١٤/٢/٢٠٢٣
ئێوارەی رۆژی ٢٠٢٣/٢/٢١ تەلەفزیۆنی رووداو چاوپێکەوتنێکی مامۆستا (ھەژار موکریانی) پێشکەش کرد، کە ساڵی ١٩٩١ لە ئینیستیتوتی کوردی لە پاریس تۆمار کراوە..چاوپێکەوتنەکە و بۆچوونەکانی مامۆستا ھەژار بایەخی گرنگی مێژوویی خۆیان ھەیە.
ئەوەی سەرنجی منی راکێشا، یەکێ لە پرسیارەکان لەمەڕ شیعرە ھەرە بەناوبانگەکەی مامۆستا ھەژار( ھەر کوردم)یاخود( بەدەربەدەری یان لە ماڵی خۆم)ەوە بوو.
مام هەژار لە وێدا لە وەڵامەکەیدا ئاشکرای کرد، کە ئەو شیعرەی بۆ مامۆستا جەمال نەبەز نووسیووە و پێشکەشی کردووە و بۆ یادگار لەسەر پشتی وێنەیەک بۆی نووسیووە - مام ھەژار ھیوای خواست ئەو وێنەیە مابێت- جا وێنەکە ھی کامیانە دیار نییە؟!..منیش ھیوادارم لە ئەرشیفی مامۆستا نەبەزدا پارێزراو بێت...
ڕاستە شیعرە پانۆڕامای ژیانی ھەژاری تێدا بەرجەستە بووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەندە وای بۆدەچم کاریگەری مامۆستا نەبەز لەسەر مامۆستا ھەژار لەو شیعرەدا ھەبوو بێت بەتایبەت لەڕووی فیکرەوە، بۆیە
پێشکەشی کردووە!!...
جەمال نەبەز و شیعر..
جێی خۆیەتی لێرەدا سەرنجێک لە مامۆستا جەمال نەبەز و بیروڕای بەرانبەر بە شیعر بنووسم: مامۆستا نەبەز لە ئەدەب و دنیای شیعر شارەزا بوو.شیعری کلاسیکی زۆر ئەزبەر بوو لە نووسینەکانیشیدا شیعری خانی، حاجی قادر، مەحوی، پیرەمێرد، بێکەس، هەژار، پەشێو بەرچاو دەکەون..شیعری ئەدەبی کلاسیکی عەرەبیشی زۆر ئەزبەر بوو، کەچی دواجار بیروڕای زۆر نەرێنی بوو لەسەر شیعر و شاعیران..
دەیویست لە دید و بە پێوەری جیاوازی نێوان قسە و کردارەوە تەماشای هەردووکیان بکات.
بەڵام لە ڕاستیدا بەندە وای دەبینم، شاعیر بەس راستگۆیی و جەنتڵمانێتی لەگەڵ پەیامەکەی لەسەرەوە و ئیدی نابێ چاوەڕێی ئەوەبین، گەر قەسیدەیەکی بۆ شەڕی پارتیزانی وت: پێویستە خودی خۆی سەردەستەی گرووپێکی پێشمەرگە و لەسەنگەریی هەرە پێشەوەدا بێت!.
رەوانی ھەردووکیان شاد بێت، ھەردووک دوو چرای گەشی ھەمیشە داگیرساوی کوردایەتین...
لێرەدا لینکی چاوپێکەوتنەکە دادەنێم..
https://www.rudaw.net/sorani/interview/21022023