مێژوو ئەو پاڵەوانانە دروستی دەکات، کە ترسیان لەمەرگ نییە. سەردەشت، مێژوویەکی نوێی دروست کرد. هەزاران کەس هاتنە سەر شەقام بۆئەوەی بڵێن" ئێمە هەموومان سەردەشتین"! خۆپیشاندان هەموو شوێنێکی لە کوردستانی عێراق و لەدەرەوەی ولات گرتەوە و سەدان کەسیش وێنەی سەردەشتیان لەپایتەختی ولاتانی دنیا بەرزکردەوە و دەیان کۆرو سمینار بەسترا و جەماوەری کوردستانیش داوای دەست لەکار کێشانەوەی وەزیری ناوخۆیان کرد.
بەو هۆیەوە کە ئێمە لەسەردەمی جەنگەڵدا دەژین، ئەوە ڕاستییەکی ئازاردەرە، کەدەبێ بەناچاری خوین بڕژێ و زیندوەکان ببنە قوربانی، بەرلەوەی هەزاران کەس مشتەکانی خۆیان بەرزکەنەوە، تا هەڕەشەی بکوژان ڕابگرن و دزهکان دەست لەتاوانەکانیان هەڵگرن!. ناچاریە و دەبێ سەردەشت تیرۆر بکرێ تا جەماوەر بۆ خواستی ئازادی ببزوێ! ناچاریە و پێویستە، تا ڕەوڕەوی مێژوو بەسەر جەستەی زیندووی پاڵەواناندا بەرەوپێشەوە بڕوات!
سەردەشت مێژوویەکی بەقەڵەم و بەژیان و خەونەکانی دروست کرد.. مێژووش ئەوانە دروستی دەکەن کەخەونیان هەیە.
بەرزانی خوایەک نییە ولەوانەیە وهک کەسێکی"عەوام" بیر لەکچەکانی بکاتەوە.
سەردەشت خەونی بەدانەوەی پاداشت بەدایک وباوکیەوە دەبینی. وەفاداری کوڕێک بۆ باوکێکی ماندوو کەڕۆژێک لەڕۆژان خەباتکاربووە و ئەویش خەونی بەڕزگاری لەستەمکێشی، لەدەست ناسیونالیزمی عەرەبی دەبینی، تا وولاتێکی سەربەخۆ بێتە کایەوە کەچی ستەمکێشی چینایەتی کوردانە بەبەرگ و زمانی کوردیەوە وبەبێ ڕەتوش و هەڵخەڵەتاندنی نەتەوەیی، شوێنی گرتۆتەوە.
سەردەشت خەونی بەیارمەتی دانی براکەیەوە دەبینی کەدەرچووی زانکۆیە و ئەویش وەک سەدان هەزار لاوای تر، ئارەزوی سەفەری بۆ هەندەران هەیە و خەون بەژیانی ئەوروپاوە دەبینێ. سەردەشت خەونی بەیارمەتی دانی خوشکەکەیەوە دەبینی تا ئەو ژیانە ببینێ کەلەپشتی دەرگای داخراوی ماڵەکەیانەوەیە، خەونی بەیارمەتیدانی دایکیەوە دەبینی کەگەڕان بەدوای چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانیدا، زەحمەتێکی هەر ڕۆژە بوو. بەهەق خەونەکانی سەردەشت سادە و واقعیی بوون، ئەو تەواوی چیرۆکەکەی بۆگێڕاینەوە، چیرۆکی سەرتاپای ژیان، چیرۆکی کۆمەڵگایەک کە هاولاتیانی لاوی ئیشێک نادۆزنەوە مەگەر ئەوەی بەزەیی وچاوی خواوەند پێیان ببەخشێ، وەیا لەخێزانی "خواوەند"دا لەدایک بووبن هەروەک ئەوەی سەردەشت ناوی لێناوە. کۆمەڵگایەک کەبیمەی خانەنشینی و فرسەتی کاری تیا نادۆزرێتەوە و ژنانی تیا سەرکوێر دەکرێ.
