نووسەرە ناسراوەکان

شۆوینیەکی تەڵەکەبازی خەیاڵ فرۆش ... موعتەسەم نەجمەدین


لەم مەنزیلە بێدارەدا، لەم پایزە وشکە بێ رەونەقەدا، بەستەی خەیاڵم بە شێوەیەک چلورە بووە، ‌هەرچەند دەکەم سەرە داوەکانی ئاوازەم لە دەشتای نا هومیدیدا کۆکەمەوە، ئەڵقەو گەوەیان تێخەمەوە و لە بەرچاوی خوێنەری تێنو بە زانین و هەقیقەتی ڕانێم، دۆش دادەمێنم، بۆم شەن و کەو ناکریت و بۆم ناخریتە ناو چوارچێوەی لۆجیک و ئەقڵەوە.
گەردوونی بێ فەر وغەدار وای گاڵداوم، ئەم گیتیە وا چەکوشکاری لە هۆش و هزر و دەرونمدا کردوە، بە تروسکە هەقیەقت دەبینم، خۆم لە تەک خۆمدا مایل بە ناهومێدی و خەم دەبم.
لە هۆشدا ئەم کەتوارە چەندێک دەهێنم و دەیبەم و دەیخەمە ناو تەرازوی هزر و لۆجیک و لێکدانەوە بە پایەی زانست و توێژینەوە، شۆوینیەکی تەڵەکەبازی خەیاڵ فرۆش بێتە جێگای خاوەن زۆرێک، ستمەکارێک، بێگاری ئەم بۆ ئەو، بەرباری ئەم بۆ ئەو، چ دەستکەوت و سود و لەزەتێکی تیادایە، لەم کەشە بەژەدا چ سەوز دەبێت؟.
دروشم و پەیمانی سیاسەتمەداری ئاڵچاخ و کەتوەر و گەنە و گەوەزە و کەمتیار ماریفەت. بەرەو کوێ ماڵمان دەدات. ڕبە و گەزی چی، جاوی چی؟ مافی میللەتی بڕسی و ڕەجاڵ و خەونی قاچاخچی کوجا مەرحەبا.
گفت و بەڵێنی واڵا و بۆش، درۆی بێ رتوش، بنیادەم ناچار دەکات، لە پێناو ژیانکردندا دەست لە شۆوینزمی داگیرکەر پانکاتەوەو ئەویش بە ئارەزوی خۆی بیکاتە بەزم و یاری بە ئەقڵ و خەونەکانی بکات تا تەواو لە هۆش دایدەماڵێت.
ئەقڵی بەتاڵ و گاڵدراو بە کاڵفامی، کە یەکانگیری گەندەڵی و فەرمانرەوایەکی چەوت و بێ روومەت دەبێت، شەقامە رێی گەرانەوە بۆ ژیانی ژێردەستەی زۆر پان و بەرین و خۆش رەو دەبێت، لە کەتواردا ئەمە خەون و خەیاڵی هەموو دایگرکەرێکە.
ئەم کەتوارەیە خەمخانەی هۆش لە خووم دەگرێت، لە ناو جوغزی ناهومێدیدا خولمان دەدا، تلمان دەدا، سەرمان دەنات بە نائومێدیەوە.