ڕاگه‌یاندنێك له ئه‌نجومه‌نی باڵایی کۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه دێرینه‌کانی کوردستانه‌وه
له‌م چه‌ند ڕۆژانه‌ی ڕابووردوودا له چه‌ند شوێنێك خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی دژی هاتنه‌وه‌ی سه‌رۆك جاشی تاوانبار قاسم ئاغا بۆ شاری هه‌ولێر ئه‌نجامدرا، ئێمه وه ئه‌نجومه‌نی باڵای پێشمه‌رگه دێرینه‌کانی کوردستان، پشتیوانی خۆمان بۆ هه‌موو ئه‌و لایه‌ن و ڕێکخراوانه‌ی به‌و کاره هه‌ڵساون ده‌رده‌بڕین و وێڕای ئه‌و پشتیوانیه‌شمان له‌و ناڕه‌زاییانه داوا له په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ین، هه‌موو ئه‌و سه‌رۆك جاش و پیاو خراپانه‌ی تری که سه‌ر به‌ده‌زگا سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ڕژێمی له‌گۆڕنراوی به‌عسی سه‌دامی بوون و سودیان له‌و لێبوردنه گشتییه وه‌رنه‌گرت، که به‌ره‌ی کوردستانی که له پێش ڕاپه‌ڕیندا بۆیانی ده‌رکرد و تا ڕوخانی ڕژێمی به‌عس له 2003 دا له‌خزمه‌ت ئه‌و ڕژێمه‌دا به خیانه‌تکاری مانه‌وه، بد‌رێنه دادگایه‌کی عادیلانه و جیاوازییان بکرێت له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سا‌نه‌ی که له‌کاتی ڕاپه‌ڕیندا هاتنه به‌ره‌ی گه‌له‌وه و به‌شدرییان له‌ڕاپه‌ڕیندا کرد و پاشانیش له‌ناوچه ڕزگارکراوه‌کانی کوردستاندا مانه‌وه.
ئه‌نجومه‌نی باڵایی کۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه دێرینه‌کانی کوردستان
سلێمانی 28-10-2010
