
ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر لیژنه‌ی پارێزه‌ریی رۆژنامه‌نووسانی نێو ده‌وڵه‌تی ڕاپۆرتێکی گرنگی له‌سه‌ر ده‌ستدرێژیه‌کانی ده‌کرێته سه‌ر رۆژنامه‌نووسان بڵاوکرده‌وه، تیایدا ره‌وشی ترسناکی پیشه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری له جیهاندا خسته روو و ئاماژه‌یدا به کوشتن و رفاندنی ده‌یان رۆژنامه‌نووس له ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابردوودا، له نێوڕاپۆرته‌که‌دا ده ڕه‌وشی هه‌لبژێردراو وه‌ك سه‌رسورهێنه‌رترین و ته‌مومژاویترین ده‌ستدرێژی جێگیرکراوه، ڕاپۆرته‌که باس له‌وه ده‌کات که ئه‌و ده ڕه‌وشه نه لێ پێچینه‌وه‌ی جیدی بۆ کراوه و نه‌هیچ ئه‌نجامێك له لێکۆڵینه‌وه رۆتینییه‌کانی ده‌سته‌به‌رکراوه، له نێو ئه‌و ده ڕه‌وشه‌دا باسی تیرۆکردنی سۆرانی مامه حه‌مه کراوه که ساڵی 2008 له که‌رکوك روویدا و ئاماژه‌ی به‌وه داوه که ئه‌م رۆژنامه نووسه له رێی نوسینه‌کانییه‌وه لایه‌نه نایاساییه‌کانی کاربه‌ده‌ستانی خستووه‌ته روو و بووه‌ته مایه‌ی مه‌ترسی بۆیان، سۆرانی مامه حه‌مه سه‌رقافڵه‌ی شه‌هیدانی کاروانی قه‌ڵه‌م نه‌بوو به‌ڵکو پێشتر بێ تاوانی دیکه‌ی زۆر له‌و بواره‌دا به‌هه‌مان شێوه‌ی ته‌مو مژاویی تیرۆرکراون و هیچ به‌دواچوونه‌وه‌یه‌کی هه‌ستپێکراویش بۆ که‌یسه‌که‌یان نه‌بیسترا، باسکردنی تیرۆری سۆران سه‌ره‌تایه‌کی دره‌نگ بوو بۆ به جیهانیکردنی باری ناهه‌مواری کاری مه‌ده‌نی سه‌ربه‌خۆ له نێو کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا.
هه‌واڵی تیرۆرکردنی رۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان برینێکی قوڵی نوێی کرده جه‌سته‌ی زامداری رۆشه‌نبیری کورده‌وه، ئه‌و رووداوه مه‌ترسییه‌کانی سه‌ر کاری سه‌ربه‌خۆیی میدیای کوردی پترتر کرد و که‌شێکی نائارامی لێ به‌رجه‌سته‌ده‌کرێ بۆ که‌نارخستنی ده‌ربرینی ئازاد و قه‌بوڵکردنی جیاوازییه‌کان.
شێوازی رفاندن و ته‌مومژی سه‌ر له ناوبردنی کاکه سه‌رده‌شت دوو گریمانه له‌خۆ ده‌گرێت، یه‌کێکیان په‌یوه‌سته به تایبه‌تمه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی تاکه که‌سی و ئه‌وی دیکه‌یان به هه‌ڵسوکه‌وتی تاکی ئازاد له نێو کۆمه‌ڵێکی به‌ره‌و دیموکراسی، هێماکان ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن که ئه‌و لاوه گرفتێکی کۆمه‌ڵایه‌تی قورسی نه‌بووه و هیچ سکاڵایه‌ك له دژی نییه بگاته ئه‌و ئاسته‌ی به‌و شێوه‌یه له ناو ببرێت، واته گریمانه‌ی دووه‌م نزیکتره بۆ باوه‌ر بوون به‌وه‌ی چالاکییه رۆژنامه‌وانییه‌که‌ی که تیایدا په‌رچدانه‌وه‌ی واقیعی سیاسی و ئیداری به‌رجه‌سته‌ده‌کرا بوو بێته هۆی له ناوبردنی، به‌ڵام چی که‌سێکی بوێر و توانایه‌کی لۆجیستیکی ده‌توانێت خۆی بدات له قه‌باره‌ی کارێکی ئاوه‌ها گه‌وره؟ دیاره به هه‌مو پێوه‌رێك هیچ تاکه که‌سێك له‌و ووڵاته بوونی نییه هه‌نده ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌هایی هه‌بێت که بتوانێت سه‌ربه‌خۆ بڕیارێکی ئاوه‌ها قورس بدات بۆ له ناوبردنی مرۆڤێکی رۆشه‌نبیر و بیکاته قوربانی هه‌ست و سۆزی تایبه‌تی خۆی بۆ لایه‌نێك یان ده‌سه‌ڵاتێك، هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ری بوونی به‌رنامه‌یه‌کی دارێژراو له‌سه‌ر ئاستێکی به‌رز نزیكتره بۆ بڕوابوون به ڕاستی شیکردنه‌وه‌ی تاوانه‌که، ئه‌و شێوازی رفاندنه بێ باکه و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی دراون بۆ کۆتایی پێهێنانی تاوانه‌که له‌و شوێنه هه‌ڵبژێردراوه له توانای تاکه که‌سێکدا نییه‌و ئه‌گه‌ره‌کان زیاتر یه‌خه‌ی ده‌سته‌یه‌کی به‌ده‌سه‌ڵاتی خاوه‌ن بڕیار ده‌گرێت.
