کەسە و هەندێ کوردی سەرلێشێواوی تر لە شاری ( پیشاوەر ) کەوتبون و خەباتی کوردانەیان دەکرد ! ئەمانە بونە دروستکردنی پردی خیانەت لە نێوان شەمشەمە کوێرەکانی ئەفغانتان کە داهاتیان لە فرۆشتنی ( مادە بێهۆشکەرەکانەوە ) سەرچاوەی دەگرت و هەندێک لە وڵاتانی عەرەبیش دەستمایەکەی بۆ پەیدا دەکردن لە گەڵ هێزە ئیسلامیە گەلفرۆشەکانی کوردوستان ( ئەنسار الاسلام ) و ( جند الاسلام ) کە دەرچوی قوتابخانەیەکی مەشقکردن و پێگەیاندن بوون لە کوردوستان ! بە داخەوە ئەمانە توانیان تا ئاستێک لە ناوچە سنوریەکانی ئێران ( هەڵەبجە، تەوێڵە، بیارە، ڵادێکان و ناوچەکە) بە هۆی گونجاوی جوگرافیایی ناوچەکەوە گەرای دژە ئازادی و ئاسایش و بەختەو تێکدانی ئۆقرەیی خەڵکیان دانا و کوردوستانیان کردە بنکەیەکی قایم بۆ هێنانی عەرەب و نەتەوە کوردکوژەکانی تر ! بەمەش ویستیان گورزێک لەو ئەزمونەی گەلەکەمان بوەشێنن کە چاوی خۆیان و نەیارانی گەلەکەمانی پیا هەڵ نەدەهات ! بەڵام خۆشبەختانە ئەم هێزانەش بە تایبەت لە کاتی ڕزگارکردنی عێراقدا، تێک شکان و کەوتنە سەخت ترین ساتەکانی بونیانەوە ( نابێت لە ڕەوینەوەی مەترسیەکانیان دڵنیابین ) ! کەواتە دەکرێ بوترێ ڕەشەبای ڕێشەکێشکردنی دەسەڵاتە ملهوڕەکان لە ئەفغانستانەوە هەڵی کرد و تاقمی تالیبان و بەشێک لە ماشینی هێزی سەربازی قاعیدەی لە گەڵ گێژەڵۆکەی خۆیدا لول دا، بەوەش گورزێک بەر تیرۆریستان کەوت دواتریش بە سەر وڵاتی ئێران و وڵاتانی کەنداو و تورکیا و بەشێکی تر لە سیستەمە کەڕەکیفە هەڵگرتوەکانی وڵاتانی تری عەرەبیدا شەقاوێکی گەورەی هەڵدا و خۆی گەیاندە عێراق و لە مانگی ٣ / ٢٠٠٣ ئەمریکا بە پشتگوێ خستنی ڕای گشتی و پشت بەستن بە هێزەکانی سەربازی بەریتانی دەستی بە هەنگاوەکانی دەستپێکردنی بە کۆتا هێنان و ڕیشەکیشکردنی سەدام حوسێن و سەرانی ئەو ڕژێمە کرد و لە ٦ / ٤ شاری بەسرە دەستی بە سەردا گیرا و دوای ٢ رۆژیش شاری بەغدا کەوت و سەرانی بەعسیش بە خودی سەدامی گۆر بەگۆڕیشەوە بونە مشک و کەوتنە خۆشاردنەوە لە ترسی پشیلەکانی مارێنز و هێزەکانی تر ! توانرا لە ١٠ / ٤ /٢٠٠٣ شاری کەرکوکیش ئازاد بکرێت، هەرچەند بە داخەوە وەک پێویست کار پلانی تۆکمە بۆ ئەو ڕداوە گرینگە دانەنرابوو ! بە شێوەیەکی تر دەتوانین بڵێین لە ماوەیەکی چاوەڕوان نەکراودا توزی ڕژێمێکی کەم وێنە لە خوێن مژین و کاولکار و دیکتاتۆری ( ناڵێم نیە و لەو شێوەیە نەماوە ) برا بەرەو ئاسمان و ناوەکانیشیان بەرەو زبڵدانی مێژو !
ماویەتی !
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
