هەموو ئازادیخوازانی دونیا ... جوڵانەوەی گەنجانی ئازاد

خەڵکی تینووی ئازادی لە میسر

ماوەی چەند ڕۆژێکە خەڵکی کورستان سات بە سات و بە تامەزرۆییەکی زۆرەوە چاودێری شۆڕشی ئازادی خەڵکی سەربەرز و تینووی سەربەستی میسر دەکەین.دەبینین کە چۆن خەڵکی میسر سنگی خۆیان دەکەنە قەڵغانی فیشەک و، سەر و ماڵیان دەکەنە قوربانی هەناسەیەکی ئازاد.

خەڵکی میسر بە خوێنی پاکی شەهیدەکانیان داستانێکی تری ئازادی و ڕزگاربون دەنووسنەوە.

گەنجانی میسر لە کاتێکدا ئازایانە ڕوی دەمیان دەکەنە دیکتاتۆر و پێی دەڵێن "بەجێمانبێڵە"، لە هەمانکاتدا بە شێوازێکی شارستانی خەریکی بونیاندنەوەی وڵاتەکەیانن و، پارێزگاری لە سەر و سامانی خەڵک دەکەن.

خەلکی ستەمدیدەی کورستانیش کە لە هەر کەسێکی تر باشتر نرخی ئازادی ئەزانن و هەست بە ئازاری مەزڵومی ئەکەن، یەک ڕا و یەک دڵە لە پشتیوانی داواکانی خەڵکی میسر بۆ ژیانێکی ئازاد و باشتر.

ئێمە پێمان وایە کە خەڵکی ئەم ناوچەیە وەک هەموو خەڵکی دونیا شایەنی ژیانێکی شەرەفمەندانەن کە تیایدا ئازادیەکان و مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و پێداویستیە بنەڕەتیەکانی تێدا دابنینکرابێت.

ئێمە بەر ئەرکی خۆمان و هەموو ئازادیخوازانی دونیا دەزانین کە درێغی نەکەن لە ئەنجامدانی ئەوەی پێیان دەکرێت بۆ ڕاوەستان لەگەڵ گەلی میسری و دژایەتی دەسەڵاتی دیکتاتۆری.

لە هەمان کاتدا داوا دەکەین لە دام و دەزگا نێودەوڵەتیەکان و ئەو دەوڵەتانەی کە خۆیان بە پشتگیری دیموکراسی و مافی گەلان دەزانن کە بە ڕوونی پشتگیری خۆیان بۆ خواستەکانی گەلی میسری دەرببڕن و، فشار بخەنە سەر دەسەلاتی دیکتاتۆری کە هێزی سەرکوتکاری دژی خەڵک بەکارنەهێنێت.

ئەم شەپۆلەی شۆڕش و ڕاپەڕین لە پێناوی نان و ئازادیدا سەرەتای هەستانەوەیەکی گەورەیە کە لە پاش هۆشیاربوونەوەی میللەتانەی ناوچەکەوە هاتۆتە دی.

سەرکەوتنی ویستی ئازادی لە میسر و کۆتاییهێنان بە زەمەنی دیکتاتۆری و سەرکوتکردن، پاڵنەرێکی گەورە دەبێت بۆ گەلە ژێر دەستەکانی تری ناوچەکە.

زۆرێک لە گەلانی ناوچەکە بەتایبەت گەلی کوردمان لە پارچەکانی تری کوردستان چاوەڕێی مژدەی ڕزگاربوونی گەلی میسرن هەتا ئەوانیش بەرەو دەمەوبەیانی ئازادی و سەربەستی هەنگاو بنێن.

لە کۆتاییدا ڕایدەگەیەنین کە (جوڵانەوەی گەنجانی ئازاد ) بەردەوام دەبێت لە جوڵانەوەکانی لە پێناوی گەیاندنی دەنگی پشتگیری و هاوکاری خەڵکی کورستان بە خەڵکانی ڕاپەڕیوی ناوچەکە و لە پێش هەمویشیانەوە گەلی میسری تینووی ئازادی.

هەر سەربەرز و بڵند بێت ویستی ئازادی خەلکی میسر

هەر نەوی بێت سەری سەرکوتکەر و دیکتاتۆران

جوڵانەوەی گەنجانی ئازاد

کوردستان

٣١، ١، ٢٠١١

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.