
هۆکار زۆرن ده‌نگده‌ری وڵاتی ئێمه سنگ به‌رێته پێشه‌وه و به ڕووی سپیه‌وه کارته‌که‌ی پارتی ویه‌کێتی و سندوقی هه‌ڵبژاردن ماچ باران بکات. هۆکارگه‌لێک وامان لێده‌که‌ن به‌س باوه‌ڕمان به تاڵه‌بانی وبارزانی بێ و هه‌تا ماوین به هه‌وای ئازادی ئه‌وان شه‌ن بکه‌ین.
چونکه!
یه‌ک حکومه‌ت و زێده‌تر له چل وه‌زاره‌تیان بۆ دروستکردوین و چ نیه به‌یانی دارایی و پێشمه‌رگه‌ش یه‌ک ئه‌گرێته‌وه. ئاسایش وپاراستن دوو ده‌زگان بۆ سه‌لامه‌تی وبه‌رگری له حورمه‌تی یاسا وخه‌ڵک، به‌س دوو عه‌یبیان هه‌یه. کێیان بوێت به‌رشه‌قی ئه‌ده‌ن و وای ئه‌خه‌نه زیندان گۆڕی ون ببێ.
تاڵه‌بانی بڕوای به دیموکراسی وسۆسیال دیموکراته، که‌بوو به سه‌رۆکی ئێراقی عه‌ره‌بی وازی له پۆستی سکرتێری گشتی حیزبه‌که‌ی هێنا و له‌و ساوه مه‌کته‌بی سیاسی به‌س ئه‌گه‌ر ئیشێکیان تێی بکه‌وێ ڕێنمایان ئه‌کا.
بارزانی که بوو به سه‌رۆکی هه‌رێم ئه‌میش چاوی له تاڵه‌بانی قوتابی بارزانی باوکی کرد و ده‌ست به‌جێ وازی له کولفی کولی ناو پارتی هێنا.
جێگری سکرتێر وسه‌رۆک ژنن، مه‌کته‌بی سیاسی هه‌ردووکیان له‌به‌ر ژماره‌ی ژن پیاو بونه‌ته که‌مینه‌و ده‌گمه‌ن.
هه‌موو ساڵێک سه‌رۆکی حکومه‌ت بودجه‌ی هه‌رێم بۆ هاوڵاتیان ئاشکرا ئه‌کا و وه‌زیره به‌ڕێزه‌کانیش (خوا زیاتریان بکا) ڕێچکه‌ی کاکه نێچیرڤان ئه‌گرن و فلس به فلسی بودجه وپرۆژه‌کانیان شه‌فافانه ده‌خه‌نه به‌رده‌م خه‌ڵک.
تاڵه‌بانی وبارزانی و نێچیرڤان وعیماد یه‌ک موچه وه‌رئه‌گرن و له‌گه‌ڵ کۆمپانیاکانی نه‌وت وبازرگانی و وه‌به‌رهێنان شه‌ریک نین.
ئاسیا سێڵ و کۆڕه‌ک دوو تۆڕی په‌یوه‌ندی ئه‌هلین و تاڵه‌بانی وبارزانیش وه‌ک ئه‌و خه‌ڵکه ئه‌بێت وه‌حده بکڕن.
تاڵه‌بانی وبارزانی هه‌موو هاوڵاتیان به‌یه‌ک چاو سه‌یر ئه‌که‌ن و ڕێگا ناده‌ن حیزبه‌کانیان ببنه ده‌ستکه‌لای بنه‌ماڵه. هێرۆ و قوباد وپاڤێڵ، نێجیرڤان و مه‌سرور و که‌ڵه‌گاکانی تر قه‌رزی بانق فریایان نه‌که‌وتایه ئێستا له‌ژێر خێمه ئه‌ژیان.
دادگا سه‌ربه‌خۆیه و یه‌ک تاوانبار له‌ده‌ستیان ڕاناکا، ئه‌وه‌ی ته‌ها محێدین مه‌عروف و فڕۆکه‌وانه‌که هه‌ڵبه‌ستنی درۆی شاخدار بوو.
ئه‌م حه‌ڤده ساڵه یه‌ک ڕۆژنامه‌نوس ونوسه‌ر قاچیان نه‌که‌وتۆته زیندان و قۆناغه‌تفه‌نگی پۆلیس و ئاسایش وپاراستنیان نه‌خواردوه. ئه‌گه‌ر په‌ڵه‌ی شینیشیان پێوه‌بێت ئه‌وه له‌ماڵه‌وه دارکاری کراون.
