لە ژێر رۆشنایی خۆپیشاندانی رەوەندی ئێرانی لە ٨ی فێبرایری ٢٠٢٥ لە پاریس
نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
خەڵکی ئێران لە مانگی رێبەندانی ساڵی ١٩٧٩ توانیان رژێمی پاشایەتیی محەممەدڕەزا پەهلەوی بڕوخێنن و تۆوی یەکەمی خەباتیان لەدژی دیکتاتۆرییەت بچێنن. بەڵام زۆری نەخایاند دیکتاتۆرییەکی سامناکتر سێبەری خۆی بەسەر ئێراندا سەپاند و نەیهێشت خەڵکی ئێران بگات بە ئامانجی کۆتایی خۆیان کە بریتییە لە نەمانی دیکتاتۆرییەت لە وڵاتەکەیاندا.
هەرچەند خەڵکی ئێران برینیان لەسەر جەستەیە، بەڵام کۆڵیان نەداوە و چاویان لە کەسانیتر نەبڕیوە بۆ ئەوەی "سەربەخۆیی و ئازادی"یان بۆ بەدیاری بهێنن! چونکە پێیان وایە ئەوان خۆیان هێزی سەرەکین لە بەرەکانی جەنگ و بەرەنگاربوونەوەدا. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی لە ماوەی ٤٦ ساڵی رابردوودا درێژەیان بە خەباتیان لە دژی دیکتاتۆرییەت داوە و وەک "شاخەوانێکی ماندوویینەناس"، هەمیشە چاویان بڕیوەتە "لووتکە".
ئەگەرچی خەڵکی ئێران دیکتاتۆرییەتی پاشایەتییان بۆ هەتا هەتایە لە وڵاتەکەیان رووخاندووە، بەڵام هەمیشە ئەوەیا لەبەر چاو بووە کە نەهێڵن پاشماوەکانی ئەم دیکتاتۆرییەتە یارمەتیی دیکتاتۆری ویلایەتی فەقیهی بدەن. خەڵکی ئێران هەمیشە فوکوسیان لەسەر رووخاندنی دیکتاتۆریەتی ویلایەتی فەقیهی لە وڵاتەکەیاندا بووە. چونکە ئەزموونەکان دەریانخستووە کە پاشماوەی دیکتاتۆرییە دۆڕاوەکان و دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئێستاکە، دوو دیوی یەک دراون و هەمیشە هاوکاریی یەکتریان کردووە. نموونە نوێیەکەی ئەم راستییە، راپەڕینی سەرکەوتووانەی ساڵی ١٤٠١ (2023) بوو. ئەوان لە ژێر دروشم و بە پڕۆژەی جیاواز و بە لایەنگرانی کۆلۆنیالیزمەوە هاتنە مەیدان و نەیانهێشت دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی بۆ هەمیشە بڕووخێت و خەڵک بگاتە ئامانجی کۆتایی خۆیان.
ئەم ئامانجە، لەگەڵ جەوهەری دامەزران و هەمیشەیی بوونی (ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران)دا یەکدەگرێتەوە. هێزە ناوەندییەکەی ئەم ئەنجوومەنە، رێکخراوێکە کە لە دژی دوو دیکتاتۆرییەتی پاشایەتی و ویلایەتی فەقیهی خەباتی کردووە و تا ئێستاش ئاڵاهەڵگر و رێبەری بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەتە لە ئێراندا. هەر لەبەر ئەمەشە کە بوونی هێزێکی لەو شێوەیە بۆ خەڵکی ئێران، گەنجینەیەکی گرانبەهایە و رێگای بەسەر هەموو بەدیلە وابەستە و ساختەکاندا داخستووە و ئێستاش لە سەرانسەری ئێرانی داگیرکراوەدا، خاوەن هەزاران "ناوەندی شۆڕش"ە و خەڵکی ئێران بە ئومێدەوە دەڕواننە ئەم ناوەندانە. بۆیە ئەم موقاومەتە، بە تۆمارە دێرینەکانی لە رابردووی درەوشاوەیدا، داهاتووی بۆ خەڵکی ئێران دەستەبەر کردووە و نموونەی درەختێکی پاکە، کە رەگ و ریشەی لە زەویدایە و لق و پۆکانی، هەموو ئێرانی گرتووەتەوە. بە هەڵکەوت نییە کە رەوەندی ئێرانی، لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیشدا، بۆ پشتیوانی لەم بەدیلە دیموکراتیکە و لە دژی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی سەریان هەڵداوە.
لایەنگرانی موقاومەتی ئێران ماوەیەک لەمەوبەر رایانگەیاندبوو کە بەبۆنەی ساڵڕۆژی شۆڕشی دژە پاشایەتیی ساڵی ١٩٧٩، رۆژی ٨ی رێبەندانی ٢٠٢٥ لە پاریس کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی رابگەیەنن کە شۆڕشی خەڵکی ئێران لە دژی دیکتاتۆرییەت بەردەوام بووە و هەیە و ئامانج و خواستی خەڵکی ئێران، رووخاندنی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهییە. ئەوان داوایان لە هەموو ئێرانییەکانی خوازیاری ئازادی و سەربەخۆیی وڵات کردووە بەشداری لەم گردبوونەوە و خۆپیشاندانەدا بکەن و وێڕای پشتیوانیکردن لە تاکە بەدیلێکی دیموکراتیکی (ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران)، ئەوە نیشان بدەن کە لە ئێران، راپەڕینی گەل و شۆڕشەکەیان نەکوژاوەتەوە و تا دواڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت بەردەوام دەبێت.
ئێستا بە سەیرکردنی پێشهاتەکانی جیهان و ناوچەکە، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەمساڵ لە هەموو روویەکەوە زەمینەی وەها سەرهەڵدانێک باشترە. دەسەڵاتی ئایینی لە قوڵایی قەیرانە چارەسەرنەکراوەکانیدایە و هیچ رێگەیەکی نییە بۆ دەربازبوون لەم دۆخە لاوازە. ئەم رژێمە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زەربەی ستراتیژیکی بەرکەوتووە. لەسەر ئاستی جیهانیشدا، بەهۆی راستگۆیی و درەوشاوەیی "ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیک" و پاڵپشتیکردنی بەرینی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی شکستی سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت لە ئێران و تێکشکانی پڕۆژە بەدیلە داتاشکراوە وابەستە و دژە دیموکرتیکەکانی ئەم رژێمە، رووخاندنی دیکتاتۆری ویلایەتی فەقیهی کەوتووەتە بەردەست. دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا دەتوانێت بەڵگەنامەیەکی روون بێت لەم ئاراستەیەدا.
لە راستیدا، خۆپیشاندانی ئەمساڵی رەوەندی ئێرانی لە پاریس، هێمای ئیرادە و هاوپشتی نەتەوەیی خەڵكی ئێرانە بۆ کۆتاییهێنان بە دیکتاتۆرییەت و سەرهەڵدانی دیموکراسی و دادپەروەری لە ئێران و هەروەها سەقامگیری و ئاسایش لە جیهان و بە تایبەتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەم هەنگاوەش، بە دانپێدانان بە موقاومەتی خەڵکی ئێران دەگاتە لوتکە و داهاتووی پێشهاتەکان بە سوودی گەلانی ناوچەکە و جیهان دەستەبەر و دابین دەکرێن.