
فیلمی سینه‌مایی "پشیله ئێرانییه‌كان" له ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد به‌همه‌ن قوبادی له مانگی داهاتوو له سینه‌ماكانی سه‌رتاسه‌ری وڵاتانی ئیتاڵیا و هۆڵه‌ندا نمایش ده‌كرێت. له كاتێكدا كه نمایشی سه‌ركه‌وتووانه‌ی فیلمی سینه‌مایی "پشیله ئێرانییه‌كان" دوایین به‌رهه‌می سینه‌ماكاری به‌توانای كورد به‌همه‌ن قوبادی له سینه‌ماكانی سه‌رتاسه‌ری وڵاتی فه‌ره‌نسا به‌رده‌وامه، ئه‌م فیلمه له وڵاتانی ئیتاڵیا و هۆڵه‌ندا نمایش ده‌كرێت و هۆگرانی هونه‌ری سینه‌ما ده‌توانن له مانگی داهاتوودا ئه‌م فیلمه له سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ماكان ببینن.
به‌همه‌ن قوبادی كه له سه‌ره‌تای مانگی فێبریوه‌ری له‌گه‌ڵ خاتوو "رۆكسانا سابیری" هاوكاری سیناریۆنووسی فیلمی سینه‌مایی "پشیله ئێرانییه‌كان" له كۆبوونه‌وه‌كانی نمایشی ئه‌م فیلمه له فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی رۆتێردام له وڵاتی هۆڵه‌ندا و هه‌روه‌ها له فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "رۆژهه‌ڵاتی ئێستا" له شاری فلۆرانسی ئیتاڵیا ئاماده‌بوو، رایگه‌یاند كه؛ ئه‌م فیلمه له لایه‌ن كۆمپانیای هۆڵه‌ندی "سینه ئارت" و هه‌روه‌ها كۆمپانیای ئیتاڵی "بیم" له‌م وڵاتانه نمایش ده‌كرێت.
رێوڕه‌سمی ده‌ستپێكردنی نمایشی گشتی پێنجه‌مین فیلمی سینه‌مایی به‌همه‌ن قوبادی له مانگی داهاتوو له شاری لاهای هۆڵه‌ندا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و سێ گروپ له گروپه‌كانی موزیك كه له‌م فیلمه‌دا به‌شداربوون، به شێوه‌ی راسته‌وخۆ له‌م رێوڕه‌سمه‌دا كۆنسێرتی موزیك پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.
له كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "رۆژهه‌ڵاتی ئێستا" Middle East Now كه به به‌شداری به‌همه‌ن قوبادی و رۆكسانا سابیری سیناریۆنووسی فیلمه‌كه له شاری فلۆرانسی ئیتاڵیا به‌ڕێوه‌چوو، ده‌رهێنه‌ری فیلمی "پشیله ئێرانییه‌كان" له وڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به باروودۆخی ئه‌مڕۆی ئێران و داهاتووی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز، ئێرانی به ئافره‌تێكی زۆر جوان وه‌سفكرد كه تا پێش ئێستا ته‌نیا به چارشێوی ڕه‌شه‌وه كه چاوه‌كانی داپۆشرابوو و سیمایه‌كی ناحه‌زی لێ‌دیار بوو ده‌بیندرا، به‌ڵام به سه‌ركه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز، دیمه‌نی زۆر جوان و بێوێنه و سرنج راكێش له سیمای جیاوازی ئێران به دنیا خرایه‌ڕوو.
سینه‌ماكاری ناوداری كورد هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به جیلی نوێ له پانتای خه‌باته‌كانی ئاشتی خوازانه‌ی گه‌لی ئێران كرد كه له هاوته‌مه‌نه‌كانی ئه‌و و هه‌روه‌ها جیلی پێش ئه‌ویش به‌تواناتر و به‌وزه‌ترن و به پشت به‌ستن به هێز و توانای گه‌نجییه‌تی و به وه‌ستانیان ده‌توانن ویسته‌كانی خۆیان كه ئه‌ویش له ڕاستیدا گۆڕانه، به‌دیبێنن.
هه‌روه‌ها رۆكسانا سابیری رۆژنامه‌نووس، توێژه‌ر و هاوكاری سیناریۆنووسی فیلمی سینه‌مایی "پشیله ئێرانییه‌كان" له درێژه‌ی ئه‌م كۆنفرانسه رۆژنامه‌وانییه‌دا ئاماژه‌ی به مه‌سه‌له‌ی ئازادی ڕاده‌ربڕین له ئێران كرد و سه‌باره‌ت به پێشێل كردنی مافی سینفی و شارۆمه‌ندی هونه‌رمه‌ندان و بنه‌ماڵه‌ی فه‌رهه‌نگ و هه‌روه‌ها رۆژنامه‌نووسانی ئێرانی هۆشداریدا.
دوای نمایشی فیلمی "پشیله ئێرانییه‌كان" له 39مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی رۆتێردام له وڵاتی هۆڵه‌ندا و هه‌روه‌ها له یه‌كه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "رۆژهه‌ڵاتی ئێستا" له شاری فلۆرانسی ئیتاڵیا، ئه‌م دوو هونه‌رمه‌نده فیلمه‌كه‌یان پێشكه‌ش به ته‌واوی گه‌نجانی هاونه‌وه‌ی ئه‌كته‌ره‌كانی فیلمی "پشیله ئێرانییه‌كان" كرد كه به له خۆبردوویی و ئیراده‌یه‌كی پۆڵاییه‌وه به‌دوای گۆڕانه‌وه‌ن.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
