کۆسرەت ڕەسول و پەیامێکی درەنگ بە ئاوازی کۆن! ... سەدیق رەنجبەر

لەدوای ئەوەی کە ماوەیەکە شەپۆلی توورەیی خەڵکی راپەریو زۆربەی ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوینی گرتۆتەوە لەسەر نەبوونی دادپەروەری و گەندەڵی، کێشە جیاوازەکان بە جۆرێک کە ئازاری لە مێژینەی پەنگخواردوی کۆمەڵانی خەڵک تەقیەوەو بووە هەوێنی سەرکەوتنی هەردوو ڕاپەڕینی تونس و میسر و ووڵاتانی تریش بەڕێوەیە، لە ڕۆژی ١٧ ی شوباتەوە کوردستانیشی گرتۆتەوە، بە تایبەتی گەنجانی شاری سلێمانی خۆشەویست کە لە خۆپیشاندانێکدا ڕووی داخوازیەکانیان لە دەسەڵاتی کوردی کرد، لە ئەنجامدا بەداخەوە لقی چواری پارتی بە گوللە و دڵرەقیەکی کەم وێنە وەڵامی بەردبارانیان دایەوەو کارەساتێکی خوێناوی لێکەوتەوە، بەدەیان کەس کوژران و برینداربوون.

دواتر چەندین بارەگا بەبەرچاوی دەسەڵاتداران لەشارەکانی تر سووتێنران، بارەگای سەرەکی کەناڵی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی نالیایان سووتاند.خۆ ئاشکرایە ئەم کارانە تەنیا لەتوانای دەسەڵاتدارانە، دەشی سووتێنن و لێژنەشی بۆ دادەنێن.

لەپاشی ئەم هەموو رووداوە گرنگانەی ووڵاتانی دەوروبەرو کوردستان، کۆسرەت ڕەسول پەیامێکی درەنگوەختی بە شێوازی کۆن بۆ کوردستان و شاری سلێمانی بڵاو کردۆتەوە کە پێدەچێ بۆیان نووسیبێتەوە، شێوەی ژیر کردنەوەی منداڵان دێتە بەرچاوان، گوایە دڵی خەڵکی خۆشدەکاو دەڵێ حیزب و ڕێکخراوەکان بۆ چارەسەری کێشەکان دادەنیشن و گفتوگۆ دەکەن.منیش دەڵێم تۆ باسی چی دەکەی، ئەگەر چارەسەرێک هەبێ لە ڕێگەی گفتوگۆوە، دەبێ پێشی هەموان خۆپیشاندەران بەشدار بن و گوێیان لێبگیرێ.

لە کاتێکدا سەرکەوتنی ڕاپەرینی تونس زۆرتر لە مانگێک و ئەوەکەی میسر نزیکەی دوو حەفتەیە تێپەڕیوە، کە گەرمایی ڕاپەڕینەکان بێتە هۆی لەرزینی کورسیەکەی، پەیام بۆ شاری سلێمانی دەنێری بۆ هێوربوونەوەو بەرپرسیاری خەڵکی، کە حیزبەکەی بە فیتنەچی و و ئاژاوەگێڕ، بە تێکدەر ناویان دەبەن، دەیەوێ وەها خۆی نیشان بدا، کە ئەوە نیە ئەویش لایەنگری سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی میسرو تونسەو پیرۆزباییان لێدەکا! ئیدی ئەویش لەسەنگەری ئەوانە، تا بە گوێی بکەن.کاک کۆسرەت بۆ خوا بڵێ ئەم پیرۆزباییە درەنگ وەخت نیە! بەڕاست ئەدی مامجەلال هاوخەمی خۆی بۆ حوسنی موبارەک دەرنەبڕیبوو؟

