مارتن لۆسەر و حوکوم ڕانانی ئەلمانیا ...
ڕێنیسانس بە پێشکەوتوترین چەرخ دەژمێردرێت لەمێژووی ئەوروپاو جیهان، لەو چەرخەدا ئەوروپا گەشانەوەو پێشکەوتنێکی یەکجار پرشنگداری بە خۆوە بینی، ڕیفۆرمی ئاینی، کۆمەلایەتی، سیاسی شۆڕشی پیشەسازی دروست بونی دەولەتی نەتەوەیی و چەندین بواری تری جیا جیا، لەسیما هەرە بەرزەکانی ئەو چەرخە بوو.
ئەستێرەی گەشی ڕیفۆرمی ئاینی ئەلمانی، مارتن لۆسەر بلیمەت ترین کەسایەتی دیاری ئەم چەرخە بوو، ئەم زاتە توانی بۆ هوشیار کردنەوەی خەلکی ئەلمانیاو ئەوروپا شۆرشێکی ڕیفۆرمی ئایینی بەرپا بکات
قەشە مارتن لۆسەر، یەکێک لەقەشە بەناوبانگەکانی ئەلمانیا بوو، بانگی هوشیار کردنەوەی خەلکی دا لە خرافاتی ئاینی مەسیحی و کارە دزێوەکانی پاپاو پیاوانی کەنیسە لە ڕۆما، کە ببونە کۆت و زنجیر لە مل و جەستەی مرۆڤەر و هەژار و نەزانەکان
مارتن لۆسەر لەگەل هاورێکانی لە ئەلمانیاو فەرەنساو ئینگلتەراو ئێرلەندا توانیان بە نوسینەکانیان و بانگەوازەکانیان خەلک هۆشیار بکەنەوە
مارتن لۆسەر یەکەم هەنگاو کە نای وەرگێرانی پەرتوکی پیرۆز بوو، لە زمانە کۆنەکەیەوە..لاتینی.. بۆسەر زمانی ئەلمانی، کە بە دیالەکتیکی دەڤەری نیدەرساکسنی ئەلمانیا بوو، ..ناوچەی هانۆفەر..کەلەدوا جار ئەو زمانی وەرگێرانە بوە زمانی ستاندەری ئەلمانیا، چونکە تا ئەو کاتە ئینجیل هەر بەزمانە کۆنەکەی لاتینی بوو، جگە لەپیاوانی کەنیسە، عامەی خەلک لەو زمانە نامۆ بوون، وەگێرانیشی بۆسەر زمانەکانی تر قەدەغەبوو بۆیە تەنها کەنیسەو قەشەکان بۆیان هەبوو بەئارەزوو سیاسەتی کەنیسە لە خەلک بگەیەنن
ئەو وەرگێرانەی ئینجیل لەلایەن لۆسەرەوە وای لە پاپاو پیاوانی ئاینی ڕۆما کرد کەوا فەرمانی دەست گیرکردنی لۆسەر دەربکەن، بۆیە پیاوەکانیان نارد بە شوێن لۆسەرا، بەلام فەرمان ڕەوای شاری ..هیرفۆرد...کەدەکەوێتە ژووروی هەرێمی ...نۆردڕاین ڤێستفالن...ی ئیمڕۆی ئەلمانیا، نزیک شاری هانۆفەر. لەلای خۆی دالدەی داو ئامادەیی هەموو یارمەتیێکی نیشاندا لەهەمان کات دا هانیشی دا بۆ بەردەوام بونی لەکارەکانی و پاراستنی لە پیاوانی ڕۆما
ئەم زاتە بەردەوام بوو لە بانگ هێشت کردن بۆ ڕیفۆرم و چاک سازی ئاینی تا توانی لەگەل هاوبیرەکانی مەزهەبی ..برۆتستانی ..بهێننەکایەوە
هەولی قەشە مارتن لۆسەرو پالپشتی فەرمان ڕەوای شاری هێرفۆردی ئەلمانیا وای کرد کارەکانی بەئەنجام بگات
ڕۆشەنبیران و بەرپرسانی کوردستان
دەتوانین قۆناغی پاش ڕزگار کردنی کوردستان لەلایەن ئەمریکاییەکانەوە بە قۆناغی زێرین بۆ کوردستان ناو بنێین، ڕاستە شۆرشەکانی کوردستان دەرفەتێکی لەبار بوو بۆ ئەوەی ڕۆشەنبیران بتوانن ڕۆلی خۆیان تیا ببینن، بەلام لەبەر حالەتە زالبوەکەی چەکداری لەناو شۆڕشا، بوار بۆ ڕۆشەنبیران بەم شێوە نەبوو وەکو ئەوەی پاش ٢٠٠٣ هاتە کایەوە .ڕاستە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ کورد تا ڕادەیێکی باش سەربەخۆ بوو، بەلام لەبەر شەڕی براکوژی و ئابلوقەی ئابوری و ژیانی نالەباری تێکڕای خەلکی کوردستان، نەڕۆشەنبیران و نە سیاستوانەکانمان توانیان ڕۆلی خۆیان ببینن
قۆناغی دوای ٢٠٠٣ لەبارترین قۆناغ بوو بۆ گەلی کورد لە باشوری کوردستان و تا ڕادەیێکی زۆریش بۆ سەرتاپای کوردستان، بۆیە ئەگەر ئەو قۆناغە ناو بنێین بەچەرخی ڕێنیسانسی کوردی بەهەلە داناچین، چونکە لەچەرخی ڕێنیسانس لە ئەوروپا دەولەتی نەتەوەیی نەبوو بەلکو ئەوروپا هەمووی لەژێر فەرمان ڕەوایی ڕۆما بوو هەرناوچەو دەڤەرێک لەژێر فەرمانڕەوایی فەرمان ڕەوایێک دابوو، کەئەویش هێزی لەهێزی کەنیسەوە بوو، حالەتی کوردستانیش پاش ڕوخانی ڕژێمی بغدا هەمان شێوەی سەردەمی ڕێنیسانسی ئەوروپای هەبوو،
بەلام ئەوەی کوردستان لەسەردەمی ڕێنیسانسی ئەوروپا جیادەکاتەوە، ئەوەیە کەوا لەسەردەمی ڕێنیسانسی ئەوروپا لە سفرەوە دەستیان پێکرد بەرەو لوتکە، کەچی لەکوردستان هەموو تواناکان لەبەردەست دابوو بۆیە لە کوردستان لە ٢٠٠٣ وە تا ئیمڕۆ لە لوتکەوە بەرەو سفر دەگەڕێینەوە.
