کاتی ناشتنی ناسیاوێک له گۆڕستانێکی شاری کۆڵن، دۆستێک لێمی پرسی،" ئەو باڵتە درێژە کە خەریکە بەرەو ئێرە دێت، دەناسی؟" گوتم نا. ئەوجا گوتی"باڵتە درێژ، برای ئهو کهسهیه، کە ئێستا خەریکن دەینێژن، ئەو دووانە، سی ساڵە قسەیان لە گەڵ یەک نەکردووە!"
I
زۆر له زیندهوهران به مرۆڤهوه، ژیانی بهکۆمهڵیان ههیه. فەرهەنگی ژیانی بەیەکەوەبوون شوێن شوێنی جیهان دهگرێتهوه. بنەماڵە لەم کۆمەڵگایانە لە سەرووی تاکەوە حیسابی بۆ دهکرێ و گهورهی ماڵ، دەوری لە بڕیاردان له سهر ژیان و کاری ئەندامانی ماڵ هەیە. سهرپێچیکردنی منداڵ لە ئەمری دایک و باوک کێشەی لێدەکەوێتەوە و داپچڕان به هۆی زاڵبوونی ئاتۆڕیته و ترادسیۆن کەمتر ڕوو دەدات، لە بەر ئەوەی بنەماڵە و لەیەکگرێدراویی، هەتاهەتایی دەبیندرێن. فەرهەنگی ژیانی تاکە کەسی خۆی لە ئازادی و سەربەستی و بڕیاری تاکە کەس، سەبارەت بە ژیان و پیشە و هەر بڕیارێکی تردا، دەبینێتەوە.
لە ناو زۆربەی فەرهەنگەکان ترادسیۆن نڕخ و بایخی ناو بنەماڵە دیاریی دەکات. لە ناو بنەماڵەی ئایینی و باوکسالار، قورسایی ئابڕو و شەڕەف دەور دەگێڕێ. ئەگەر ئەندامێکی بنەماڵە لە دژی نۆڕمەکانی بنەماڵه بجولێتەوە، دەتوانێ ببێتە هۆی شەڕ و کێشە. گوێڕایەڵبوون و ڕیزدانان بۆ مرۆڤی بە تەمەن و دایک وباوک، وەک ئەرک لە وڵاتانی ئاسیا و ئافریقا دەزاندرێ و سەرپێچی کردن لەم سوننەتە، قهبووڵ ناکرێ.
جیلی نوێ، ئەگەر پایبهندی به نڕخ و بایخی جیاواز لەوەی لە ناو بنەماڵە باوە، نیشان بدات، وەک یەکسانی و ئازادی بڕیاردانی دوور لە ئاتۆڕیتە، کێشە ساز دەبێ. چاوەڕوانی دایک و باوک و بنەماڵە لە مەڕ پشتگیریی و یارمەتیدان بە بنەماڵە لە لایەن منداڵەوە، فەرهەنگی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئورووپا بووە و ئەگەر منداڵ ئەم بەرپرسیارەتییە بەئەنجام نەگەێنێت، دڕدۆنگی له یهک پێکدێت.
ئەو بنەماڵانەی وڵاتی خۆیان بەجێدەهێڵن، ڕووبەڕوی کۆمەڵگا و فەرهەنگ و سیستەمی جیاواز لە ژیانی خۆیان دەبن و تووشی تەنگ و چەڵەمە لە گەڵ منداڵەکانیان دێن، کە لەو سیستەمانەدا گەورە دەبن. دایک و باوک چاوەڕوانی ئەوەیان لە منداڵەکانیان هەیە کە پایبەند بە ترادسیۆن و دابونەریت و سوننەت بمێننەوە، لە کاتێکدا منداڵ فەرهەنگ و دابونەریت و ڕێوشوێنی ژیانی ئەو وڵاتە فێر دەبن و خۆیان لە گەڵ کۆمەلگا ڕادەهێنن و ژیانی خۆیان دەگرنە بەر.
