دڵنیا قه‌ره‌داخی، له پارتی توڕه‌یه و ده‌ڵی من له‌پێناو پارتی ئاواره و ماندووبووم، به‌ڵام پارتی له به‌رامبه‌ر مندا زۆر بێوه‌فا بوو. ئه‌و توڕه‌بوونه‌ی دڵنیا قه‌ره‌داخی له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی كۆنگره‌ی 13ی پارتی هات، كه رۆژی 11/12/ له هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان بانگهێشت كران. رۆژێك دوای كۆنگره‌ی پارتی، دڵنیا قه‌ره‌داخی به‌سه‌فه‌رێك به‌ره‌و توركیا به‌ڕێكه‌وت و پێش ئه‌وه‌ی سه‌فه‌ر بكات، (سڤیل) ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ سازكرد، كه ده‌ڵێت "من یه‌كه‌م ئافره‌تی كوردم كۆنسێرتم كردووه، ساڵی 1998 له سلێمانی، یه‌كه‌م ئافره‌تیشم، كه گۆرانیم بۆ كوڕ وتووه، یه‌كه‌م ئافره‌تی كوردم به جلی عه‌سكه‌ری له‌ناو هێزی زێره‌ڤانی گۆرانیم گوتووه، من له كاری هونه‌ری ده‌ستپێشخه‌ری زۆرم كردووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه شانسم نییه".
سڤیل: بۆچی به‌شداریت له ئاهه‌نگی كۆنگره‌ی 13ی پارتی نه‌كرد، كه چه‌ند گۆرانیبێژ به‌شداربوون، له كاتێك خۆت له پارتی نزیكی؟
دڵنیا قه‌ره‌داخی: وایه، شانزه ساڵه من پارتیم، له‌سه‌ر كوردایه‌تی زۆر شتم قبوڵ كردووه، یه‌كێكم له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی له‌سه‌ر پارتی ئاواره بووم، من كاتێك له‌گه‌ڵ پارتی بووم شه‌و هه‌بووه نان نه‌بووه بیخۆم، به برسێتی خه‌وتووم، رۆژ هه‌بووه له خودام ویستووه ساحێب خانوو له ده‌رگام نه‌دات و نه‌ڵێ كوا كرێی خانووه‌كه‌م، هه‌ر له‌كرێچێتی بووم، جاری واهه‌بووه دینارێكم پی نه‌بووه سواری سه‌یاره بم، به ناچاری بۆ شوێنی زۆر دووریش به‌پی رۆشتووم، من له‌به‌ر خاتری خۆشه‌ویستی خۆم بۆ پارتی ئه‌وانه‌م به‌سه‌رهاتووه، خه‌م بۆ ئه‌وه ده‌خۆم، وه‌ك كورد ده‌ڵێ "كی كردی و كی خواردی"، به‌ڵام پارتی بێوه‌فا بوو به‌رامبه‌ر به‌من.
سڤیل: به‌ڵام تۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی منت نه‌دایه‌وه، بۆچی به‌شدارت نه‌كرد؟
دڵنیا قه‌ره‌داخی: خۆزگه ئه‌و پرسیاره‌ت له پارتی ده‌كرد، له‌وانه‌ی كه كاره‌كانی كۆنگره‌یان به‌ڕێوه‌بردووه، من ده‌پرسم ئایا ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی به‌شداربوون له‌من باشتر بوون؟ خزمه‌تی ئه‌وان له‌من زیاتره؟ بڕوا ناكه‌م، چونكه كاتێك من هونه‌رمه‌ندبووم ته‌نیا من و سوهام حه‌سه‌ن و په‌روین شازاده له هه‌ولێر هه‌بووین، له سلێمانیش په‌یمان عومه‌ر و تارا ره‌سووڵ هه‌بوون، من رێزم بۆ ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه هه‌یه، كه له ئاهه‌نگی كۆنگره‌ی پارتی به‌شداربوون، هه‌موویان خوشك و هاوڕێی منن، به‌ڵام من كوردی عێراقم، من له ناخۆشی ئه‌و وڵاته بووم، من له‌بی كاره‌بایی بووم، من سه‌رما و بی نان بووم.
