
· کێشه‌ی زۆربه‌ی حیزبه شیوعییه‌کان له‌وه‌دایه که باوه‌ڕیان به زۆر شت هه‌یه ته‌نیا گۆڕان نه‌بێت له کاتێکدا که گۆڕان کرۆکی مارکسیزمه ..
· هه‌ر حیزبێک پاڵبدات به ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌نده‌ڵه‌وه ئه‌بێت چاوه‌ڕێی لاوازبوون و پوکانه‌وه بکات
· له حزبی شیوعی خۆپه‌رستیی و که‌له‌ڕه‌قیی سه‌رکردایه‌تییه‌کان، بووه هۆی دورکه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو کادێر و ئه‌ندامه به‌توانا و ڕوتبوونه‌وه‌ی حیزبه‌که ..
· به به‌شداریی حزبی شیوعی به وه‌زیرێکی بێ ده‌سه‌ڵات و خۆ که‌ڕکردنی له گه‌نده‌ڵیی به جارێک حیزب ئاوه‌ڕوت بووه‌وه و جه‌ماوه‌ری نه‌ما..
قادر ره‌شید "ئه‌بو شوان" وه‌ک کادرو سه‌ركرده‌یه‌کی دێرینی حزبی شیوعی له‌م دیمانه‌یه‌دا له‌سویده‌وه باسی ئه‌مرۆ و دوێنێی حزبی شیوعی ده‌کات جارێكی تر له هه‌ندێك ورده‌كاری شه‌ری پشت ئاشان ده‌دوێت باردۆخی ئه‌مرۆی حزبه‌که‌ی ده‌خاته ئه‌ستۆی هه‌موو سه‌رکردایه‌تی شیوعی.
رزگار ره‌زا چوچانی: سه‌ره‌تای ساڵانی دوای راپه‌ڕین حیزبی شیوعی رۆڵ و پێگه‌ی له گۆڕه‌پانی سیاسی كوردستاندا به‌هێزبوو، ته‌نانه‌ت ئه‌وكات ده‌نگێكی كارای خه‌ڵكانی ناڕازی و توڕه بوو، به‌ڵام دواتر ئه‌و رۆڵ و پێگه‌یه‌ی نه‌ما، ئایا له‌وه‌دا سه‌ركردایه‌تی حیزب چه‌نده خه‌تاباره؟ بۆچی؟
قادر ره‌شید: کێشه‌ی زۆربه‌ی حیزبه شیوعییه‌کان له‌وه‌دایه که باوه‌ڕیان به زۆر شت هه‌یه، ته‌نیا گۆڕان نه‌بێت! له کاتێکدا که گۆڕان کڕۆکی مارکسیزمه.
له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه حشک وه‌ک لایه‌نه‌کانی تر له شاخه‌وه گه‌ڕایه‌وه و جه‌ماوه‌ری خۆی هه‌بوو، ئه‌و کاته له گه‌نده‌ڵیی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه نه‌ئاڵابوو، ئه‌و سه‌دان کادێره به‌توانا و ڕۆشنبیرانه‌ی به‌جێیان نه‌هێشتبوو، چین و توێژ و فه‌رمانبه‌ریی له‌ناو حیزبه‌که‌دا دروست نه‌بووبوو، خه‌باتی چینایه‌تی ڕه‌ونه‌قی خۆی مابوو، موچه‌ی ماڵنشینیی و وه‌رگرتنی پارچه زه‌وی له ئارادا نه‌بوو، خاوه‌نی باره‌گای گه‌وره و ئه‌یارکۆندیشن و مۆنیکا و فه‌نتازییات نه‌بوو.. تد.
