هاوڵاتی ئه‌ڵمانیام و له فه‌ره‌نسا كارده‌كه‌م و ماڵم له توركیایه
ئه‌گه‌ر باسی گۆرانی نیشتیمانی بكه‌م پێم ده‌ڵێن تۆ گوندی
حه‌زده‌كه‌م له هه‌ولێر زهویهكم هه‌بێت خانوویه‌كی بچووكی تێدا دروست بكه‌م، ئه‌وه‌ی تر بۆ ئه‌سپ و مریشك و به‌رخه‌كانم بێت
برازای كازۆم و كچی كه‌مال خانم
له‌سه‌ر گۆرانی كۆماشێروان توركیا هه‌وڵیدا بمكوژی
باوكم پێی ناخۆشه به جلی مۆده بمبینی، وه‌ك شێتی لێدێت
زۆر حه‌زم له حه‌یرانه به تایبه‌ت كه به‌ده‌نگی عاره‌ب عوسمان گوێم لی ده‌بێت
له ته‌له‌فزیۆن خۆم فێری نووسین و خوێندنه‌وه كرد
فاتی یه‌كێكه له ئافره‌ته گۆرانیبێژه‌كانی كوردستانی باكوور، ساڵی 1973 له "ئیرمانسی" سه‌ر به شارۆچكه‌ی "وان" له‌دایكبووه، له 1994 به گۆرانی "كۆماشێروان" ده‌ستی به گۆرانی وتن كردووه، ئێستا خاوه‌ن 5 ئه‌لبوومی بڵاوكراوه‌یه، ناوبراو مانگی رابردوو به مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له ئاهه‌نگی كۆنگره‌ی 13 پارتی سه‌ردانی كوردستانی كرد و دوای ئاهه‌نگه‌كه (سڤیل) ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ سازكرد.
زانا دڵشاد دزه‌یی: ساڵی چه‌ند و چۆن چوویته نێوكاری هونه‌ری و كی هاوكاری كردی و رێگرییه‌كانی به‌رده‌م كاری هونه‌ریت چی بوون؟
فاتی: ته‌مه‌نم زۆر بچووك بوو كاتێك گۆرانیم ده‌گوت، چونكه ئه‌وكاته حیسابی ئه‌وه‌م نه‌ده‌كرد رۆژێك دێت ببمه گۆرانیبێژێكی به‌ناوبانگ، له ماڵه‌وه "كازۆ"ی مامم ته‌مبوری لێده‌دا و منیش گۆرانیم ده‌گوت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردهواری هه‌ركچێك بیه‌وی له بواری هونه‌ر كار بكات زه‌حمه‌تی دێته رێگا، به‌تایبه‌ت بۆ من، له‌ناو خانه‌واده‌كه‌م تاقه كچ بووم به زمانی كوردی قسه‌م ده‌كرد و گۆرانیم ده‌گوت، بۆیه بۆ خانهوادهكهشمان ئه‌وه شتێكی زه‌حمه‌ت بوو، زۆر كه‌س له دژم وه‌ستان، له‌وانه خاله‌كانی خۆم، تاوه‌كو ئێستاش هه‌ندی كه‌س هه‌ن دژی منن، به‌ڵام شانسی من ئه‌وه بوو خێزانه‌كه‌مان هه‌م هونه‌ردۆست بوون، هه‌میش هونه‌رمه‌ند، چونكه من برازای "كازۆ"ـم و كچی "كه‌مال خان"ـم، باب و مامه‌كانم هه‌م كاری هونه‌ریان كردووه هه‌میش گۆرانیبێژ بووینه، بۆیه من زه‌حمه‌تیه‌كی كه‌مم بینی، به‌ڵام منیش وه‌ك باقی هونه‌رمه‌ندانی دیكه شانسی ئه‌وه‌م نه‌بووه به‌شێوه‌یه‌كی پرۆڤیشناڵ هونه‌ر بخوێنم و كۆنسێرت ساز بكه‌م.
