نرخی مرۆڤ له وێنه‌كه‌یدا نییه، نرخی مرۆڤ له‌و بیروباوه‌ڕ و كرده‌وانه‌دا خۆی حه‌شار داوه كه ده‌كه‌ونه پشت وێنه‌كه‌یه‌وه. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی وێنه‌ی هه‌ر كه‌سێك نوێنه‌ری ئه‌و كه‌سه‌یه و مرۆڤ له رێی وێنه‌كه‌یه‌وه دێته ناسینه‌وه، ده‌بێ وێنه‌ش رێزی خۆی لێ بێته گرتن. ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار وێنه شوێنی مرۆڤ خۆشی ده‌گرێته‌وه، بۆ نموونه وێنه‌ی پێغه‌مبه‌ران یان سه‌ركرده سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان یانیش وێنه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌لامانه‌وه ئازیزن. له كاتی وا كه مامه‌ڵه‌یه‌كی چه‌وت له‌گه‌ڵ وێنه‌یه‌كدا دێته‌كردن، ئه‌و كه‌سه‌مان كه وێنه‌كه‌ی به‌لاوه ئازیز یان پیرۆزه، له ناخه‌وه ده‌هه‌ژێ و هه‌ستی بریندار ده‌بێ. لێره‌دا به‌جه‌خته‌وه ده‌ڵێم: بێ رێزی به‌رامبه‌ر وێنه‌ی سه‌ركرده‌یه‌كی وه‌ك بارزانی، كه هه‌موو ژیانی خۆی له پێناوی به‌ها و واتاگه‌لێكی مرۆڤییانه‌دا به‌خت كرد و بوو به‌هێما بۆ گه‌لێك كه هیچ هێمایه‌كی تری نییه، كارێكه شیاوی تێپه‌ڕین به‌ئاسانی و چاوپۆشین نییه. به‌ڵام بازرگانیكردن به‌م پرسه‌وه، یان قۆستنه‌وه‌ی بۆ نیازی تایبه‌ت زۆر كرێتتره له بێ رێزییه‌كه خۆی.
ئه‌وه‌ی له كه‌ركووك و له ده‌زگای شه‌فه‌قدا رووی دا ده‌بوایه هه‌ڵوه‌سته و لێپێچینه‌وه‌ی له ئاستدا بێته‌كردن. له‌مه‌دا هیچ لارییه‌ك نییه و كه‌سیش نییه له خۆمان سوورتر بێ بۆ ئه‌مه. هه‌رچه‌ندیشه كه ئه‌وه‌ی رووی دا هه‌ڵه‌یه‌ك بووه له ئه‌نجامی پشتگوێخستن و بێ خه‌می نه‌ك له ئه‌نجامی ده‌ستی مه‌به‌ست و نیازدار. نه‌شده‌بوایه وا گه‌وره بكرێته‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی بارزانی بۆ ئێمه كولتووره نه‌ك وێنه و په‌یكه‌رێك، كولتوورێكه بووه به‌به‌شێك له بنه‌وای ژیان و بیركردنه‌وه‌مان و تاهه‌تایه ده‌مێنێ. ڕۆژنامه‌ی "هه‌واڵ" وه‌ك ئه‌وه‌ی نهێنیی ناپاكییه‌كی گه‌وره‌ی بۆ كورد ئاشكرا كردبێ ئاوها راپۆرتی له كارمه‌ندانی ده‌زگای شه‌فه‌ق و ئاكانیوز دا و به‌گرتی دان و كردنی به‌مایه‌ی ناوزڕاندن و سووكایه‌تی.
ئه‌و راپۆرته‌ی هه‌واڵ له كارێكی سیخوڕی بترازێ شتێكی تر نییه. له‌به‌رئه‌وه‌ی بارزانی هه‌ر هه‌مان ئه‌و بارزانییه‌یه كه پێشی دوو ساڵ، زیاتر له بیست وێنه‌یان له ژووره‌كانی په‌رله‌مانی كوردستاندا هێنایه خواره‌وه، به‌سه‌ردێری گه‌وره‌ش له رۆژنامه‌كاندا نووسییان: ئێمه دان به‌م وێنه‌دا نانێین و له ژێری دانانیشین. بۆچی ئه‌و كاته بارزانی بۆ هه‌واڵ هێمای نه‌ته‌وایه‌تی نه‌بوو؟ راستیتان ده‌وێ من وه‌ڵامی ئه‌و بڵاوكراوه‌م نه‌ده‌دایه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌و راپۆرته‌ی ئه‌وان له‌لایه‌ن هه‌ندێك كه‌س و داووده‌زگاوه به‌و شێوه گه‌رم و گوڕه‌ی بینیمان، پێشوازی نه‌كرایه.
