
لە بەرەی خەباتی یەکسانیخوازو ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستاندا رابوەستنو ریزی خۆتان لەریزی سەرکردەکانتان جیابکەنەوە!
ئەندامانو کادرانی پارتی دیموکراتی کوردستانو یەکێتی نیشتمانی کوردستان!
ئێوە خۆتان ئاگادارن ماوەیەکە جەماوەری کوردستان بەتایبەتی لاوان، لەدژی نایەکسانی، هەژاری، بێکاری، نەبوونی کارەبا، کەمی خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیو شارستانیەکان، لە دژی نەبوونی ئازادی، لە دژی دەسەلاتی میلیشیاییو بنەماڵەیی، لەدژی تیرۆری دەنگی ئازادو ئازادیخوازی هاتونەتە مەیدان.شەقامی زۆرێك لەشارەکانی کوردستان بوەتە شانۆی روبەروبوونەوەی خەڵكو هێزەکانی ئاسایشو هێزی چەکداری پارتی و یەکێتی.خۆپیشاندەران لە سلێمانی بەفیشەك وەڵامی وەرگرتەوەو قەسابخانەی رۆژی ١٧ی شوبات لەلایەن هێزی چەکداری پارتیەوە خوڵقێنرا.دواتریش هێزەکانی ئاسایشو دژەتیرۆری یەکێتی بەهاوکاری هێزەکانی پارتی کەوتونەتە راونانو دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرانو تەقەکردن لێیان.ئەگەرچی هێشتا خۆپیشاندانەکان ناوچەی سلێمانی گرتۆتەوە، بەڵام جەماوەری شارەکانی دیکەی کوردستان لەژێرباری سەرکوتی پارتیدا ئەو دەرفەتەیان دەست نەکەوتوە کە نارەزایەتیەکانی خۆیان بهێننە سەرشەقامو بە حەسرەتەوە چاوەرێی ئەوکاتە دەکەن کە بتوانن هێزی جەماوەریو مەزنی خۆیان نیشانبدەن.
ئەوەی کە ئێستا لە کوردستاندا روودەدات بەرهەمی نارەزایەتی کەڵەکەبووی چەندین ساڵەیە دژی نایەکسانی و سەرکوتی ئازادیەکان کە بەبیانوی ئاسایشی نیشتمانی، دەستی دەرەکیو تاپوری پێنجەم، پیلانی ئەم و ئەودژی"تەجروبەی هەرێم" پاساوو پاکانەدەکرا.بەڵام جەماوەری نارازی کوردستان دوای شۆڕشەکانی تونسو میسرو پەرەسەندنی خەباتی جەماوەری دژی بێکاری، نایەکسانی، ستەم و سەرکوتی ساسی باوەڕیان بەهێزو بەرەوابوونی خواستەکانو داواکانی خۆیان زیاتربوو، بەو باوەڕە گەیشتن کە دەبێ خۆیان بێنەمەیدان بۆ بەدیهێنانی مافو ئازادیەکانیان.خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان، ئازادیخوازان، لایەنگرانی یەکسانیو عەدالەتی کۆمەڵایەتی، وە لە هەنگاوی یەکەمدا توێژی لاوان، ئەو راستیەیان بە نرخی ژیانو گوزەرانو ئازادیەکانیان تاقیکردەوە کە دەسەلاتی خۆماڵی کوردایەتی هیچ پەیوەندیەکی بە بەرژەوەندی ئەوانەوە نیە، بەڵکو دەسەڵاتی کۆمەڵێك سەرمایەداری چەوسێنەرو بەرپرسی ملیۆنەری ئەو دوو حیزبەو دانیشتوانی فیرعەوناواو دۆلاراواکانن.
ئەو دەسەڵاتەی ئێستا بەناوی حکومەتی کوردستانەوە حوکمی خەڵك دەکاتو بەناوی ئەزمونی دیموکراسی پێتان دەفرۆشن، ئەزمونێکە لە دەسەڵاتێکی میلیشیایی بنەماڵەیی سەرکوتگەری خاوەن سامانو تاڵانچی داهاتی کوردستان.سەرانی ئەو دووحیزبە سەرمایەدارە هەزاران کەسیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان لەنیوان یەکتریدا بەکوشت دا کەچی ئێستا پێکەوە سەرکوتی خەڵکی نارازیو راپەڕیوی کوردستان دەکەن.ئەوان کاتێك بەرژەوەندیەکانیان وای پێویست دەکرد ئێوەیان دەکردەوە بەگژی یەکتردا، یەکتریان پێدەکوشتن، واشیان تێدەگەیاندن کە ئەوە لە"بەرژەوەندی کورد"ە.ئێستاش دەیانەوێ بتانکەنەوە بەگژ خەڵکی چەوساوەی کوردستاندا، بەگژی هاورێو کەسوکارو دراوسێو هاوشاریو هاوڵاتیانی خۆتاندا هەربەناوی"بەرژەوەندی کورد"ەوە.سەرانی ئەو دوو حیزبە دەسەلاتدارە کە خۆیان لەسەر رەنجو خوێنو قوربانی خەڵكو هەزارانی وەکو ئێوە ملیۆنەها دۆلاریان کۆکردۆتەوەو باڵەخانەو کۆشکەکانیان لەژماردن نایەت، بە پێدانی چەند سەدهەزار دینارێك و یان هەندێ ئیمتیازی بێبایەخ دەیانەوێ ئێوە لەخەڵك جیابکەنەوەو بتانخەنە بەرامبەر ئەوانەوە.ئێوە نابێ ئەو کارە بکەن.
بەشیکی بەرفراوانی ئێوە رۆڵەی خێزانە کرێکاریو بێبەشو زەحمەتکێشەکانی کوردستانن، یان کەسانێکی بێکاربوون کە بۆبەرێوەبردنی ژیان ناچارکراون ببنە ئەندامو چەکداری ئەو حیزبانە، بۆیە شوێنی ئێوە ناو ئەوان نیە، بەڵکو شوێنی راستەقینەی ئێوە ناو خەڵكو پەیوەستبوونە بە خەباتی جەماوەریو رەوای کرێکارانو زەحمەتکێشانو لاوانی ئازادیخوازەوە بۆ یەکسانی، بۆ ئازادی، بۆ بەهرەمەندبوون لە ژیانێکی شەرافەتمەندو شایستەی مرۆڤی ئەم سەردەمە.ئێمە دڵنیاین کە بەشیکی فراوانی ئێوە ئەو نایەکسانیو زوڵمو ناحەقیانە دەبینن و هەست پێدەکەن.دەزانین کە بەشیکی فراوانی ئێوە لەو بارودۆخە نارازینو ناتانەوێ دژی هاوڵاتیانی خۆتان بوەستنەوە.کاتی ئەوەیە کە لەگەڵ ویژدانو ناخی راستەقینەی مرۆڤانەی خۆتاندا نزیك ببننەوەو لەپڕوپاگەندەی سیاسیی چەواشەکارانەی سەرکردەکانتان دوور بکەونەوە.کاتی ئەوە هاتوەو بەدڵنیاییەوە جەماوەری نارازیو راپەریو باوەشتان بۆ دەکاتەوە.
بژی خەباتی رەوای خەڵکی کوردستان بۆ ئازادیو یەکسانی کۆمەڵایەتی!
حزبی كۆمۆنستی كرێكاریی كوردستان
3/2/2011
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
