لەنێو کۆبوونەوەی پەیڕەوانی ( هيئة تحرير الشام – جبهة النصرة) و لەژێر ناونیشانی "کۆنفرانسی شۆڕشی سوریا"، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی کانونی دووەمی (٢٠٢٥) ڕایگەیەندرا کە (محەمەد جولانی - ئەحمەد ئەلشەرع) سەرۆکایەتی کۆماری لە سوریا وەرگرتووە و دەسەڵاتی پێدراوە بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی یاسادانان، جگە لە چەند بڕیارێکی تری وەک هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی پێشوو و هەڵوەشاندنەوەی سوپا و ڕاگرتنی کارکردن بەدەستور.
لە وتارێکدا دوای دەستبەکاربوونی لەم کۆبوونەوەیەدا، بەپۆشینی بەرگە زەیتونەکەی جارانی، ئەلشەرع، بەبیانوی "پاراستنی ئاشتی مەدەنی"، جەختی کردەوە لە سەر پێویستی کۆنترۆڵکردنی بارودۆخی ئەمنی لەتەواوی خاکی سوریا.
لەوکاتەوە کە دەسەڵاتی پارتی بەعس لە سوریا ڕووخێندرا لە (٨)ی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوو، شاندە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان پەلەیانە لە گەیشتنە دیمەشق و پیرۆزبایی لە (ئەحمەد ئەلشەرع)ی "سەرکەوتوو" و هەوڵی پێدانی شەرعیەتیانە بە حوکمڕانی کەسێک کە دوێنێ دوژمن بوو ئەمڕۆش بووەتە دۆست.
تورکیا، کە سپۆنسەری فەرمی حوکمڕانی (دەستەی ڕزگاری شام-هەیئەی تەحریری شام)ە و ئەردۆگانە چەنگ بەخوێنەکەی کە هەوڵی گەڕاندنەوەی شکۆمەندییەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەدات، ئەم هەوڵەش خۆی ڕێکدێتەوە لەگەڵ ئەوەی کە شەرع هەوڵی بۆدەدا لە دامەزراندنی ئیمارەتێکی ئیخوانی دوای دەستەبەرکردنی کۆنترۆڵ بەسەر هەموو بەشەکانی سوریادا، ڕۆڵی قەتەریش، هاوپەیمانی تورکیا، پاڵپشتی دارایی ئەم پڕۆژە ئیخوانیەیە.
لە چاوپێکەتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (یەنی شەفەق)ی تورکی، شەرع دووپاتی کردەوە کە سوریا پەیوەندییەکی ستراتیژی لەگەڵ ئەنقەرە پەرە پێدەدات و ئەو پەیوەندیـیە لەگەڵ تورکیا پێویستیـیەکی بونیادیـیە بەو پێیەی تورکیا ئەولەویەتی لە بنیاتنانەوەی دەوڵەتی نوێی سوریادا هەیە.
جگە لەتورکیاش، ئەو یاریزانە سەرەکییەی لەناوچەکەدا کە لە دەرەوەی سوریاوە تێوەگلاوە لەبارودۆخەکە، ئیسرائیلە، کە خۆی هاوڕا دەبینێتەوە لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە ڕووخاندنی ڕژێمەکەی ئەسەد، بەڵام لەسەر کۆمەڵێک بابەتی تر ناکۆکیان هەیە.
دوای ئەم پەلەکردنە بۆ گەیشتنە دیمەشق بەمەبستی شەرعیەت دان بەو دەسڵاتە نوێیە لەلایەن زۆربەی وڵاتانی عەرەبیەوە، بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو، نۆرەی ئەمریکا هات، کە بەخشینی دارایی (فیدیەی) دەستگیرکردنی ئەلشەرعی هەڵوەشاندەوە و ئەوروپاش لەدوای ئەمریکا خۆی گەیاندە دیمەشق. جگە لەم سەردان و بەسەرکردنەوانە، لەم ماوە کورتەی تەمەنی ئەم دەسەڵاتە، چەندین کۆنفرانسی پشتگیریش لە حکومەتی نوێی سوریا بەڕێوەچوو.
