رووداوه تیرۆریستییه‌كه‌ی كڵێسای "سه‌یده نه‌جات" له به‌غدا كه رێكخراوی ئه‌لقاعیده به‌رپرسیاره‌تیی خۆی لێ راگه‌یاند، رووداوێكه جگه له ریسواكردنی ئیسلام هیچ ئامانجێكی تر ناپێكێ. كه‌مینه‌ی كریستیان له عێراق كه‌مینه‌یه‌كی كارا نین له سیاسه‌ت و ئابووریی وڵات‌دا تا رۆڵیان به‌م كرده‌وه‌یه لاواز ببێ، كه‌مینه‌یه‌كی بێ وه‌ی و لاشه‌ڕیشن هیچیان نه‌كردووه تۆڵه‌یان لێ بێته وه‌رگرتنه‌وه و به‌رپرسیاریش نین له هیچ رووداوێكی نه‌رێنی له مێژووی كۆن و نوێی ئه‌م وڵاته‌دا. ناشتوانن هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كیان هه‌بێ له به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌سدرێژییانه‌ی ده‌كرێته سه‌ریان تا ئه‌مه ببێ به هانده‌ر بۆ راكێشانیان بۆ گه‌مه و پلانێك كه لایه‌نێكی ده‌ره‌كی یان ناوه‌كی بیه‌وێ په‌لكێشیان بكا بۆی. له‌به‌رئه‌مه ئه‌لقاعیده و ئه‌وانه‌ی له دوایه‌وه‌ن پرسی تیرۆریان به‌م رووداوه برده قۆناغیكی تازه‌تره‌وه كه ته‌نیا ریسوایی و سووكی و شه‌رمه‌زاری تێیدا وه‌ك ئه‌نجام بۆ ئێمه‌ی "بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ" موسڵمان ده‌مێنێته‌وه.
پێش چه‌ندان سال ئه‌وه‌نده‌م به‌لاوه گرینگ نه‌بوو ئاخۆ ئیسلام چییه یان ئیسلامییه‌كان چی ده‌كه‌ن و خه‌ریكی چین. له هیچ به‌رنامه‌یه‌كی ژیانی مندا ئیسلام وه‌ك ئاین تێكه‌ڵ نییه هه‌رچه‌نده وه‌ك كولتوورێكی تایبه‌ت رێزی لێ ده‌نێم و كێشه‌م نییه له‌گه‌ڵیدا. به‌ڵام ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه بۆم ده‌ركه‌وتووه كه‌وا ده‌بێ ئێمه‌ی رۆشنبیران جۆرێكی تر هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ین. ئه‌گه‌ر ئێمه‌مانان له‌م ئاینه‌ی خۆمان و كولتووری كۆمه‌ڵگه‌كانی خۆمان به‌خاوه‌ن ده‌رنه‌چین و به‌رگریی لێ نه‌كه‌ین، ئه‌وا ئه‌م ره‌وت و بزاوه سه‌ره‌ڕۆ و نابه‌رپرسیارانه و ئه‌م مرۆڤه كه‌لله‌پووتانه سه‌رمان به‌فه‌تاره‌تێكی گه‌وره‌تر ده‌گه‌ینن.
له‌م ده ساڵه‌ی دواییدا، سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ئیسلام به‌م رادیكالییه‌ته‌ی ئێسته‌ی خۆی، له سه‌رتاسه‌ری دنیای ئیسلامدا زیاتر بۆ دووڕووییی ئه‌و ده‌سته و چینانه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له وڵاتانی ئیسلامی و عه‌ره‌بیدا ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه ده‌به‌ن و مه‌رایی بۆ ئاینداران ده‌كه‌ن و هه‌لیان پێ ده‌ده‌ن، له كاتێدا ئه‌مانه خۆیان "مه‌به‌ستم ده‌سه‌ڵاتدارانه" فڕیان به‌سه‌ر ئاینه‌كه‌وه نییه. ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانه‌وه ئاینییه، هه‌روه‌ها بۆ ترسنۆكی و جووته‌وه‌ری (ازدواجیه) ی داووده‌زگای راگه‌یاندن و تێكڕای رۆشنبیرانی كۆمه‌ڵگه‌كانی ئیسلام ده‌گه‌ڕێته‌وه كه به‌رده‌وام مێچكه‌مێچكه‌یی بۆ پیاوانی ئاین ده‌كه‌ن بێ ئه‌وه‌ی خۆیان باوه‌ڕیان به‌بیری ئاینی هه‌بێ. رۆژێك له رۆژانیش خۆیان ناخه‌نه به‌رده‌م پرسیارێكی ره‌وشتییه‌وه كه‌وا ئاخۆ ئه‌م دووڕوویی و گه‌مه بێ ره‌وشتی و خۆ له هه‌ڵوێست دزینه‌وه‌یه‌ی ئه‌وان، له‌گه‌ڵ كاری رۆشنبیری‌دا "كه مه‌رجه كارێكی ره‌وشت به‌رزانه بێ"، چی كۆیان ده‌كاته‌وه.
