كۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر: لەیاسای خۆپیشاندانی هەرێمدا ئازادی دەستەبەر كراوە، چونكە لە ئەڵمانیاش دەبێت خۆپیشاندانەكان تۆماربكرێن و دەزگاكانی لێ ئاگاداربكرێنەوە ... جاوبيكه وتن : بیلال سەعید

شتێفان بانتلە، ساڵی 1967 لەدایكبووە، ئابووری خوێندووە و ماوەیەكیش زمانی عەرەبی و ئیسلامناسی خوێندووە.لەباڵوێزخانەی ئەڵمانیا لەعەممان و دواتریش لەبەشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، یەكەی سوریا و لوبنان كاری كردووە.

بيلال سعيد: دەمانەوێ لەزاری خۆتەوە بتناسین؟
شتیڤان بانتلە: خۆشحاڵم بەوەی كە من لەمانگی تەمموزی ساڵی 2010 پۆستی كونسوڵی گشتی ئەڵمانیام لەهەرێمی كوردستان وەرگرتووە، كە ئەمەش بەلامەوە ئەرك و كارێكی سەرنجڕاكێش و پڕبایەخە بۆ من، چونكە لەكوردستان هەست دەكەم وەك ئەوەی لەماڵی خۆم بم.لەبنەڕەتەوە ئابووریناسم، بەڵام زیاتر 20 ساڵە لەگەڵ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سەروكارم هەیە، لەقۆناغی خوێندندا سەردانی هەریەك لەتونس میسر و لوبنان و سوریام كردووە، وەك دیپلۆماتكار كارم كردووە.پێش دەستبەكاربوون لەمانگی تەمموزی ساڵی رابردوو بەداخەوە سەروكارم لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان نەبوو، هەرچەند كوردستان بەشێكە لەخۆرهەڵاتی ناوەراست، بەڵام من واهەست دەكەم خاوەن تایبەتمەندی خۆیەتی.
بيلال سعيد: دوای پێنج مانگ لەكاركردن وەك كونسوڵی ئەڵمانیا لەهەولێر، تێڕوانینت بۆ كوردستان چۆنە؟
شتیڤان بانتلە: هاوڕێیان و هاوكارانم كە پێش من لەكونسوڵگەری هەولێر كاریان كردبوو، باسیان لەوە دەكرد كە كورد كراوە و دۆستانەن، ئێستا سەیر دەكەم قسەكانیان تەواو دەرچوو، كە هاتمە هەولێر ئەو شتەی كە تووشی سەرسوڕمانی كردم، ئەو گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونە بوو، كە لەهەولێر و كوردستان لەڕووی ئابوری و ئاسایش دەیبینم، لەكوردستان مرۆڤ ئازادانە هاتوچۆ دەكات و دەگەڕێت و دەجولێتەوە، كە پێشتر ئەو چاوەڕوانیەم نەبوو، چونكە من پێموایە لەڕێگەی هاتوچۆی ئازادەوە مرۆڤ دەتوانێت زیاتر خەڵكی بناسێت.
بيلال سعيد: پەیوەندیتان لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان چۆنە؟
شتیڤان بانتلە: گفتوگۆمان لەگەڵ تەواوی پارتە سیاسیەكانی كوردستان زۆر باشە، بە هەردوو پارتە دەسەڵاتدارەكەی كوردستان و گۆڕان و پارتە بچوكەكانی دیكەی كوردستانیشەوە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆری ئەوپارتانە بە خاڵێكی پۆزەتیڤ و جوان دەزانم لەكوردستان.
بيلال سعيد: رای ئێوە سەبارەت بەو شێوازە و مامەڵەیەی گروپە ئۆپۆزسیۆنەكان لەكوردستان ئەنجامی دەدەن چییە؟
شتیڤان بانتلە: بۆ هەر حكومەتێك ئۆپۆزسیۆن شتێكی ناڕەحەتكەرە، لەبەرئەوەی شتەكان بە پارچە پارچە دەخاتە ڕوو و ڕەخنەییانە لەحكومەت دەڕوانێت.تایبەتمەندییەكی دیكە كە پێویستە پارتەكان بیزانن ئەوەیە دەبێت حیزبەكانی كوردستان فێری ئەوەببن، كە چەند شتێك لەیەكتری جیابكەنەوە، كە ئەویش وڵات و حكومەتە و لەچوارچێوەی ئەودەوڵەتە حكومەت و ئۆپۆزسیۆن هەیە، كە ئەركی رەخنەگرتن لەحكومەتە.لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا هەست بەوە دەكەم كە هەم پارتە دەسەڵاتدارەكان و هەمیش ئۆپۆزیسیۆن هەنگاوی گەورە دەنێن بۆ تیگەیشتن لەو رۆڵەی كە دەبێت بیبینن.بۆیە بەلامەوە زۆر گرنگە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئۆپوزسیۆنی هەیە، ئەمە خاڵێكی گرنگە لەپرۆسەی گەشەپێدانی دیموكراسی.
