ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌شه‌ڕێك ده‌كا وا ده‌زانێ چۆن ده‌سپێك به‌ده‌ستی ئه‌و بووه، كۆتایه‌كه‌شی به‌ده‌ستی ئه‌و ده‌بێ. پاشان بۆی ده‌رده‌كه‌وێ به‌هه‌ڵه‌دا چووبوو. شه‌ڕ دوای ده‌ست پێبوونی، زۆربه‌ی جار و له‌به‌ر زۆر هۆی پێشبینی نه‌كراو، جڵه‌وه‌كه‌ی له ده‌ستی شه‌ڕ هه‌ڵایسێن ده‌رده‌چێ. شه‌ڕی مه‌لا و ئیسلامییه‌كانیش له به‌رامبه‌ر ده‌زگای ئاراسدا جۆرێك بوو له‌و شه‌ڕانه‌ی كه ئاگرخۆشكه‌ر دوای كه‌مێك له ده‌سپێك، جڵه‌وه‌كه‌ی ون كرد. وا ده‌یبینین ئێسته كه‌وتووه‌ته هاوار و گازی. له‌لایه‌كه‌وه گله‌یی ده‌كا ده‌ڵێ ئه‌و شه‌ڕی نه‌ویستووه و به‌سه‌ریدا سه‌پاوه، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی یه‌كگرتوو وا ده‌ڵێن، له‌لایه‌كی تریشه‌وه باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن ئه‌و زمانه‌ی له ئاستیاندا به‌كار هاتووه، زمانێكی ره‌ق بووه.
لێره‌دا، وه‌ڵامی ئه‌م دوو خاڵه و چه‌ند قسه‌ڵۆكێكی تری ئێره و ئه‌وێش ده‌ده‌مه‌وه كه هه‌ر هه‌مووی به‌نیازی ئه‌وه هاتوونه‌ته گوتن، دیمه‌نی ده‌زگای ئاراس له به‌رچاوی خه‌ڵكدا له‌ق بكه‌ن و ئه‌وه‌ی چه‌ندان ساڵه پێشكێشمان كردووه به‌گه‌لی خۆمان، هه‌ڵاوگێڕی بكه‌نه‌وه.
سه‌رتا با بزانین شه‌ڕ كێ نایه‌وه و چۆن ده‌ستی پێ كرد؟
چیڕۆكه‌كه به‌م شێوه‌یه بوو: من له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان بووم كۆواری "وێران" بڵاو بووه‌وه. ئه‌و ساته‌ی له 2 نیساندا گه‌ڕامه‌وه مه‌لایه‌كان هه‌فته‌یه‌ك بوو ده‌ستیان به‌وتاری هانده‌رانه كردبوو. ویستم فریا بكه‌وم و چاره‌سه‌رێك بدۆزمه‌وه. سڵاو و رێزم بۆ دوكتۆر به‌شیر حه‌داد نارد، كه ئه‌و یه‌كێك بوو له شه‌ڕ هه‌ڵایسێنه‌كان و داوای یارمه‌تیم لێی كرد. به‌پێچه‌وانه‌وه و نازانم به‌چ هانده‌رێك، دوای ئه‌و داوایه‌ی من ئه‌و وتاره‌كانی خۆی توندتر كرد. مه‌لا به‌شیر له‌سه‌ر لیستی پارتیدا ئه‌ندامه له په‌رله‌مانی كوردستان. هاوشانی ئه‌و، كۆمه‌ڵێك مه‌لای تر له مزگه‌وته‌كانی هه‌ولێر ده‌ستیان به‌گه‌رمكردنی دۆخه‌كه كرد. زۆربه‌ی ئه‌مانه‌ی دوایی سه‌ر به‌یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵی ئیسلامین.