زانا دڵشاد دزه‌یی: كاتێك به فه‌رمی گۆرانیت گوت، له‌لایه‌ن وڵاتی توركیا ره‌نگدانه‌وه‌ی چۆن بوو؟
فاتی: كاتێك گۆرانی "كۆماشێروان"م بڵاوكرده‌وه ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بوو، زه‌حمه‌تییه‌كان زیاتر له‌وێوه ده‌ستیپێكرد، چونكه له توركیا ئه‌گه‌ر گۆرانی ئهڤینیشمان بگوتبا له‌رووی سیاسیه‌وه له‌سه‌رمان ده‌بووه ماڵ، سێدی یه‌كه‌م به ناوی "رابه جۆتیار" دووه‌م كاسێتم به ناوی "میلیتانۆ" بوو، كه به هۆیه‌وه دادگایی كرام و خرامه ژێر چاودێریه‌وه، به‌ڵام شانسی گه‌وره‌م ئه‌و بوو نهیانكوشتم، چونكه ئه‌وكاته زۆر كه‌سیان له‌سه‌ر ئه‌و شتانه ده‌كوشت، به‌ڵام ئێستا وابهپێكهنیهوه ده‌یگێڕمه‌وه، ئه‌وكاتیش هه‌ر پێده‌كه‌نیم، چونكه شتێكی خۆش‌بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ماف و نه‌ته‌وه‌ی خۆی بشكوژرێت ئاساییه، به‌ڵام مه‌خابن ئه‌وكاته زۆر كه‌سمان له‌وی له‌ده‌ستدا، جارێكیش له‌ناوچه‌ی "ئهدرهمیته" كه سه‌ر به‌شاری "وان"ـه شوێنێكی سه‌ربازییه، له‌وی دهستگیریانكردم و ویستیان بمكوژن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وكات هه‌ر كه‌سێك بیانویستبا ده‌یانكوشت، ده‌یانگووت تیرۆرسته، به‌ڵام باشبوو كه گیرام خه‌ڵك زانیان، بۆیه رزگارم بوو.
زانا دڵشاد دزه‌یی: له‌ناو گۆرانیبێژه‌كانی باشوور ده‌گوتری "باوی گۆرانی نیشتیمانی نه‌ماوه"، گۆرانی ئێستا هه‌مووی بووه‌ته دڵداری و هه‌ڵپه‌ڕكی؟
فاتی: من له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه نیم، ئه‌گه‌ر نیشتیمان نه‌بێت خه‌ڵكیش نابێت، خه‌ڵك نه‌بێت وڵاتیش نابێت، وڵات نه‌بێت هونه‌ریش نابێت، راسته له‌باشوور هونه‌ر پێشكه‌وتووه، به‌ڵام پێشكهوتنهكهش بی به‌رنامه‌یی پێوه دیاره، هه‌رچه‌نده هونه‌رمه‌ندی باش هه‌ڵكه‌وتووه، به‌ڵام هه‌ندی هونه‌رمه‌ندی واش په‌یدابووه ئه‌گه‌ر لێیان بپرسی ناوت چییه نازانن وه‌ڵامت بده‌نه‌وه، بۆیه كه‌موكوڕیه‌كی زۆر ده‌بینم له‌بواری هونه‌ردا، ئێمه زیاتر پێویستمان به نیشتیمانپه‌روه‌ری هه‌یه، بۆچوونی من وایه، له‌وانه‌شه كه‌سانێك پێیان وابێت گوندیم بۆیه وا بیرده‌كه‌مه‌وه!
زانا دڵشاد دزه‌یی: بۆچی تۆ كه‌سێكی گوندی؟
فاتی: ئه‌گه‌ر گوندیش بم خه‌ڵكی گونده‌كه‌ی خۆم خۆشده‌وی، ئه‌گه‌ر من خۆم له‌سه‌ر خه‌ڵك گه‌وره بكه‌م و ئه‌وان به بچووكی ته‌ماشا بكه‌م، حه‌زناكه‌م ئه‌وابم، حه‌زده‌كه‌م هه‌ر گوندی بم.
زانا دڵشاد دزه‌یی: مادام گوندی بیت، ده‌بێت حه‌ز له به‌خێوكردنی به‌رخ و مریشك و مهروماڵاتیش بكه‌ی؟
فاتی: تۆ ده‌زانی خه‌ونی من چییه؟ من حه‌زده‌كه‌م زه‌وییه‌كم هه‌بێت و خانوویه‌كی بچووكی تێدا دروست بكه‌م و ئه‌وی دیكه‌ش ئه‌سپ و به‌رخ و مریشكم هه‌بێت، گوڵ و دار بچێنم، مرۆڤ كه شتێك ده‌چێنێت گوڵه‌كه‌ی له‌بن خاك دێته ده‌ره‌وه، ده‌زانی چ زهوقهكی ده‌داته مرۆڤ! من خه‌ون به‌وه ده‌بینم، حه‌زده‌كه‌م له‌و شوێنه چه‌م و ئاو و رووباریشی تێدا بێت، ئه‌گه‌ر خودا بیكاته قسمه‌ت دێمه كوردستان و ئه‌و بیرۆكه‌یه‌م جێبه‌جی ده‌كه‌م، به‌تایبه‌ت كوڕه‌كه‌م زۆر حه‌زی لێره‌یه.