بيلال سعيد: پارتە ئۆپۆزسیونەكان ڕایان وایە كە یاسای خۆپیشاندان مافی هاوڵاتیانی زەوتكردووە، ئایا ئێوە رایەكی تایبەتتان لەو بارەوە هەیە؟
شتیڤان بانتلە: لەئەڵمانیادا مافی خۆپیشاندان ئازادە، تا ئەو شوێنەی خۆپیشاندانەكە نەبێتە هۆی كەوتنەوەی توندوتیژی و بەزاندنی سنوورە یاساییەكان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەئەڵمانیاش دەبێت خۆپیشاندانەكان تۆماربكرێن و دەزگاكانی لێ ئاگاداربكرێنەوە، چونكە ناكرێت لەخۆپیشاندانێكی لەناكاودا گرتنی شەقامێكی گشتی بەكارێكی رەوا دابنرێت.لەگەڵ ئەوەشدا من پێموایە لەهەرێمی كوردستانیشدا ئازادی لەڕێگەی ئەو یاسایەوە دەستەبەر كراوە، لەبەرئەوەی دەبینین خەڵك خۆپیشاندان دەكات دژبە یاساكە، ئەوە دەریدەخات خۆپیشاندان لەكوردستان مافێكی دەستەبەركراوە.
بيلال سعيد: ئەو پرۆژە رۆشنبیریانە چییە كە كونسوڵخانەی ئەڵمانیا لەهەولێر ئەنجامی دەدات؟
شتیڤان بانتلە: لەبواری رۆشنبیری لەكوردستان چەند پرۆژەیەكمان هەیە، یەكێك لەو پرۆژانە نوێنەرایەتی پەیمانگای گۆتەیە لەعێراق، كە بنكەكەی لەهەولێرە و كار لەسەر بڵاوكردنەوە و پەرەپێدانی كلتوری ئەڵمانی دەكات و هەوڵی بڵاوكردنەوەی زمانی ئەڵمانی دەدات.هەروا لەگەڵ چەند چالاكوانێكی بواری مافی مرۆڤ كاردەكەین بۆ بەرهەمهێنانی چەند فیلمێك لەبارەی مافەكانی مرۆڤ، لەلایەكی دیكەیشەوە لەسلێمانی لەگەڵ چەند دەزگایەكی راگەیاندن بەهاوكاری یەكتری بەرنامەی منداڵان بەرهەمدەهێنین.بوارێكی دیكەیش كە كاری لەسەر دەكەین، كاركردنە لەگەڵ زانكۆكانی كوردستان، چونكە نەوەك هەر لەگەڵ عێراق لەو بوارەدا كاردەكەین، كە ئەڵمانیا ساڵانە زەماڵەی خوێندنی بۆ 100 خوێندكارانی عێراق تەرخانكردووە، بەڵكو ئێستا كار بۆ بەرنامەیەكی تایبەت بە هەرێمی كوردستان دەكەین، تا خوێندكارانی هەرێمیش بتوانن زەمالەی خوێندن لەئەڵمانیا بەدەستبهێنن، لەهەمانكاتدا دەزگای ئاڵۆگۆڕكردنی ئەكادیمی ئەڵمانی DAAD كار لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندی زانكۆكانی كوردستان و ئەڵمانیا دەكات، كە بەر لەماوەیەك لەكۆنفرانسێكدا كارەكانی خۆی خستەڕوو.بۆ ئەمساڵیش پشتگیری كردنەوەی بەشێكی زمانی ئەڵمانی دەكەین، لەزانكۆی سەڵاحەددین و كردنەوەی نوسینگەیەكی ئاڵۆگۆڕكردنی ئەكادیمیای ئەڵمانی لەكوردستان.
