"زۆرجار رۆژنامه‌نووسه‌كان داوام لێی ده‌كه‌ن شتی زۆر تایبه‌ت بدركێنم"
"من گۆرانی بۆ عاشقان ده‌ڵێم، بۆیه شیعری ساده به‌كاردێنم".
هونه‌رمه‌ند ئه‌یوب عه‌لی به مه‌به‌ستی بڵاوكردنه‌وه‌ی پێنجه‌م ئه‌لبوومی خۆی "باران".دوو مانگه به سه‌ردانێكی له كوردستان ماوته‌وه، كه ماوه‌یه‌ی چه‌ندین ساڵه له وڵاتی به‌ریتانیا ده‌ژی، رۆژێك دوای ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵ، كه له هۆتێل "چوارچرا" له شاری هه‌ولێر سازیكرد، (سڤیل) هه‌ر له‌وێدا ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدا، كه جگه قسه‌كردن له باره‌ی ناوه‌ڕۆك و چۆنییه‌تی دورستبوونی گۆرانییه‌كانی دوا ئه‌لبوومی، كه سی هه‌فته‌یه بڵاویكردۆته‌وه، وه‌ڵامی چه‌ندین پرسیاری تایبه‌ت به ژیانی خۆی دایه‌وه.
زانا دڵشاد دزه‌یی: خۆت تاچه‌ند له دوا ئه‌لبوومت "باران" رازی؟
ئه‌یوب عه‌لی: من تاراده‌یه‌كی زۆر باش لێی رازیم، به‌ڵام ئه‌وه‌ش هه‌موو توانای من نییه، له‌وانه‌یه پاش سی مانگی تر پرۆژه‌ی گه‌وره‌تر بێته مێشكم، به‌ڵام ئه‌و سێدیه له‌ئێستادا ئیشێكه توانایه‌كی باشی خۆم تێدا ده‌رخستووه، توانا و ماندووبوونی تێكستنووسه‌كان و هونه‌رمه‌نده موزیكژه‌نه‌كانیشی تێدایه، به بۆچوونی خۆم كارێكه ماندووبوونی پێوه دیاره، به‌ڵام حه‌زده‌كه‌م زیاتر گوێگر و هونه‌رمه‌ندان حوكم له‌سه‌ر ئه‌وه بده‌ن.
زانا دڵشاد دزه‌یی: به‌ڵام له‌و ماوه‌یه‌دا بۆچوونه‌كان چۆنه له باره‌ی ئه‌لبوومه‌كه‌ته‌وه؟
ئه‌یوب عه‌لی: به‌گوێره‌ی ئه‌وكاته‌ی كه كه‌میشه، بۆچوونی خه‌ڵك كه بۆم دێت له‌خوا به‌زیاد بێت، یه‌كجار باشه.
زانا دڵشاد دزه‌یی: له‌م ئه‌لبوومه‌ت كۆپله حه‌یرانێكت وتووه، به‌ڵام كه‌سێك خۆی هه‌ولێری نه‌بێت، زه‌حمه‌ته بتوانی حه‌یران بڵێت؟
ئه‌یوب عه‌لی: له‌وانه‌یه زه‌حمه‌ت بێت، به‌ڵام مه‌رجیش نییه، چونكه ماندووبوونی خۆت و حه‌زی خۆشت ده‌ور ده‌بینێت، تاچه‌ند حه‌زت له حه‌یرانه، من له‌به‌رئه‌وه نه‌موتووه بڵێن ئه‌وه خه‌ڵكی هه‌ولێریش نییه و حه‌یران ده‌ڵێت، من حه‌زم له حه‌یرانه، دوای ئه‌وه‌ش حه‌یرانیشم نه‌وتووه به‌ته‌واوی، به‌ڵكو تامێكی حه‌یرانم وتووه، من نه‌موتووه حه‌یرانبێژم، به‌ڵام به بۆچوونی چه‌ند مۆسیقییه‌ك تاراده‌یه‌ك مافی خۆم داوه‌تی، هه‌روه‌ها كاك زیره‌ك ژێدار هاوكاری كردووم، كه به‌ڕێوه‌به‌ری كاری رۆژنامه‌وانی خۆمه، تێكستێكی نووسی چه‌ند وشه‌یه‌ك بۆ حه‌یرانه‌كه، خۆیشی خه‌ڵكی هه‌ولێره، له ستۆدیۆ كه حه‌یرانه‌كه‌م وت ئاماده‌بوو، چاودێری كردووم چۆن وشه‌كان ده‌ڵێم، بۆئه‌وه‌ی تاراده‌یه‌ك به هه‌ولێری بیڵێم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تۆش ده‌یڵێی راسته، خه‌ڵكی گه‌رمیان ئه‌لاوه‌یسی باشتر ده‌ڵێ وه‌كو له كه‌سێك كه خه‌ڵكی هه‌ولێر بێت، خه‌ڵكی هه‌ولێر حه‌یران باشتر ده‌ڵێن وه‌كو له‌وه‌ی كه‌سێك له كه‌ركووكه‌وه حه‌یران بڵێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه نییه دووره په‌رێز بین.