به‌نیازی هێوركردنه‌وه‌ی كژی گشتی، وتارێكم نووسی، ویستم شرۆڤه‌ی شیعره‌كه‌ی وێران بكه‌م و بڵێم مه‌به‌ستی سووكایه‌تیی به‌پێغه‌مبه‌رانی له پشته‌وه نییه. گوتم كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دووڕووه، له‌وكاته‌ی ناوی پێغه‌مبه‌ر له كوڕی خۆی ده‌نێ، فێری كاری چه‌وت و چه‌وێڵی واشی ده‌كا به‌ره‌واژی هه‌موو خووێكی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره بێ كه به‌ناوی ئه‌وی كردووه. وه‌ك ده‌بینین له واشنتۆنه‌وه تا به‌غدا و هه‌ولێر، پێغه‌مبه‌رناو خۆی ده‌قێنێته‌وه. ئه‌مه بابه‌ته بۆ ریسواكردنی كولتووری دووڕوویی كه داوونه‌ریتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینیی چه‌واشه‌ی له پشته‌وه‌یه. كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه له یه‌ك كاتدا به‌رهه‌مهێن و كوشته‌ی ده‌ستی ئه‌م كولتووره دووڕووه‌یه، كه پیاوانی به‌ناوئاینی دای ده‌پۆشن و ناهێڵن هه‌ستی پێ بكا، رێگه‌ش ناده‌ن رۆشنبیرانی بێن بیر له چاره‌سه‌ری بكه‌نه‌وه.
له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و مه‌لایانه‌ی وتاری هانده‌رانه‌یان له مزگه‌وته‌كانه‌وه ده‌دا، سه‌ر به یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ بوون. ئه‌ندامێكی م. س یه‌كگرتوومان بینی و به‌درێژی له پرسه‌كه دواین. داوامان لێی كرد یه‌كگرتوو یارمه‌تیمان بدا له هێوركردنه‌وه‌ی مه‌لایه‌كانی خۆیان، به‌ڵێنیشمان لێی وه‌رگرت. به‌پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانیمان، پاش چه‌ند ساتێك، به‌یانێكی ئاگرین له یه‌كگرتووه‌وه ده‌رچوو. دیمانه‌ی كادیرێكی كۆمه‌ڵیشمان كرد و راسپارده‌یه‌كی زاره‌كیمان به‌وپه‌ڕی رێزه‌وه بۆ ئه‌میری كۆمه‌ڵ نارد. ئه‌وانیش به‌هه‌مان شێوه به‌به‌یانێك بۆنی خوێنی لێ ده‌هات، وه‌ڵامی داوایه‌كه‌ی ئێمه‌یان دایه‌وه. به‌كورتی، بۆمان ده‌ركه‌وت هه‌موویان له گۆنگه‌ر ده‌گه‌ڕێن و پێیان وایه هه‌نگوینیان له كلۆراییی داردا دۆزیوه‌ته‌وه. به‌ڕاستی شه‌رمه مرۆڤ له هیچ هه‌لومه‌رجێكدا به‌ڕاده‌یه‌ك له خۆی بایی ببێ كه ده‌ستی ته‌بایی و چاره‌سه‌ر له به‌رامبه‌ره‌كه‌یه‌وه به‌لاوازی ببینێ و به‌پاشی بداته‌وه. من له تێڕادیتی و ناسیاره‌تییه‌وه ده‌سپێشكه‌ریم كردبوو، مرۆڤێكی به‌رپرسیارم له ژیانی كه‌سانیی خۆم و هه‌روه‌ها له ئه‌ركی گشتیی سه‌رشانمدا. به‌دوای ئه‌وه‌دا ناگه‌ڕێم ده‌وروبه‌رم به‌پرسی لابه‌لاوه مژوول بكه‌م. به‌تایبه‌تیش له‌و پێچه دیرۆكییه‌دا كه كوردستان سه‌ت و یه‌ك كێشه‌ی هه‌یه. هه‌ر به‌م هزر و هه‌سته‌شه‌وه له به‌رامبه‌ر ده‌ڕوانم. له‌به‌رئه‌مه به‌هیچ جۆر له‌و باوه‌ڕه‌دا نه‌بووم وه‌ڵامدانه‌وه‌ی مه‌لایه‌كان و یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئه‌وه‌نده نابه‌رپرسانه بێ و هه‌لیان لێ ببێ به‌ده‌رفه‌ت.