له‌دوای دروستبوونی حیزبی شیوعی کوردستانییه‌وه کۆمه‌ڵێک له کادێرانی به‌توانا و بیریارانی حیزب هه‌وڵیاندا گۆڕانکاریی له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه له‌ناو حیزب‌دا بکه‌ن و بیکه‌ن به حیزبێکی جه‌ماوه‌ریی و به ناو و شێوازی نوێ له فیکر و کرداردا بچنه ناو جه‌ماوه‌ره‌وه، به‌ڵام خۆپه‌رستیی و که‌لله‌ڕه‌قیی سه‌رکردایه‌تییه‌کان، بووه هۆی دورکه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو کادێر و ئه‌ندامه به‌توانایانه و ڕوتبوونه‌وه‌ی حیزبه‌که و کادێران بوون به فه‌رمانبه‌ر و خه‌باتیان له ناو جه‌ماوه‌ره‌وه گواسترایه‌وه بۆ ناو باره‌گاکان! کێ ئه‌و ڕاستییانه نازانێت؟ حاڵی ئه‌مڕۆی ئه‌و حیزبه، شاهیدی ئه‌و ڕاستییه تاڵانه‌ن.
له کاتێکدا ئه‌و کادێره گۆڕانخوازانه‌ی وازیان له حیزب هێنا و پارتی چه‌پیان دروستکرد و ڕژانه ناو شه‌قام و گۆڕه‌پانه‌کانه‌وه و داوای ئاو و کاره‌با و سوته‌مه‌نی و خزمه‌تگوزارییه‌کانیان ئه‌کرد، سه‌رکرده‌کانی حشک له باره‌گاکانیان و له‌به‌ر سپلیته‌ر و ئه‌یارکۆندیشندا خۆیان هه‌ڵخستبوو!
ئایا ئه‌وه پێویست به لێکۆڵینه‌وه و توانج ئه‌کات که کێ به‌رپرسه له‌و کاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ر ئه‌و حیزبه‌دا هاتووه و دێت؟
رزگار ره‌زاچوچانی: به‌شداری شیوعی به وه‌زیرێك له كابینه‌كانی پێشوو چه‌نده رۆڵی له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا هه‌بووه؟
قادر ره‌شید: با له ڕوانگه‌یه‌کی مێژووییه‌وه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌تان بده‌مه‌وه.
له ساڵانی شۆڕشی چوارده‌ی ته‌موزدا، حیزب سه‌دان هه‌زار ئه‌ندام و نزیکه‌ی یه‌ک میلیۆن لایه‌نگری هه‌بوو، به‌ڵام به‌شدارییکردنی به وه‌زیرێک له حکومه‌تی قاسمدا و خۆ که‌ڕکردن له دیکتاتۆریی قاسم، بووه هۆی ئه‌وه‌ی که ده‌یان دووبه‌رکیی تێبکه‌وێت و جه‌ماوه‌ره‌که‌ی لێ دوربکه‌وێته‌وه.
له ساڵانی به‌ره له‌گه‌ڵ حیزبی به‌عسدا له ساڵی 1973 و دواتر و به‌شداریی به دوو وه‌زیری بێ ده‌سه‌ڵات و خۆ که‌ڕکردن له کرده‌وه فاشیستییه‌کانی به‌عس، ئه‌وه‌نده‌ی تر جه‌ماوه‌رکه‌ی لێ دورخسته‌وه.
له ساڵانی ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌کیه‌تی له باشوری کوردستاندا و به‌شداریی به وه‌زیرێکی بێ ده‌سه‌ڵات و بێ ئه‌زمون له کابینه یه‌ک له دوای یه‌که‌کاندا و خۆ که‌ڕکردن له گه‌نده‌ڵیی، ئیتر هه‌ر به جارێک حیزب ئاوه‌ڕوت بووه‌وه و جه‌ماوه‌ری نه‌ما.
ئه‌وه سیاسه‌تی خۆهه‌ڵواسینی حیزب بووه به ده‌سه‌ڵاته هه‌مه‌جۆره‌کانه‌وه و تا ئه‌م چرکه‌یه‌ش وانه‌یه‌کی لێوه فێرنه‌بوون! تا ئێستاش عه‌وداڵی ئه‌و ڕێبازه‌ن، ئه‌وه‌ش خێروبێری بوونی وه‌زیرێکه له حکومه‌ته هه‌مه‌جۆره‌کاندا و پشتکردنه خواست و ئاواته‌کانی جه‌ماوه‌ر!
