سڵانێکه له‌م قه‌فه‌زی ئۆفیسه‌دا و له‌م په‌نجه‌ره ته‌سکه‌وه، به‌ده‌م خواردنه‌وه‌ی چایه‌ک و داگیرساندنی جگه‌ره‌یه‌ک تۆ نغرۆی نوسینیت براده‌ر.له هه‌موو وه‌رزه‌کاندا، له هه‌موو ڕوداوه‌کاندا ده‌نوسیت .تۆ هه‌موو شته‌کانت نوسیه‌وه، هه‌موو وێنه‌کانت گواسته‌وه، هه‌موو ده‌نگه‌کانت گه‌یاند، به‌ڵام نه‌ت توانی له‌و ده‌نگه بڵنده‌ی نوسه‌ره بچکۆلانه‌که‌ی ناوه‌وه‌ت ڕزگارت بێت که هه‌میشه پێت ئه‌ڵێت : ئه‌م نوسینه تۆ نیت که ده‌ی نوسیت، ئه‌مه بیر و ڕای به‌رپرسانه و تۆش وه‌ک ئامێرێک ده‌ی نوسیه‌وه، ئه‌م وێنه‌یه تۆ نه‌ت کێشاوه، هه‌موو ڕه‌نگ و فڵچه‌کان، هه‌موو سکێچ و سێبه‌ره‌کان چاوی مه‌کته‌بی سیاسیه و وا تۆش بۆیان ده‌بیت به ئاوێنه و نیشانمانی ده‌ده‌یت، خۆت له هه‌موو ئه‌و هه‌ستانه ده دزیته‌وه که زۆر جار مێشێک ده‌بینیت به شتێکی پیسه‌وه، کت و مت لێت ده‌بێت به خۆت .ده‌نوسیت و ناش نوسیت ! به مانا فیزیکیه‌که ده‌نوسیت و به مانا مه‌عریفیه‌که هیچ نا که‌یت جگه له ماکیاج کردنی درۆکانی سه‌رۆک و له شوشه گرتنی په‌یمانه‌کان و به پیرۆز ڕاگرتنی کۆبونه‌وه‌کانیان، ئاخر من دڵنیام ئه‌وه‌ی تۆی هێشتۆته‌وه ته‌نها ئه‌و هیوایه‌یه که پارچه ئه‌رزێ وه‌رگریت، خۆ زۆر جاران به ده‌م مه‌ست بونه‌وه هه‌موو ڕاستیه‌کانت وتوه، نوسین ده‌ستی گرتویت له‌م موچه بۆ ئه‌و موچه، به‌ڵام بیرت نه‌چێت که چه‌ندین نوسه‌رمان هه‌یه به نان و ئاوێک ڕۆژ ده‌که‌نه‌وه، به‌ڵام گه‌وره‌ترین سه‌روه‌ری بۆ خۆیان تۆمار ده‌که‌ن .وا ئێستاش له پشت په‌نجه‌ره‌ی ئۆفیسه‌که‌ته‌وه له‌گه‌ڵ ته‌م و دوکه‌ڵی جگه‌ره‌که‌ت ڕاماویت له دڵۆپه‌کانی بارانی سه‌ر په‌نجه‌ره‌که، زو زو لێت ده‌بن به دڵپی خوین، له پڕ لوره‌ی سه‌یاره‌یه‌کی فرایاکه‌وتن خه‌یاڵت ده‌شڵه قێنێت و وه‌ک ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وێت ته‌سلیمی ئه‌م واقعه ڕه‌وایه‌یی خۆپیشانده‌ران بیت و ده‌ته‌وێت خۆت بده‌یته‌وه به ده‌ست ئامانجه مادیه‌کانت، له خۆ ڕازی‌کردنی پیاوه چاو سوره‌که‌ی به‌ر پرست، که ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌که له تاو کورسیه‌که‌ی خه‌و نه‌چۆته چاوی و هه‌موو شه‌وێک هاواری خۆپیشانده‌ران ده‌بێته مۆته‌که و ده ئاڵێت له گه‌ردنی ! ئه‌م جاره‌یان خه‌یاڵت فڕیه سه‌ر ئه‌و دڵپانه‌ی که له‌سه‌ره‌وه ته‌نیا ته‌نیا دێنه‌خوار و پاشان دڵۆپ دڵۆپ یه‌ک ده‌گرن و زۆر به خێرایی دێنه خوارو په‌نجه‌ره‌که ده‌بڕن، ئه‌مه‌یانت له به‌رچاو بوو به لێشاوی خۆپیشانده‌ران، دڵۆپه‌کان هه‌موو بوون به ده‌موو چاو له به‌ر چاوت، ده‌م و چاوی من، دراوسێکه‌ت، نانه‌واکه‌ی لای ماڵاتان، مه‌لای مزگه‌وته‌که‌تان ....هه‌موو ده‌ستی یه‌کیان ده‌گرت و تا ده‌رۆیشته خوار زۆر و زۆرتر ده‌بون و ته‌ختی په‌نجه‌ره‌که‌یان ده‌کرد به دو له‌ته‌وه ! له پڕ زه‌نگی مۆبیله‌که‌ت ڕای چڵه‌کاندیت
به‌ڵێ : هه‌وڵبده‌ن با هه‌موو نوسینه‌کانی ئه‌م ماوه‌یه‌تان تایبه‌ت بێت به‌م ئاژاوه‌گێڕانه و ڕوی ڕه‌شیان نیشانی جه‌ماوه‌ری کوردستان بده‌ن
_ زۆر باشه گه‌وره‌م ئه‌مر ده‌که‌یت .