به‌كورتی و پوختی، ئه‌وان ئێمه‌یان ڕاكێشایه ناو گۆڕه‌پانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه. داوای من به‌هه‌ڵوێستی لاوازی تێ گه‌یشتن نه‌ك هه‌ستی به‌رپرسیاره‌تی. كوردیش ده‌ڵێ: شه‌ڕ ده‌رگای ماڵی لێت گرت ده‌بێ بیكه‌ی.
به‌ڵام بۆچی به‌ڕه‌قی وه‌ڵامم دانه‌وه؟ هه‌ردوو راگه‌یاندنه ره‌سمییه‌كه‌ی یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ برێتین له دوو راگه‌یاندنی ته‌كفیری و به‌كافر له‌قه‌ڵه‌مدان، وه‌ك فه‌توای كوشتن و حه‌ڵاڵكردنی خوێن هاتوونه‌ته نووسین. ئه‌ویش له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه به‌له‌نگاز و شپرزه و لێقه‌ومی، وه‌ك سوپایه‌كی مشه‌ی خۆبه‌ختكار له‌به‌ر ئاماژه‌ی مه‌لا و ئه‌م ته‌ڤگه‌ره ئیسلامییاندا وه‌ستاون. وایان ده‌به‌نه مه‌ژییه‌وه كه به‌كوشتنی رۆشنبیران، به‌هه‌شتی پڕ له شیر و هه‌نگوین و په‌ریچاوانیان بۆ ده‌ڕازێته‌وه.
هه‌ردوو راگه‌یاندنه‌كه چه‌ندان راستییان به‌ره‌واژ پێشان داوه. بۆ نموونه ده‌ڵێن: "سووكایه‌تی به‌خوا كراوه"، "سووكایه‌تی به‌ئیسلام كراوه". ئه‌مه‌ش ته‌واو پێچه‌وانه‌ی راستییه. ئه‌گه‌ر بڵێین شیعره‌كه‌ی وێران ده‌ستی بۆ پێغه‌مبه‌رانیش درێژ كردبێ، به‌ڵام بۆ پێغه‌مبه‌ری ئیسلامی درێژ نه‌كردووه. خواش ناوی نه‌هاتووه له شیعره‌كه‌دا. ئیتر كێ بێ له ئاست ئه‌م چه‌واشه‌كارییه‌دا بێده‌نگ بێ. وێڕای ئه‌مه، هه‌ردوو راگه‌یاندنه‌كه‌ی یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ نه‌ك ته‌نیا هه‌موو نه‌ریتێكی ئاخاوتن و گفتوگۆی شارییانه‌یان به‌زاندووه. بگره تاكه وشه‌یه‌كی شیره‌ت و رێنوێنیی ئاینیشیان تێدا نایه‌ته دیتن. دیاره ئه‌مانه كولتووری شیره‌ت و ئامۆژگاری و زمانی نیانییان به‌ته‌واوه‌تی وه‌لاوه ناوه و كولتووری شمشێر و سه‌ر لێكردنه‌وه‌یان كردووه به‌پیشه. ده‌توانم بڵێم بچووكترین پێوه‌ندیم له نێوان ئاین له‌لایه‌ك و ناوه‌ڕۆكی ئه‌م راگه‌یاندنانه و ئاخاوتنی مه‌لایه‌كانیشیان له‌لایه‌كی تره‌وه به‌رچاو نه‌كه‌وت. ئیتر چۆن ده‌بێ له به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌موو رك و كینه و ژه‌هری ماره‌دا یه‌كێك چاوه‌ڕوان بێ گوڵ و گوڵزاری بۆ بێته پێشكێشكردن.
