ئەگەر بمانەوێت خوێندنەوەی دروست بۆ سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا بکەین، پێویستە لە چەندین ئاستەوە شیکردنەوەی بۆ بکەین، کە هەندێکیان پەیوەستن بە گۆڕانکاریی ناوچەکە و پێگەی کەسیی سەرۆکوەزیران لە ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا و تێڕوانینی ئەم ئیدارەیە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕانکاریی بەرچاو لە پێگەی هێزە هەرێمییەکان و خوێندنەوەی دروستی هەرێم بۆ هاوکێشە نوێیەکانی هێز لە جیهان و ناوچەکەدا.
سەرەتا لە تەوقیتی سەردانەکەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە سەردانەکەی وەفدی هەرێم بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران رێزدار (مەسروور بارزانی) لە دوای سەردانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا (دۆناڵد ترەمپ) بوو بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە دوو ئامانجی هەبوو، هاتنەوەی ئەمەریکا بە هێزەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێگەی وەبەرهێنان لە کەرتی وزە و کۆتاییهێنان بە میحوەری ئێرانی لە ناوچەکەدا، سەردانەکە و ئەجێنداکەی وەفدی هەرێمیش تەواو یەکدەگرنەوە لەگەڵ سیاسەتی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا، بە شێوەیەک سەرۆک دۆناڵد ترەمپ خوازیاری وەبەرهێنانە لە ناوچەکە و هەمیشە لە رێگەی غازی کوردستانەوە دەوێت هەژموونی ئێران لە عێراق کەم بکاتەوە، لەلایەکی ترەوە پەیوەندیی پتەوی هەرێم لەگەڵ میحوەری سوننی بە سەرکردایەتیی ( سعودیە و قەتەر و ئیمارات) دەرفەتێکی تر دەدات بە هەرێم کە لە داهاتوودا ڕۆڵی میحوەریی لە ناوچەکەدا بگێڕێت