زانا دڵشاد دزه‌یی: به‌ڵام حه‌یرانه‌كه‌ت به كاملی نه‌وتووه، ته‌نیا كۆپله‌یه‌كت وتووه، ئه‌وه‌ش واده‌كات خه‌ڵكی شاره‌زا نه‌توانی به دروستی هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكه‌ن؟
ئه‌یوب عه‌لی: ئاخر من حه‌یرانبێژ نیم، گۆرانییه‌كه‌م بۆ شاری هه‌ولێر وتووه، پێم جوان بوو وه‌ك جوانكارییه‌ك وه‌ك تامێك، كۆتاییه‌كه‌ی به حه‌یرانێكی كورت بێت، حه‌زناكه‌م گوێگر به هه‌ڵه تێبگه‌ن و بڵێن حه‌یرانی وتووه، به‌ڵام به ناته‌واوی، من ته‌نیا تامێكی حه‌یرانم داوه به گۆرانییه‌كه، له‌وانه‌یه گوێگره‌كانم بڵێن ئاخۆ حه‌یران چۆنه به ده‌نگی ئه‌یوب، گۆرانییه ئه‌ساسییه‌كه بۆ هه‌ولێره، شاری هه‌ولێریش حه‌یرانی ده‌شتی هه‌ولێر هه‌یه، یه‌كێكه له‌و لایه‌نه هونه‌ریانه‌ی لێره په‌ره‌ی پێدراوه، هونه‌رێكی ره‌سه‌نی كورده، ویستیشم ده‌ریخه‌م راسته به‌ستایلێكی نوی كارده‌كه‌م، كه له‌وانه‌یه ئه‌و ستایله نوێیانه ره‌خنه‌ی له‌سه‌ر بێت، كه هه‌ندی كه‌س به مۆسیقای ره‌سه‌ن ناوی نابه‌ن، كه من له‌گه‌ڵ ئه‌و رایه نیم، بۆیه ویستم بۆیان ده‌ربخه‌م كه‌سێكم رێزم هه‌یه بۆ پایه ره‌سه‌نه‌كانی هونه‌ر، وه‌ك حه‌یران و لاوك.
زانا دڵشاد دزه‌یی: هۆكاره‌كه چی بوو وایكرد گۆرانییه‌ك بۆ شاری هه‌ولێر بڵێی؟
ئه‌یوب عه‌لی: یه‌كه‌م شت هه‌ولێر پایته‌ختی كوردستانه، وه‌ك شارێك جوانكاری یه‌كجار به‌رچاوی پێوه دیاره، كه رۆژ به‌رۆژ به‌ره‌و باشتر ده‌ڕوات، پێشتریش پێنج ساڵ له‌و شاره له زانكۆ خوێندم، یادگاری تاڵ و شیرینی زۆرم له‌و شاره هه‌یه، كه ئێستا هه‌موو یادگارییه‌كان شیرینن، له ده‌ره‌وه‌ی وڵات زۆرجار كه بیری كوردستان ده‌كه‌م، یه‌كێك له‌و شوێنانه‌ی كه زۆر بیری ده‌كه‌م شاری هه‌ولێره، ئه‌و هۆكارانه وایانكرد ئه‌و گۆرانییه دروست بێت.