خۆ من وه‌ڵامی ڕه‌خنه‌م نه‌داوه‌ته‌وه تا دایه‌لۆگ بكه‌م، وه‌ڵامی فه‌توای خوێن حه‌ڵاڵكردن و ملپه‌ڕاندنم داوه‌ته‌وه. ته‌نانه‌ت وه‌ڵامی زۆربه‌ی قسه‌كانی ئه‌وانیشم نه‌دایه‌وه، بۆ نموونه مه‌لایه‌كی سه‌ر به‌كۆمه‌ڵ ده‌ڵێ ده‌بێ ده‌زگای ئاراس لغاو بكرێ. سه‌ره‌تا ویستم وه‌ڵامی ئه‌م ده‌مشڕه بده‌مه‌وه كه وشه‌ی لغاو بۆ مرۆڤ به‌كار ده‌هێنێ. وه‌چه‌ی نوێ نازانن لغاو چییه و نازانن وشه‌یه‌كی چه‌ند كرێت و نه‌شیاوه. لغاو پارچه ئاسنێكه ده‌خرێته نێوان هه‌ردوو شه‌ویلاگه‌ی گوێدرێژ و هێستره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی لێوه نه‌یه یان نه‌توانێ ئالیك بخوا. مه‌لای ناموباره‌ك هه‌م ئێمه‌ی به‌وڵاخ داناوه و هه‌م خۆیشی به‌خاوه‌ن وڵاخ. ویستم وه‌ڵامی ئه‌م بێ نه‌ریتییه‌ی مه‌لای كۆمه‌ڵ بده‌مه‌وه به‌ڵام كاربه‌ده‌ستێك له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف گوتی وازی لێ بێنه، پیاوێكی بێ ئابڕووه و تا ئێسته سێ جار به‌تۆمه‌تی تیرۆر گرتیگه‌ی بینیوه.
وشه‌ی لغاو شایه‌ن و هێژای هیچ مرۆڤێك نییه چ جای ده‌زگایه‌كی ڕۆشنبیریی وه‌ك ئاراس كه هه‌زاران خزمه‌تی رۆشنبیریی پێشكێش به‌گه‌له‌كه‌ی كردووه، ئه‌ویش له‌لایه‌نی كه‌سێكه‌وه كه هیچ به‌رهه‌مێكی نییه بۆ كۆمه‌ڵگه. مشه‌خۆرێكه له نان و بژێوی هه‌ژاران تێر ده‌بێ.
جگه له‌مانه هه‌مووی، چه‌ندان چه‌واشه‌كاری و نه‌بووكاریی تریشیان دایه پاڵمان، بۆ نموونه: یه‌كێك له‌وانه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له "ئاوێنه"دا وتارێكی نووسیوه بۆ له خشته‌بردنی خه‌ڵك، ده‌ڵێ ده‌زگای ئاراس له جیاتی ئه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ی جه‌مال ره‌شید كۆ بكاته‌وه، چاپی دووه‌می لێ كردووه. كابرا نێزیكی ئه‌میری كۆمه‌ڵ نه‌بوایه به‌درۆم نه‌ده‌خسته‌وه. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌میر وا تێ نه‌گا راستیوێژ یان رۆشنبیرێكی له‌پاڵدایه، وه‌ڵامی ده‌ده‌مه‌وه.
كتێبی "سه‌رهه‌ڵدانی كورد له مێژوودا" به‌عه‌ره‌بی، سێ به‌رگه، به‌رگی یه‌كه‌م و دووه‌م له ساڵی 2003 له ده‌زگای ئاراس ده‌رچوون. پاشاش كه به‌رگی سێیه‌ممان له 2005دا بۆ هات، دوو به‌رگه‌كه‌ی پێشوومان له‌گه‌ڵیدا چاپ كرده‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی له كتێبخانه‌كاندا نه‌مابوون. واته ئه‌و به‌رگه‌ی باسی پێغه‌مبه‌ری تێدا هاتووه به‌رگی سێیه‌مه و یه‌ك جار چاپ بووه. دوای ده‌رچوونیشی، به‌بڕیارێكی نووسه‌نیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاتووه‌ته كۆكردنه‌وه و به‌ساتێك دوای بڕیاره‌كه له كتێبخانه‌كان كێشراوه‌ته‌وه.
