
بۆچی باوکم هه‌میشه ئه‌و کلێته‌یه له سه‌ر ده‌کا؟ ده‌بێ چیرۆکی کلێته‌که‌ی چی بێ؟
دواجارکه گه‌ڕامه‌وه گوێبیستی چیرۆکی کلێته‌که‌ی باوکم ده‌بم. به هیوام جارێکی‌تر بیبینمه‌وه!
پایزێکی دره‌نگ، تاریك و روون، له په‌نجه‌ره‌ی ئۆتۆمۆبێله‌که‌وه ده‌مڕوانی، چاوم له ریگه‌که بوو که‌ی ده‌گه‌مه‌وه، ده‌تگوت یه‌که‌م جاره ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ نیشتیمان. شه‌قام، خه‌ڵك، پرد، گشتی نوێ بوون. شیرین بوون، خۆشه‌ویست بوون. بۆم نامۆ بوون، به‌ڵام گه‌لێ پیرۆز بوون.
گه‌یشتم، شۆفێره‌که جانتاکه‌می داگرت. ماڵه‌که‌مان گۆڕابوو، شێوه‌ی چوونه ژووره‌وه‌ی جیاواز بوو. ده‌رگای ده‌رێ له جێی خۆی نه‌مابوو.
بانگی باوکم کرد. شۆفێره‌که پێی گوتم، ڕه‌نگه ماڵتان لێره نه‌مابێ، ده‌شێ تۆ نه‌یدۆزیته‌وه.
هه‌رچه‌نده بێگومان بووم که ئه‌وه ماڵه‌که‌مانه، بۆ ساتێ ڕامام، دڵه‌ڕاوکێم بوو، له هه‌مانکاتا، ده‌گه‌ڕام بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌ك.
له پڕکلێته‌که‌ی باوکم له بانیژه‌که‌وه دی، به‌ده‌نگێکی به‌سۆز، پڕ پڕ له خۆشه‌ویستی وه‌ڵامی دامه‌وه، به‌ره‌وپیرم هات. گرتمیه ئامێز، پاشان تاوی دایه جانتاکه‌م.
سوپاس بۆ یه‌زدان، ئه‌مجاره‌ش باوکم دیته‌وه به‌کلێته‌که‌یه‌وه.
من چۆکلێتی که‌نه‌دام بۆ هێنابوو. نه‌مزانی دانه‌کانی ئه‌و توانای خواردنی چۆکلێتی نه‌ماوه.
ئه‌و شه‌وه له یادگارو بیره‌وه‌ریه‌کانی منداڵیمدا ده‌ژیام، سته‌م بوو خه‌و بچێته چاوم، خوازیار بووم زوو به‌یان بێت.
به‌یانی هات، باوکم دیت، له خه‌وهه‌ڵسا، پاش خۆگۆڕین، کلێته‌که‌ی کرده سه‌ر. به‌هێمنی شانی دادا له‌سه‌ر سه‌رینه‌که‌ی.
من که‌وتمه پرسیار،
ئه‌ویش ده‌ستی کرد به گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی کلێته‌که‌ی،
به‌په‌رۆشه‌وه گوێم گرت.
کلێته‌که‌ی باوکم دیاریه. دیاریه‌کی زۆر به‌نرخ. به پاره نانرخێنرێ. ته‌مه‌نی نزیکه‌ی شه‌ست و پێنج ساڵه. مێژووه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جه‌نگی جیهانی دووهه م.
کلێته‌که‌ی باوکم ڕه‌نگی خاكیه. له گڵی سوور ده‌چێ. به ده‌ست چنراوه، نه‌خش و ورده‌کاری تیایه، زه‌خره‌فه له شێوه‌ی شاخ و داخ، دوولای هه‌یه، دوو گوڵنگه. پارچه‌یه‌کی لای پشته‌مل.
باوکم هه‌موو ڕۆژ کلێته‌که‌ی له سه‌ره. چوار وه‌رزی ساڵ. شه‌وانه له سه‌ری داده‌گرێ نزیك کتێبـخانه‌که‌ی له‌سه‌ر کورسیه‌ك دایده‌نێ. به‌یانیان ده‌یکاته‌وه سه‌ری.