زانا دڵشاد دزه‌یی: ساڵی چه‌ند شووتكرد و چه‌ند منداڵت هه‌یه؟
فاتی: خۆی به‌پێی دابونه‌ریتی كوردهواری من ببوومه كچی ماڵه‌وه "قه‌یره كچ"، چونكه ئه‌وكاته له‌لای ئێمه كچ كه گه‌یشته 15 ساڵی ده‌بوایه شوو بكات، ئه‌گه‌ر له‌و ته‌مه‌نه ره‌تی بكردبایه له ماڵی بابی ده‌مایه‌وه، منیش ساڵی 1994 له ته‌مه‌نی 21 ساڵی شوومكرد، به‌ڵام له‌به‌ر بارودۆخی سیاسیی ئه‌وكاته‌ش به‌تایبه‌ت هی من، نه‌مانتوانی ئاهه‌نگی زه‌ماوه‌نده‌كه بكه‌ین، ئێستا كچ و كوڕێكم هه‌یه، ئه‌وانیش كه له نه‌خۆشخانه‌ی توركیا له‌دایكبوون، نه‌متوانی له‌سه‌ر ناوی خۆم تۆماریان بكه‌م، چونكه ئه‌گه‌ر بیانگرتبام به خۆم و به منداڵه‌وه ده‌یانبردم بۆ به‌ندیخانه.
زانا دڵشاد دزه‌یی: زۆرجار ته‌له‌فۆنت بۆ ده‌كه‌م جارێك ده‌ڵێی له ئه‌ڵمانیام و جارێك ده‌ڵێی له توركیا و جارێك ده‌ڵێی له فهرهسام، من تێتناگهم تۆ ماڵت له كوێیه؟
فاتی: دوای پێكه‌نین...من هاوڵاتی ئه‌ڵمانیام، له فه‌ره‌نسا كار ده‌كه‌م و ماڵیشم له توركیایه.
زانا دڵشاد دزه‌یی: بۆچی تائێستا له كوردستان كۆنسێرتت ساز نه‌كردووه؟
فاتی: من یه‌كه‌م ژن بووم هاتمه‌وه كوردستان باشوور و كۆنسێرتم سازكرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌بێت ده‌رفه‌تت بۆ بڕهخسی، چونكه هونه‌رمه‌ند ناتوانی به ته‌نیا كۆنتسێرت بكات، من هه‌ست به‌و كه‌موكوڕییه ده‌كه‌م له خۆم و له هونه‌رمه‌نده‌كانی دیكه‌ش، بۆیه جگه له من هونه‌رمه‌ندی دیكه‌ش حه‌زده‌كه‌ن له كوردستان كۆنسێرت بكه‌ن، به‌ڵام ده‌بی لایه‌نێك هه‌بێت ئاماده‌سازی بۆ بكات.
زانا دڵشاد دزه‌یی: ئه‌ی بۆچی هونه‌رمه‌نده عه‌ره‌ب و فارسه‌كان دێن كۆنسێرت ده‌كه‌ن و كورده‌كان ناتوانن ئه‌وه بكه‌ن؟
فاتی: له‌كورده‌واری قسه‌یه‌ك هه‌یه ده‌ڵێن "ئه‌و گیایه‌ی كه له حه‌وشه شین ده‌بێت تاڵه، ئه‌وه‌ی ده‌ره‌وه شیرنه"، بۆیه له‌ناو كوردانیش ئه‌و شته هه‌یه، شتێك له ده‌ستی خۆیه‌تی قیمه‌تی نازانی، ئه‌وه‌شی كه ده‌ستی ناگاتی قیمه‌تی ئه‌و ده‌زانێ، حه‌زناكه‌م ناوبێنم و پێویستیش ناكات، هونه‌رمه‌ندی تورك هاتووه بۆ كوردستان و ده‌ڵی ئه‌گه‌ر ئاڵای توركیا له پشتم نه‌بێت گۆرانی ناڵێم، ده‌شڵی من تورك كوڕی توركم، حه‌زناكه‌م ئه‌و قسه‌ش بكه‌م، به‌ڵام له زۆربه‌ی وڵاتانی ئاسیا ئه‌وه‌ی كه دوژمنی میلله‌تی خۆی بێت ئه‌و شیرنتره! مه‌خابن بۆ ئه‌و قسه‌یه‌شم، به‌ڵام راستیه‌كه ئاوایه.
زانا دڵشاد دزه‌یی: قه‌ت بیرت له‌وه كردۆته‌وه حه‌یران بڵێی؟
فاتی: زۆر حه‌ز له حیرانه ده‌كه‌م، به‌تایبه‌ت كاتێك به ده‌نگی عاره‌ب عوسمان گوێم لی ده‌بێت، به‌راستی هونه‌رمه‌ندێكه زۆر كه‌یفم پێ دێت و رێزی تایبه‌تی لای من هه‌یه، چه‌ند جارێكیش بیرم له‌وه كردۆته‌وه حه‌یران بڵێم، به‌ڵام كاتێك حه‌یران بڵێم كه بتوانم زاڵ بم به‌سه‌ر ئاواز و وشه‌كانی، زۆرجاریش حه‌یران ده‌ڵێم به تایبه‌ت له ماڵه‌وه كه‌س گوێی لی نه‌بێت.
