ده‌ڵێن بیری منداڵی تیژه، رووداو و خاتیره‌كانی هه‌رده‌م به‌دوواته‌وه‌یه. یه‌كێك له‌و یادگارییانه‌ی جاران كه هه‌رده‌م له هه‌ست و نه‌ستمدایه، (سینه‌مای دڵشاد) ی شاری سلێمانییه. له‌و بڕوایه‌شدام زۆرێكی خه‌ڵكی ئه‌و شاره هه‌ر له گوڵه‌به‌ڕۆژه فرۆشێكی به‌رده‌گاكه‌ی و بلیت فرۆش و ته‌نانه‌ت خاوه‌ن و هاتوچۆكه‌رانیشی، هه‌ریه‌كه و به‌شێوه‌یه‌ك له هه‌ست و نه‌ستییاندا مابێته‌وه. ئه‌وه‌ی من زۆرتر به‌هۆی ره‌وانشادی باوكمه‌وه‌یه، كه له كۆتایی شه‌سته‌كاندا سینه‌ماكه‌یی دروستكردووه.
ته‌مه‌نم هه‌ر سێ چوار ساڵێك ده‌بوو و وه‌ك خه‌و بیرم دێت كه له پاش یه‌كێك له جه‌ژنه ئیسلامییه‌كانه‌وه، باوكم رۆژێك چه‌ند توره‌كه‌یه‌ك پاره‌ی ورده‌ی هێنایه‌وه بۆ ماڵه‌وه! پێموابێت ساڵی 1969 یان 1970 بوو و من نه‌مده‌زانی ئه‌م هه‌موو پاره ورده‌یه چییه؟!. منداڵ ئه‌و كاته هه‌ر جه‌ژنان پاره‌ی زۆری به‌خۆیه‌وه ده‌بینی، كه‌چی من پاش جه‌ژن ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌م له‌به‌رده‌ستدا بوو!. تووره‌كه‌كان ئه‌وه‌نده قورس بوون! زۆر چاكم بیره كه به‌هه‌ردوو ده‌ست یه‌كێكیانم بۆ به‌رزنه‌ده‌كرایه‌وه!. باوكم پاره‌كانی جووداده‌كرده‌وه و منیش به‌حیسابی خۆم یارمه‌تییم ده‌دا! لێ ئه‌وه‌ی من ته‌نها یاریكردن بوو و له هه‌ر جۆرێكی پاره‌كه تاوه‌رێكم درووستده‌كرد، سه‌د فلسی، په‌نجایی، بیست‌وپێنجی و هتد. بۆ من زۆر شتێكی سه‌یر و خۆش بوو و نه‌مده‌زانی ئه‌و هه‌موو پاره‌یه چییه، به‌تایبه‌تی كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا رۆژانه‌كه‌م وه‌كو هه‌ر منداڵێكی تر پێنج فلس بوو. پاشتر كه گه‌وره بووم، ئه‌و خه‌ونه‌م هه‌رله‌یادمابوو، وه‌ڵامه‌كه‌شی ئه‌وه‌بوو، كه باوكم به‌ڵێنده‌ری سینه‌ماكه بوو و هه‌روه‌ها وه‌ك وه‌ستاش كاری تێداكردبوو و ئه‌و پاره‌یه‌ی كه هێنایه ماڵه‌وه هی ئه‌وه بوو كه یه‌ك جه‌ژن سینه‌ماكه بۆ باوكم كاری كردبوو تاوه‌كو ئه‌و مافه‌ی كه‌لای خاوه‌ن سینه‌ماكه بووه بیداته‌وه به باوكم.

ره‌وانشادی باوكم (وه‌ستا قادر ره‌سوڵ) له‌كاتی دانانی كاشیی سینه‌مای دڵشاد
بێجگه له‌و یادگارییه‌م، زۆرجاریش له‌گه‌ڵ دایكم و باوكمدا شه‌وانه ده‌چووینه ئه‌و سینه‌مایه، زۆرچاك فیلمی سه‌نگام بیره. هه‌ندێك جاریش له‌گه‌ڵ باوكمدا عه‌سران ده‌چووین بۆ هه‌مان سینه‌ما. جاری وا هه‌بوو ئه‌وه‌نده قه‌ره‌باڵغ بوو، ئه‌وه‌ی بلیتێكی ده‌ستبكه‌وتایه به ئاوه‌ڕووتكراوی ده‌هاته ده‌ره‌وه. كه‌س ریزی نه‌ده‌گرت، به‌هێز هه‌موو كاتێك زووتر بلیته‌كه‌یی به‌رده‌كه‌وت. به‌ڵام گه‌ر من له‌گه‌ڵ باوكمدا بوومایه، خۆشبه‌ختانه ئه‌و كێشه‌یه‌م نه‌بوو، چونكه هه‌موویان باوكمیان ده‌ناسی و به سڵاوێك ده‌چووینه نهۆمی سه‌ره‌وه و له‌یه‌كێك له لۆچه‌كاندا داده‌نیشتین. له پشووه‌كانیشدا ده‌چووینه لای (كاك عه‌لی) كه فیلمه‌كانی كارپێده‌كرد و له‌وێ ده‌مبینی كه چۆن به‌كره‌كان هه‌ڵده‌كاته‌وه و نیوه‌كه‌ی تری ئاماده ده‌كات.
جه‌ژنانیش له‌گه‌ڵ كوڕی گه‌ڕه‌ك هه‌رچی چۆنێك بێت بلیتمان وه‌ده‌ستده‌خست و ده‌چووینه فیلمی هه‌فت پاڵه‌وانه و شارلی شاپلن و زۆریتر.

دووا پیشاندانی فیلم له‌سه‌ر كه‌لاوه‌كانی سینه‌ما دڵشاد – وێنه‌ی ره‌حمان غه‌ریب
به‌داخێكی زۆره‌وه هه‌موو ئه‌و یادگارییانه‌ی من و زۆری تری خه‌ڵكی شاری سلێمانی بووه ژێر كه‌وچكی شه‌ڤه‌ڵه‌كانه‌وه و سینه‌ماكه رووخا و له‌جێیدا ته‌لارێكی بارزگانی دروستده‌كه‌ن. له‌وه‌یاندا لۆمه‌ی خاوه‌نه‌كه‌ی ناكه‌م، چونكه له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتی كوردیدا سینه‌ما و هاموشۆكه‌رانی زۆر له‌جاران كه‌متر بووه‌وه. شاره‌كه‌شم، ئه‌و شاره‌ی هه‌ندێك كه‌س پێی ده‌ڵێن پایته‌ختی رووناكبیری، له سێ سینه‌ما، دڵشاد و ره‌شیدی رووخا و ته‌نها سینه‌مای سیروان ماوه‌ته‌وه كه ئه‌ویش زۆر هیلاكه و چاره‌نووسی دیار نییه! تۆ بڵێی ئه‌ویش بڕووخێ و شاریش ببێته ئه‌و پایته‌خته رووناكبیرییه‌ی كه سینه‌مای تێدا نییه!.
گۆڤاری كۆوار – ژماره 45 – لاپه‌ڕه 32 و 33 – له‌بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای زاری كرمانجی – كوردستان – سۆران.
hawreh@bakhawan. com
15-09-2009
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