له‌کاتی له‌سه‌رکردنیدا، هه‌ردوولاکانی بڵند ده‌کاته‌وه، به پێچاو پێچ ده‌یهێنێته‌وه یه‌ك، دووگوڵنگه‌کانی به‌یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێ له پشت سه‌ریه‌وه ده‌یبه‌ستێ، گوڵنگه‌کانی له پشت سه‌ریه‌وه هه‌ندێ شۆڕ ده‌بنه‌وه سه‌ر پارچه‌که‌ی به‌شی دواوه و ملی داده‌پۆشێ.
پاشان به‌هه‌ردوو ده‌ست چه‌ند جارێ ده‌ستی ده‌هێنێ به‌سه‌ر کلێته‌که‌یدا تا توند له سه‌ری قایم ده‌کا، که‌مێکیش به لایه‌کدا لاری ده‌کاته‌وه. دواجار ئاڵای کوردستان له یه‌خه‌ی چاکه‌ته‌که‌ی ده‌دا.
به‌م شێوه‌یه هه‌موو ڕۆژێ باوکم به چاپوکی به کلێته‌که‌یه‌وه ڕۆحێکی زیندوو له‌به‌ر خۆی ده‌کا، به‌و گیانه‌وه، پیشوازی له ڕۆژی نوێی گه‌لی کورد ده‌کا.
کلێته‌که‌ی باوکم خه‌ڵاته، له‌مه‌ش زیاتر خه‌باته، خه‌باتی زیاتر له شه‌ست و پێج ساڵی ته‌مه‌ن، ئه‌و ساڵانه ئه‌و ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ ئه‌مڕۆ. ئه‌و کاته ته‌مه‌نی بیست و یه‌ك ساڵ بوو. مامۆستای شۆڕش بوو. ئه‌و شۆڕشه‌ی ئاڵای کوردستانی تێدا هه‌ڵکرابوو.
ئێستا‌و ئه‌وکات، له مانگ و خۆر ده‌چن که هه‌رگیز به‌یه‌که‌وه هه‌ڵنایه‌ن، به‌ڵام هه‌ردووکیشیان له یه‌ك ئاسمان هه‌ڵدێن.
له ڕۆژێکی پڕ ڕووداودا، زستانی ساڵی هه‌زارو نۆسه‌دو چل و شه‌ش، له بیست و دووی ڕێبه‌ندان، جه‌ماوه‌رێکی زۆر کۆببوونه‌وه، له‌سه‌ر شه‌قامی مهاباد. له کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات. له‌و ڕۆژه مێژووییه‌دا، له کۆماری مهاباد، باوکم ده‌چێ بۆ لای سه‌رۆك کۆمار پێشه‌وا
" قازی محمد " له‌گه‌ڵ خوێندکارێکی نیشتمان په‌روه‌ر، که دیاری دایکی پێیه شایسته‌ی پێشه‌وا. "کلێته‌یه‌کی چنراو" چنراو به ده‌ستی دایکێکی میهره‌بانی شۆڕش. خێزانی شێخ عبداڵڵای نه‌هری.
پێشه‌وا هه‌ڵده‌ستی، ده‌ینرخێنی، به‌رزی ده‌کاته‌وه. هێنده‌ی نامێنێ ماچی کا. پاشان له‌و به‌رزیه‌دا ده‌یکاته دیاری بۆ مامۆستای شۆڕش.
مامۆستای شۆڕش "باوکم" وه‌ریده‌گرێ، ماچی ده‌کات، ده‌یخاته سه‌ر سه‌ری، هه‌تا ئه‌مڕۆ.
به‌ر له شه‌ست و پێنج ساڵ ئه‌و کلێته‌یه گه‌لێ شوێنی دی، به‌ڵام له سه‌ری باوکم نه‌که‌وته خوار. نه له ساڵانی خه‌بات و پیاده ڕه‌وی بۆ ڕووسیا، نه له هه‌ژاری کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نیشتمان. ئه‌و کاته‌ی خێزانه‌که‌ی بێ‌ئومێد بوون له‌مانی.
کلێته‌که‌ی باوکم ته‌نها کلێته نه‌بوو، بۆ ئه‌و مێژوویه‌کی شانازی بوو، خه‌باتی ساڵانی گه‌لێکی سته‌م دیده‌ی له پێچاوپێچی لاکانی به‌دی ده‌کرد. له‌هه‌مانکاتدا بۆ گه‌له‌که‌ی وه‌ك تاجی سه‌رکه‌وتن لێی ده‌ڕوانی.