زانا دڵشاد دزه‌یی: له په‌نجا ساڵی رابردوو زۆربه‌ی ئافره‌ته گۆرانیبێژه‌كانی كورد له به‌شی باكوور بوون، وه‌ك "عه‌یشه‌شان و گوڵبه‌هار و مه‌ریه‌م خان و نه‌سرین شێروان" به‌ڵام هه‌ست ناكه‌ی ئێستا ژنه گۆرانیبێژی كورد زیاتر له به‌شی رۆژهه‌ڵات و باشوور هه‌ڵده‌كه‌ون؟
فاتی: من وای نابینم، ئێستاش واده‌زانم كه ژنه گۆرانیبێژی بهناودهنگ هه‌ر له به‌شی باكوورن، وه‌ك "ئاینوور و شه‌هریبانا كوردی و جانی و رۆژین.." ئێستا هه‌ر ئه‌وانه‌ن ئه‌و رۆڵه ده‌گێڕن، باوه‌ڕناكه‌م ژنه گۆرانیبێژی پارچه‌كانی دیكه له بواری گۆرانی گوتن له‌وانه زیاتریان تێپهڕكردبێ.
زانا دڵشاد دزه‌یی: ج جیاوازییه‌ك له نێوانی سه‌رده‌می ئه‌وان و سه‌رده‌می ئێستا ده‌بینی؟
فاتی: هیوادارم كه‌س به‌هه‌ڵه تێم نه‌گات، ئه‌وان به وه‌فا و دڵسۆزییه‌كی به‌بی به‌رانبه‌ر گۆرانیان ده‌گوت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ئێستا گۆرانی ده‌ڵێن هه‌مووی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تییه، پێشتر وه‌فا بوو، ئێستا سوود و قازانجه.
زانا دڵشاد دزه‌یی: زۆر لهگۆرانیبێژهكان كاری بازرگانی ده‌كه‌ن، تۆ بیرت له‌وه نه‌كردۆته‌وه؟
فاتی: هه‌ندی شت هه‌یه، به‌س حه‌ز ناكه‌م باسی بكه‌م.
زانا دڵشاد دزه‌یی: له زۆربه‌ی كلیپه‌كانت جلی كوردی لهبهردهكهی، له ماڵه‌وه‌ش جلی كوردی لهبهردهكهی؟
فاتی: من حه‌زم له جلی كوردی هه‌یه، به‌ڵام له‌ماڵه‌وه له‌به‌ری ناكه‌م، بادرۆی نه‌كه‌م، له زۆربه‌ی به‌رنامه‌كانیشم له كه‌ناڵی kurd1 جلی كوردی كوردیم له‌به‌ر نییه، به‌رنامه‌كه‌م له‌و كه‌ناڵه به‌شێوازێكه كه ناتوانی جلی كوردی له‌به‌ربكه‌ی، چونكه ده‌چینه ده‌ره‌وه و زۆر شوێن ده‌گه‌ڕێین، له‌ئه‌وروپاش تۆ ناتوانی به جلی كوردی بچیته هه‌موو شوێنێك، بۆیه به‌رنامه‌كه ساده‌یه و ده‌بی جلی ساده‌ت له‌به‌ردابێت.كاتێك كه جلی كوردی له‌به‌رناكه‌م باوكم زۆری پێی ناخۆشه و وه‌ك شێتی لێدێت، هه‌رجارێك به جلی مۆده ده‌مبینی، رهزیلم ده‌كات.
زانا دڵشاد دزه‌یی: چه‌ند خوشك و بران؟
فاتی: وابزانم 8 خوشك و براین، له‌ناو كچ و كوڕه‌كان من له هه‌موویان گه‌وره‌ترم.
زانا دڵشاد دزه‌یی: تاقۆناخی چه‌ندت خوێندووه؟
فاتی: من قه‌ت نه‌مخوێندووه، چونكه ئه‌وكاته له‌ناو ئێمه شه‌رم بوو كچ بچێته قوتابخانه بخوێنی، به‌ڵام به خۆم خۆم فێری نووسین و خوێندنه‌وه كرد، سه‌ره‌تا له ته‌له‌فزیۆن خۆم فێری پیتی لاتینی كرد، ئینجا توركی و كوردیش فێربووم، ئێستاش زمانی توركی و كوردی و نیو ئه‌ڵمانی ده‌زانم.
سه‌رچاوه: گۆڤاری سڤیل
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