له‌م ڕه‌وشه‌دا ئه‌م پرسیاره سه‌د جاره دووباره بووه‌وه دێته‌وه پێش، بۆ ده‌بێت ده‌نگی ئازاد و سه‌ربه‌خۆی رۆشه‌نبیران کوت و به‌ند بکرێت، ئاخر له هه‌مو سه‌رده‌مێك و شوێنێکدا رۆشه‌نبیران به تێکرای جیاوازییه‌کان داینه‌مۆی گۆڕانکاری و بزوێنه‌ری نوێبونه‌وه و گواستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵن بۆ قۆناغی پێشکه‌وتوتر، ئازادی ڕا ده‌ربرین و قه‌بوڵکردنی جیاوازیه‌کان ئه‌و مافه به‌و چینه ده‌به‌خشێ که به تێڕوانینی خۆیان روداوه‌کان شیکار بکه‌نه‌وه و په‌نجه بخه‌نه سه‌ر هه‌ڵه‌کان و ڕه‌وشه‌کان له چوارچێوه‌یه‌کی بابه‌تییانه هه‌ڵسه‌نگێنن، ئه‌مه‌ش له‌که‌شی چاو سورکردنه‌وه و سه‌پاندنی بیرۆکه‌ی دیکتاتۆریه‌تی دیموکراسییه‌ت مه‌حاڵه، هه‌ر کاتێك هه‌مو شتێك به ئاره‌زو وبه بۆچونی یه‌ك ڕه‌هه‌ند نوسرا ئه‌وا ئیتر پێویست ناکا باس له ئازادی و مافی تاکه که‌س و که‌شی دیموکراسی بکرێت، ئه‌مرۆ له ووڵاتمان ده‌بێ خه‌می توێژی رۆشه‌نبیران و به‌تایبه‌تیش گه‌نجان چی بێت؟، بۆچی باسکردنی که‌مو کورتییه‌کان و ده‌ڕبرینی به پێی باوه‌ری خاوه‌نه‌که‌ی تاوان بێت؟، ئه‌و توێژه مافی خۆیه‌تی به پێی بڕوای خۆی داوای باشکردنی بارودۆخی ووڵات بکات، مافی خۆیه‌تی داوای چاکسازی و نوێ بوونه‌وه بکات له په‌یکه‌ری سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی به‌و ئاسته‌ی که باوه‌ری پێیه‌تی، مافی خۆیه‌تی چاو ببرێته ڕێ و شوێنی هاوچه‌رخ بۆ ڕابه‌رایه‌تی میلله‌ت و پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کانی، ئه‌مانه خه‌می ئه‌و توێژه‌یه و ئه‌و خه‌مه‌ش ناکرێت به ئاره‌زوی ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ڕببرێت به‌ڵکو ئه‌وه مافه سروشتییه‌کان و به‌ها مۆڕالییه‌کانه ئه‌و مافه دیاری ده‌که‌ن بۆ تاك و رێکخراوه‌کان که به‌ئازادی خۆیان ده‌ری ببرن تا ئه‌و ئاسته‌ی کارنه‌کاته سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ومه‌ترسی نه‌بێت بۆ سه‌ر نیشتمان، ئێ خۆ ئه‌م توێژه و نمونه‌ی سه‌رده‌شت چی ترسێکیان هه‌بووه له‌سه‌ر ئاسایش و تاقیکردنه‌وه‌ی ووڵاتمان؟، سه‌رده‌شت پیاو کوژو بازرگانی تلیاك نه‌بوو، پاره‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌خواردبوو، زه‌وی وماڵی که‌سی داگیرنه‌کردبوو، فایلی گه‌نده‌ڵی نه‌بوو، سه‌ری هه‌ژارێکی کوردی نه‌کردووبووه دیاری بۆ دوژمنانی میلله‌ته‌که‌ی، ئێ بۆ ده‌بێت ده‌ڕبرینێك یان نوسینێك یان وتارێك یان به‌رهه‌ڵستکارییه‌ك که به‌دڵی لایه‌نی دیکه نه‌بوبێت بیگه‌یه‌نێته به‌و ئه‌نجامه تراژیدییه و به‌و شێوه نامرۆڤانه کۆتایی به ژیانی بهێنرێت!