زانا دڵشاد دزه‌یی: تێبینییه‌ك له‌سه‌ر تێكسته‌كانی ئه‌و ئه‌لبوومه‌ت هه‌یه، كه تێكسته‌كان زۆر ساده بوون؟
ئه‌یوب عه‌لی: من له گۆرانی حه‌زم له شیعری ساده‌یه، ئه‌وه سیاسه‌تی ئیشی خۆمه، حه‌زم له هۆنراوه‌ی قورس نییه بۆ گۆرانی، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و ستایله‌ی كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر هاتوو بچمه ئێران گۆرانییه‌كی سوونه‌تی بكه‌م، بێگومان ده‌بی پشت به شیعری كلاسیك ببه‌ستم، هه‌روه‌ها ئه‌و ستایله‌ی من گۆرانی پێده‌ڵێم بۆ عاشقانه، زمانی عاشقان حه‌زده‌كه‌م ساده بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆرجار لێم ده‌پرسن تێكسته‌كان بۆ ساده‌ن، به بۆچوونی من تێكستی گۆرانی ئاوا ده‌خوازێت.
زانا دڵشاد دزه‌یی: له‌هه‌مان ئه‌لبوومدا، خه‌ڵك ده‌یانوت ئه‌یوب عه‌لی مه‌قامی وتووه، به‌ڵام به بۆچوونی من لاوكه نه‌ك مه‌قام، وایه؟
ئه‌یوب عه‌لی: تێبینییه‌ك زۆر جوانه، من ویستم بۆ یه‌كه‌مجار تامێك له ولاكیش بڵێم، من نازانم تۆ وه‌ك رۆژنامه‌نووسێك تاچه‌ند له مۆسیقا شاره‌زای، كه هه‌ستت پێكرووه ئه‌وه لاوكه، راسته ئه‌وه مه‌قام نییه لاوكه، من له‌سه‌ر ئسلوبی لاوك وتوومه، تاوه‌كو ئێستا كه‌س به سۆرانی لاوكی نه‌وتووه، ئه‌وه خاڵێكی تره له‌و نوێخوازانه‌ی كه من كردوومه، هیوادارم دوای منیش هونه‌رمه‌ندانیش بیكه‌ن به‌رێچكه.
زانا دڵشاد دزه‌یی: به‌ڵام به‌تایبه‌ت بۆچی ویستت به سۆرانی لاوك بڵێی؟
ئه‌یوب عه‌لی: ئه‌وه له دڵمه‌وه له‌دایكبوو، هه‌ندێجار پلان ده‌دانێی بۆئه‌وه‌ی شتێك دروست بكه‌ی، هه‌ندێجار شته‌كه خۆی دروست ده‌بێت، ئینجا ئه‌و لاوكه له غوربه‌ت و خه‌می وڵاته‌كه‌م و له بینداری خه‌ڵكه‌كه دروست بوو، هه‌ستێك بۆ وڵاته‌كه‌م به لاوانه‌وه‌یه‌ك هات به‌مێشكم، ئێستا ده‌پرسی بۆچی دروستتكرد؟ له‌به‌رخاتری 182 هه‌زار ئه‌نفالكراو، له‌به‌رخاتری هه‌ڵه‌بجه، له‌به‌رخاتری خاكه به‌شبه‌شكراوه‌كه‌مان، له‌به‌رخاتری فرمێسكی ئه‌و دایكانه‌ی منداڵه‌كانی ئه‌نفالكراوه و ئێستاش چاوه‌ڕوانه.
