كه‌س نازانێ كورد به‌ژماره چه‌ندن، هه‌ندێك كه‌س ده‌ڵێن چل ملیۆن. ئه‌گه‌ر ئه‌م ژماره‌یه پێوه‌نانی تێدا نه‌بێ، مایه‌ی دڵخۆشی نییه. ژماره‌كه به‌راورد بكه له‌گه‌ڵ دۆخی ژیانیان شه‌رمه‌زار ده‌بی، ناوی گه‌وره و دێی وێران. هه‌ندێك جار گوێت لێ ده‌بێ ده‌ڵێن كورد گه‌وره‌ترین گه‌لی سه‌ر رووی زه‌وییه كه سه‌ربه‌خۆیییان نییه، وڵاتیان له‌تله‌ت و كولتووریان دابڕدابڕه. منیش جاران ته‌بای هه‌موو كورد شانازیم به‌م دۆخه‌وه ده‌كرد. ئێستا په‌شێمان بوومه‌ته‌وه له‌م شانازییه و هه‌ست به سه‌غڵه‌تییه‌ك ده‌كه‌م له ئاستیدا. پرسیارێكیش ئاراسته‌ی خۆم ده‌كه‌مه‌وه ئاخۆ ئه‌م گه‌له كه به‌درێژای مێژوو بنده‌ست و چه‌وساوه بووه و هیچ رۆژێك ده‌سه‌ڵاتی نه‌بووه به‌سه‌ر نیشتمانی خۆیدا، چۆنه ماوه‌ته‌وه و له‌ناو نه‌چووه؟ زۆر گه‌ل به‌م دۆخانه‌دا تێ په‌ڕیون و ته‌نیا ناو، یان شوێنه‌واریان ماوه. "به‌خته‌وه‌ران" پێیان وایه ئه‌م مانه‌وه‌یه له ئه‌نجامی به‌رگرییه. من له‌به‌رئه‌وه‌ی له "به‌خته‌وه‌ران" نیم پێم وایه ئه‌گه‌ر گه‌لێك به‌رگریی كردبێ، خۆی سه‌ربه‌خۆ و وڵاتی سه‌رفراز ده‌بوو. كورد به‌رگریی له وڵات نه‌كردووه، به‌رگریی له ناوچه‌ی بچووك و كۆمه‌ڵه‌ی بچووك و خێڵ كردووه كه له‌ویشیاندا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه به‌هۆی ناحه‌زی و كینه‌یان بۆ یه‌ك. به‌سه‌رهاتی به‌كۆتا گه‌یشتنی میرنشینه‌یلی كورد له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده باشترین به‌ڵگه‌یه. عوسمانی یه‌ك له دوای یه‌ك چه‌پاوی كرده سه‌ریان، ئه‌وانیش كه‌سیان به‌فریای كه‌سه‌وه نه‌چوو. با نموونه له‌وه نه‌هێنینه‌وه چه‌ند هاوكاریی دوژمنیان كردووه دژی یه‌كتر.
سه‌باره‌ت به‌مه‌یه كه شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی، كورد به گه‌لێكی خۆخۆر ناو ده‌با، هۆی خۆخۆرییه‌كه‌ش ده‌ستنیشان ناكا. به‌ڵام ئاخۆ گه‌لێك هه‌یه هێنده بنده‌ست و خۆخۆر بێ به‌و راده‌یه‌ی شه‌ره‌فخان باسی ده‌كا و له‌ناویش نه‌چووبێ؟ به‌ڵێ هه‌یه، كورد. ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر كورددا هاتووه له رابردوودا، چ به‌هۆی خۆخۆرییه‌وه و چ به‌هۆی خوێنه‌خۆریی دوژمنه‌وه، هی ئه‌وه نییه ئه‌و گه‌له مابێته‌وه، هی ئه‌وه‌یه توابێته‌وه. به‌ڵام نه‌تواوه‌ته‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی توانه‌وه‌ش "بێگومان" گونجانێكی ده‌وێ و كوردیش ئه‌و گونجاوییه‌ی نه‌بووه. خۆبه‌ستنه‌وه به‌داوونه‌ریتی خێڵه‌كایه‌تی و ده‌مارگری به‌ڕاده‌ی كوێرایه‌تی، بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی تاكی كورد ده‌ست له هیچ بنه‌وایه‌كی خۆی هه‌ڵنه‌گرێ، تێكه‌ڵاوی له‌گه‌ڵ خێڵاندا نه‌كا و ژنخوزازییان له‌گه‌ڵدا نه‌كا، نامۆیییان لێ بكا له هه‌موو شت ئه‌ویش ته‌نیا بۆ پاراستنی سه‌ربه‌رزیی خێڵایه‌تیی خۆی، ته‌نیا شۆڕشی ئه‌یلوول سه‌ره‌تایه‌كی له‌مانه گۆڕی.