وه‌ك دێته زانین، كولتوور له‌سه‌ره‌وه داده‌به‌زی بۆ ژێره‌وه. كولتوور و داوونه‌ریتی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ره‌نگدانه‌وه‌ی كولتووری ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌یه. كۆمه‌ڵگه كولتوورێكی جیا له كولتووری ده‌سه‌ڵات به‌دی ناهێنێ، به‌دیشی بهێنێ كارا نابێ. له به‌ڵاڤۆكی ده‌نگوباسدا دیمه‌نی زانستگه‌ی یه‌مه‌نم بینی. كچانی زانستگه كه ته‌مه‌نیان له ده‌وری بیست ساڵیدایه، ته‌نیا كونی چاویان به‌ده‌ره‌وه‌یه و سه‌رتاپێ ره‌شیان پۆشیوه. له كاتێكدا له‌و وڵاته هه‌موو هۆیه‌كانی گه‌یاندنی سه‌رده‌مییانه وه‌ك تیڤیی سه‌ته‌لایت و ئینته‌رنێت به‌رده‌ستی هه‌موو كه‌سن، ئه‌وه سیسته‌می وڵاته كه له‌لایه‌كه‌وه ده‌یه‌وێ كۆمه‌ڵگه له‌وپه‌ڕی دواكه‌وتییدا بهێڵێته‌وه به‌و مه‌به‌سته‌ی تا هه‌تایه فه‌رمانڕه‌وای بێ و سواری ملی ببێ، له‌لایه‌كی تریشه‌وه خۆپێشاندان به ده‌ره‌وه به‌وێنه‌یه‌كی هاوسه‌رده‌مییانه و كردنه‌وه‌ی وڵات بۆ هۆیه‌لی ته‌كنیكی پێشكه‌وتووی سه‌رده‌م كه دیمه‌نی ژیانی سه‌رنجڕاكێش و دڵ‌بزوێن بڵاو ده‌كه‌نه‌وه. له‌م نێوانه‌دا ته‌نیا كولتووری كینه و تۆڵه‌كردنه‌وه ڕه‌گ داده‌كوتێ و گه‌شه ده‌كا. وه‌ك خووی گشتی، مرۆڤ ده‌ستی نه‌گا به‌شتێك پێی هه‌راسان ده‌بێ و ركی لێ هه‌ڵده‌گرێ. سه‌رتاسه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلام له سایه‌ی ئه‌م دووڕوویییه‌وه بووه به شوێنكه‌ی گه‌رادانانی بیری تیرۆر و رك و توندوتیژی، كه به‌پله‌ی یه‌كه‌م "وه‌ك له‌پێشه‌وه گوتم" ده‌سه‌ڵاتی رۆشنبیری و نۆینگه‌لی راگه‌یاندن لێی به‌رپرسیارن.
