زاری كرمانجی-هه‌ولێر: شه‌رمین كه‌ریم، نووسه‌ر و ڕۆژنامه نووس – چالاك له بواری كارووباری ڕه‌گه‌زی مێینه له كوردستان و ئه‌ندامی سه‌ندیكای رۆژنامه نووسانی كوردستان و ده‌سته‌ی كارگێری ڕێكخراوی كۆمه‌ڵه‌ی خێرخوازی كورد له (ژنیف) بۆ كاروباری خێرخوازی له كوردستان. رۆژنامه‌وان و به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی ڕاگه‌یاندن له نووسینگه‌ی وه‌زیری هه‌رێم بۆ كارووباری ژنان و ئافره‌تان (كابینه‌ی پێشوو) . هه‌روه‌ها ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری گروپی رۆژنامه‌نووسانی مێینه‌یه له كوردستان، له دیمانه‌یه‌كی زاری كرمانجیدا، چه‌ند پرسیارێكمان ئاراسته كردوو به‌م شێوه‌یه‌ی خواره وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی داینه‌وه.
*ئه‌گه‌ر باس له كێشه‌كانی ئافره‌تان بكه‌ین كێشه‌كانی ئه‌وان له كوێوه سه‌رچاوه‌ده‌گرن به‌گشتی؟
- ئێمه ناتوانین ئه‌م قسه‌یه‌ی به‌ڕێزتان بكه‌ینه پێوانه (مقیاس) چونكه كێشه‌كان ته‌نیا تایبه‌ت نین به خودی ژنه‌وه كێشه ته‌نیا كێشه‌ی ژن نیه به‌ڵكو كێشه‌ی كۆمه‌ڵگایه كێشه‌ی خێزانه كێشه‌ی ئه‌و باروودۆخه‌یه كه هه‌موومان تێیكه‌وتووین، بۆیه چونكه ته‌نیا ژن خاوه‌ن كێشه نیه به‌ڵكو كێشه‌كان هاوبه‌شن له نێوان ژن و پیاو له نێوان خێزان و كۆمه‌ڵ له نێوان كۆمه‌ڵ و ده‌سه‌ڵات، ته‌نیا ڕێگه چاره بۆ بنه‌بڕكردنی كێشه‌كان به گشتی بڵاو كردنه‌وه‌ی هۆشیاری و هاندانی ده‌سه‌ڵاته بۆ ئه‌وه‌ی به هانای كێشه و گرفته‌كانه‌وه بچن، ئه‌ركی هه‌موومانه ئێمه‌ی قه‌ڵه‌م به‌ده‌ست له ڕێگه‌ی نووكی قه‌ڵه‌مه‌كانمانه‌وه كێشه‌كان بگه‌یه‌نین به ده‌سه‌ڵات بۆ دانانی میكانیزمێك بۆ بنه‌بڕكردن ودانانی ڕێگه چاره بۆ سه‌رجه‌م گرفته‌كان.
*پێت وایه بۆ ئافره‌تانی ئێمه متمانه‌یان به‌خۆنیه به‌ڵكو زۆرجاریش خودی ئافره‌ت متمانه‌یان به‌یه‌كتری نیه؟
-متمانه شتێك نیه بیكڕی یان بفرۆشرێ بوونی متمانه به خۆبوون ده‌كه‌وێته‌وه سه‌ر خودی ژن خۆی پێویسته ژنان خۆیان دركی پێ بكه‌ن و له هه‌وڵی ئه‌وه دابن هه‌میشه جێگای متمانه بن، نه‌ك هه‌ر ژن به‌ڵكو پیاوانیش زۆر جار جێگه‌ی متمانه نین، متمانه پێ كردن یان متمانه به خۆ بوون له توانای هه‌موو كه‌س دانیه و به هه‌ند هه‌ڵگرتنی لای هه‌ندێ كه‌س زه‌حمه‌ته، میلله‌تی ئێمه وا ڕاهاتوه هه‌ر عه‌شوائی و بێ گوێ دانه شته‌كان بیگوزه‌رێنێ بۆیه تا ده‌گه‌ینه چاره‌سه‌ر زۆری ده‌وێ.