تۆ په‌شۆکایت و هه‌رخێرا ڕات کرده سه‌ر کۆمپیته‌ره‌که‌ت و ده‌ست کرد به نوسین و ده‌ت ویست به مانشێتێکی سه‌رنج ڕاکێش ده‌ست پێ بکه‌یت، چه‌ندین مانشێتت نوسی و سڕیته‌وه تا له ئه‌خیردا نوسیت (ئاژاوه گێڕان ده‌ستێکی ده‌ره‌کین بۆ سه‌ر ئارامی کوردستان ) قۆڵت هه‌ڵماڵی بۆ نوسین دوباره ته‌فۆنه‌که‌ت زه‌نگی بۆ هات
_ شه‌حنم پێ نیه هه‌ناسه گیان من له ڕێپێوانه‌که‌م تۆش...
_نااااااااااااااااا ئه‌لو ئه‌لوووو
ده ئیتر وه‌ره براده‌ر ...ئا ...ئه‌ویش له‌وێیه!! خۆشه‌ویسته‌که‌ت !! ئه‌ویش چیتر بێ هیوا بوو که ئه‌م ده‌سه‌ڵاته بتوانێت به ده‌م خه‌ون و هیواکانی گه‌نجانه‌وه بێت ئه‌ویش بێ هیوا بوو له هه‌موو موناقه‌شه و پاڕانه‌وه‌کانت بۆ ده‌سه‌ڵات، ئێستا دوو ڕێگا له به‌ر ده‌مته، یان ئه‌و نوسینه‌ت ڕه‌ش بکه‌وه و وه‌ره ریزی گه‌ل وه‌ره ریزی خۆشه‌ویسته‌که‌ت، یان پشت بکه میلله‌ت و خۆشه‌ویسته‌که‌ت ؟
دیسانه‌وه تۆ گه‌ڕایته‌وه سه‌ر په‌نجه‌ره‌که‌ت به ڕه‌نگێکی زه‌رده‌وه، ئاخر تۆ باش هێزه چه‌کداره‌کانیان ده‌ناسیت و وێنه‌ی نازداره‌که‌ت و لوله‌ی تفه‌نگه بێ به‌زه‌ییه‌کانی ئه‌وانیشت له به‌ر چاو بوو، که چه‌ند بێ خه‌من له ڕژاندنی خوێنی هه‌رکه‌سێک هه‌ر ده‌نگێک که به‌دڵی ئه‌وان نه‌بێت، ده هاته پێش چاوت که چۆن مێشکی خۆشه‌ویسته‌که‌ت پژاوه‌و هه‌ر ده‌بێت خۆشت له ڕۆژنامه‌که‌یان سینارۆیه‌کی بۆ بنوسیته‌وه !
ئێستاش ئه‌وه ئێمه‌ین له خواره‌وه براده‌ر، ده‌مان بینیت ؟ من، ئێمه، هه‌موو میلله‌ت، وه‌ره ؟ مه‌نوسه و پێنوسه‌که‌ت توڕ بده و لاشه هه‌ڵگره‌وه .
نوسینی : هۆزان هه‌ڵه‌دنی
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