لە ناو ئەو بنەماڵانەی جەخت لە بەردەوامی نۆڕمی بنەماڵە بە شێوەی پێشوو دەکرێ، چارەی کێشە لە ڕێگای نێونجیکەرەوە ئەنجام دەدرێ. بۆ ئەم مەبەستە کەسانی بەساڵاچوو، کەسانی ئایینی و کورد گوتەنی "ڕیش چەرمگ" دەور دەگێڕن. بەڵام لە ناو کۆمەڵگای پشت ئەستوور بە ئازادی تاک، سەرنجی سەرەکی، دەدرێتە گفتوگۆی نێوان کەسان. لە ناو خەڵکانی کۆمەڵگاکانی خاوەن ڕابوردوو، داب و نەریت و ڕێوڕەسمی تایبەت بۆ ئاشتبوونەوە هەیە، وەک بانگکردن بۆ خواردنی بەیەکەوە، بەشداری لە ڕێوڕەسمی ئایینی، بۆنەی نەتەوەیی، بەخشینی دیاریی بە یەکتر.
II
لەم سەردەمە سەربەخۆبوونی تاک و پێڕاگەیشتن بە خۆ، بایخی زۆرتری پێدهدرێ، ههتا بەرپرسایەتی لهحاند بنەماڵە و ئەندامانی. هەر جیل و بەرەیەکی مرۆڤ چاوەڕوانی و تێگەیشتنی خۆی لە ژیان هەیە و زۆرجار نڕخ و بایخ و ئارمانج و مەبەستی جیلهکان یهک ناگرنهوه و ئهوهش زۆرجار دەبێتە هۆی بوونی گرژیی و ئاڵۆزیی و دهنگ لهیهک گۆڕین.
کاروپیشە و شانسی پەیداکردنی کار و مەیلی سەربەستی و ژیانی دوور لە دەستتێوەردانی ئەم و ئەو، دووریی لە زێد و بنەماڵەی لێدهکهوێتهوه و پێوهندیی سروشتی نێوان کهسان تووشی سستی دهکات. ئەم دوور کەوتنەوەیە، دیدار و یەکتر دیتنی بەردەوام ناگونجێنێ، هەرچەند زۆر جار ئەم دیدارانە لە یەک شار و یەک گوندیش سەر ناگرێ. سۆسیال مێدیا بۆته هۆی گرێدانی مکانیکی کەسان، بەڵام نزیکایەتی ڕاستەقینە بە شێوەی سروشتی پێکناهێنێ. کەمترین پێوەندیی ڕاستەقینە و زۆرترین پێوەندیی سۆسیال مێدیایی، سەرسەری و ڕووکەشیانە دەمێنێتەوە و گرفتی نوێ دەخوڵقێنێ.
پێشتر کەسانی بە ساڵاچوو لە گەڵ منداڵەکانیان بە یەکەوە دەژیان و دایەپیرە و باوپیرە و نەوە و نەتیجە بەیەکەوە بوون. ئێستا زۆر لە دایەپیرە و باوەپیرەکان بە تەنیا دەژین. یەک له هۆیهکانی ئەوەیە کە ئەم کەسانە لە بواری ئابووریی سەربەخۆن و پێویستی مادیان نییه، ڕهنگه بۆ زۆر لهو کهسانه، ماڵی پیران جێگای چهشنێک له بنهماڵهی گرتبێتهوه.
بنەمای تێگهیشتن له بنەماڵە تووشی گۆڕان هاتووه و خۆدەربازکردن لە ژێر ئاتۆریتە به شێوهی کلاسیک ڕوو له زیادبوونه. ئهم گۆڕانه تێگهیشتنی گهرهکه و تێگهیشتنی سهرسهری و ڕووکهش و ئامادهنهبوون بۆ قهبووڵی ئهم گۆڕانکارییانه، گرفتی نێوان کهسان و ئهندامانی بنهماڵه دوور له چارەسەری دههێڵێتەوە.
