ئاسۆ عەلی فەرەج:
ئەگەر مرۆڤ تاقەتی هەبێت مانشێتی جوانی لە دەرەوەی رۆژنامەكان دەست دەكەوێت، یەكێك لەو شوێنانەی كە پڕن لە مانشێتی هەرزەكارانە پشتی كۆشنی پاسەكانی هاتۆچۆیە، لەیەكێك لە پاسەكانی هاتووچۆدا مانشێتێك سرنجی راكێشام كە بەڕاستی كەم كەس دەتوانێ خۆی رابگرێت و نەڕۆاتە نێو ناوەڕۆكی مانشێتەكە، نووسرابوو ژنێكم بەم مواسەفاتانە دەوێ!
بەڕاستی سەیرە لەم رۆژگارەدا بەهۆی رێكلامكردنێكی پڕ لەسوكایەتی مرۆڤ هەوڵی وەدەستخستنی هاوسەری ژیانی بدات بەو شێوەیەی كە لە ناوەڕۆكی مەرجەكاندا هەبوو، ئەو هەرزەكارەی كە دەیەوێت هاوسەرێكی لە رێگای ئەم پاسەوە دەست بكەوێت مەرجەكانی بریتی بوون لە كچێكی چاوی شین و باڵای بەرز و پرچێكی خاوی زەرد و خاوەن خانووی خۆی و ئۆتۆمبێلیشی هەبێت دەوێ!!
لەوانەیە ئەمە تەنیا جۆرێك بێت بۆ گاڵتەكردن، بەڵام ئەو گەنجە دیار بوو بەڕاستی لەو جۆرە كچەی دەوێ، كورد گوتەنی (بۆنا) لە خوارەوەی مەرجە جوانەكانیش گەنجەكە ژمارەی تەلەفونەكەی خۆی نووسیبوو، ئەوەی سەیرە بوو كە كچێك ئەو هەموو مواسەفاتەی هەبێت هەرگیز رێك ناكەوێتە ئەو رێكلامە تا شو بكاتە ئەو گەنج، چونكە مەرجەكە دوو حاڵەتی تێدایە كە بوونی ئۆتۆمبێل و خانووە واشبزانم ئەگەر كەسێك ئەو دوو خاڵەی هەبوو پێویست ناكات مەگەر مەجبوور بێت بە پاسی هێڵەكان هاتووچۆ بكات، بۆیە ئەو رێكلامە ناتوانێت ئامانجی گەنجەكە بپێكێت بۆیە دەكرێت بڕوات لەیەكێك لەدەزگاكانی راگەیاندن مەرجەكان بڵاو بكاتەوە، دواتر سیمای ئەم گەنجە و ئاكار و رەفتاری دیار نیە قوڕ بەسەر ئەو كەسەی كە بیر لەو جۆرە رێككەوتانە دەكاتەوە، چونكە چێژی ژیان لەوەدا نییە تۆ بەشێوەیەكی گاڵتەجاڕی هاوسەری ژیان بدۆزیتەوە.