ئه‌و "موسڵمانه" چه‌واشه‌كاره دوو ڕاستیی هه‌ڵگێڕاوه‌ته‌وه، یه‌ك: كتێبه‌كه دوو چاپی نییه، دوو: له بازاڕیش كێشراوه‌ته‌وه. به‌ڵام به‌لای ئه‌مانه‌وه گرینگ ئه‌وه‌یه جه‌ماوه‌ریان زۆر بێ، جا با له‌سه‌ر بناخه‌ی چه‌واشه‌كاری و نه‌بووكاریش بێ، گرینگ ئه‌وه‌یه خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ن به‌گژ ده‌سه‌ڵاته خۆماڵییه‌كه‌یدا و نه‌هێڵن كورد ببێ به‌شتێك. چه‌ندان كتێب له بازاڕه‌كانی كوردستان ده‌ست ده‌كه‌ون، داووده‌زگایێلی لبنانی و میسری و عێراقی و مه‌غریبی چاپیان كردوون، له‌باره‌ی هه‌مان ئه‌و ناوه‌ڕۆكه‌ی چه‌ندان ساڵه به‌رۆكی ئاراس و دوكتۆر جه‌مال ره‌شیدیان له‌سه‌ری گرتووه، ده‌یان هێنده‌ی تێدایه. به‌ڵام ئه‌مانه ته‌نیا په‌ڵپ به‌كورد ده‌گرن.
ناحه‌زییه‌كی تری "مه‌لای لغاوه‌كه" به‌كورد، ئه‌وه‌یه ناوی ده‌زگای "سه‌رده‌م"یشی هێناوه و داوای كردووه ئه‌ویش لغاو بكرێ. پێوه‌ندیی ده‌زگای سه‌رده‌م به‌و پرسه‌وه نییه كه شه‌ڕی له‌سه‌ر هه‌ڵایساوه، ئه‌وه نه‌بێ ده‌زگایه‌كه ماوه‌ی دوازده ساڵه بێ‌وچان خزمه‌تی رۆشنبیریی كوردی ده‌كا. مه‌لایه و چاوی به‌كورد هه‌ڵنایه، له هه‌موو شتێكی داخدار و كۆڵداره.
شتێكی تری ئه‌م ره‌وته ئاینییه توندڕۆیانه، كه له‌وپه‌ڕیانه‌وه تا ئه‌مپه‌ڕیان كۆپی و له‌به‌رگیراوه‌ی یه‌كترن، ئه‌وه‌یه مه‌لایه‌كانیان كردووه به ماشه و په‌نگركێشی ده‌ستیان له‌پێناو به‌جێ گه‌یاندنی كارنامه‌یه‌كی گوماناوی. ئه‌م مه‌لایانه‌ش كه به‌هۆی دابڕانیان له كولتووری سه‌رده‌م، هه‌ستی خۆبه‌كه‌مزانییان له‌لا دروست بووه و تووشی گرێی ده‌روونی هاتوون، خۆیان به‌هه‌رزانی داوه‌ته ده‌ستی ئه‌م كارنامه نانیشتمانی و گوماناوییه. دۆخه‌كه‌شیان گه‌یاندووه‌ته راده و رێكارێكی مه‌ترسیدار. كاتی هاتووه ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم چاوێك به‌م مه‌ترسییه‌دا بگێڕێ تا كار له كار نه‌ترازاوه.