شەڕ لە تۆ نەک لە شۆ، پەندێکی کوردیە، باشە چەندین ساڵە ئەم نادادپەروەری و ئەم کێشە جۆراوجۆرانە لە کوردستاندا کەڵەکە بووە، مەسوولەکان بەهۆی دەسەڵاتەوە بە جەنابیشتەوە لە هەژارێکەوە بوونە سەرمایەدارێکی گەورەو زۆربەتان کورەکانتان لەدوایخۆتان بە میراتگری دەسەڵاتی خۆتان داناوە، لەکاتێکدا مافەکانی کورد لە بەغدا لە پاشەکشەیە و کەمتر لە خاکی حوکمیزاتیەکەی سێ پارێزگاکەی بەعسمان لەبەردەست ماوە، تەعریب لەزیادبوونە.یەکێتی لەسایەی جەنابتانەوە لە هەولێر کورسیەکی پەرلەمانی نەهێنا، ئاخۆ جەنابت بەرپرسیارێکی سەرەکی نەبووی لەوەی کە ئەم بارودۆخەی کوردستان بەم دۆخە گەیشتوە؟ چونکە وەختێک جەنابت سەرۆک وەزیرو پاشان جێگری سکرتێری گشتی و جێگری هەرێم بووی.بۆ ناڵێی خەتای کادیرەکانی خوارەوەیە، هەروەک لە وەڵامی ڕەخنەیەکدا لە سەرکردایەتی جەنابتان گیراوە.

بۆچی کە ئەم ڕاپەرین و کارەساتانە رووینەدابوو، لە سەرەتای ڕاپەرینی ١٩٩١ ەوە، جەنابت لەبەر نازو نیعمەتی کورسی هیچ دەنگت نەکرد، ڕۆژێک لەڕۆژان هیچ پڕۆژەیەکت نەبوو! کاکە خەڵکی کوردستان ئەم قۆناغەی تێپەڕاندووە بەم ئاوازە کۆنەی پەیامەکەت باوەڕ بکەن، ئێوە خۆتان کوردستانتان بە عیراقی ئەنفال لکاندەوەو باسی مافی چارەی خۆنووسین و جنوبی سودانیان بۆ دەکەی کە لەلای حیزبەکەتان خەونێکی شاعیرانەیە.

ئەمڕۆ جەنابت بەشێکی لەم سیستەمە گەندەڵە، بەشداری لە هەموو شکستەکان و لەدەستدانی ئەم دەرفەتە زێڕینەی دوای ڕاپەڕین و دوای ڕوخانی ڕژێم، بەشداری لە شەڕی براکوژی، تۆ بەشێکی لە کێشەکان، ئێستاش باسی پاراستنی دەسکەوتێک دەکەیت لەناو نەچێت، کە تەنیا خۆتان و بەرپرسە باڵاکان دەستتان کەوتووەو گەل لە سایەیدا تەنیا نەبوونی و ئازارو نادادپەروەری بەشی بووە.خۆ ناڵێی هەبوونی هەزاران حیمایەی لەدەورەی جەنابتن دەسکەوتی ڕاپەڕینە، یان لەترسی تۆڵەی کۆمەڵانی خەڵکە!

ئاخر وەختێک بەحیساب تۆ پێشکەتنخواز بووی، مارکسی بووی، چۆن دڵت هات، لە دوای دەسەڵات پەیداکردن لەخۆت بگۆڕێی و بە گیانی تۆڵەسەندنەوە لە هاوڕێ کۆنەکانت کارت کرد، تەنیا لەبەر ئەوەی هەندێ لە ڕایەکانی جەنابتیان پێ چەوت بووە، بەبێ تەقدیرکردنی رەنج و ماندوبوونیان؟ ئازادی بیروڕا ئاوەهایە؟

لە کۆتاییدا، جەنابت باسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەیت بۆ ئەوەی لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە، ململانێکان چارەسەر بکرێن.بەڵام خۆت پێشی هەمووان دەزانی لە سایەی ترسی دەسەڵاتی زەبروزەنگەوە، لە سایەی وەستایەتی تەزویردا لە کوردستان ئەم پرۆسەیە دیموکراسی نابێ، بە تایبەتیش لەدوای ئەم بارگرژیانە، کەوا مەترسی لەدەستدانی کورسی دەسەڵاتە شیرینەکە لە ئارادایە؟ بۆیە دەڵێم کات درەنگە، ئەم جۆرە پەیامە کاتی بەسەرچووە، بۆ خۆت لە ماڵەوە پشوو بدەی باشترە.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.