*رۆڵی سه‌نته‌رو رێكخراوه‌كانی ئافره‌تان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟ زۆرێك له سه‌نته‌رو رێكخراوه‌كان كه‌تایبه‌تن به كێشه‌كانی ئافره‌ت بودجه‌یه‌كی باش وه‌رده‌گرن كه‌چی یه‌ك چالاكی ئافره‌تانیش ئه‌نجام ناده‌ن تۆچیت هه‌یه بۆئه‌م سه‌نته‌رو رێكخراوانه؟
- سه‌نته‌ره‌كان و رێكخراوه‌كانی ژنان و ئافره‌تان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه ده‌مێكه هه‌ن له شته لاوه‌كیه‌كان به‌ولاوه سوودێكی ئه‌وتۆیان نه‌گه‌یاندووه به توێژی مێینه، به پێچه‌وانه‌وه من پێم وایه ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌وان ناوبانگی خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان مه‌به‌سته ئه‌وه‌نده مه‌سه‌له‌كانی هاوڕه‌گه‌زه‌كه‌ی خۆیان لا گرنگ نیه ئه‌و ناوبانگه‌ی بۆخۆیان ده‌یانه‌وێ سووك كردنی ئه‌ركی سه‌رشانی ژنانیان ناوێ، ڕێكخراوه‌كان ئه‌گه‌ر بیر بكه‌نه‌وه ئه‌ركێكی قورسیان له‌سه‌ر شانه زیاتر بۆ به‌دی هێنانی خه‌ونه‌كانی ژنان و ته‌نیا شته لاوه‌كیه‌كان به‌س نیه بۆ ژن، پێویسته ڕێكخراوه‌كان به‌رنامه‌و په‌یڕه‌ووپرۆگرامی تازه‌یان هه‌بێت. ئه‌وه‌ی ئێمه تێبینیمان كردوه له ماوه‌ی دروست بوونی سه‌نته‌رو رێكخراوه‌كان ته‌نیا كردنه‌وه‌ی خولی بڕین و دروومان و كۆمپیوته‌ر بوون، ناڵێین ئه‌مانیش خراپن، نه‌خێر، به‌ڵكو ژنی ئێمه له‌وه زیاتری پێویسته، ئه‌و كاته سودبه‌خش ئه‌بن كه بتوانن جه‌خت بخه‌نه سه‌ر زۆرینه‌ی یاساكانی په‌رله‌مان ئه‌وانه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی ژنانن، ڕووبه ڕووی ئه‌و یاسایانه ببنه‌وه كه دوور له به‌رژه‌وه ندیه‌كانی ژنان كاریان پێ ده‌كرێت، هه‌روه‌ها له پێناو خۆشگوزه‌رانی ژنان دا تواناكانی خۆیان بخه‌نه‌گه‌ر نه‌ك به رژه‌وه‌ندی خۆیان. سه‌باره‌ت به یاساكانی باری كه‌سی سه‌نته‌رو ڕێكخراوه‌كانی تایبه‌ت به ژنان و ئافره‌تان نه‌یانتوانی ڕۆڵێكی كاریگه‌ریان هه‌بێت، سه‌ره‌تا كه‌مێك جولانه‌وه‌یان هه‌بوو به‌ڵام به داخه‌وه نه‌توانرا وه‌كو خۆی وه‌كو ئه‌وه‌ی كه پێویسته بۆی بكرێ بیكه‌ن، له ناو رێكخراوه‌كانی ژنان و ئافره‌تان زیاتر به رژه‌وه‌ندی خۆپێگه‌یاندن كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت نه‌ك به‌دوا داچوون له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كانی ژنان و ئافره‌تان.