بيلال سعيد: باست لەگرنگیدانی ئێوە كرد بە زانكۆكانی كوردستان، لەئێستاشدا زانكۆی ئەمریكی لەكوردستان هەیە و چەند زانكۆی دیكە پاشگری وڵاتانی دیكەیان هەڵگرتووە، هەرچەندە قوتابخانەیەكی ئەڵمانی لەكوردستان هەیە، بەنیازنین زانكۆیەكی ئەڵمانی لەكوردستان بكەنەوە؟
شتیڤان بانتلە: ستافی پێشتری كونسوڵگەری ئەڵمانیا لەهەولێر كارێكی چروپڕیان كردوە لەسەر كردنەوەی قوتابخانەی ئەڵمانی لەكوردستان و لەنزیكەوە ئاگاداری بوون، زۆر خۆشحاڵیش بووم بەوەی كە قوتابخانەكە لەهەولێر كرایەوە و لەساڵی یەكەمییدا نزیكەی 120 قوتابی وەرگرت، كە قوتابخانەیەكە هیچ قازانجێكی بازرگانی ناوێت، بەڵكو وەك قوتابخانەیەكی بێ قازانج كار دەكات و ئامانجی خزمەتكردنە، سەبارەت بەكردنەوەی زانكۆیەكی ئەڵمانیش ئەوا كارەكە بەمشێوەیەیە كە دەبێ پڕۆژی لەمجۆرە لەلایەن كۆمەڵ و لایەنی خۆجێییەوە كاری لەسەربكرێت و ئەوسا ئێمە پشتگیری دەكەین، جا لەعێراق یان هەرێمی كوردستان كەس یان لایەنێك هەوڵی لەمجۆرە بدات، وەك ئەوەی سەبارەت بە قوتابخانەی ئەڵمانی هەولێر روویدا، ئەوا ئێمە هاوكاری دەبین بۆسەرخستنی پڕۆژەكە.
بيلال سعيد: لەئاست كۆمپانیاكانی وڵاتانی دەرەوە، كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا كەمتر دەبینرێن لەكوردستان هۆكاری چییە؟
شتیڤان بانتلە: لەوانەیە زۆر ئاگاداری كاركردنی كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا نەبیت، لەپێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر لەساڵی 2009 و ساڵی 2010 دوای كۆمپانیا توركی و ئێرانیەكان، كۆمپانیا ئەڵمانیەكان زۆرترین بەشداریان هەبوو، ئێستاش لەنێوان 20 تا 30 كۆمپانیای ئەڵمانیا لەكوردستان نوێنەرایەتیان هەیە كە زۆربەیان لەبواری بنیاتنانی ژێرخاندا كاردەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەرەتای ساڵی 2010 ەوە نوسینگەیەكی ئابوریمان لەكوردستان كردوەتەوە، كە لەلایەن حكومەتی ئەڵمانیاوە دارایی دەكرێت و كار لەسەر پێشخستنی پەیوەندییە ئابورییەكان دەكات.
بيلال سعيد: بەپێی ئەو توێژینەوانەی كە كونسوڵخانەی ئەڵمانیا كردویەتی، ئەو بوارانە چین كە كۆمپانیانیا ئەڵمانیەكان دەتوانن لەكوردستان كاری لەسەر بكەن؟
شتیڤان بانتلە: لەهەریەك لەبوارەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و وزە و هاتوچۆ و تەندروستی، هەروا نەوت و گاز و كشتوكاڵ و پیشەسازیی خۆراكیش.یەكێكی دیكە لەو بوارانەی ئەڵمانیا تێیدا پێشەنگە بواری هاتوچۆی ئاسمانییە، كە ئێستا چەند هێڵێكی ئاسمانی گەشتی كوردستان دەكەن.یەكێك لەو كۆمپانیا فرۆكەوانیانەی كە زۆر كارایە لەكوردستان كۆمپانیای لۆفتانزایە، كە كۆمپانیەكی جیهانی و نێودەوڵەتی ناسراوە، كە كوردستان بەجیهانەوە دەبەستێتەوە، هەروا هێلەئاسمانییەكانی ئەیر بەرلین و گێرمانیا گەشتی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستانیان هەیە.
بيلال سعيد: نوسینگەی ئابوری ئەڵمانیا تاچەند توانیویەتی لەئاستی پێویستدا بێت و لەكارەكانیدا ئەكتیڤ بێت؟
شتیڤان بانتلە: نوسینگەكە لەسەرەتای ساڵی 2010 چالاكیەكانی لەكوردستان دەستپێكردووە، لەوكاتەوە ئەم نوسینگەیە كراوەتەوە دەستی كردووە بەپێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بەكۆمپانیا ئەڵمانیەكان و كۆمپانیا ناوخۆییەكانی كوردستان، یەكێك لەكارەگرنگەكانی ئەو نووسینگەیە كاری لەسەر كرد، لەمانگی تشرینی دووەم سەرپەرشتی شاندێكی بازرگانی ئەڵمانی كرد بۆ ئەوەی سەردانی هەولێر و سلێمانی بكەن.حكومەتی هەرێمی كوردستان كارێكی باشی كردوە بە دروستكردنی دەستەی وەبەرهێنانی لەكوردستان و چالاكە و كارایە، بەڵام زۆرجار كۆمپانیا ئەڵمانیەكان گرفتیان هەیە لەو تەندەرانەی بڵاودەكرێتەوە، پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی تێدا رەچاو نەكراوە، كە پێویستە تیدا بێت، خاڵێكی دیكەی بەردەم بەربەستەكان نوسینگەكە نەبوونی سیستەمێكی دراویی خزموتگوزاریی دارایی پێشكەوتووە كە مامەڵەی لەگەڵ بكات لەكوردستان و لەدواییشدا كەمیی كارمەندی تایبەتمەندە لەكوردستان، هەربۆیە نیازمان وایە لەمساڵدا لەگەڵ حكومەتی هەرێم و عێراق هێزی پیشەیی پێبگەیەنین لەڕێگەی جۆراوجۆرەوە.