III
لایەنی دەروونی و پسیکۆلۆگیی، گرنگی تایبەتی هەیە، هەرچەند کەمتر باس دەکرێ. زۆر کەس بە دەگمەن ئاوڕ لە تاکی خۆی دەداتەوە و گرفتی تاکهکهسی خۆی نابینێ یان نایەوێ بیبینێ. بەشیک لە گرفتی تێنەگەیشتن لە یەکتر، لێرەوە سەرچاوە دەگرێ. ئێمە کەسی بەرانبەر دەبینین و دەیخەینه ژێر چاوەدێریی و ڕهخنه، بەڵام ئەم کارە لە گەڵ خۆمان ناکەین. کێشەی ناو بنەماڵە جار هەیە دەگاتە بریندارکردنی قووڵی هەست و دەروونی یەکتر. بێدەنگە لێکردن و سپاردنی چارهسهریی بە کاتی نادیار، قووڵترکردنەوەی گرفتی لێدەکەوێتەوە.
کۆمەڵێک کەس لە بەر هەستی خۆپەسەندی، ماتڵ دەبن ههتا کەسی بەرانبەر هەنگاو بۆ ساخکردنەوەی پێوەندیی و لێبوردوویی هەڵبهێنێتهوه، ئەگەر ئەوە نەکرا، دابڕان بهردهوام دهمێنێ و نێوان ناخۆشی قووڵتر دەکرێتەوە. داپچران لە یەک بە درێژایی ساڵان ئەو هەستە قایمتر دەکات کە کەسەکان هیچ شتێکی هاوبەشیان لە گەڵ یەک، نەمابێ و هەستی نەویستبوونی یەکتر تێیاندا قووڵتر بووبێتەوە و بەو ئاکامە گەیشتبێتن کە تێگەیشتنیان بەرانبەر بە مرۆڤ، مرۆڤایەتی و بنەماڵە له یهک دووره و ناتوانن یهکتر بگرنهوه. ئهمه به مانای دهرگاداخستن له گفتوگۆ و دیالۆگه.
تاقیکردنەوەی سەردەمی منداڵی، دەوری بهردهوام لە ژیان و کەسایەتی هەر کەسێکدا دەگێڕێ. ئەگەر منداڵ، لە ناو بنەماڵە تووشی کێشە و ئازاریی دەروونی و جەستەیی کرابێ، ئاکامی لە سەردەمی لاویەتی و دواتر لە هەست و هەڵسوکەتیدا دەمێنێ، تا ئەو کاتەی ئاگابەخۆ ئاوڕ لهو ڕابوردووە بداتهوه. لە شانۆ و شانۆپێداگۆگی تەکنیکی گەڕانەوە بۆ ڕابوردوو بەکاردەهێندرێ بۆ دابڕان لەم تاقیکردنەوانە.
گەلێک لە ناخۆشییەکانی ناو بنەماڵە بە هۆی خراپ حاڵیبوون لە یەکتر، ڕووننەکردنەوە و هەرواهێشتنەوەی گرفت، پێکدێت و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی دیواری نێوان کەسان. هێندێک کەس پێوەندیی خۆیان لە گەڵ کەسان لە بەر هەست بە خەتاباربوون و شەرم، دەپچڕێنن و دوور لە چارەسەرکردنی گرفت، خۆیان دەخەنە دۆخێکی نالەبار کە ڕەنگە تا کۆتایی ژیان درێژە بێتهوه. ئەم کەسانە زۆرتر ئازار بە خۆیان دەگەێنن.