به‌دوادا نه‌چوونی جیدی و نه‌بوونی لێکۆڵینه‌وه له لایه‌ن ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کانه‌وه بۆ هاوشێوه‌ی ئه‌م تاوانانه بووه‌ته پرسیارێکی دووباره بووی بێ وه‌ڵام، تا ئێستا ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌ی تیرۆرکردنی رۆوف کامل نه‌بیسترا هه‌ر وه‌ك چۆن ئه‌وه‌ی سۆرانی مامه حه‌مه و مامۆستا ستار دیزه به ده‌رخونه کران، سوتاندنی کتێبخانه‌ی نوسه‌ران و ئه‌شکه‌نجه‌دانی هه‌ندێکیان له‌سه‌ر ده‌ستی نه‌ناسراوان پرسێکی بێ ووڵامه، ئێ له‌و ووڵاته‌ی ئێمه‌دا هیچ شتێك نه‌زانراو نییه و نهێنییه‌کانی هه‌مو رووداوێك به خێرایی ده‌دۆزرێته‌وه و رونکردنه‌وه‌ی بۆ ده‌درێت، باشه بۆ ده‌بێت له ئاست نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسانی ئازاد گرێکان کوێر بن و نه‌کرێنه‌وه؟، ده‌بێ وه‌ڵام بۆ ئه‌م پرسیاره هه‌ستیارانه هه‌بێ، کێ پیلان گێره وکێ نه‌خشه دانه‌ره و کێ جێبه‌جێکه‌ری ئه‌م تاوانانه‌یه، ئاخر کاتێك ووڵامی ئه‌م پرسیارانه نه‌بێت ئه‌وا کاره‌ساته‌که گه‌وره‌تره و په‌ره‌سه‌ندنی ترسناکتر له خۆ ده‌گرێت، تیایدا کۆمه‌ڵ بێ متمانه ده‌بێت له ژیانی رۆژانه‌ی و ته‌نگه‌ژه‌ی بێ بڕوایی نێوان میلله‌ت و ده‌سه‌ڵات دروست ده‌بێت و ئاسه‌واری خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر ره‌وشی سیاسی گشتی و به‌رێوه‌بردنی ووڵات، ئه‌و نیشتمانه نیشتمانی هه‌موانه و به دوور له پله و پایه و ده‌ست رۆیشتویی ئه‌وا هه‌موان هاوبه‌شن له ئه‌رك و ماف، بۆیه چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵ مافی خۆیانه به‌دوای ده‌سه‌ڵاتێکی دادپه‌روه‌ره‌وه بن که داکۆك و پاره‌زێری هه‌موان بێت به‌بێ جیاوازی و ئه‌وساش ئه‌و توێژانه بێ دوودڵی متمانه‌ی خۆیانی پێ بده‌ن.
پرسیاری گرنگیش لێره‌دا ئه‌وه‌یه، پاش ئه‌م هه‌مو ره‌فتاره تۆقێنه‌رانه‌ی ده‌رهه‌ق به رۆژنامه‌نووسان و ووشه‌ی ئازاد ئه‌نجام ده‌درێت، ئایه لایه‌نه په‌یوه‌سته‌کان چ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌کیان ده‌بێت له ئاست قه‌باره‌ی تاوانی تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان و هاوشێوه‌کانی، ئایه ساندیکای رۆژنامه‌نووسان، یه‌کێتی نووسه‌ران، رۆشه‌نبیران به گشتی چی له هه‌گبه‌یاندایه بۆبه‌ر په‌رچدانه‌وه‌ی تاوانه‌که، ئایه داواکاری گشتی و وه‌زیری داد و وه‌زیری ناوخۆ چی هه‌نگاوێکی جییدی هه‌ستیار ده‌گرنه به‌ر بۆ وه‌ستاندنی شه‌پۆلی ده‌ستدرێژی له‌سه‌ر رۆشه‌نبیران به گشتی و رۆژنامه‌نووسان به‌تایبه‌تی.