سه‌دام حوسێن كه رێژیمێكی سێكۆیلاری به‌ڕێوه ده‌برد بۆ ماوه‌ی 35 ساڵ، له ساڵانی دواییی ده‌سه‌ڵاتیدا هه‌ڵمه‌تێكی باوه‌ڕهێنانی ده‌ست پێ كرد "الحمله الایمانیه" وه‌ك دوا شێواز بۆ كه‌ركردنی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق. ئه‌وانه‌ی دوای ئه‌ویش هاتن، كه ئه‌مه‌ریكا به‌خه‌یاڵی خۆی بۆ دانانی سیسته‌می دیموكراسی و یه‌كسانی هێنابوونی، په‌لی رێكخراوی قاعیده‌یان بۆ ناوه‌خۆی عێراق به‌كێش كرد. له ئه‌نجامی ئه‌مه‌دا شار هه‌یه له عێراق، ره‌نگه زۆربه‌ی شاره‌كانی عێراق جگه له كوردییه‌كان وا بن، له سه‌رتاسه‌ری باژێڕدا تاكه ئافره‌تێك نایه‌ته دیتن سه‌رپۆش له‌سه‌ر و ره‌شپۆش نه‌بێ. ئازادیی ئافره‌ت میناك و نموونه‌یه بۆ كراوه‌ییی كۆمه‌ڵگه بۆیه وه‌ك نموونه ده‌یهێنمه‌وه. هه‌موو ده‌نگی عێراقییه‌كان بۆ حزبه ئیسلامییه شیعه‌كانی سه‌ر به‌ئێران و حزبه سونییه‌كانی دۆستی ئه‌لقاعیده‌یه له هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كاندا. گه‌لۆ ده‌بێ له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وادا چ كولتوورێكی لێبوورده‌یی بڕوێ؟ و چ داهاتووێك چاوه‌ڕێی ئێمه بكا كه به‌خه‌یاڵی دیموكراسی و پاشه‌ڕۆژی گه‌شه‌وه وه‌نه‌وز و وێژینگ ده‌مانباته‌وه. تۆ بڵێی له‌م عێراقه به‌رینه‌دا پێش سێ رۆژ، بۆ كاره‌ساتی كریستیانه‌كان كێ ناڕه‌حه‌ت بووبێ و فرمێسكێكی پێشكێش كردبێ. ته‌نیا پێم وایه له هه‌رێمی كوردستاندا هاوسۆزییه‌ك هه‌بوو له‌وی تر خه‌یاڵم بۆ هیچ ناڕوا.
ئه‌مه دۆخێكی گشتییه له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌دا ته‌بای سه‌رجه‌م دنیای عه‌ره‌ب و ئیسلام. ته‌نانه‌ت له هه‌رێمی كوردستانیشدا سه‌رله‌قاندنی ده‌سه‌ڵات و مه‌راییی رۆشنبیران و مێچكه‌مێچكه‌ییی نۆینگه‌لی راگه‌یاندن له ئاست پیاوانی ئاین و حزبه ئیسلامییه‌كاندا نایه‌ته وه‌شاردن، كه هه‌ردووكیان "واته مه‌لا و حزبی ئیسلامی" له ڕه‌گدا هه‌مان شتن. ئه‌مان جیاواز نین له كولتوور و بیركردنه‌وه‌یان كه بێگومان ئه‌و كولتوور و بیركرنه‌وه‌یه هی پێش هه‌زار و پێنسه‌د ساڵه و ئه‌مڕۆ كراوه‌ته‌وه زه‌وییه‌كی به‌پیت بۆ چاندنه‌وه‌ی بیری دینه‌وه‌ری و كینه‌وه‌ری. ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئه‌م سه‌رده‌مه بین و توخمێكی بزێویش بین له ژیانی مرۆڤایه‌تیدا، ده‌بێ سه‌ره‌تا خۆمان رێز له خۆمان بگرین پێش ئه‌وه‌ی داوا له غه‌یره بكه‌ین رێزمان بگرێ، سه‌ره‌تا ده‌بێ رۆڵی ئه‌م كه‌لله‌پووتانه له رێنوێنیكردنی كۆمه‌ڵگه بۆ ژیانی سه‌رده‌م، به‌كۆتا بهێنین. ئه‌وه‌ی من ده‌یڵێم دژایه‌تیی ئاین نییه، باشترین رێز بۆ ئاینی ئیسلام به‌لای منه‌وه ئه‌وه‌یه ئه‌م حزب و پیاوه ئاینییانه یان نه‌مێنن یان سه‌ركوتینه‌وه‌ی ته‌واویان بۆ بێته كردن. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ش، ده‌رفه‌ت پێدانیان، ده‌بێته هه‌ل تا زیاتر ریسوامان بكه‌ن و سه‌رمان به‌فه‌تاره‌تی یه‌كجاری بگه‌ینن. ناچارییه، ده‌بێ ناوبانگی ئیسلام بێته پاراستن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه "بمانه‌وێ و نه‌ماوێ" ئیسلامین ئه‌گه‌ر هه‌ر سیسته‌مێكی دوور له بیری ئاینیش دابمه‌زرێنین و به‌هه‌ر روو و رواڵه‌تێكیش خۆمان پێشكێش بكه‌ین.
2/11/2010
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
