بۆ هەموو لایەن و کەسایەتی سیاسی و رۆشنبیری پێشکەوتنخوازو لایەنگری ئازادی سیاسی و ئازادیی بیروڕاو مافەکانی مرۆڤ!
وەکو ئاگاداربوون کە رۆژی ١٥/٩/٢٠١٠ لیژنەی لێکۆڵینەوەی کەیسی تیرۆری قوتابی و ڕۆژنامهنوس سەردەشت عوسمان کەلەلایەن سەرۆکی پارتیەوە کە سەرۆکی هەرێمیشە پێکهێنراوە، راگەیاندنێکی لەوبارەوە بڵاوکردۆتەوە کە نەك هەر سەرتاپای درۆو ساختەکاری و چەواشەکاریە، بەڵکو راستەوخۆ تۆمەتی بێبناغەی خستۆتە پاڵ سەردەشت عوسمان و وەکو هاوکاری گروپی تیرۆریستی ئەنسارولئیسلام تۆمەتباری کردوە. گوایە هەرئەوان لەسەر بەجێنەگەیاندنی بەڵێن و پەیمان تیرۆریان کردوە.
ئەم تۆمەتەی پارتی لە دژی سەردەشت نەك هەر سوکایەتیکردنە بەگیانی سەردەشت و غەدرێکی دیکەیە لە سەردەشت و خێزانە دڵشکاوەکەیان دەکرێ، بەڵکو سوکایەتیکردنیشە بەخەڵکی ئازادیخوازی کوردستان کە لەناوەوەو دەرەوەی کوردستان دژی تاوانی تیرۆری سەردەشت رژانە سەرشەقامەکان و پەنجەی گومانیان بۆ پارتی درێژکردو داوای ئەوەیان کرد کە دەبێ پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەو ئاشکراکردن ودادگاییکردنی تاوانباران لەلایەن دەزگای بێلایەن و لەژێرچاودێری نێودەوڵەتیدابێت، چونکە ئێمە و خەڵکی ئازادیخواز بەهەق پێشبینی داڕشتنی سیناریۆیەکی قێزەونی لەوجۆرەمان کردبوو! هەروەکو لەسەرێکی تریشەوە پەیامێکی خەتەری پارتیە لە دژی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان خۆیان؛ پەیامێکە بۆ سەرکوت و داپڵۆسین و کوشتن و تیرۆری خەڵکی نارازی لەدەسەڵاتی پارتی!
بۆیە ئێمە بانگەوازی یەك بەیەکی ئێوە دەکەین کە دژ بەم پیلانە قێزەونەی پارتی بۆ شکاندنی شەخسیەتی خوێندکارو رۆژنامەنوسی ئازادیخواز سەردەشت عوسمان و چەواشەکردنی کەیسەکەی و هێرش و پەلاماری نەخشە بۆدارێژراوی پارتی لە دژی ئازادی و لەدژی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دەنگ هەڵبڕن و هەموومان پێکەوە ئەو پەیامە بەپارتی رابگەیەنین کە ئەو ملهوڕیەتان لێقبوڵ ناکەین!
بابەردەم نوێنەرایەتیەکانی پارتی و حکومەتی هەرێم لە دەرەوە بکەین بەمەیدانی گەیاندنی ئەو پەیامە بە پارتی و بنەماڵەی بارزانی!
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان/ رێکخراوی دەرەوە
١٧/٩/٢٠١٠
Website: Tel: 0044 (0) 785 324 3011، _ Email:
www.hkkurdistan.org
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