زانا دڵشاد دزه‌یی: به‌ڵام هه‌ستناكه‌ی پانزه ساڵه به‌سه‌ر ئه‌و قۆناغه تێپه‌ڕیووه، شتێكی نوی نییه كه تۆ باسی ده‌كه‌ی؟
ئه‌یوب عه‌لی: هه‌رگیز نابی وابڵێی و هه‌رگیز به‌سه‌رناچێت، ئه‌و برینه سه‌خته‌ی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه هه‌رگیز سارێژنابێت، به‌شبه‌حاڵی خۆم بۆمن شێكی تازه‌یه، چونكه من پێشتر كارم له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌كردبوو، من ئێستا له خه‌یاڵمدایه گۆرانییه‌كی زۆر جوان بۆ هه‌ڵه‌بجه بكه‌م، به‌ڵام تائێستا جورئه‌تم نه‌كردووه بیكه‌م، ده‌مه‌وێت شتێك بێت شایانی ئازاره‌كانی هه‌ڵه‌بجه بێت، هه‌ر یه‌ك له‌لای خۆیه‌وه، من كۆمه‌ڵێك گوێگر هه‌یه، من كه كارێك بۆ ئه‌نفال ده‌كه‌م، دووباره ئه‌نفال ده‌خه‌مه‌وه بیری گوێگرانم، كۆمه‌ڵێك گه‌نج كه له‌وانه‌یه ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه له‌سه‌رده‌می ئه‌وان روویان نه‌دابێت و شاره‌زایشیان نه‌بێت، بچن له ماڵه‌وه پرسیار بكه‌ن له دایك و باوكیان ئه‌و كاره‌ساتانه چین و كه‌ی و چه‌ند كه‌سی تێدا شه‌هید بوون، به‌شبه‌حاڵی خۆم به‌واجبی ده‌زانم له هه‌موو ئه‌لبوومێك گۆرانییه‌كی نیشتیمانی بكه‌ی، دوای ئه‌وه من له غوربه‌ت ده‌ژیم، به‌رده‌وام غه‌ریبی ئه‌و وڵاته ده‌كه‌م، ئه‌وانه هه‌ستی خۆمن ناتوانم رێ‌یان لێبگرم.
زانا دڵشاد دزه‌یی: ئێستاش گوێگرانت زیاتر چێژ له گۆرانییه كۆنه‌كانت وه‌رده‌گرن، تۆش هه‌ستت به‌وه كردووه؟
ئه‌یوب عه‌لی: راسته، زۆرجار پێم ده‌ڵێن و هه‌ستم پێكردووه.
زانا دڵشاد دزه‌یی: هۆكاری ئه‌وه چییه؟
ئه‌یوب عه‌لی: وه‌ڵڵا ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر زه‌وق و وه‌رگرتنی گوێگره‌كانم، له‌وانه‌یه من پڕ به دڵ گۆرانییه‌ك دروست ده‌كه‌م، كه به‌لای خۆمه‌وه زۆر جوانه، به‌ڵام گۆرانی دوای ئه‌و كه له‌وانه‌یه باوه‌ڕ نه‌كه‌ی بچێته ناو خه‌ڵكه‌وه، كه‌چی ئه‌و گۆرانییه ده‌چێته ناو خه‌ڵكه‌وه و پێشبینییه‌كه‌ی من ده‌رناچێت.له‌وانه‌یه رێژه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه خۆیان له تێكستی گۆرانییه كۆنه‌كانم ده‌دۆزنه‌وه زیاتر بێت له رێژه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له تێكستی ئه‌و گۆرانیانه‌ی كه به‌لای منه‌وه شاكاری ئه‌لبوومه‌كه‌یه، به‌ڵام من پێشتریش وتوومه تاكه شوێنێك كه یادگارییه‌كانی تێدا هه‌ڵگری و له‌یاد نه‌چێت، گۆرانییه، پێموایه گوێگره‌كانم یادگاریان له‌گه‌ڵ گۆرانییه كۆنه‌كانم هه‌یه، ئیتر هه‌رچه‌ند گۆرانی دیكه‌ش بكه‌م ئه‌وانه هه‌ر ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ گۆرانییه كۆنه‌كانم، ئه‌وه یه‌كێكه له هۆكاره‌كان.
زانا دڵشاد دزه‌یی: قسه‌یه‌ك هه‌یه ده‌ڵێن مرۆڤ یه‌كجار عاشق ده‌بێت، وایه؟
ئه‌یوب عه‌لی: به‌ڵی ئه‌و قسه‌یه هه‌یه، به‌ڵام ناتوانم ئێستا بڵێم وایه یاخود نا، به‌ڵام به بۆچوونی من له‌وانه‌یه یه‌كه‌م عه‌شق كاریگه‌رترین عه‌شق بێت، مانای ئه‌وه نییه جارێكی دیكه عه‌شق نه‌بیته‌وه.