ده‌بێ له‌مه‌ولا ئه‌و بنه‌وێیه مامه‌ڵه‌ی پێ بكرێ كه‌وا پیشه‌ی مه‌لا ئه‌وه‌یه پێشنوێژی بكا نه‌ك به‌ناوی ئاینه‌وه بدوێ و وتار بدا. ئه‌و كه‌سه‌ی به‌ناوی ئاینه‌وه ده‌دوێ یان به‌كولتووری ئاینییه‌وه رێنوێنیی كۆمه‌ڵگه ده‌كا، ده‌بێ وێڕای شاره‌زاییی ته‌واو له ئاینه‌كه خۆی، راده‌یه‌كی كه‌می له هۆشیاری و زانستی سه‌رده‌مییانه‌شدا هه‌بێ تا رێگه‌ی ئه‌م كاره‌ی پێ بدا. ئه‌مانه‌ی خۆمان جگه له‌وه‌ی له خوتی ئاینه‌كه‌دا ره‌جاڵ و بێ بزگوڕن، فڕیان به‌ڕۆشنبیریی ئه‌م سه‌رده‌مه‌شه‌وه نییه.
ئه‌و مه‌لایانه‌ی له یه‌ك كاتدا و به‌یه‌كه‌وه وتار و رێنوێنی ده‌ده‌ن به‌خه‌ڵك، ژماره‌یان زۆره. به‌وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف به‌ریان لێ ناگیرێ و كاره‌كه‌ش بووه به‌فره‌ده‌ستی، هه‌ندێكیان پێوه‌ندیی وه‌شارتوویان هه‌یه. ئه‌جێندای جیاجیا له پرسی وتارداندا كه‌وتووه‌ته كار. به‌شێكیان بۆنی مه‌ترسیی گه‌وره‌یان لێ دێ. وه‌ك له‌م رۆژانه‌دا كاربه‌ده‌ستێكی ئه‌وقاف نووسیبووی مه‌لایه‌كان ده‌یانه‌وێ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم سه‌رقاڵ بكه‌ن به‌پرسی لابه‌لاوه و نه‌هێڵن له پرسه چاره‌نووسییه‌كانی كوردستاندا ئه‌ركی سه‌رشانی خۆی به‌جێ بهێنێ.
هه‌رێمی كوردستان هێنده‌ی وتاری رۆژی هه‌ینی بۆ چییه؟ داووده‌زگایێلی راگه‌یاندن به‌رده‌وام زۆر شیره‌ت و رێنوێنیی ئاینی پێشكێش ده‌كه‌ن. به‌رنامه‌ی مه‌لا له زۆربه‌ی كه‌ناڵی تیڤییه‌كاندا هه‌یه كه به‌بۆچوونی من جێی وتاری هه‌ینی ده‌گرێته‌وه. وتاری ئاینی بۆ سه‌رده‌مانێك ده‌گه‌ڕێته‌وه كه هۆیه‌لی راگه‌یاندن نه‌بوون. ته‌نانه‌ت هه‌موو گوندێك وتارده‌ری خۆی ده‌ویست. ئه‌مڕۆ سه‌رده‌م گۆڕاوه و تیڤی له هه‌موو ماڵێكدایه. رادیۆ له هه‌موو ماڵ و سه‌ر لووتكه‌ی شاخ و ڕه‌شماڵی ماڵه ڕه‌وه‌ند و له‌ناو ته‌كسیشدا هه‌یه.