سڤیل: ئه‌و ته‌سحیانه‌ی بۆ پارتیت داوه چین؟
دڵنیا قه‌ره‌داخی: گه‌وره‌ته‌رین ته‌سحیه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی سه‌ر به لایه‌نێكی سیاسین، ئه‌وه‌یه كه زۆر له جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موو كورد پارتی نییه، هه‌مووش یه‌كێتی نییه، حیزبی دیكه‌ش هه‌یه، به‌ڵام من كاتێك پارتیم هه‌ڵبژاردووه قه‌ناعه‌تم پێی هه‌بووه، ئیتر له‌وانه‌یه ئه‌وه زۆر زه‌ره‌ری به‌من گه‌یاندبێ له‌رووی جه‌ماوه‌ره‌وه، ئه‌وه گه‌وره‌ترین ته‌سحیه‌ی منه بۆ پارتی، له‌به‌رئه‌وه بۆیه بڕوای من زۆربه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه موسته‌حه‌ق نه‌بوون، زۆركه‌س هه‌بوو زۆر موسته‌حه‌قتر بوون، بامێژووی هه‌موومان سه‌یر بكه‌ن، بابزانن مێژووی كی كوردایه‌تی و خۆشه‌ویستی كوردی له دڵدا بووه، ئه‌وكاته ده‌زانن كام له‌وانه موسته‌حه‌قبوون به‌شداربن، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌ساسی خزمایه‌تی و براده‌رایه‌تی نه‌بێت.
سڤیل: ئێستا تۆ ده‌ته‌وی چ به پارتی بڵێی؟
دڵنیا قه‌ره‌داخی: ده‌مه‌وی بڵێم حه‌یف بۆ ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی خزمه‌تی پارتیم كرد، چونكه به گیان و به دڵ پارتیم خۆشویستووه، چاوه‌ڕێی هیچ شتێكم لێ نه‌كردووه بمداتی، له‌به‌رئه‌وه‌ی له كاتێكی ئاوا له‌گه‌ڵیان بووم كه وه‌زعی پارتی زۆر خراپ بووه، به‌داخه‌وه ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی ته‌مه‌ن له خزمه‌تی ئه‌و حیزبه به‌فیرۆ رۆیشت، قه‌دریان نه‌گرتم، كه من هه‌ر له‌به‌ر خۆشه‌ویستی پارتی و كوردایه‌تی، پاشان خۆشه‌ویستیم بۆ خاكه‌كه‌م، كوردستان‌م جێنه‌هێشت، من هه‌موو ئه‌وانه گله‌یانه‌م له خۆشه‌ویستی خۆمه بۆ پارتی، كه من بۆ پارتی چه‌ند به وه‌فابووم و ئه‌وان چه‌ند بێوه‌فا بوون به‌رامبه‌ر به‌من.
سڤیل: پڕۆژه‌ی ئه‌لبوومی نوێت چییه؟
دڵنیا قه‌ره‌داخی: به هیچ شێوه‌یه‌ك به نیازنیم ئه‌لبووم بكه‌م، ئه‌وه‌ش له ترسی زه‌ره‌ر وازم له‌ئه‌لبووم هێنا، چونكه ئه‌لبووم له كوردستان بۆ گۆرانیبێژ زه‌ره‌ره، به‌ڵام بۆ نه‌ورۆز گۆرانییه‌كی تازه‌م به كلیپه‌وه په‌خش ده‌كرێت، كه ئه‌ویشم هه‌ر بۆ كوڕ وتووه، هێشتا ناوم بۆ دانه‌ناوه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی گۆرانییه‌كه‌ی پێشووم به ناوی "بۆ كوڕێك" بوو، ئه‌مجاره ره‌نگه ناوی بنێم "بۆ كوڕان".