ئەم گۆڕانکارییە لە هەڵوێستەکاندا، ئەوەمان بیردەخاتەوە کە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دوای ڕووخانی شای ئێران لە شوباتی ١٩٧٩دا کردیان، کاتێک خومەینی لە مزگەوتەکانی نەجەفەوە گواسترایەوە بۆ هاوینەهەواری (نۆڤێل لۆشاتۆ)ی فەرەنسی و کەناڵە زەبەلاحەکانی ڕاگەیاندنی ئەوکات وەک (سی ئێن ئێن و بی بی سی) پەلەیان کرد بۆ ئەوەی ڕۆشنایی بخەنە سەری و وەک بەدیلێک بۆ دەسەڵاتی شا پێشکەشی بکەن تاکو ڕۆڵی خۆی لە کۆنتڕۆڵکردنی شۆڕشی ئێراندا بگێڕێت، شۆڕشێکی جەماوەری بەرفراوان دژی دەسەڵاتی شا کە لەوێ سەریهەڵدابوو. خومەینیش وەک فراکسیۆنێک لەناو هێزەکانی دژە شۆڕش، ڕۆڵی ڕێگری لە هەر گۆڕانکارییەکی شۆڕشگێڕانە لە ئێراندا پێسپێردرا دوای ئەوەی شا بوو بە هاوپەیمانێکی بێمتمانە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانانی.
خومەینی ئەم ڕۆڵەی بەهەموو لێهاتووییەکەوە گێڕا و دەوڵەتێکی ئیسلامی لە ئێراندا بنیادنا، دەوڵەتێک کە دواتر بوو بە چەقی سەرهەڵدانەوەی دووبارەی ئیسلامی سیاسی و ڕایەڵەکانی درێژ بووەوە تا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی گرتەوە، ئەمەش وایکرد کە بەتەواوی گوێڕایەڵی فەرمانی ئەو لایەنانە نەبێت کە ڕێگای هاتنە دەسەڵاتیان بۆ فەراهەمکرد، و دواتر بوو بە تۆپەڵەک ئاگر کە تەڕ و ویشکی پێکەوە سوتاند.
بزووتنەوە ئیسلامییەکان چ ئیخوانەکان، سەلەفییەکان یان کۆماری ئیسلامی ئێران، بزووتنەوەیەکی تیرۆریستین و دوژمنایەتی بەرژەوەندیی جەماوەر دەکەن، ئەمە پێناسەیەکی کورتی ئەم گروپانەیە. ئەمڕۆ کە ئەلجولانی وەک "کۆترێکی ئاشتی" پێشکەش دەکرێت و وەک ئیسلامییەکی "میانڕەو" پیشان دەدرێت کە دەکرێ لەگەڵیدا هەڵکەی چونکە گوایە جیاوازە لە ئیسلامییە "ئوسوڵیەکان" و پێشکەشکردنی بۆ خەڵک بەم شێوەیە، تەنها بۆ ئەوەیە فەرشی سووری بۆڕاخرێ تا بتوانێ کۆنترۆڵی خۆی بەسەر هەموو ناوچەکانی سوریادا بسەپێنێ و ئەم وڵاتەیان بۆ بکات بە لەوەڕگایەکی بژوێنی سیستمی سەرمایەداری لە لایەک و بەشداری بکات لە گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لەسەر حیسابی جمهوری ئیسلامیی ئێران و ڕوسیای هاوپەیمانی لەلایەکی ترەوە.
ئەوانەی بەدواداچوون بۆ بارودۆخی سوریا دەکەن، لەوە تێدەگەن کە دەسەڵاتی ئێستای سوریا، پێش هەموو شتێک، هەموو هەوڵوتەقەلاکانی، بەمەبەستی خۆگونجاندنەوە و ڕێکخستنی کاروباری خۆی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، چڕکردووەتەوە.
ئەوەی ئێستا لە کۆریدۆرەکانی حکومەتەکەی ئەلشەرع دەگوزەرێت و جێگای بایەخ پێدانیەتی تەنها چۆنیەتی زەمینە خۆشکردنە بۆ سەرمایەگوزاریـیە دەرەکیـیەکان و زیادکردنی وەبەرهێنانیان و بە تایبەتکردنی سەکتەرە خزمەتگوزاریەکان و ڕێگا فەراهەمکردن بۆ پیادەکردنی سیاسەتی نیولیبرالیزم لە ئابووریدا، ئەمەش خۆی هەوڵێکە بۆ تێکەڵکردنی سیستەمی سەرمایەداری لە سوریا لەگەڵ سەرمایەداری ناوچەکە و لەوێشەوە لەگەڵ سەرمایەداری جیهانی.
ئەو دۆخەش کە بەتەواوی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سوریاوە پشتگوێخراوە هەوڵی پەردەپۆشکردنی دەدرێ بارودۆخی ناوخۆییە، کە میدیاکان بەمەبەست، ڕۆشنایی ناخەنە سەر، جا چ میدیا ناوخۆیەکان یان ئەوانی سەر بە وڵاتانی ناوچەکە، تاکە وێنەیەک کە دەیانەوێ دەریبخەن وێنەیەکی سادە و جوانە لەم بارودۆخە ناهەموارە. بۆ نموونە هاوڵاتیانی کەناراوەکانی سوریا کە لە سەر ڕژێمی پێشوو هەژماردەکرێن، لەو کاتەوەی ئەو گروپانە دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست، بەرەوڕووی پێشێلکاری ترسناک وجددی بوونەتەوە، دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، ڕفاندن و دارکاریکردن لەسەر و هەموشیانەوە ئیعدامی ئاشکرای تاک و بەکۆمەڵ، بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، زیاتر لە پێنج سەد هاوڵاتی لەلایەن میلیشیاکانی (دەستەی ڕزگاری شام) و میلیشیاکانی ترەوە تا ئێستا ئیعدام کراون. ئەم دۆخە سەختە نیشانەی هەنگاونانە بەرەو دابەشبوونی تائیفی سوریا وەک ئەوەی لە. . . عێراق و لوبنان ڕویداوە.