ئه‌گه‌ر بشگه‌ڕێینه‌وه سه‌ره‌تایه‌كانی ئیسلام، ده‌بینین وتاری رۆژی هه‌ینی له‌لایه‌ن مه‌لاوه، شتێكی تازه‌یه. له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ردا نه‌بووه. پێغه‌مبه‌ر خۆی وتاری رۆژی هه‌ینیی داوه. له سه‌رده‌می ئه‌بوبه‌كر و عومه‌ر و عوسمان و عه‌لیشدا نه‌بووه. ئه‌مانه جێگره‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر بوون و خۆیان وتاریان داوه. له سه‌رده‌می ئه‌مه‌وییه‌كانیشدا ئه‌میرولموئمنین خۆی له مه‌ڵبه‌ندی خیلافه‌تدا وتاریی هه‌ینیی داوه. به‌ڵام ئاخۆ وتاری مه‌لا چۆن په‌یدا بووه؟
چیڕۆكه‌كه ئه‌مه‌یه: له سه‌رده‌می ئه‌مه‌ویدا هه‌ندێك له خه‌لیفه‌كان مولحید و خوانه‌ناس بوون، مه‌یخۆره‌وه‌ی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر و به‌رده‌وام سه‌رخۆش بوون. به‌سه‌رخۆشیش وتاریان داوه. ده‌یان سه‌رچاوه باسی ئه‌مه‌یان كردووه، مه‌لا و كتێبه‌كانی قوتابخانه له ئێمه‌یان شاردووه‌ته‌وه. یه‌كێك له‌م خه‌لیفانه كه ناوی وه‌لیدی كوڕی یه‌زید بووه، هێنده خوانه‌ناس و بێ‌باك و له‌خۆبایی بووه، رۆژێكیان كه‌نیله (جاریه) یه‌كی جوانی هه‌بووه، ناچاری كردووه جلوبه‌رگی خه‌لیفه بپۆشێ و بچێ له مزگه‌وت له به‌رده‌می هه‌موو گه‌وره‌پیاوانی وڵات‌دا له جیاتی ئه‌و وتاری هه‌ینی پێشكێش بكا. دوای ئه‌م رووداوه بیر له‌وه كراوه‌ته‌وه یه‌كێكی شاره‌زا و لێهاتی و ده‌مڕاست وتاری هه‌ینی بدا.
گوتمان ده‌بێ یه‌كێكی شاره‌زا و لێهاتی و ده‌مڕاست و ده‌مپاك و په‌رێزپاك و خواناس و له‌خواترس و نیشتمانپه‌روه‌ر، بێگومان هێمن و هه‌ڵگری چه‌ندان خوو و نه‌ریتی جوانی تر وه‌ك هۆشیاری له زانسته‌یلی سه‌رده‌م و مافی مرۆڤیش‌دا، ئینجا ئه‌و كه‌سه رێی ده‌بێ به‌ناوی خوا و ئاینی خوا و به‌رژوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌وه بدوێ. وه‌ك چۆن ئێستا ئه‌م نه‌ریته له وڵاتی ئێران‌دا باوه. نه‌ك خه‌ڵك لغاوكه‌ری ده‌مشڕی پاشه‌ڵپیسی له سه‌ت سه‌رچاوه ئاوخۆره‌وه‌ی وا كه به‌قسه‌ی پڕوپووچ و ئه‌فسانه‌ی كۆنی به‌رئاگردان، حه‌فسه‌ت هه‌شسه‌ت كه‌س بهێنیته هۆڕه‌ی گریان و باوكه‌ڕۆ و مێشیكیان پڕ بكا له كینه دژی هونه‌ر و ڕۆشنبیری و نیشتمانپه‌روه‌ری. بێگومان، ده‌بێ یه‌كێك نه‌بێ ماڵی خوا بكا به‌باره‌گای كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو، یان ئه‌جێندای گوماناوی به‌ناوی خواوه به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا ساغ بكاته‌وه.
وا بكرێ باشتره پێش ئه‌وه‌ی كار له كار بترازێ. خه‌مساردیی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له به‌رامبه‌ر ئه‌م پیاوه به‌ناو ئاینییانه‌دا، پاشه‌ڕۆژی وڵات و ئه‌وه‌ی به‌ره‌نجی خۆمان به‌دی هاتووه، ده‌خاته به‌رده‌می نه‌هه‌نگه‌وه. تاقیكردنه‌وه‌ی به‌رپرسانی جه‌زائیر و فه‌له‌ستین له‌به‌رچاون، چۆن بێباكی و بێ خه‌مییان به‌ناوی ئه‌وه‌ی گوایه ئاین ئاینی خوایه و له سۆنگه‌ی رێ پێدانیان به‌م ره‌وته ئیسلامییه بناوانڕۆ و لامل و لارێگڕ و زه‌ینكوێرانه‌وه، چیی به‌سه‌ر هێنان و چه‌ندی قوربانی پێ بژاردن.