بيلال سعيد: ئەو بازرگانانەی كە بیانەوێت سەردانی وڵاتی ئەڵمانیا بكەن، بەمەبەستی ئەنجامدانی مامەڵەی بازرگانی، ئێوە تاچەند دەتوانن هاوكاریان بن بەپێدانی ڤیزەی ئەڵمانیا؟
شتیڤان بانتلە: لەمانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە یەكەی پێدانی ڤیزەمان كردوەتەوە، بەمەش یەكەم دەوڵەتی ئەوروپین كە راستەوخۆ لێرەوە ڤیزە دەدەین بەهاوڵاتیانی كوردستان، تاكۆتایی مانگی 12 نزیكەی هەزار ڤیزەمان داوە.وەزارەتی دەرەوە تا ئێستا دەسەڵاتی ئەوەی پێنەداوین ڤیزەی گەشتیاری بدەین، بەڵام ڤیزەی بەمەبەستی بازرگانی و نەخۆشی و بەشداربووان لەخولەكان و سەردانی بەرپرسان دەدەین.رۆژانە، بەتایبەت ئەو بازرگانانەی كە لەگەڵ كۆمپانیا ئەڵمانیەكان پەیوەندیان هەبێت ڤیزەیان پێ دەدرێت.
بيلال سعيد: رێكخراوی چاك كە گرنگی تایبەت بە كەیسی ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە دەدات، باس لەوە دەكات كە وڵاتی ئەڵمانیا هاوكاری كۆمپانیا ئەڵمانیەكانی كردووە لەپێدانی چەكی كیمیاوی بە حكومەتی بەعس، كە ئەویش لەكیمیابارانكردنی هەڵەبجە بەكاریهێنا، حكومەتی ئەڵمانیا پرۆژەی هەیە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەوكەسانەی زەرەرمەندبوون؟
شتیڤان بانتلە: راستە چەند كۆمپانیایەكی ئەڵمانی كەلوپەلیان بەحكومەتی بەعس فرۆشتوە، كە سەددام حوسێن ئەو ماددانەی بۆ بەرهەمهێنانی چەكی كیمیاویی بەكارهێنا، هەندێك لەو كۆمپانیانە لەوە ئاگاداربوون و هەیانە ئاگادار نەبوون لەوەی بۆ چەكی كیمیاویی بەكاریدەهێنێت.ساڵی 1991 ئەو كۆمپانیانە راكێشرانە بەردەم دادگا تا ئەوجێگایە كە ئەو كۆمپانیانە دژ بەیاسا و مەرجەكانی ناردنەدەرەوەی كەلوپەل مامەڵەیان لەگەڵ حكومەتی عێراق كردبێت بەپێی یاسا سزادران.ئێستاش حكومەتی ئەڵمانیا هاوكاری و خزمەتگوزاری پێشكەشی قوربانیانی توندوتیژیی و چەكی كیمایی لەچەند شارێكی كوردستان پێشەكەش دەكات لەوانە لەهەڵەبجە.هەروا لەناحیەی رزگاریش پڕۆژەیەكمان لەو بارەیەوە هەیە و كاردەكەین بۆ ئەوەی لەبواری تەندروستی و دەروونی خزمەتگوزاری پێشكەش بە قوربانیان بكەین.پێشتریش سەردانی شاری هەڵەبجەم كردووە و سەردانی هەریەك لەمەزاری شەهیدان و مۆنۆمینتی هەڵەبجەم كردووە، هەوڵ دەدەم لەدەرفەتێكی نزیكیشدا لەگەڵ ئەو رێكخراوانەی تایبەت بە ئەنفال و هەڵەبجەن كۆببمەوە.

له ژماره‌ (68)كوفارى سفيل بلاَوكراوةتةوة

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.