رزگار ره‌زاچوچانی: ده‌گوترێ سه‌ركردایه‌تی شیوعی كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌ری پارتی، ئایا هه‌یمه‌نه‌ی پارتی له‌سه‌ر شیوعی چه‌نده هۆكاری لاوازبوونیه‌تی؟
قادر ره‌شید: ئه‌وترێت شتێکه و دیارده‌کانیش شتێکی ترن.
خۆهه‌ڵواسینی هه‌ر حیزبێک به داوێنی ده‌سه‌ڵاته‌وه، ئه‌و "ئه‌وترێت" ـه له‌ناو جه‌ماوه‌ردا دروستئه‌کات. ساڵانێکه پارتی له پایته‌ختدا ده‌سه‌ڵاتی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه یه‌کیه‌تی بووایه که ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی له پایته‌ختدا هه‌بووایه، بێگومان ئێستا پرسیاره‌که به پێچه‌وانه‌وه ئه‌بوو.
به هه‌ر حاڵ باسه‌که لێره‌دا پارتی، یان یه‌کیه‌تی نیه، به‌ڵکوو ده‌سه‌ڵاته، بۆیه نه‌ک هه‌ر حیزبی شیوعی، به‌ڵکوو هه‌ر حیزبێک که پاڵبدات به ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌نده‌ڵه‌وه، ئه‌بێت چاوه‌ڕێی لاوازبوون و پوکانه‌وه بکات، ئیتر زوو بێت، یان دره‌نگ.
رزگار ره‌زاچوچانی: ئه‌نجامی ده‌نگی حیزبی شیوعی و چه‌په‌كان چۆن ده‌خوێنیه‌وه؟
قادر ره‌شید: گومان له‌وه‌دا نیه که ئه‌وترێت ده‌نگی چه‌په‌کان، ئه‌وا مه‌به‌ست له ئه‌و لیسته‌یه که پێی ئه‌وترا لیستی چه‌په‌کان، به‌ڵام له ڕاستییدا لایه‌نی تری چه‌پ هه‌بوو که به‌شدار نه‌بوو له‌و لیسته‌دا، بۆیه ئه‌بێت ئه‌وه بزانرێت که ئه‌و لیسته، لیستی هه‌موو چه‌په‌کان نه‌بووه و شکسته‌که‌شی شکستی بزوتنه‌وه‌ی چه‌پ نیه له کوردستاندا، به‌ڵکوو شکستی ئه‌و لایه‌نانه‌یه که دروێنه‌ی به‌رهه‌می هه‌ڵه کوشنده‌کانی خۆیان ئه‌که‌ن.
وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی پێشوو، تا ڕاده‌یه‌ک وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌شه.
رزگار ره‌زاچوچانی: به رای تۆ دوای ئه‌و ئه‌نجامه پێویست ناكات سكرتێری حیزبی شیوعی ئیستقاله بكات؟
قادر ره‌شید: ئه‌وه دیارده‌یه‌که ته‌نیا له ئه‌و‌روپا و وڵاته پێشکه‌وتووه‌کاندا هه‌یه و دوره له وڵاته ئیسلامیی و ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کانه‌وه، به‌ڵێ ئه‌وه دابونه‌ریتێکی دیموکراتییه و بۆ پێویستیی، به‌ڵێ پێویسته، به‌ڵام کێ ئه‌چێته جێی؟ ئایا ته‌نیا هه‌ر ئه‌و سکرتێره به‌رپرسه له‌و کاره‌ساتانه‌دا، یان ته‌واوی سه‌رکردایه‌تییه‌که؟
من لام وانیه که به لاچوونی سکرتێر، هه‌موو شتێک ئه‌گۆڕێت، چونکه گۆڕان هه‌ر گۆڕینی ده‌موچاو نیه، به‌ڵکوو گۆڕینی کار و کرده‌وه و پلان و بیر و بۆچوونه‌کان و سیاسه‌ته هه‌مه‌جۆره‌کانه.