له‌و ڕۆژگاره خێرا‌و کورته‌کانی که له نیشتیمان بردمه سه‌ر، رۆژانه باوکم ده‌دی به کلێته‌که‌یه‌وه.
به‌یانیه‌ك پێش گه‌ڕانه‌وه‌م، باوکم هه‌ڵیساندم له خه‌و، ویستی خواحافیزیم لێبکات. من ویستم هه‌ندێ دوایخه‌م.
به‌ڵام ئه‌و سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌و کاته.
گرتمیه ئامێز، ده‌ستی هێنا به سه‌رو پرچمدا، پێی گوتم، دواجاره له ئامێزت ده‌گرم. ڕه‌نگه ئیتر نه‌تبینمه‌وه.
باوکم ڕۆی، من له خه‌یاڵێکی قوڵدا بووم، له ئه‌ندێشه‌ی سه‌فه‌رێکی دووردابووم، که‌وتمه هات و چۆ به ماڵه‌که‌دا، گوێ قوڵاغی چرکه‌ی کاتژمێره‌که بووم، پاش ماوه‌یه‌ك سه‌رم بڵند کرد، باوکم دیت.
گوتی: گه‌ڕامه‌وه، ویستم جارێکی تر پێت بڵێم خودات له‌گه‌ڵ. دووباره باوکم ڕۆی.
پاشان چوومه چێشتخانه‌که، ده‌ستم کرد به ئاماده‌کردنی نانی به‌یانی، دواهه‌مین به‌یانیم له نیشتیمان، له‌سه‌ر کورسیه‌که‌ی ئه‌و دانیشتم که رووی له په‌نجه‌ره‌ی چێشتخانه‌که‌یه، ده‌ڕوانێته باخه‌که. من هه‌ر له بیری باوکمدا بووم. خه‌ریكی نان خواردنی به‌یانی بووم، جارجاریش ده‌مڕوانیه په‌نجه‌ره‌که. له‌و به‌یانیه غه‌مگینه‌دا که ئاسمان پڕ بوو له هه‌ور، باران و ڕه‌هێڵ بوو. باران ده‌یدا له زه‌وی، له زه‌ویه‌کی تینوو بۆ ئاو، تنۆکی باران ده‌چوه ناخی زه‌ویه‌که‌وه ده‌بوونه‌وه به هه‌ڵم، جارێکی تر به‌رز ده‌بوونه‌وه به‌ره‌و ئاسمان. تا ده‌هات هه‌وره‌کان تاویان ده‌دا، گرمه‌ی باران و ڕه‌هێڵ زیاتر ده‌بوو. هه‌ردڵۆپه باران که ده‌که‌وته سه‌ر زه‌وی کاته‌کانی ڕۆشتنه‌وه‌می نزیك ده‌خسته‌وه، له‌گه‌ڵ چرکه‌ی کاتژمێرکه، ده‌یانکرده خوله‌ك، پاشان ده‌یانکردنه ژماردنی چرکه‌کان.
هێنده‌ی نه‌برد، من جارێکی تر باوکم دیت، له په‌نجه‌ره‌ی چێشتخانه‌که‌وه، به پڕتاو هه‌ڵسام، ویستم به‌ره‌وپیری بچم، بواری نه‌دام، گوتی هه‌ڵمه‌سته من ده‌ڕۆم. به هێمنی و میهره‌بانی ده‌ستی بڵند کرد له‌ودیو په‌نجه‌ره‌ی چێشتخانه‌که‌وه، ئه‌مجاره‌ش به گه‌رمی خواحافیزی لێکردم، خواحافیزیه‌ك پڕ پڕ له خۆشه‌ویستی، له‌هه‌مانکاتا، بێ ئومێدی بینینه‌وه‌م، پاشان ڕۆی. من چاوم ئاڕاسته‌ی په‌نجه‌ره‌که بوو، به‌ڵام باوکم دوورکه‌وته‌وه، باوکم له‌وێ نه‌ما، باوکم ڕۆی، ده‌نگی ده‌رگای ده‌ره‌وه هات، ده‌رگاکه داخرا.
له‌و به‌یانیه‌دا، سێ جار باوکم به کلێته‌که‌یه‌وه دیت. دوا جار له شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌ی چێشتخانه‌که‌وه.
ئه‌وه،
دوا
نیگا بوو.
دیسه‌مبه‌ر 2009
چرۆ که‌ریم زه‌ند
تۆرنتۆ
zandchro@hotmail. com