زانا دڵشاد دزه‌یی: تۆ هه‌موو كاتێك وتووته، من و ئه‌و كچه‌ی عاشق به یه‌كتربووین، یه‌كترمان خۆشده‌ویست، هه‌روه‌ها وتووته من و ئه‌و كچه گوناحمان نه‌بوو، كه بۆ یه‌كتر نه‌بووینه، كه‌واته هۆكار چ بوو لێكدابران یاخود بۆچی بۆ یه‌كتر نه‌بوون؟
ئه‌یوب عه‌لی: به‌راستی ئه‌و شته‌ی كه باسی ده‌كه‌ن، هه‌ندێجار له هونه‌ر لاده‌دات، ئه‌و ناوبانگیه سه‌ربه‌ستی و مافی ئه‌وه‌ت لێده‌سه‌نێته‌وه كه شته تایبه‌تییه‌كان لای خۆت بمێنێته‌وه، زۆرجار داوام لێده‌كه‌ن شتی زۆر تایبه‌ت باس بكه‌م، بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه له‌وانه‌یه تۆزێك زوو بێت هه‌موو شتێك بڵێی، من له ئه‌وروپا ده‌ژیم و تێده‌گه‌م تۆ چی ده‌ڵێی، زۆریش ئاساییه وه‌ڵامی هه‌موو پرسیاره‌كانت بده‌مه‌وه، به‌ڵام بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی خۆم به‌زووی ده‌زانم هه‌موو شتێك بڵێم، مه‌رج نییه هه‌ر عه‌شق بێت.سه‌باره‌ت به عه‌شقی خۆم، ده‌توانم هه‌ر ئه‌وه‌نده بڵێم رۆژگارێك وایكرد ئێمه به‌یه‌كنه‌گه‌ین، ئیتر هۆكاره‌كه چی بوو یان نا ئه‌وه تاوانی كه‌سمانی تێدا نه‌بوو، به‌ڵام ئێستا ئه‌و عه‌شقه نه‌ماوه و لای من بووه یادگارییه‌ك.
زانا دڵشاد دزه‌یی: ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ده‌نگۆیه‌ك بڵاوبۆوه و گوتیان ئه‌یوب عه‌لی ژنی هێناوه، دواتر راست ده‌رنه‌چوو، به‌ڵام بۆچی تائێستا خۆت له‌پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری نه‌داوه؟
ئه‌یوب عه‌لی: گه‌وره‌ترین بڕیاری ژیان لای من پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیرییه، ده‌مه‌وێت كاتێك بیری لێكرده‌وه كه‌سێك هه‌ڵبژێرم ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی كه ماومه له‌گه‌ڵ ئه‌و بژیم، به‌ڵام له‌وانه‌یه هونه‌ره‌كه‌م به قه‌ده‌ر دروستبوونی ژیانی هاوسه‌ری لام گرنگ بێت، ده‌بی دڵنیابم رێگه‌ی هونه‌رم لی ناگێری، كه كه‌سێك په‌یدابوو زانیم وه‌ك خۆم بیرده‌كاته‌وه، ئه‌وكات هیچ كێشه‌یه‌ك نییه و ده‌توانم له‌گه‌ڵی بچمه ژیانی هاوسه‌رییه‌وه، خۆم بیركردنه‌وه‌م زۆره له‌سه‌ر ئه‌و شته، چه‌نده‌ها ساڵه بیرم لێكردۆته‌وه، ئێستا بڕیاره‌كه‌م ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی قه‌ده‌ر ده‌یهێنێت، به‌ڵام خۆشه هاوڕێیه‌ك هه‌بێت له غوربه‌ت له‌گه‌ڵت بێت، به‌راستی له غوربه‌ت به‌ته‌نیا خۆش نییه، به‌ڵام هونه‌ره‌كه‌م ئه‌وه‌نده خۆشده‌وێت، ده‌ترسم به پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری ئه‌و سه‌ربه‌ستیه‌م له‌ده‌ست بده‌م.
زانا دڵشاد دزه‌یی: تاراوگه چی فێركردیت و چی لێسه‌ندی؟
ئه‌یوب عه‌لی: ژیانی تاراوگه فێری گۆشه‌گیری كردووم، كه‌سێكی گۆشه‌گیرم لێ ده‌رچووه، چونكه هه‌ڵبژاردنی هاوڕی كارێكی ئاسان نییه، هاوڕێم كه‌مه له‌وی، به‌ڵام ئه‌و غوربه‌ته ره‌نگی داوه‌ته‌وه له كاره‌كانم، كه هه‌ندی له گوێگره‌كانم هه‌ستی پێده‌كه‌ن، به‌ڵام ئازادی پێبه‌خشیووم، له وڵاتێك ده‌ژیم له‌وانه‌یه كه‌س من نه‌ناسێت من كێم و ئیشم چییه، ژیانی رۆژانه‌ی خۆم به سه‌ربه‌ستی به‌ڕێوه ده‌بم.
