پەیام و ڕازێکی ئاشتیخوازانە له‌ (عه‌دنان که‌ریم) ه‌وه‌

پەیامی من خۆشەویستی و مرۆڤدۆستیە بۆ بەشەریەت لەسەر رووی ئەم زەمینە، دژی توندو تیژی و سەرکوتکردن وبەکارهینانی چەک بەرامبەر داخوازیەکانی هاوڵاتی لەکاتێکدا داوای مافە رەواکانی خۆیان دەکەن .ئەو ڕوداوەی هەڤدەی شوبات کە ڕووی دا دەسترێژی گولە بۆ هاوخوێن و براو کوری خۆت هەتا سەر ئێسقان نامرۆڤانەبوو، تۆ وەک هێزێکی سیاسی کە خاوەنی چەکداری دەتوانی ڕووبە ڕووی دوژمنەکەت بەرگری لە ماڵەکەی خۆت بکەیت بەڵام هەرگیز سەرشۆری نیە لە دەست برا توڕەکەت راکەیت و ماڵەکەی بۆ بە جێ بێڵی, با بیسوتێنێ دروست دەبێتەوە, بەڵام ئەو گەنجەی لەدەستمان دەچێ هەرگیز نایەتەوە، ئیستا گەنجانی کورد رژاونەتە سەر شەقام.حکومەت دەبێ ئەنجامدەری هەموو داخوازیە ڕەواکانی میللەت بێت، بەتایبەت گەنجان کە دروستکەری پاشەرۆژی نەتەوەیەکن ئەگەر بڕوامان بە دیموکراتی بێت دەبێ هەر ئەوان ببنەوە بە سەرکردەیەک و بەرپرسێک کە کوردستان دەپارێزن و بە ڕێوەی دەبەن، خۆپێشاندان دیاردەیەکی شارستانیە و ئامانجیان ڕووداماڵینی هەڵەو کەمتەرخەمیەکانی حکومەتە لە خراپی بەڕێوەبردندا.

برایان ئازادیخوازان، خۆپێشاندەرانی کوردستان

 ئێوە دڵسۆزترین چینی ئەم گەل و نیشتیمانەن، پاراستنی هێمنی و هەڵنەپڕوکاندنی گوڵێک و نەشکاندنەوەی چڵەدارو پاکردنەوەی جۆبارێک لە ئەستۆی ئێوەیە، سوپاس و خۆشەویستیم بۆ ئەو هونەرمەند و ڕۆشنبیرانەی کەمپینی ئاشتیان دروست کردوەو هێمنی و ئاشتی دەپارێزن.دەبێ حکومەت فەخر بکات کە نەوەیەکی ڕەخنە ئامیز و چاکساز دروست بووە داوای نەهێشتنی گەندەڵی دەکات لە کوردستاندا.هەموو کەسێک مافی خۆیەتی خزمەتگوزاریەکانی ژیانی بۆدابین بکرێ، ئەوەشیان ئەرکی حکومەتێکە کە تاکی کورد هەڵیبژاردوەو متمانەی پێکردوە.

