سەرنجێکی خێرا لەسەر ئەم رێکەوتنامەیە. . . هەڵۆ بەرزنجەیی

سەرنجێکی خێرا لەسەر ئەم رێکەوتنامەیە. . . هەڵۆ بەرزنجەیی

 ٢٠٢٥/٣/١٠

لە رووی فاکتی کاتەوە رێکەوتنی کورد دەگەڵ دەسەڵاتی سووریا لەم کاتەدا خاڵێکی لاوازە بۆ کورد و پشتیوانی و ڕەوایەتی دانە بە هەڵسانەوەی ئەحمەد شرع و حکوومەتەکەی، کە دوێنێ و پێرێ گەورەترین کۆمەڵکوژییان بە بەرچاوی جیهانەوە ئەنجام داوە. . 

خاڵی (٢ )ی رێکەوتنەکە نەتەوەی کوردی وەک کۆمەڵگە ناوبردووە، کە دەبوو بە نەتەوە یان گەل ناوبهێنرایە. بە هیچ شێوەیەک وشەی کوردستان ئاماژەی پێ نەدراوە. ئەمە خاڵێکی تری تەواو لاواز و هەڵەیەی رێکەوتنەکەیە لە رووی نەتەوەیی و مێژوویی و جوگرافیاییەوە. . 

خاڵی (٤) بەو پەلەیە تێکەڵکردنی دەسەڵاتی مەدەنی و سەربازی دیسان هەڵەیە و بە زیانی کورد دەبێت. جگە لەوەی کورد نزیکەی دەیەیەک زیاتر دەسەڵاتی خۆسەری هەیە، ئاخر بە ریشی کێ رەوایە کچە کوردێکی شەروانی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست و بەچکە قاعیدە و داعشێکی تاریکپەرستی لمۆز خوێناوی دژە مرۆڤ وەک یەک دابنرێن؟!.  .  . 

خاڵی(٧) هەڵەیەکی هەرە زەق و زۆر لاوازی ئەم رێکەوتنەیە کە نەدەبوو بخرێتە ناو رێکەوتنەکەوە. ئێستا دروز و عەلەوییەکان داوای فیدراڵی دەکەن، چاودێرانی سیاسی باس لە پارچەپارچەبوونی سووریا و ناناوەندی بوونی دەکەن. . 

هەروەها سووریای ناناوەندی و لاواز ستراتیژێکە ئیسرائیل کاری لەسەر دەکات. . جا ئیدیجپرسیار ئەوەیە بۆ کورد لەم هەلومەرجەدا خۆی دەکاتە پاسەوانی سنوورەکانی سووریا؟!. . . رەنگە لە ئایندەیەکی نزیکدا بخرێتە داوێکەوە، تووشی شەڕی ئیسرائیل بکرێت. 

لەم رێکەوتنامەیەدا کە دەبێتە نەخشە و بەرنامەی کاری کورد و حکومەتەکەی شرع:

هیچ باسی مافی نەتەوەیی کورد لە دەستووری نوێدا نەکراوە. 

باسی سنووری کوردستانیش مادەیەکی رێکەوتنەکە نییە. 

سیستەمی فیدڕاڵی و یان ناناوەندی نەخراوەتە بەر گفتوگۆ!

ئاماژە بە پرسەکانی تری ئازادی و دیموکراسی تێدا نەکراوە. . هەتادوایی!!…

لەوە دەچێ شرع زۆری پێویست بەم رێکەتنە بووبێ، بۆیە وا بە هەڵپروزکاوی لە چێشتخانەکەیان ئامادەیان کردووە. کوردیش وەک هەمیشە لە مێژوودا لە گەمەی گفتوگۆدا بەدۆڕاوی دێتە دەرێ. . . 

بە هەموو پێوەرێک ماف و پێگە و هێز و هەلومەرجی لەباری کوردستانی و جیهانی و قوربانییەکانی کورد فاکت و هۆکارێکن کە کورد شایستەی مافی زیاتر و چەسپاوتر و مسۆگەرترە. . بۆیە هەر کەمتەرخەمی و کورتهێنانێک لەم بوارەدا دەبێتە بەرپرسیارێتییەکە گەورە لە سەر شانی ئەو هێز و لایەن و کەسانەی بە ئەرکی شیاوی خۆیان ڕانابن. . 

بەداخەوە ئەم بەڵگەنامە ئیمزاکراوە، دیکۆمێنتێکی زۆر لاوازە و کەمترین مافی کوردی وەک نەتەوە و نیشتمان لە خۆ گرتووە. 

ئەگەر کورد بەو هەموو هێزە سەربازییەوە و نزیکەی سێیەکی سووریای لەژێر کۆنترۆڵدایە، لە ئێستای سووریای لاواز و بێ سووپا و بێپشتیوان و هەڵتەکاوی ئابووری و داڕماوی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا نەتوانێ مافە رەواکانی بچەسپێنێ، ئەوە لە هەمان بازنەی داخراوی مێژوودا هەر خول دەخوا و وەک هەمیشە دەبێتەوە فاکتی فریادرەسی (انقاذ)ی سووریا وەک هەڵە گەورەکانی کورد لە باشوور کردنی !!

لێرەش لە ئایندەیەکی نێزیکدا کورد دووبارە دەبێتەوە نێچیر و قوربانی دەستی هەڵە کوشندەکانی خۆی و دڕندەیی و نامرۆڤی دەسەڵاتی دیمەشق و داگیرکەرەکانی تری کوردستان، !!…