منداڵ بووین قسه‌یه‌ك باوبوو ده‌یانگوت كوردێك چوو بۆ وڵاتێكی بیانی، زۆر مایه‌وه به‌ڵام فێری زمان نه‌بوو، ناردیان بۆ گوندێكی دوور چ كوردی لێ نه‌بێ تا ناچار ببێ فێری زمان بێ. پاش چه‌ندان ساڵ چوونه‌وه لای، له ده‌رگه‌یان دا تا بزانن كورده فێری زمان بووه یان نا، منداڵێك له‌ودیو ده‌رگاوه به‌كوردی لێی خوڕین: كێن ئێوه؟ جاران شانازیمان به‌م به‌رگرییه‌وه ده‌كرد و سه‌رسام ده‌بووین له ئاست نه‌توانه‌وه‌دا، هه‌ر گه‌لێكی تر بوایه ده‌توایه‌وه و له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا ده‌گونجا. زۆر ماڵه كوردم له ئه‌وروپا بینیوه چی كۆنینه‌ی ده‌ستكرد و چاوه‌زار هه‌یه به‌دیواره‌وه هه‌ڵیان واسیوه، چ سترانی كۆن هه‌یه بردوویانه و گوێی لێ ده‌گرن، ته‌نانه‌ت زۆر له‌م كه‌لوپه‌لانه له كوردستانیش ده‌ست ناكه‌ونه‌وه.
ره‌نگه یه‌كێك له پێسیر و به‌رۆكم بگرێ و بپرسێ باشه بۆچی به‌لاته‌وه نه‌رێنییه كورد نه‌توابێته‌وه؟ یان ئاخۆ مانه‌وه‌ی كورد بۆچی مایه‌ی شانازی نییه؟ لێره من وه‌ڵامی ئه‌مه ده‌ده‌مه‌وه: به‌ڵێ نه‌توانه‌وه ئه‌رێنییه و مایه‌ی شانازیشه به‌ڵام نه‌توانه‌وه‌ی كورد له به‌رگری له‌خۆ، یان له پاراستنی نیشتمانه‌وه نه‌بووه، بگره له پاراستنی خێڵ و سه‌روه‌ریی خێڵه‌كایه‌تییه‌وه بووه، له نه‌بوونی گونجاوی و نه‌شیان بۆ توانه‌وه بووه. كورد شیان "قابلیه"ی توانه‌وه‌ی هه‌بوایه له‌ناو خۆیدا ده‌توایه‌وه و ده‌بوو به‌گه‌لێكی یه‌كگرتوو. ئه‌مڕۆ له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مدا زۆر خێڵی كورد كچ به‌شوو نادا به‌خێڵی هاوسێی خۆی، له ده‌ره‌وه‌ی دیاله‌كت و ناوچه‌دا ئه‌مه هه‌ر روو نادا. چه‌ندان ساڵ بوو خه‌می ئه‌وه‌مان بوو چۆن زمانێكی گشتیمان هه‌بێ، ئێستا كوردستانی عێراق دوو دیاله‌كتی هه‌یه بۆ خوێنده‌واری، فه‌یلی و هه‌ورامیش داوای هه‌مان شت ده‌كه‌ن و ده‌ستیشیان پێ كردووه. ناشتوانی له‌وباره‌یه‌وه بۆچوونێك ده‌ربڕی له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌ماری خێڵایه‌تی هێنده كشت و په‌سته، ده‌ته‌قێته‌وه به‌ڕووی هه‌مووی دژێكدا. گرینگ بۆ هه‌موو كوردێك ئه‌وه‌یه له كوردێكی تردا نه‌توێته‌وه.