رزگار ره‌زاچوچانی: ئه‌گه‌ر نه‌شتانه‌وێت سه‌رکردایه‌تی حزبی شیوعی بدرێته ده‌ست تۆ‌و ناچاربیت قبوڵی بکه‌یت چی ده‌که‌ی بۆ زیندوکردنه‌وه‌ی شیوعی؟
قادر ره‌شید: گرنگ نیه کێ ئه‌بێت به سکرتێری حیزب، گرنگ ئه‌وه‌یه که ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی که باسمکردن، بکرێن، که‌س ناتوانێت به‌بێ ئه‌و گۆڕانکارییانه، ئه‌و حیزبه بخاته‌وه سه‌ر ڕێچکه‌ی جارانی.
بۆ زانیارییشتان حیزبی شیوعی نه‌مردووه، تا زیندووبکرێته‌وه، به‌ڵکوو توشی نه‌خۆشییه‌کی سه‌خت بووه و باوه‌ڕیشم به‌وه پته‌وه که قه‌واعیدی حیزب هه‌ر وا ده‌سته‌وئه‌ژنۆ دانانیشن و چاوه‌ڕێی مه‌ڕحه‌مه‌تی ئه‌و سه‌رکردایه‌تییه ناکه‌ن گۆڕانکاریی بکات، له کاتێکدا که هه‌ر ئه‌وانن ئه‌و حیزبه‌یان به‌و ده‌رده بردووه.
- گێڕانی كۆنگره‌یه‌کی نائاسایی له‌م قۆناغه‌دا، پێویستییه‌کی مێژووییه و هێجگار سروشتییه، به مه‌رجێک به به‌شداریی هه‌موو ئه‌وانه بێت که ساڵانێکه بانگه‌شه‌ی گۆڕانکاریی و چاکسازیی له‌ناو حیزب‌دا ئه‌که‌ن و ساڵانێکه هۆشیاریی و ئاگاداریی ئه‌ده‌ن که ئه‌گه‌ر گۆڕان له حیزب‌دا نه‌کرێت، ئه‌وا حیزب به‌و ڕۆژه‌ی ئه‌گات که ئه‌مڕۆ تێی که‌وتووه.
- ئه‌بێت هه‌موو ئه‌و بیروبۆچوونانه‌ی هاوڕێیان که ساڵانێکه ده‌رباره‌ی چاره‌نوسی حیزب وتراون و ئه‌مڕۆ هاتوونه‌ته‌دی، سودیان لێوه‌ربگیرێت و خاوه‌نی ئه‌و بیروبۆچوونه ڕاست و دروستانه بانگبکرێن بۆ ئه‌و کۆنگره‌یه و به‌بێ مه‌رج، وتووێژی کار و خه‌باتی ئایینده بکرێت.
- سنور بۆ کار و ده‌سه‌ڵاتی ئۆرگانه‌کانی حیزب و به‌تایبه‌تییش سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی، دابنرێت و لێپرسینه‌وه و لێکۆڵینه‌وه له سه‌رچاوه‌ی کێشه و کاره‌ساته‌کان بکرێت و ئه‌وانه‌ی که به‌رپرسن له‌و کاره‌ساتانه، سزابدرێن، بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌و پروسێسه ببێت به پرینسیپ و که‌لتور له‌ناو حیزب‌دا و که‌س به ئاسانیی له به‌رپرسیاریی هه‌ڵه‌کان و کاره‌ساته‌کان ده‌رباز نه‌بن.
- ژماره‌ی باره‌گاکان که‌مبکرێته‌وه و شێوازی کارکردنی فه‌رمانبه‌ریی نه‌مێنێت و کادێران به کار و پیشه‌کانی پێشووی خۆیانه‌وه و له‌ناو جه‌ماوه‌ردا خۆیان خه‌ریکبکه‌ن و ڕۆژانه ئاگایان له ئێش و ئازار و پێویستییه ڕۆژانه‌ییه‌کانی جه‌ماوه‌ره‌که بێت.