IV
مرۆڤ چ بخوازێ و چ نەخوازێ، گرێدراوی گۆڕانکارییەکانە. تێگەیشتن لە گۆڕانکارییەکان یارمەتی تێگەیشتن لە گرفتی هەمە لایەنی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، دهروونی و چەشنی ژیانی سەردەم و ئاڵوگۆڕەکان دەدات. سەردەمانی پێش، بنەماڵە گرنگترین بەشی کۆمەڵگا بوو، چەند جیل بە یەکەوە دەژیان و ئاگایان لە یەکتر بوو. ئەوە فۆڕمی سەرەکی بنەماڵە بوو، کە گرێدراوی دابونەریت و ڕێوشوێن بوو. ئەمڕۆ خوێندن، کار، وێرانی ژینگە، شەڕ، سیاسەت و گەلێک هۆی تر، دهبنه هۆی ههڵکهندن لە شوێنی پێشوو. پێکهێنانی بنەماڵە و ژن و ژنخوازیی، جێگای خۆی داوە بە ژیانی هاوبەشی دوور لە قەولنامەی ئایینی و ئیداریی. کۆمەڵگای فرەخوازی سەرمایەداریی کە خۆی لە کاری زۆر و دەرامەتی زۆردا دەنوێنێ، پهرهی به تاکژینی داوه و وزە و بیرکردنەوەی تاکی لەخۆ گرتووە و کاتی بۆ بنەماڵە و بهیهکهوه ژیان نههێشتۆتهوه. ئەم سیستەمە جیهانییە به تێکدانی بنهماڵهی گهوره، بهرههمی کارخانهکانی خۆی به زیادبوونی تاکژینی چهند قات کردووه و گرفتهکانی ناو بنهماڵهی قووڵتر کردۆتهوه که خۆی لهم خاڵانهی خوارهوهدا دهبینێتهوه:
- کهسانێک توانایی دانپێدانان بە هەڵە له خۆیان نیشان نادهن. ئەو کەسانە زۆر جار ئاوا بیر دەکەنەوە ،، بۆچی من دەست درێژ کەم؟ خەتابار کەسی بەرانبەرە!،، ئەم من من کردنە، ناگاتە سەرئانجامی چارەی گرفت.
- ئەگەر کەسێک پێشتر شکاندرابێتەوە، هەستی بریندار کرابێ، ئەو ترسە بۆی تازە دەبێتەوە کە دیسان تووشی تاقیکردنەوەیەکی هاوچهشن بێتەوە. ئەمهش دبێته هۆی سستی بۆ هەنگاو هەڵهێنانەوە.
- هەموو کەس فێرنەبووە ئاشکرا باس لە هەست و گرفتەکانی دەروونی خۆی بکات. زۆر کەس بێدەنگی هەڵدەبژێرن و ناڕاستەوخۆ بێزاری و توڕەیی هەڵدەڕێژن و ڕێگای دوورەپەرێزی لە جیاتی ڕاستگۆیانە و ئاشکرا باسکردن و دەربڕینی بیر وهەست، دهگرنه بهر.
- لە کێشەی نێوان کەسان، تەنیا یەک ،،ڕاستی و حەقیقەت،، بەدی ناکرێ. هەر کەس لێکدانەوە و بۆچوون و گۆشە نیگای خۆی لە سەر کێشە و ڕووداوەکان هەیە، ئهوه ههر دوو لایهنی کێشه دهگرێتهوه. دوور لە قەبووڵی کەسی بەرانبەر و لەیەک تێگەیشتن، چارەی گرفت، ناکرێ.
- کێشەی نێوان کەسان و ئەندامانی بنەماڵە کە خۆی لە قووڵایی منداڵی کەسەکاندا دیتبێتهوه، به هۆی دانهبڕان له ڕابوردوو، تازه دهبێتهوه و پێش به تێگەیشتن و لێبوردوویی لهمهڕ سازکردنی ژیانێکی تازە و پێوەندییەکی نوێ دەگرێ.
- جار هەیە ئەو کەسەی کێشەکە دەنێتەوە، ئەندامی دەرەوەی بنەماڵەیە، وهک دۆست، هاوڕێ، هاوژین، خزم کە دەبنە هۆی داپچڕانی پێوەندیی نێوان ئەندامانی بنەماڵە، جیا لهوه کۆمەڵگا، سەردەم، فۆڕم وچەشنی ژیان، دەبنە هۆی ئاڵۆزی، کە دەبێ تاوتۆ بکرێ و ئاگابەخۆ مامەڵەی لهگهڵدا بکرێ و به بێدهنگی نهسپێردرێ.
- زۆر کەس پێیوایە تێپەڕینی کات دەبێتە هۆی چارەسەریی گرفت. بەڵام چاوەڕوانی، قووڵبوونەوەی گرفتی له دوایه. گرفت لە خۆیەوە چارە ناکرێ.
- ئەو کەسانەی، ناتوانن و نایانەوێ لێبوردوو بن، وا بیر دەکەنەوە کە ئەگەر ئەو کارە بکەن، خۆیان بچووک کردۆتەوە و ملیان بۆ ناحەقی کەسی بەرانبەر دانەواندووە. ئەم چەشنە لە تێگەیشتن چارەسەریی لێناکەوێتە.