نهێنیی مانه‌وه‌ی كورد له مێژوودا و نه‌توانه‌وه‌ی له‌ناو گه‌لانی تر، له‌گه‌ڵ نهێنیی نه‌گه‌یشتنی به سه‌ربه‌خۆیی و رزگاری، هه‌مان نهێنییه، هه‌ردوو جاریش كڵۆڵییه به‌ده‌ست هزر و نه‌ریتی خێڵه‌كایه‌تییه‌وه. زیاتر له نیوه‌ی رووناكبیر و سیاسه‌توانی كورد ناسناوی خێڵایه‌تییان هه‌یه. بنووسی كورد هه‌یه، نه‌ك یه‌ك ده‌یان، له نوێباوترین بابه‌ت ده‌دوێن و ده‌نووسن، یان به‌ڵگه‌ی به‌رزی خوێندنیان تێدا هێناوه‌ته‌وه، به‌ڵام ناوبانگ و ناسناویان خێڵ و ده‌ڤه‌ر و گونده. سه‌ركردایه‌تیی كورد ئه‌گه‌ر بیه‌وێ كورد ببێ به‌خاوه‌نی پێناسه‌یه‌كی سه‌رده‌مییانه، ده‌بێ به‌ر له هه‌موو شت بنج و بناخه‌ی خێڵه‌كایه‌تی هه‌ڵته‌كێنێ. بێگومان داوای كاری لابڕ "متگرف"انه ناكه‌م، ده‌شێ له هه‌نگاوی ساده و كورته‌وه ده‌ستی پێ بێته‌كردن، بۆ نموونه دانانی ناسناو یان پاشناو بۆ خه‌ڵك. مرۆڤ به‌ناسناو دێته ناسینه‌وه نه‌ك ناوی باووباپیری، ئه‌وه نه‌ریتێكی خێڵه‌كییانه‌یه كه ده‌بێ مرۆڤ ناوی باوك و باپیری پێوه بێ تا نه‌مریان بكا. هه‌موو وڵاتانی دنیا ئه‌م پێڕه‌وه ره‌چاو ده‌كه‌ن ته‌نانه‌ت وڵاتانی هاوسێشمان. ده‌بێ ناوی خێڵ و گوند، چی تر پاشناو و ناسناو نه‌بن ته‌نیا له چه‌ند دۆخێكی كه‌می وه‌ك بنه‌ماڵه‌ی بارزانی یان بنه‌ماڵه‌ی مام جه‌لال له‌به‌رئه‌وه‌ی ناوبانگیان له سنووری كوردستان تێ په‌ڕیوه و بوونه‌ته به‌شێك له مێژووی كورد.
چار نییه ده‌بێ كورد بتوێته‌وه، به‌ڵام توانه‌وه له‌ناو غه‌یره‌دا نا، له‌وه ده‌رچووه كورد جارێكی تر مه‌ترسیی توانه‌وه‌ی لێ بێته‌كردن، كورد به‌چه‌وسانه‌وه له‌ناو بچوایه ده‌بوایه له توركیا نه‌مایه. كورد ده‌بێ له‌ناوه خۆیدا بتوێته‌وه و چی تر ئه‌م گاڵته‌جاڕییه نابه‌رپرسانه‌یه نه‌مێنێ. پێش چه‌ند ساڵ عه‌ره‌بێكی ئوردنی لێی پرسیم تۆ خه‌ڵكی هه‌ولێری، ئێوه و فڵانه شار ناحه‌زی یه‌كترن. گوتم شتی وا نییه. گوتی چه‌ند هاوه‌ڵێكی ئه‌و شوێنه‌م هه‌یه پێیان گوتووم كێشه‌ی گه‌وره‌مان له‌نێواندا هه‌یه. هه‌ستم به شه‌رم و به‌خۆدا شكانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره كرد.
ئه‌زموونی كوردی پێویستی به‌پیاوی دووربین و به‌رنامه‌دار هه‌یه، به هه‌نگاوی ورد و خێرا، هه‌نگاوی به‌رده‌وام و بێ پسانه‌وه. ده‌شێ له‌گه‌ڵ سه‌رژمێرییه‌كی گشتیدا، بۆ نموونه سه‌رژمێریی هه‌رێم ئه‌گه‌ر له داهاتوودا بێته كردن، دانانی ناسناو و پاشناو به‌سه‌ر خه‌ڵكدا بێته سه‌پاندن. ده‌زگایه‌كی كوردی ده‌توانێ ده‌یان هه‌زار ناسناو دیاری بكا و ئه‌وانه‌ی ناسناویان نییه، ئازاد بن كامیان بۆ خۆیان هه‌ڵده‌بژێرن. ئه‌مه دیمه‌نی خێڵه‌كییانه‌ی كۆمه‌ڵی كورده‌واری ده‌گۆڕێ و ده‌یكا به‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نوێده‌م. هه‌نگاوێكی ساده و سه‌ره‌تایییه بۆ توانه‌وه‌ی كورد له‌ناوه‌خۆیدا، به‌ڵام هه‌نگاوێكی بنه‌ڕه‌تی و پێویست.
20/12/2010
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