- پاش ده‌یان ساڵ له تاقیکردنه‌وه‌ی شومی خۆهه‌ڵواسین به په‌راوێزی ده‌سه‌ڵاته‌وه، ئیتر کاتی ئه‌وه هاتووه له‌و جۆره سیاسه‌ته ماڵوێرانکه‌ره دوربکه‌وینه‌وه و وه‌ک جاران بچینه‌وه ناو به‌ره‌ی خه‌ڵکه‌وه. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نیه که له هه‌موو شتێکدا هه‌ر دژی ده‌سه‌ڵات بین، به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات کارێکی باشی کرد، ده‌ستخۆشیی لێبکه‌ین و ئه‌گه‌ر نه‌شیکرد، به شێوازی شارستانیی و دیموکراتییانه به‌ر ده‌رگای لێبگرین و داوای مافه ڕه‌واکانی خه‌ڵکه‌که‌ی لێبکه‌ین.
بێگومان سه‌دان کار و پلان هه‌ن بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و بارودۆخه‌ی که حیزبی تێکه‌وتووه و وه‌ک وتم ته‌نیا به یه‌ک که‌س ناکرێن.
رزگار ره‌زاچوچانی: له کتێبه‌که‌ت باست کردووه دوای شه‌ری پشت ئاشان له‌و کۆنفرانسه‌ی که‌کرا ویستویانه تۆ تاوانبار بکه‌ن که‌ریم ئه‌حمه‌د رۆڵی هه‌بووه له سه‌رنه‌گرتنی ئه‌و هه‌وڵه به‌ڵام دواجار ئه‌ویان عقوبه‌داوه بۆچی که‌ریم ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌ی قبوڵ کرد که ده‌یزانی هه‌ڵه‌کانیش له‌کوێدا بوون؟؟
قادر ره‌شید: ئه‌و باسه به‌و جۆره نیه. که‌ریم ئه‌حمه‌د له‌سه‌ر داکۆکیی له من سزا نه‌درا، به‌ڵکوو له کۆبوونه‌وه‌ی ل. م له سێڵوێ له کوردستانی ئێران، له‌سه‌ر ئه‌وه سزادرا که له گه‌ڵ مام جه‌لال په‌یمانی ڕاگرتنی شه‌ڕی پشتئاشانی ڕاگه‌یاند، له کاتێکدا ئه‌و دیل بووه و بۆی نه‌بووه ئه‌و بڕیاره بدات.
به ڕای من ئه‌و هه‌ڵوێسته دژ به هاوڕێ که‌ریم له ئه‌نجامی کێشه‌ی نێوان ئه‌ندامانی م. س بوو، به فرسه‌ت زانرا و سزای هاوڕێ که‌ریم ئه‌حمه‌د بده‌ن که چه‌ند ڕۆژێک بوو شه‌ڕی پشتئاشان کۆتایی هاتبوو. ئاشکراش بوو که له ئه‌نجامی لێنه‌هاتوویی مه‌کته‌بی عه‌سکه‌رییه‌وه 65 پێشمه‌رگه‌ی دێرین و زانا و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی ئاکادێمیی هه‌مه‌جۆره، به دیلیی کوژران. بێگومان به پله‌ی یه‌که‌م سکرتێری مه‌کته‌بی عه‌سکه‌ریی به‌رپرسی سه‌ره‌کیی ئه‌و کاره‌ساته بوو.
له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ی ل. م له سێڵوێ، ئه‌بووایه لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ سکرتێری عه‌سکه‌ریی بکرێت، به‌ڵام له‌جیاتی ئه‌وه، به‌رزتر کرا و مه‌سه‌له‌ی پشتئاشانیش پشتگوێخرا!
رزگار ره‌زاچوچانی: له‌دیداری بارزانی دوای شه‌ڕی پشت ئاشان تۆ چه‌ند دێڕێکت باسکردوه له کتێبه‌که‌ت به‌ڵام گومانی حیواری زیاتر هه‌یه له‌ودیداره چونکه تۆ له‌ناو یه‌کێتییه‌وه چوبویت و ئه‌وکاتیش شه‌روکوشتار له‌نێوان پارتی و یه‌کێتی هه‌بوو ئه‌و شتانه‌ی له‌و دیداره باس‌کراو تۆ نه‌ت خستۆته روو چین؟؟
قادر ره‌شید: ڕاسته له 12 /05 / 1983 له‌سه‌ر داوای هاوڕێ که‌ریم ئه‌حمه‌د و بانیخێڵانیی که هه‌رسێکمان دیل بووین له لای یه‌کیه‌تی و له‌سه‌ر داوای مام جه‌لال خۆی، له گه‌ڵی کۆبووینه‌وه و وایان به باش زا‌نی که من بنێرن بۆ ڕاژان بۆ ئه‌وه‌ی هاوڕێیانی سه‌رکردایه‌تی ببینم و بزانین کۆمیته‌ی ناوه‌ندی کۆئه‌بنه‌وه، یان نا.