زانا دڵشاد دزه‌یی: وه‌ك پێشتر له میدیاكان ده‌رناكه‌وی، ئایا له‌به‌ر خه‌ریكی ئه‌لبوومه‌كه‌ت بوو، یاخود عاجزبوونێك هه‌یه له نێوان تۆ و میدیاكان؟
ئه‌یوب عه‌لی: عاجزبوون نییه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌گه‌ڵ زۆربه‌یان ئه‌زموونی باشم نییه له‌گه‌ڵیان، به ناوی منه‌وه چاوپێكه‌وتن كراوه، چونكه من لێَره ناژیم و موتابعه‌ی گۆڤار و رۆژنامه‌كان ناكه‌م، زۆرجار شت كراوه ئاگادار نه‌بوویمه، زۆرجار چاوپێگه‌وتنێكم له‌گه‌ڵ ده‌كری پاشان له 10 شوێن بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه، له‌وانه‌یه من حه‌ز نه‌كه‌م بۆ هه‌موو شوێنێك قسه بكه‌م، من به‌ڕێوه‌به‌ڕی كاری رۆژنامه‌وانی خۆمم هه‌یه، كاك زیره‌ك ژێدار، ئه‌و به‌رپرسی ئیمێله‌كانه، كه له‌وه‌وه داوای چاوپێكه‌وتنم لی ده‌كه‌ن، زۆربه‌ی زۆریان نایكه‌م، چونكه له‌گه‌ڵ رێزم، زۆربه‌ی رۆژنامه‌نووسان، ئاستی پرسیاره‌كانیان زۆر لاوازه و زۆرجار ده‌بێته هۆی زیان له هونه‌ره‌كه‌ی من.
زانا دڵشاد دزه‌یی: له جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی خۆته‌وه نزیكی؟
ئه‌یوب عه‌لی: گه‌نجێك یاخود به ته‌مه‌نێك مامۆستایه‌ك گوی له‌من ده‌گرێن، من به پاڵپشتی و هاندانی ئه‌وان ناوی من دروستبوو، من موڵكی ئه‌وانم، له‌به‌رئه‌وه من زۆر پێم سه‌یره كه هه‌ندی هونه‌رمه‌ند به‌شێوه‌یه‌ك ره‌فتار ده‌كه‌ن و هه‌وڵده‌ده‌ن خۆیان له گوێگر و موعجیبه‌كانیان دووربخه‌نه‌وه، به بۆچوونی من هونه‌رمه‌ند به‌و ساده‌یه گه‌وره‌تر ده‌بێت، من ده‌مه‌وێت له دڵی گوێگره‌كانم به خۆشه‌ویستی و هونه‌ره‌كه‌م گه‌وره‌بم، نه‌ك به ته‌مسیل، حه‌زناكه‌م دوو سه‌یاره پاساوان بخه‌مه دوای خۆم، دوو مودیر دابنێم به‌س وه‌ڵامی ته‌له‌فۆنم بده‌نه‌وه، كه ئه‌و شتانه هه‌مووشی هه‌ن، من نامه‌وێت به‌كاریان بێنم، ئێستا وه‌ك بینیت ئێمه له گه‌رمه‌ی چاوپێكه‌وتن بووین، هاتن داوای وێنه‌گرتنیان كرد و چاوپێكه‌وتنه‌كه‌مان راگرت، ئه‌وه گه‌وره‌یی من ده‌رده‌خات له‌لای ئه‌و كه‌سانه.
زانا دڵشاد دزه‌یی: له شتێك په‌شیمانی؟
ئه‌یوب عه‌لی: له هه‌ندی كاری هونه‌ری خۆم په‌شیمانم كه حه‌زمده‌كرد هی من نه‌بن، مه‌به‌ستم سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی خۆم ده‌ڵێم، كه حه‌زمده‌كرد به‌شێوازێكی دیكه بمكردایه، به‌تایبه‌ت له‌رووی هه‌ڵبژاردنی ئاواز و تێكسته‌كان.
سه‌رچاوه: گۆڤاری سڤیل
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