*له 8مارس كه به رۆژی ئافره‌تان ناسراوه پێت وایه تاچه‌ند له‌م رۆژه دا دا خوازییه‌كانی ئافره‌تان جی به‌جی ده‌كرێن؟ كه له كاتی یاد كردنه‌وه‌ی ته‌نیابه ئاهه‌نگێك كه‌م و كوڕیه‌كان په‌رده پۆش ده‌كرێن؟
- ڕاسته 8ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنانه به‌ڵام ئه‌و ڕۆژه ڕۆژی ژنی كورد نیه ڕۆژی كۆمه‌ڵه ژنێكی داخ له دڵی جه‌ربه‌زه‌ی یه‌كێك له كارگه‌كانی ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بوون كه له به‌ر بێزاری له زیاده ڕۆیی كاتی كار به‌رامبه‌ر به ده‌ستكه‌وتێكی یه‌كجار كه‌م سه‌ره‌ڕای ئه‌نجامدانی تووند‌و تیژیش له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری كارگه‌كه ده‌رهه‌ق به ژنه‌كرێكاره‌كان، دوای یه‌كده‌نگی ژنه‌كان ئه‌م شۆڕشه‌یان هه‌ڵكرد و هه‌ستان به سووتاندنی كارگه‌و به‌ڕێوه‌به‌ری كارگه ئه‌وه‌بوو نه‌ك له ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له هه‌موو جیهان ئه‌م شۆرشه سه‌ری هه‌ڵداو ئیتر ژنان توانای به‌رگه گرتنی چه‌وساندنه‌وه‌یان نه‌كرد، ئه‌مه ڕۆژی ئه‌وانه 8 ی مارس رۆژی ژنی كورد نیه چونكه به‌به‌رده‌وام ژنی كورد ده‌چه‌وسێته‌وه ته‌عه‌دای لێ ده‌كرێ، لێی ده‌درێ، ده‌كوژرێ له‌سه‌ر شتێكی زۆر به‌سیت، ده‌رده‌كرێ، له ڕۆژی 8 ی مارس ئێمه له یه‌كێك له رادیۆكانی هه‌ولێر ڕاسته‌خۆ میوان بووین ژنێك به گریانه‌وه ته‌له‌فونی كرد گوتی "خه‌ڵكی چه‌پكه گوڵی پێش كه‌ش ده‌كرێت من 10 ده‌قیقه له‌مه‌وبه‌ر لێدانم به‌ده‌ستی مێرده‌كه‌مه‌وه خواردووه ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نیوه‌ڕۆ چێشتم لێنه‌ناوه و خواردنی سوكم ئاماده كردووه، زۆرترین ته‌عه‌دا له ژنان ده‌كرێ ئه‌ی بۆچی لایه‌نه‌په‌یوه‌ندی داره‌كان به مه‌سه‌له‌كانی به ناو ژنانه‌و ئافره‌تانه‌ی ئێمه بێ هه‌ڵوێستن؟ بۆ ده‌نگیان نیه خۆ به‌خۆیان زۆر باش ده‌زانن چی هه‌یه و چی نیه كێ خه‌تاباره كێ تاوانباره، به‌ڵام له ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌كو شوێنی خۆیان له‌ق بێ لێی بێ ده‌نگ ده‌بن ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین كاره‌ساته ڕووبه‌ڕووی ژنی كورد بۆته‌وه ئه‌مڕۆ.
*دوا وته‌ت چیه بۆ ئافره‌تان به‌گشتی؟
-زۆر سوپاس بۆ ئه‌و به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه له سۆرانه‌وه بۆ هه‌ولێر هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم له كاره‌كانتان، هیوادارم ژنی كوردیش به‌ئاگا بێت و خۆی خه‌مخۆری خۆی بێت چاوه‌ڕێی هیچ لایه‌ن و ده‌زگایه‌ك نه‌كات خه‌می لێ بخوات متمانه به خۆی بكات و هه‌نگاو بنێت بۆ پێداگری له‌سه‌ر مافه‌كانی خۆی.
دیمانه: توانا ته‌ها