- لە هێندێک حاڵەتدا هەستی گرێدراویی لە نێوان کەسان بەدی ناکرێ. پێوەندییگرتن بۆ کەسەکە گرنگ نییە و بە نیازی خۆی و بە پێویستی نازانێ، حەول بۆ چارەسەری گرفتەکە بدات، ئهو کهسانه بهردهوام تهنیا دهمێننهوه.
- ئەو کەسەی لە ناو بنەماڵە بەردەوام سەرکۆنە کرابێ، کۆنترۆڵ کرابێ، بە حیساب نەهاتبێ و بە شێوەی جیاواز دەروونی بریندار کرابێ، مەیلی بۆ دابڕان لە بنەماڵە و ئەندامانی زۆرتر دەبێ.
- هێندێک کەس دوورهپەریز دەمێننەوە لە هەڵئایساندنی شەڕ و کێشە و دەمەقڕە، لە بەر ئەوەی نایانەوەی هەستی ناخۆش بە سەریاندا زاڵ ببێ. ئەوانە لە جیاتی پیشخواردنەوە و مانەوە لە ناو ئەو دۆخە، دوورکەوتنە و دابڕان لە بنەماڵە هەڵدەبژێرن.
- هێندێک کەس ئەوە لە خۆیاندا نابینن و نایانەوێ بەردەوام خۆیان لە پێستی ئەویتردا ببیننەوە. هەر بۆیە لایان دەبێتە گرفت هەڵسوکەوتی خۆیان بە پێی ڕەزایەت و ویستی ئەویتر ڕێکبخەن.
- لە هێندێک بنەماڵەدا، دەور و ڕۆڵی چەقبەستوو و نەگۆڕ هەیە کە خۆی لە جیاوازی دانان لە ناو منداڵ دادەنێ، ئەمەیان سوورگوڵی دایە و بابەیە و ئەویتر بزنە بۆر، بزنە ڕەش، بزێو و سەروڕۆیە. ئەم تێگەیشتنە جیا لە لایەنی دەروونی لە درێژخایەن، کێشە و دوورکەوتنەوە لە بنەماڵەی لێدەکەوێتەوە.
- کەرسەی دژیتاڵی بە هەر دوو باری خاس و خراودا، دەتوانێ لە سەر هەڵسوکەوت و پێوەندیی نێوان کەسان کارتێکردنی هەبێ. سۆسیال مێدیا و سەرجەم کەرەسەکان، پێوەندیی مەجازی نێوان کەسانیان لە ڕێگای دوورەوە هاسان کردۆتەوە، بەڵام سۆسیال مێدیا و پلاتفۆڕمی مەجازی ناتوانن جێگرەوەی پێوەندی و گفتوگۆی سروشتی نیوان کەسان بن و چارەسەری گرفتەکان بکەن و زۆر جار دەبنە هۆی سازبوونی گرفتی نوێ و چاوەڕوانی کەسان لە یەکتر چارەسەر ناکا و پرسیاری نوێی بێ وڵام دەخوڵقێنێ و تێگەیشتنی سەرسەری و ڕووکەش زیاد دەکات.
V
هەڵسوکەوتی ڕاستگۆیانە و ئاشکرا و گفتوگۆی دوور لە قامک لە چاوی یەکتر ڕۆکردن، لایەنگری نواندن و حەولدان بۆ تێگەیشتن لە هەست و چاوەڕوانی کەسی بەرانبەر، هەست بە بەرپرسیارەتیکردن و دانپێدانان بە خەتا لە جیاتی بەردەوام کەسی بەرانبەر خەتابارکردن، چاوەڕواننەکردن بۆ هاتنی ،،کاتی گونجاو،، و هەڵهێنانەوەی هانگاوێکی ساکار بۆ وێنە ناردنی پەیام یان پێشنیاری یەکتر دیتن یان هەر ڕێگایەکیتر، لێبوردن و خۆ خەلاس کردن لە پێناو هێمنی و ئارامشی خۆت و کەسی بەرانبەر و خۆ ڕزگارکردن لە گێژاوی مێشک و دەروون و خۆ ئازادکردن لە بەندی هەستی ئازاردەر، ڕێگا چارهی گرفتهکانه.