ئەگەر دوێنێ ڕۆشەنبیران و چاکسازانی ئەوروپا لەسەردەمی ڕێنیسانس کە بەرەنگاری ڕۆما دەبونەوە و لەلایەن فەرمان ڕەوی نەتەوەیەکەیانەوە پشتگیریان لێ دەکرا، چونکە فەرمان ڕەوایەکانیش دەیان زانی تازە هێزی ئەوان لەهوشیارکردنەوەی نەتەوەیی و چاکسازی و بنیات نانی کۆمەلگایێکی شارستانو پێشکەوتو دایە، ، بەلام لە کوردستان نە ڕۆشەنبیران و چاکسازان یەک هاوڕانە نەفەرمان ڕەوایەکانیش پالپشتیانن،
ئەگەر دوێنێ لەسەردەمی ڕێنیسانس هەموو ڕۆشەنبیران و ڕیفۆرمخوازان و دۆزینەرەوانی زانستی نوێ بەیەک ئاراستەو پەرژەوەندی کاریان دەکرد ئەوە ڕۆشەنبیرانی کوردستان بەسەر چەندین گروپ و لایەن دابەش بووینە
ئەگەر دوێنێ ڕێبەرانی ڕێنیسانس لە ئەوروپا مرۆڤایەتیان گەیاندە لوتکەی زانست و دونیای دوای کۆمپیوتەر، ئەوە ئیمڕۆ ڕۆشەنبیران و فەرمانڕەواکانی کوردستان ناتوانن ڕێ لەوە بگرن کەوا لوتکەی زانست و دوای کۆمپیوتەر بۆ نەشت و جادو بگەرێتەوە
ئەگەر ئیمڕۆ بەشێک لەڕۆشەنبیران بەرپرسن لەگەڕانەوەی کۆمەلگای کوردی بۆ دواوە ئەوە هیچ گلەیێک لە پالپشتی دەرەوە ناکرێت
ئەگەر دوێنێ ڕۆشەنبیرێک و بڕنۆیێک و پێشمەرگیێک سەنگەرێک و شەهیدێک لە چیاکان دەنگی کوردیان بە هەموو دونیا دەگەیاند، ئەوە ئیمڕۆ هەزاران ڕۆشەنبیر ڕێگرن لەبەرەو پێش چونی کۆمەلگا.ئەگەر دوێنێ دۆزینەرەوەکانی زانستەکان لەسەردەمی ڕێنیسانس لە یەک دۆلار و لەیەک دەولەمەند دەگەڕان بۆ پالپشتی کردنی کارەکەیان، ئەوە ئیمڕۆ لەکوردستان بەمیلیاردەها دۆلار بەبێ سوود ئەوبەرو ئەوەبەری پێ دەکرێت
ئەگەر دوێنی ریفۆرمخوازان و ڕۆشەنبیران و سیاسەتمەدارانی سەردەمی ڕێنیسانس خۆیان لە ڕۆما دوور دەکردەوە، بۆ پێکهێنانی دەولەتی نەتەوەیی هەنگاویان دەنا، ئەوە ئیمڕۆ ڕۆشەنبیران و سیاسەتمەدارانی ئێمە بەرەو ڕۆمای کورد هەنگاو دەنێن
ئەگەر ئیمڕۆ فەرهادەکان هانا بۆ سیاستەمەدارەکان دەبەن، ئەوە کۆلکە مەلاکانیش بەهەمان شێوە، سیاسەت مەدارەکانیش دەیانەوێ هەردوولا ڕازی بکەن
ئەگەر ئیمڕۆ یەک مارتن لۆسەر و یەک فەرمانڕەوای وەک ئەوەی شاری ..هێرفۆرد..مان بۆ هەلکەوێ ئەوە بەیانی بەدەیان وەکو ئەوانمان بۆ دروست دەبێت، ئەوکات موستەحیل لەبەردەم ڕۆشەنبیران و فەرمان ڕەوایان نامێنێت، ئێمەش شتێک بەشتێک دەکەین
لەمێژە شاعیری کورد گوتویەتی ...خوایە بنێری یەک لۆسەر بۆسەر کوردی فەقیر ..تانەجاتی بێ لەدەست ئاغاو شێخ و پیر
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