ئه‌گه‌ر هه‌واڵ بڵاوكراوه‌یه‌كی متمانه‌دار و راستیوێژ بوایه، راپۆرته‌كه‌یان و هه‌ڵسوكه‌وتیان به‌رامبه‌ر به‌په‌یكه‌ری بارزانی جێی رێز و پێ‌زانین ده‌بوو، به‌ڵام كێ هه‌یه هه‌واڵی نه‌ناسیبێ و نه‌زانێ به چ به‌رنامه‌یه‌ك كار ده‌كا. له سه‌ره‌تای ده‌رچوونیه‌وه له 2003 ئه‌م بڵاوكراوه‌یه له توانج و ناوزڕاندن و سووكایه‌تی به‌سه‌رۆك و هێمایه‌كانی گه‌لی كوردستان به‌ولاوه خه‌ریكی هیچی تر نه‌بووه. باك و سڵه‌مینه‌وه‌شی نه‌بووه له هه‌ر شتێكی بڵاوی ده‌كاته‌وه چه‌ندیش ئه‌و شته پێچه‌وانه بووبێ له‌گه‌ڵ راستی و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیدا. ته‌نیاش ده‌زگای شه‌فه‌ق بووه له ده‌می هه‌واڵ بداته‌وه و سنووری بۆ دابنێ و به‌رگری له‌و هێمایانه بكا كه به‌لای كورده‌وه جێی رێزن. یه‌ك نموونه بۆ ئه‌م راستییه ده‌هێنمه‌وه، له ژماره‌ی 61ی مێژووی 14ی ته‌مووزی 2004ی بڵاوكراوه‌ی "باسه‌ڕه"دا كه ده‌زگای شه‌فه‌ق له كه‌ركووك ده‌ری ده‌كرد، ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ك به‌سه‌ردێری "هه‌واڵ ده‌مت داخه" بڵاو بووه‌ته‌وه و ئه‌مه یه‌ك رسته‌یه له‌و ئاگاداركردنه‌وه‌یه: "داوا له هه‌واڵ و هاوسه‌نگه‌ره‌كانی ده‌كه‌ین و پێیان ده‌ڵێین ده‌متان داخه‌ن و په‌لامارمان مه‌ده‌ن و هێڵه سووره‌كان مه‌به‌زێنن ئه‌گینا چاره‌سه‌رتان ده‌كه‌ین". هێڵه سووره‌كان له‌و ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌دا، مه‌به‌ست لێی سه‌رۆك بارزانی بوو. سوبحانه‌ڵڵا ئه‌مڕۆ سه‌رنووسیاری هه‌واڵ بووه به‌گوڵی مه‌جلیس و ده‌زگای شه‌فه‌ق بووه به‌بیانی و گومان لێكراو.
ئه‌و سه‌رنووسیاره له‌ناو هاڤاڵانی خۆیدا وه‌ك راپۆرتنووس و ئازارده‌ری رۆشنبیران و رۆژنامه‌نووسان هاتووه‌ته ناسین و چه‌ندان جار سكاڵای قوربانییه‌كانیمان بیستووه. وا دیاره دایناوه له‌مه‌ودوا ئه‌ملاش بێبه‌ش نه‌كا له خزمه‌تگوزارییه‌كانی. ساڵێك و نیو به‌ر له ئێستا هاته لام. زۆر په‌رێشان حاڵ و شڕ بوو. گوتی "هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنم له‌سه‌ره له‌لایه‌ن ده‌زگا نهێنییه‌كانی پارتییه‌وه، تكایه فریام كه‌وه و بمگه‌ینه به‌شوێنێك تا پاكانه‌ی خۆم بكه‌م". هێورم كرده‌وه و تێم گه‌یاند كه‌وا به‌هه‌ڵه‌دا چووه، گوتم "تۆ پارتی ناناسی و زانیارییه‌كانت هه‌ڵه‌ن، پارتی هه‌ڕه‌شه‌ی بۆ سه‌ر ژیانی كه‌س نییه"، وا دیار بوو دڵنیا نه‌ده‌بوو و هه‌ڵچوونه‌كه‌ی دانه‌ده‌مركایه‌وه، گوتی "بۆ پێوه‌ندییه‌كم له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌زگایانه‌دا بۆ دروست ناكه‌ی؟" له‌مه‌شدا هه‌ر ویستم هێوری بكه‌مه‌وه و گوتم رۆژنامه‌وان له پێناوی بێلایه‌نی له پیشه‌كه‌یدا ده‌بێ سه‌ربه‌خۆییی خۆی بپارێزێ. نازانم تا چه‌ند به‌م قسانه‌م هێور بووه‌وه، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێ تێم گه‌یاند كه‌وا من كه‌سێكی شیاو نیم بۆ دروستكردنی ئه‌م جۆره پێوه‌ندییانه. گوتم من له كاره‌كه‌ی خۆم به‌ولاوه شتێكی تر نازانم.
وه‌ك ده‌بینین له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م جۆره كه‌سانه، رۆژنامه‌وانی له كوردستان بووه به‌به‌شێك له كاری راپۆرتنووسین بۆ ده‌زگا نهێنییه‌كان و چاڵ هه‌ڵكه‌ندن بۆ مرۆڤی ئازاد و ئابڕوودار. ئه‌مه راستییه‌كه وه‌ك رۆژی رووناك به‌ئاسمانه‌وه ده‌دره‌وشێته‌وه و به‌كه‌سیش نایه‌ته شاردنه‌وه. به‌ڵام سه‌رنووسیاری هه‌واڵ قۆناغێكی تازه‌ی داهێنا له‌م كاره جوانه‌دا و له‌مه‌ودوا بۆ دوو لا كار ده‌كا. منیش ده‌سخۆشی و پیرۆزباییی لێ ده‌كه‌م.
28. 6. 2010
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