ڕێگا چارە، گرێدراویی ویست و خواست و ئامادەبوونی هەر دوو لایەنە. مرۆڤ دەتوانێ بە گوتنی ڕستەیەکی ساکار گۆڕان پێک بێنێ. لە جیاتی پێشداوەری، گلهیی کردن و خەتابارکردن، دهکرێ گفتوگۆ، قسهکردن، ڕێزگرتن له هەست و تێگەیشتنی یهکتر ببێتە مەبەست. ئەوە ڕوونه، سازکردنی پێوەندیی سەرلەنوێ، کات و سەبر و حەوسەلە، بەردەوامی و تێگەیشتن لە یەکتر و قەبووڵی تایبەتمەندی یهکتری، گهرهکه. بێگوومان ڕاوێژی پزیشکی و مێدیتاسیۆن لە کاتی قووڵبوونەوەی کێشەی نێوان کەسان، سوودی هەیە و نابێ پشتگوێ بخرێ.
منداڵ، کچ و کوڕ لە ناو بنەماڵە ئهگهر تووشی ئازاری دەروونی، جەستەیی، جینسی بووبێیتن، مافی خۆیانه پێوهندیی له گهڵ بنهماڵه بپچرێنن. لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرپرسیاریی و ئاگالێبوونی ئەو کەسانە، ژن و منداڵ و لاوانی ژێر هەژدە ساڵ، دەکەوێتە ئەستۆی دەزگاکانی دەوڵەتی و دەزگاکانی مەدەنی لە ژێر چاوەدێریی دەزگاکانی دەوڵەتی.
VI
کورت مارکس Kurt Marx ساڵی ١٩٢٥ لە شاری کۆڵن له دایک بوو. ساڵی ١٩٣٨ لە جەنگەی شەڕی دووهەم لە تەمهنی سێزدە ساڵان لە تەک کۆمەڵێک منداڵی تر سواری قەتار کران بۆ ئەوەی نهکهونه دهست نازییهکان. بریتانیا ئەو کات ئیزنی به منداڵانی جوو دهدات بچنه ئهو وڵاته. دایک و باوکی کورت پاش ڕۆیشتنی ئەو، دەستەبەسەر کران و لە ئوردوگای نازییەکان کوژران . لهم ڕۆژانهدا(فوریەی ٢٠٢٥) کورت مارکس پاش تێپەڕبوونی ٨٥ ساڵ، بۆ یەکەمجار گهڕاوه شاری کۆڵن. له گۆڕستانی جوولهکهکان هیچ نیشانهیهک له دایک و باوکی نهبوو! کورت له ڕێگای ڕادیۆی شاری کۆڵنهوه، وردەکارییەکانی ژیانی خۆی هەتا ئهو کاتهی بۆ ههمیشه وڵاتهکهی بهجێهێشت، گێڕایهوه. بهسهرهاتی کورت مارکس دهیسهلمێنێ، که تاقیکردنهوهکانی مرۆڤ له ناو ناچن. ئازاری ٨٥ ساڵ دوورکهوتنهوهی ئهو له بنهماڵه ساڕێژ نهکرا. مارکس له کۆتایی وتوێژهکهیدا دهلێ" ژیان دهرفهتی گهڕانهوهی دووبارهم پێنابهخشێ!"
ژیان چرکهیە، هەیە و نییە! چرکەکان بەفیڕۆ نەدین!
برایم فەڕشی
٣/٣/٢٠٢٥
* Marshall B. Rosenberg – „Gewaltfreie Kommunikation“
* Desmond Tutu – „Das Buch des Vergebens“
* Gary Chapman & Jennifer Thomas – „Die fünf Sprachen der Entschuldigung“
* Brené Brown – „Verletzlichkeit macht stark“
* Jesper Juul – „Vier Werte, die Kinder ein Leben lang tragen“
* Joshua Coleman – „Rules of Estrangement: Why Adult Children Cut Ties and How to Heal the Conflict“
* Tina Gilbertson – „Reconnecting with Your Estranged Adult Child“
* Harriet Lerner – „The Dance of Connection“