یه‌ک ئافره‌ت له‌سه‌ر شه‌ره‌ف نه‌کوژراوه. به‌ڵام په‌ره‌مێز وغاز وعه‌لادین خوا بیانبڕێت ڕۆژ نیه چاوشارکێ له‌گه‌ڵ ژنان نه‌که‌ن و وه‌ک مار پێیانه‌وه نه‌ده‌ن.
سه‌رچاوه‌ی ئاویمان زۆره و که‌ناڵه‌کانی تێکه‌ڵی زێران نابێ. زستانان ئه‌نفلۆنزای باڵنده نیه و هاوینان کۆلێرا بڵاونابێته‌وه ئه‌وه‌ی لارببێته‌وه و فریای خه‌سته‌خانه جوانه‌کان نه‌که‌وت خوا عه‌فوی کا و بێژن خوا له گوناحی دره‌نگ هاتنی ئیسعاف ببورێ.
کاره‌با له‌سایه‌ی موه‌لیده کوردستانی کردۆته چراخان، ماڵی مه‌سئولین یه‌ک سپلیت زیاتری تیانیه و وه‌ک ئه‌و خه‌ڵکه لێقه‌وماوه مانگی یه‌ک وه‌ره‌قه‌ش ئه‌ده‌نه موه‌لیده و تۆڕی لۆکز و مۆم.
کون به کونی لیستی شه‌هیده سه‌رفرازه‌کان بگه‌ڕێ ناوی یه‌ک موسته‌شار و جاش و به‌عسی تیانیه. هاوکاری ماڵه شه‌هیده‌کان وه‌ک یه‌ک ئه‌کرێ و پله‌ی شه‌هیدان به ئینساف دابه‌ش کریایه وغه‌ل و غه‌شی تیا نیه.
موچه‌ی خانه‌نشینی پێشمه‌رگه‌ی دێرین حاڵی حاڵی شه‌هیده‌کانه و یه‌ک فێڵ و خزمخزمێنه قه‌بوڵ نیه.
ماڵی ئه‌نفالکراوه‌کان به تازه‌ترین دیزاینی خانووبه‌ره دروستکراوه‌ته‌وه و هه‌ر په‌نجا ماڵ و باخێکی دوو دۆنمی ویاریگا و قوتابخانه و نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌تی وبه‌نزینخانه و کافتێریای له ته‌نیشته و له خۆشیا هاربوون.
یه‌ک برینداری چه‌کی کیمیایی هه‌ڵه‌بجه و سێوسێنان و گونده‌کانی که له‌دوای ڕاپه‌ڕێن نه‌مردوون و که‌م ئه‌ندام نین. حکومه‌ته‌که‌ی یه‌کێتی وپارتی وه‌جبه وه‌جبه ناردنی بۆ خاریج شوکور بۆ خوا بوون به گوێزی ساغ له ده‌ستی مامه گیان وکاکه‌گیان به‌زیاد بێ.
سه‌رده‌می به‌عسی فاشی چوارهه‌زار وپێنج سه‌د گوند ته‌خت کرابو، دوای ڕاپه‌ڕین له‌جێگایان گوندی هاوچه‌رخ پێکهات و گوندیه‌کان به‌س بۆ زه‌وق سه‌ردانی شاره‌کان ئه‌که‌ن و زوو ئه‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر زێدی باوباپیرانی عه‌زیزیان وئێژن شار قه‌ره‌باڵغه وهه‌واکه‌ی بۆن به‌نزین و دوکه‌ڵی لێ تێ.
یه‌ک ساته‌لایت و ته‌له‌فیزیۆنی ناوخۆ وڕادیۆ وڕۆژنامه‌ی حیزبیمان نیه و هه‌ر هه‌مووی به مێدیای ئازاد سپێردراوه و ئیش ئیشی ئه‌وانه.
یه‌ک شه‌هاده‌ی ته‌زویر له زانکۆ وپه‌یمانگاکانا نیه و ئه‌وه‌ی که‌شف بێ ئه‌کرێ به په‌ندی زه‌مانه.
یه‌ک کۆنه به‌عسی ئه‌ندام په‌رله‌مان نیه و هه‌موو په‌رله‌مانتاره‌به‌ڕێزه‌کان دوو سێ دکتۆرا و ماسته‌ریان هه‌س و ئه‌وه‌نده زیت و چالاکن ئاگایان له خشه‌ی مار ومێرووه.
گه‌نده‌ڵی له وڵاتی ئێمه وجودی نیه، به‌س جارجار چوکلێت وبنێشت به دزیه‌وه وه‌رئه‌گیرێ.
ئه‌وی ده‌نگ به یه‌کێتی و پارتی نه‌یات قه‌رزاری به‌ر قاپی خوای ئه‌م دنیا و قیامه‌ت ئه‌بێ.
27-4-2009
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