من کوڕی ئەم میللەتەم و هەرگیز لە بەرەی هیچ حیزبێکدا نەبووم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕێزو خۆشەویستیم بۆ هەموو کوردێک هەبووە بە هەموو بیرە جیاوازەکانەوە، هەموو حیزبە کوردستانیەکانم خۆشویستوە کە تاکوو ئێستا ئەمن و ئاسایشی کوردستانیان پاراستوە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ من چاوپۆشی لە هەڵەو ناعەدالەتیەکانیان بپۆشم، وەک هونەرمەندێک چەندین ڕەخنەم لێیان هەیە وە بەباشی دەزانم کە بەهەڵەکانیاندا بچنەوەو مێژوویەکێ پاک و بێگەرد بۆ خۆیان تۆمار بکەن.بۆ دەبێ لە شارێکی وەک هەولێر یان لە سلێمانی لێت حەرام بکرێت کە سەردانی یەکێک لە باخچە گەورە دڵگیرەکانی شاربکەیت لەبەر ئەوەی کۆشکی بەرپرسێکی حیزبی تیایە و موڵکی تاپۆ کراوێتی، هەمان باخچە لە زەمانی بەعسیشدا حەرامکرابوو لە هاوڵاتییەک کە بیبینێ.ئەمە ناعەدالەتیەکە کە خەڵکی ناتوانێ قبوڵی کات، داواتان لێدەکەم واز لەم ڕەوشتە فیرعەونیانەتان بێنن و وەرنە ناو خەڵکەوە.تەنها لە دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان حیزب هێزی چەکداری هەبووە، حیزبەکان لە وڵاتە دیموکراتیەکاندا سیستێمی وڵات دادەرێژن و خۆیان بە هێزی سەربازیەوە خەریک ناکەن، ئەوە هێزی یەکگرتووی حکومەتە کە دەبێ وڵات بپارێزێ و هەر گەورە سیاسیەک دوو حیمایەی مەدەنی بۆ دابین بکرێ لەلایەن حوکومەتەوە، نەک ئەو ئاپوورە ئۆتۆمبیلە جام ڕەشانەی ڕۆژانە دەبینرێن بە دواتانەوە، سیستەمێک دابنێن کە گەنجی کورد ئینتیمای بۆ کوردستان هەبێ دوای هەژدەساڵی فەرمانی سەربازی خۆی جێبەجێ بکات لەناو کوردستاندا جا ئیتر ئەو سەربازیە دەتوانن ناوی بنێن پێژمەرگایەتی، بەڵام هێزی حوکومەت و نەتەوە بێت بۆ ئەوەی هەست بکات فرمانی نەتەوەیی جێبەجێ دەکات نەک حیزبی.چ سیاسیەکی کورد بە ئۆپۆسیسیۆنیشەوە وازی لە لوت بەرزی خۆی هێناوە بە درێژایی ڕۆژگاری سیاسی خۆی توانیویەتی رۆژێکی خۆی بو گەنجانی کورد تەرخان بکات و شانبەشانیان بۆ گەشتێکی نەمام چاندن لە کوردستاندا لە نزیکەوە وەک هاوڕێیەکیان لە خەم و گرفتەکانیان تێبگەن وگەنجانیش ئەوەندەی تر هەست و سۆزی خاک وڵات پەروەری و خۆشەویستیان لەلا پتەوتربێ.کە ئەم ئەرکانەی خۆتان وەک سیاسیەک جێبەجێ نەکردوە، تاوانێکی گەورەیە کە گەنجان توڕە دەبن گوللەبارانیان دەکەن.بە سەدان تاوانبار لە ژێرعەبای حیزبەکانتان دەشاردرێتەوە، ڕۆژنامەنووس و دەنگی ئازاد دەکوژرێ هیچ تاوانبارێک نادرێ بە دادگا.تەنانەت عەدالەت و محاکەمەش شەرعیەتی نەماوە چونکە دەستی حیزب خۆی سەپاندوە بەسەریاندا.ئەوەی ئێستا دەیبینم لە کوردستاندا، لەدەستدانی هەستی خۆشەویستی و ئاوێتە بونی سۆزی خاکە ئینتیما بۆ ولات ر‌ق و کینە بینەقاقای تاکی کوردی گرتووە، توڕەیی و تۆڵەسەندنەوە بوە بە کولتوری میللەتێک، ئێستا تێرۆرکردنی ئەخلاق و فیکرە، ئەم دەرئەنجامەش هەموو سیاسیەکانی کورد خوڵقاندویانە بە ئۆپۆسیسیٶنەوە، دژایەتیەکانتان لەسەر پۆست و ماکت و داگیرکردنی مووڵکی میللەتە، قەیرانی خۆشەویسی و بڕوانەبوون بە یەکتری پیلاندانان و بەربەستدانان لە ناو خۆتاندا بۆملشکاندنی یەکتری و ئەوکەسانەی لە ناو خۆتاندا پۆستێکی باش وەردەگرێ و هەوڵی خزمەتکردنی جیدی وڵاتەکەی دەدات، دەبێ بەرگری لە تەکەتولی ناو حیزبەکەی خۆی و حیزبە نەیارەکەی خۆشی بکات.ئەوکات بێشک ناتوانێ بە ئەرکی نەتەوایەتی خۆی هەڵسێ و هەموو پرۆژە خزمەتگوزاریەکان بە ئیفلیجی دەمێننەوە.میللەت گێل نیە ئەم هەڵانەی ئێوە دەبینێ، هەربۆیە ئەم توڕە بوونە چاوەرواننەکراوە ڕوو دەدات.ئەگەر زوو چاری نەکەن هەموو خەونەکانی نەک هەر ئەم پارچەیەی کوردستان بگرە خەونی براکانی تریشمان لەو پارچە بندەستانەی تریش هەرەس دێنێ.داوادەکەم لێتان بەزووترین کات چارەی ئەم هەڵچونە بکەن گوێ لە داخوازیەکانیان بگرن، کە بەڵێن بە خەڵکی کوردستان دەدەن بەکورترین ماوە جێبەجێی بکەن بوئەوەی متمانەتان پێبکەن و وڵات و ئەو ئازادیەمان کە خەونی دێر زەمانی هەموو سەرکردەکانی کورد بووە لێنەشێوی و تا کار لە کار نەترازاوە.

عەدنان کەریم

٢٥ ـ ٢ ـ ٢٠١١

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.