سەبارەت بە دروزەکان، کە پێش گروپە ئیسلامییەکان دژی دەسەڵاتی ئەسەد ڕاپەڕی بوون، هێشتا ڕێگری دەکەن لە هاتنە ناوەوەی میلیشیاکانی ڕژێم بۆ ناوچەکانیان. هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتن و ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە، بەبەردەوامی لەلایەن تورکیای ئەردۆگانی فاشی و گروپە ئیسلامیەکانی سەر بەو وڵاتە لەژێر هەڕەشە و پەلاماردانن، کریستیانەکانیش کە بەر دڕەندەترین شالاو کەوتبون لەسەر دەستی داعش و هاوپەیمانەکانی، لەدۆخێکی دڵەڕاوکێ و نائارامیدا ژیان بەسەر دەبەن، جگە لە هەموو ئەوانە، هاووڵاتیانی بەرزاییەکانی جۆلانیش، کە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە ژیانێکی زۆر سەخت و نائارامیان هەیە.
سەبارەت بە پێگەی ژن و مافەکانیشی لەسایەی ئەم دەسەڵاتە، پێویستی بە ڕونکردنەوەی زیاتر نیـیە، بەو پێیەی ئەجێندای ئیسلامی سیاسی لەو ڕووەوە ڕوونە کە پێگەی ژن لە ئیسلامدا مرۆڤی پلە دوویە. هەر لەو ڕاستایەدا ولە شانۆنامەیەکدا، لە کاتی پێشوازیکردنی ئەلشەرع لەشاندێکی ژنانی سوریا کە لە ئەمریکاوە هاتبوون، ئەلشەرع هاوسەرەکەی بانگرد بۆ ئەوەی بەشداری کۆبوونەوەکە بکات و دوای هاتنی، بە گاڵتەجاڕیەوە وتی: ((بەخوا هەرئەو یەکەیە و. . . هیچی تر نییە و ئەوەی لە سۆشیال میدیا دەیبیستین تەنها دەنگۆیە)).
ئامانج لەم بارودۆخە بە گشتی ئەوەیە کە هیچ مەودایەک بۆ جەماوەر نەهێڵنەوە بە مەبەستی خۆڕێکخستن لە دوای ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری و نەهێڵن هیچ دەرفەتێکیان بۆ بڕەخسێت کە بتوانن کۆنترۆڵی چارەنووسی خۆیان بکەن و ژیانێکی ئازاد و ئارام و بێدەردیسەری بۆ خۆیان زامن بکەن دوای ئەو هەموو دەردو ڕەنجەی توشیهاتن وە بۆ ڕێگریکردن لە گۆڕینی دیکتاتۆرێک بە دیکتاتۆرێکی تر و گۆڕینی سێبەر و دەسەڵاتی ئێران بەسەر سوریادا بۆ سێبەر و دەسەڵاتی تورکیا.
ڕووخانی بەشار ئەسەد قەڵەمڕەوی خەباتی سیاسی لە سوریادا گۆڕی و لاپەڕەیەکی نوێی لەسەر ڕێگای گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاری کردۆتەوە. لەناو ئەو هەموو دڕندانەی چاویان لەو وڵاتە بڕیوە وخۆیان بۆ ماتداوە، بۆشایییەک هەیە کە جەماوەری تینووی ئازادی لەسوریا دەتوانن ڕۆڵی خۆیانی تێدا بگێڕن و دەسەڵاتی سەربەخۆی خۆیانی تێدا بسەپێنن بەر لەوەی دەسەڵاتی شومی ئیسلامی سیاسی پایەکانی خۆی تێدا قایم بکات.
ئەوەشمان بیر نەچێ کە هاتنی ئەو هێزە ئیسلامیـیانە بۆ دەسەڵات، نەیتوانیوە ناکۆکیـیەکانی نێوانیان یەکلابکاتەوە و کێشمە کێشەکانیان هەر وەک خۆی ماوە ئەمەش تارماییەک دەخاتە سەر بارودۆخی داهاتوی نێوانیان.
٣٠ – ١ - ٢٠٢٥