
رۆژی 2ی دیسه‌مبه‌ر 2010 فێستیڤاڵێکی نێونه‌ته‌وه‌یی ساز کرا له شاری ئۆلیستاینڤیك له وڵاتی نه‌رویج، تیایدا خه‌ڵکی چه‌ندین وڵات و نه‌ته‌وه‌ی جیاوازی دونیا به‌شدار بوون، له‌ریزی به‌شداربووان گروپێكی گه‌نجی کورد به‌ناوی وڵاتی (کوردستان)ه‌وه به‌شدار بوون، به جلوبه‌رگی کوردی و ئاڵای کوردستانه‌وه چه‌ند تابلۆیه‌ك هه‌ڵپه‌ڕکێی کوردیان پێشکه‌ش کرد که بووه جێی بایه‌خی سه‌رجه‌می ئاماده‌بووان.
ئه‌گه‌رچی کوردستان دانی پیادا نانرێت و نه‌نراوه وه‌کو وڵات، به‌ڵام به هۆی پێداگری ئه‌و گروپه‌وه که ویست و مه‌رجی به‌شداریکردنیان ئه‌وه بوو که ده‌بێت ناوی وڵات(کوردستان) و ئاڵای کوردستان له ته‌نیشتی ناوه‌کانیان دابنێن و وه‌کو ته‌واوی خه‌ڵکانی وڵاتانی دیکه له‌سه‌ر سنگیان دابوو.
ئه‌مه‌و له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی پرۆگرامه‌کانی فێستیڤاڵدا که ناوی گروپی وڵاتان ده‌هێنرا، پێشکه‌شکاره‌که ناوی کوردستانی نه‌هێنا به‌ڵام دوای به دوای ئه‌وه گه‌ڕایه‌وه سه‌ر مایکرۆفۆن و داوای لێبوردنی کرد له گروپی(کوردستان) له‌وه‌یش دڵنیای کردنه‌وه هۆکاره‌که ئه‌وه بووه که پێشتر وڵاتێك به‌و ناوه تۆمار نه‌کراوه له‌لای، بۆ ئاماده‌بووانیشی روون کرده‌وه که ئه‌مڕۆ گروپی کوردستان به چالاکی گرنگ به‌شداری ده‌که‌ن.
گروپی کوردستان له چوار چێوه‌ی پرۆگرامه‌کانی فێرگه‌ی زمانی شاری(هاراید) له وڵاتی نه‌رویج به‌شداری فێستیڤاڵه‌که بوون، که بریتی بوو له چوار چالاکی(گۆرانییه‌کی فۆرلکلۆری نه‌رویجی، پارچه شیعرێك، هه‌ڵپه‌ڕکێی کوردی، گۆرانییه‌کی راپ)، ئه‌وه‌ی جێی باسه گروپی کوردستان نیوه‌ی پرۆگرامه‌کانی فێرگه‌ی زمانی شاری (هاراید)یان پێك هێنابوو که(پارچه شیعرێك به ناونیشانی(جه‌نگ و ژیان) به زمانی نه‌رویجی، له‌لایه‌ن نووسه‌رو رۆژنامه‌نووسی خه‌ڵکی باشوری کوردستان(عومه‌ر سه‌یده)و چه‌ند تابلۆیه‌ك هه‌ڵپه‌ڕکێی کوردی له‌لایه‌ن پێنج گه‌نجی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه به ناوه‌کانی(هیوا عه‌لی پور، کوردستان سوڵتانفار، ئومێد عه‌لی پور، کانی سوڵتانفار، هونه‌ر عه‌لی پور) که له کۆتایی هه‌ڵپه‌ڕکێکه‌یاندا ئاڵای کوردستانیان نمایش کرد بۆ ئاماده‌بووان.
چالاکی گروپی کوردستان بووه جێی سه‌رنجی ته‌واوی ئاماده‌بووان و مایه‌ی خۆشحاڵییان بوو که هه‌ڵپه‌ڕکێی کوردی به جلوبه‌رگی کوردی و گۆرانی و میوزیکی کوردییه‌وه ده‌بینن له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه ده‌ستخۆشییان لێده‌کرا بۆ ئه‌و کاره هونه‌رییه جوانه، ته‌نها خه‌ڵکانی وڵاته عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌کان نه‌بێت که ناو‌هێنانی کوردستان و بینینی ئاڵای کوردستان مایه‌ی خۆشحاڵییان نه‌بوو.
ئه‌وه‌ی شایه‌نی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه که له‌فێستیڤاڵه‌که‌دا کوردی دیکه هه‌بوون، ئاڵای(عێراق و ئێران)یان له‌سه‌ر سنگیان دابوو وه‌کو خه‌ڵکی ئه‌و دوو وڵاته‌یش خۆیان ناساند.