خەونەکانی سەردەشت تەواوی قوناغێکی مێژووییمان بەهەموو گەندەڵی و ڕاو وڕوتیەکانیەوە، بەشاردنەوەی ژنان لەماڵدا، بەخوێن ڕیژی و کوشتاری "سەرکردەکان"ەوە بۆ دەگێڕێتەوە. قوناغێک کەباوکی سەردەشت شان بەشانی ئەم"خواوەندانە" لەپێناو ئازادیدا جەنگا ودەستی لەهەموو خزمەتێکی خۆی هەڵگرت وکاتێکیش گەلای سەوز وەک باران بەسەر دەسەلاتداراندا باری خەڵکی لای ڕاستی خۆیان مایە پوچکرد، چونکە ئەمانە تەنها هەقیان بەمایە پوچکردنی خەڵکی لای ڕاستیی خۆیانەوە هەیە. بەلام لەمەدا نەک بەرزانی بەتەنها خۆی، بەڵکو هەموو ئەو سەرکردانەی کەسەنگەریان لەخەباتی شاخەوە گوێزایەوە بۆ خەباتی بانکەکان و بەخوێنی خەڵک بوونە عیفریت، بەشدارن.
خەونەکانی سەردەشت کەلەسێ ووتاردا بونەتە بەڵگە، لیستی خواستەکانی تەواوی کۆمەڵگای لەخۆگرتووە، کۆمەڵگایەک کە بەدوای بیمەی خانە نشینی و فرسەتی کار بۆ بێکاران و بیمەی تەندروستی بۆ نەخۆشانی بەسالاچوودا وێڵە. ئەمانەش ئارەزووەکانی نەوەیەکی لاوە کەبەرگری دەکەن ودەیانەوێت ژنان ئازاد بن! بۆچوونەکانی سەردەشت ڕۆشن و هەست پێکراوە و خەونەکانیشی تا ئەوپەڕی مەعقول و بەویژدانانەیە!
سەردەشتی خەوناوی بەئازادی نوسی وبەڕووخساری ئاشکرایەوە بەنێو شەقامەکاندا دەڕۆیشت چونکە زۆر بەسادەیی ئەو نوێنەرەوەی خواستەکانی هەموو خەڵک بوو. بەلام دوژمنانی سەردەشت کەبەچەک پارێزراو بوون و لەشوێنگەی میلیارات ملیار دۆلاردا دەژین، سەردەشتیان کوشت و ڕووخساری خۆشیان شاردەوە. چونکە هەقیقەتی خۆیان دەزانی: هەرچۆنێک حکومەتەکەیان بڵێت کەلیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی بکوژان پێکدەهێنین، بەلام دزان و بکوژان هەر خۆیانن! بەدڵنیاییەوە هەوڵی بکوژان هەرئێستا لەشاردا بۆ ڕاگرتنی وەزعەکەیە ونەهیچی تر.
پێدەچێت دەرسێک کەتائێستا بکوژان وەریان نەگرتبێت ئەوەیە کەبەشەریەت لەبیری ناچێتەوە، هەروەک چۆن کەجیڤارا مرد بەلام هەزاران جیڤارای مەترسیدار تر زیندووە، خەڵکی کوردستان نەک هەرتەنها سەردەشتیان لەبیرناچێتەوە بەڵکو ئیتر وەک پێشوو تر نابن. چونکە ئەوان پەیامی خۆیان بەخۆین نوسیوە و ڕاوەستانیان لەسەر زەوی ڕەق هەڵناکێشرێ، چونکە خەڵکی کوردستان هیچیان بۆ نەماوەتەوە، نەکار نەشوێنی حەوانەوە نە کەمێک دەرمان و نە کەرامەتی ئینسانی!
خەڵکی کوردستان لەڕووداوی تیرۆری سەردەشتدا پەیامی ڕۆشنی خۆیان لەناوخۆ و هەموو شوێنێکی ئەم دنیایەدا بەدەستەوە دا، ئەوان ئیلهامیان وەرگرت و ئەو دەرسەی لێفێربوون، کەنایانەوێت نموونەی ئەم ڕووداوە بۆجارێکی تر دووبارە ببێتەوە.
کوردستان ئیتر بەدوای تیرۆری سەردەشتدا وەک پێشوو تر نابێت، ئەوان بەڕاستگۆییەوە ووتیان" بێدەنگ نابین و تیرۆر نامان ترسینێ" ووتیان"بەڵێن بەخوێنەکەت سەردەشت کەئێمە کاروانەکەت درێژە پێدەدەین"، چیرۆکێک کەبەرزانی خاڵی کۆتاییەکەی دانانێ، بەڵکو جەماوەری وەدەنگ هاتوو دەینوسێتەوە!
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
