
یه‌کێک له هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌کانی پارتی ئه‌وه بووه، که قه‌ڵه‌مه بوێره‌کان بشکێنێت، وشیارترینی ناڕازی یه‌کان تیرۆر بکات، درۆ بکات، خه‌ڵک بترسێنێت، خزمه‌تکاریی سه‌مایه‌داران و ده‌زگا جاسوسی یه‌کانی ئه‌م وڵات و ئه‌و وڵات بکات، ... ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه ده‌ستپێنه‌کات، که چه‌ند که‌سێک به‌یه‌که‌وه پێی بڵێن ئێمه‌ش ئازا و بوێرین و ناترسین، ئێمه‌ش وشیارین و ئێوه چاک ده‌ناسین، ئێمه‌ش ده‌زانین ئێوه درۆزنن، ئێمه‌ش... !
ئه‌مه وای کردوه، که سه‌رانی پارتی له‌و دهسپێکردنهدا کۆتایی ببینن. ئه‌وان به‌ر له هه‌موو که‌س له‌وه دڵنیان، که مانه‌وه و به‌رده‌وامی ئه‌وان له‌سه‌ر ئه‌و پایانه وه‌ستاوه و ئه‌وا ئیتر ئه‌م ده‌نگه بوێر و وشیاره ده‌یه‌وێ هێڵه سووره‌کانی ئه‌وان ببه‌زێنێت و ببێت به چه‌ند که‌سێک و به ئاگری ئیراده و گه‌رمی بیروباوه‌ڕیان پایه سه‌هۆڵی یه‌کانی مانه‌وه و به‌رده‌وامی یان بتوێننه‌وه. هه‌ربۆیه هه‌میشه له‌سه‌ر ئه‌عسابن و (وه‌ک ئیسلامی یه‌کان) له وتارێکدا، له به‌یانێکدا، له موعته‌به‌ر بوونی که‌سایه‌تی یه‌کدا، له ئازایه‌تی یه‌کدا، له وشیار بوونه‌وه‌یه‌کدا، ئه‌و چاره‌نوسه دێته به‌رچاویان و به هه‌موو توانایان په‌لاماری ده‌ده‌ن.
مێژووی پارتی پڕه له‌و هه‌وڵانه و تا ئێستاش بۆی چوه‌ته سه‌ر: زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان له‌وه دڵنیان که پارتی نه‌زیر عومه‌ری کۆمۆنیست و ڕه‌وف ئاکرێیی کوشت و هیچ گومانیشیان له‌وه‌دا نی یه که چرا سه‌وزی بۆ تیرۆریسته ئیسلامی یه‌کان (به دیاریکراوی به فتوای مه‌لا به‌شیری ناو په‌رله‌مانه‌که‌ی خۆیی و یه‌کێتی و گۆڕان و ئیسلامی یه‌کانی تر) هه‌ڵکرد بۆ ئه‌وه‌ی ڕابه‌رانی ئاواره‌کانی که‌رکوک (شاپوور و قابیل) تیرۆر بکه‌ن. که‌س گومانی له‌وه‌دا نی یه، که پارتی ده‌ستی هه‌بووه له کوشتنی سۆرانی مامه حه‌مه.
به‌ڵام له کوشتنی (سه‌رده‌شت عوسمان) دا ئه‌و مێژووه دڵخوازه‌ی پارتی کۆتایی هات و مێژوویه‌کی تر ده‌ستی پێ‌کرد! مێژوویه‌ک، که به ڕاستی ده‌بێت، له مێژووی خه‌باتکردن بۆ ئازادی ڕاده‌ربڕیندا، وه‌ک خاڵێکی وه‌رچه‌رخان دابنرێت و له کالێندهرهکهیدا، وه‌ک ڕۆژێکی تایبه‌ت به (سه‌رده‌شت عوسمان) زۆر به گه‌شی دیاری بکرێت. چونکه به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌م گۆڕانه نه‌وعی یه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وردی و لێبڕاوی سه‌رده‌شت له دیاریکردنی ئه‌و زوعفهی پارتیدا و ته‌حه‌دا کردنێکی شۆڕشگێڕانه بۆ ئه‌وه‌ی ببێته تایبه‌تمه‌ندیه‌کی به‌رجه‌سته‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌رنجی لاوان بخاته‌وه سه‌ر ئه‌و پێداویستی یه‌ی که هه‌موو گۆڕان و شۆڕشێک قه‌رزاریه‌تی. ئه‌ویش (ته‌حه‌ددا کردن) ی سه‌رسه‌ختانه و بوێرانه‌ی وه‌سیله‌کانی ده‌سڵات و هێزه سه‌رکوتگه‌ره‌کانه بۆ ده‌سته‌مۆ کردنی ئینسانه‌کان، ئه‌ویش پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌وه‌یه که سه‌رکوتگه‌ران پێیان وایه ده‌توانن هه‌موو (ئینسان) ێک بۆ قازانجی خۆیان بکه‌ن به (خزمه‌تکار و کاره‌که‌ر و ماستاوچی و پیاوکوژ و درۆزن و دووڕوو و ترسنۆک و پیاوی ده‌رباره‌که‌ی خۆیان)
(سه‌رده‌شت عوسمان) توانی ئه‌وه وه‌بیر لاوان بێنێته‌وه، که تا جیاوازی له نێوان ژیانی ئینسانه‌کاندا هه‌بێت، تا سته‌م و سه‌رکوت هه‌بێت، ئه‌وا (ته‌حه‌ددا کردن) یش یه‌کێکه له مانا باڵاکانی ژیانی (ئینسان) . 08. 05. 2010
amang70@hotmail. de