سڤیل: رات چییه له‌سه‌ر دیاره‌ی خۆرووتكردنه‌وه‌ی ئه‌و كچه تازانه‌ی هاتوونه‌ته بواری گۆرانی گوتنه‌وه؟
دڵنیا قه‌ره‌داخی: هونه‌رمه‌ندی راسته‌قینه پێویستی به‌وه نییه خۆی رووتبكاته‌وه، هونه‌رمه‌ندی راسته‌قینه به‌هونه‌ره‌كه‌ی خۆی ده‌سه‌ڵمێنی، من قه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم هونه‌رمه‌ند خۆی رووتبكاته‌وه هونه‌ره‌كه‌ی پێشكه‌ش بكات، ماوه‌یه‌ك خه‌ڵك لێی تێر ده‌بێت و دوایی بیریان ده‌چێته‌وه، ئه‌و گۆرانیبێژه تازانه ته‌نیا به‌رچاون، له‌گه‌ڵ رێز بۆ هه‌موویان، كه هیچ مه‌به‌ستێكم نییه و كێشه‌م له‌گه‌ڵ هیچیان نییه.
سڤیل: تائێستا له كاری هونه‌ری خۆت، رازی له‌وه‌ی كه پێشكه‌ش كردووه؟
دڵنیا قه‌ره‌داخی: له‌راسیتدا ئه‌وه‌ی من كردوومه خراپ نه‌بووه، مێژوویه‌كی بۆ دروستكردووم، به‌ڵام هێشتا زۆر شتم له‌مێشكم دایه، كه به‌داخه‌وه ناتوانم بیكه‌م، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌سێك نه‌بووه له‌رووی مادییه‌وه هاوكاریم بكات، خه‌فه‌ت له‌وه ده‌خۆم، خۆم زۆر به هونه‌رمه‌ندتر ده‌زانم له‌و هونه‌رمه‌نده تازانه، به‌ڵام حه‌قم خوراوه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه شتی تری له دوایه.
سڤیل: ئه‌و كێشانه‌ی بۆ ئافره‌تی هونه‌رمه‌نده‌كان له كوردستان دێنه پێشه‌وه چین؟
دڵنیا قه‌ره‌داخی: ئه‌گه‌ر پێش 10 ساڵ ئه‌و پرسیاره‌ت له‌من بكردایه زۆر شت هه‌بوو ده‌موت، كێشه بۆ ئافره‌تی هونه‌رمه‌ند زۆر زۆره، من له‌و رووه‌وه گله‌یی له كۆمه‌ڵگه ناكه‌م، چونكه به‌شبه‌حاڵی كه ده‌چم بۆ هه‌ر شوێنێك رێزی زۆرم لێده‌گرن، به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی مادییه، جگه‌له‌وه زۆر شت هه‌یه له‌وانه‌یه نه‌توانم باسی بكه‌م.
سڤیل: له هه‌موو ده‌ركه‌وتنه‌كانت قژت درێژه، به‌ڵام ده‌ڵێن دڵنیا قژی كورته، ئه‌وه تاچه‌ند راسته؟
دڵنیا قه‌رداخی: من هه‌میشه قژم درێژ بووه، هه‌فته‌یه‌كه قژم كورت كردووه، كردوومه‌ته شێوازی كاریه‌كی كورت.
سڤیل: ده‌ڵێن دڵنیا حه‌ز ده‌كات ده‌وڵه‌مه‌ند بێت، ئه‌وه تاچه‌ند راسته؟
دڵنیا قه‌ره‌داخی: راسته، جاران حه‌زم لی نه‌بوو، به‌ڵام ئێستا زۆر حه‌ز ده‌كه‌م كه‌سێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رمایه‌دار بم و ئیشی بزنس و پرۆژه‌ی گه‌وره‌ی بازرگانی ئه‌نجام بده‌م، به‌ڵام كارێكی قورسه، دڵنیام پێم ناكرێت.
سه‌رچاوه: گۆڤاری سڤیل
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