کاک مه‌سعود و ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی، زانییان من گیراوم و هاتومه‌ته‌وه. کاک مه‌سعود داوای کرد بیبینم، له‌گه‌ڵ مه‌کته‌بی سیاسی و کاک مه‌سعو دانیشتم، کاک مه‌سعود پرسی بۆچی که‌ریم ئه‌حمه‌د بڕیاری ڕاگرتنی شه‌ڕی داوه؟ چه‌ندتان لێ کوژراوه؟ دیله‌کانتان چه‌ندن؟ له کوێ دیلکراون؟.. پرسیاره‌کان هه‌ر له‌و سنوره‌دا بوون.
رزگار ره‌زاچوچانی: ئه‌وه‌ت وتوه که بارزانی ره‌خنه‌ی له ئێوه هه‌بووه نه‌تان توانیوه شه‌وورۆژێک مقاوه‌مه بکه‌ن تا هێزی پشتیوانی پارتی تان پێده‌گات ئایا ئه‌م ره‌خنه‌ی بارزانی له ئێوه تاچه‌ند مه‌نتق بوو؟ ئه‌ی تاچه‌ند تائسیری له‌سه‌ر سومعه‌ی شیوعییه‌کان هه‌بوو لای پارتی و سه‌رکرده‌کانی و سه‌رکرده‌ی حزبه‌کان به‌گشتی؟؟
قادر ره‌شید: به‌ڵێ من به بارزانییم وت ئێوه بڕیارتاندا 1500 پێشمه‌رگه بنێرن و یارمه‌تیمان بده‌ن، که‌ستان نه‌نارد! له ڕاستییدا ئه‌وه ڕه‌خنه بوو، بارزانییش وه‌ڵامی دایه‌وه و وتی ئێمه ته‌سه‌ورمان نه‌ئه‌کرد که ئێوه به‌رگه‌ی دوو ڕۆژ شه‌ڕ ناگرن! ئێمه پێشمه‌رگه‌مان بۆ ناردن، به‌ڵام ئێوه پاشه‌کشه‌تان کردبوو.
سکرتێری مه‌کته‌بی عه‌سکه‌ریی له‌گه‌ڵم بوو، ئه‌و قسانه‌ی منی زۆر پێ‌ناخۆش بوو، به وه‌ڵامه‌که‌ی کاک مه‌سعود ناڕه‌حه‌ت بوو!
ئه‌و قسه‌یه‌ی کاک مه‌سعود، نه فه‌لسه‌فه بوو نه زانستی گه‌ردونناسیی، ڕاستییه‌کی تاڵ بوو، هه‌موو که‌سێک به ئاسانیی هه‌ستی پێئه‌کرد.
زنجیره‌ی شه‌ڕه‌کانی پشتئاشان و دوای پشتئاشان و به‌ده‌سته‌وه‌دانی خۆرنه‌وه‌زان، ئه‌و ڕاستییه تاڵانه‌یان ده‌رخست که سه‌رکردایه‌تی حشک و کۆمیته سه‌ربازییه‌کانی، که‌موکوڕییه‌کی زۆریان هه‌بووه و که‌سیش ناتوانێت ئه‌و ڕاستییانه بشارێته‌وه و تا ئێستاش تاکه که‌سێک له‌سه‌ر ئه‌و شکستانه سزا نه‌دراوه.
کاریگه‌ریی ئه‌و قسه‌یه‌ی کاک مه‌سعود له‌سه‌ر سومعه‌ی شیوعییه‌کان له لای سه‌رکرده‌کانی پارتی و لایه‌نه‌کان، ئه‌وه ئه‌توانن ئه‌و پرسیاره له خۆیان بکه‌ن!
www. nwche. net
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
