هەڵۆ بەرزنجەیی٩/١/٢٠٢٥
لەم چرکەساتەدا. . بینایی چاومان بە دیار تیڤییەکانەوە داهاتووە و گوێیەکانمان تژی بوون لە هەواڵی جۆراوجۆر و لاپەڕەی رۆژنامە و تۆڕی کۆمەڵایەتی سیخناخ کران بە وتار و شرۆڤەی هەمەچەشن، نەبوونی پرۆژە و بەرنامەیەکی نەتەوەیی تۆکمەی یەکگرتووی کوردی، خەم و دڵەڕاوکێ و نائارامی لەدەست دەرچوونی دەرفەتی زێڕین، وەک تێزاب دەڕژێت بەسەر رۆحی هەلاهەلابووی کوردبوونماندا. .
ئا لەم کاتەدا ئەم دەست، پێویستی بەو دەستە و تاڵە مووەکانی سەریمان دەبێت یەک بن و نیگای چاوەکانمان لەسەر یەک ستراتیژ گیر کرد بێت و هەموو بازووەکانمان بووبنە یەک بازووی کوردایەتی و گەروومان پڕ بێت لە داوا و بانگی ئازادی و سەربەخۆیی، ئا لەم کاتەدا کە ئابڕوومەندانی کوردایەتی دڵیان وا لە قولی مستیاندا و دەترسن و دەرفەتی هەڵکەوتووی زێڕینی سەدە بۆ کورد بە فیڕۆ بدرێ.
لەم دۆخەدا کە بۆ خۆم تەنیام و خەم باری قورسی خۆی لەسەر کۆڵەی سنگم داکوتاوە!. . ئارامم لێ بڕاوە، بە باسێکی دڵتەزێن ڕاچەنیم و شەپۆلە نائارامەکان خستیانم بەسەر هەواڵی کۆستی گەورە و ناوادە و ژانی گرانی کوردانەی کۆچی دوایی نووسەر و رۆشنبیر و هاوبیری قەدرگران و خۆشەویست مامۆستا( نوری کەریم)دا. .
مامۆستا نوری بە عەشقەوە هۆگری هەواڵەکان و چاوەڕێی ئازادی کوردستان بوو، ئیمڕۆ بە بێدەنگی لە شاری ئاخن، وڵاتی ئەڵمانیا لە تەمەنی 78 ساڵیدا ماڵئاوایی لێکردین…
مامۆستا نوری جگەلەوەی بە هەزاران رۆڵەی نیشتمانی بە زانین و ڕەوشتی بەرز و کوردایەتی پەروەردەکردووە، بۆخۆیشی کەسایەتییەکی بەڕێز و رۆشنبیرێکی ژێهاتوو و نووسەرێکی قەڵەم ڕەنگین و وەرگێڕێکی کارامە بوو.
لە ڕووی خەبات و تێکۆشانی سیاسییشەوە، هەر لە تافی لاوییەوە بۆتە ئەندامی یەکێتی لاوانی نەتەوەیی کورد و یەکێتی قوتابیانی نەتەوەیی کورد و پارتی گەلی کورد و کاژیک و دواتر پاسۆک. . بە کورتی هەمیشە کوڕی نەتەوە و نیشتمانەکەی بوو.
وەک نووسەر و رۆشنبیر و مامۆستایەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاک بوو، بابەتی بەسوودی پێشکەش دەکرد و هەڵوێستی کوردانەی خۆی رادەگەیاند.
مامۆستا. . بە چەند بەرهەمێکی مێژوویی و رەخنەی سیاسی و وەرگێڕانی ئەدەبی کتێبخانەی کوردی رازاندۆتەوە. هەروەها بە دەیان وتاری مێژوویی و رەخنەیی لە گۆڤار و رۆژنامە و ماڵپەڕەکاندا بڵاوکردۆتەوە…
کاتێ بەرهەمەکانی خۆی بۆ ناردم گفتم دایە بە پێی لوان خوێندنەوەیان بۆ بکەم. بەداخەوە مەشغەڵەتی ژیان و دژواری ئەرکی رۆژانە، بواری نەدا تا لە ژیاندا بوو، نۆرەی خوێندنەوەیان بێت، هیوادارم لە دەرفەتێکدا بتوانم ئەو قەرزەی بدەمەوە…
بۆ مەرگی ئەم هاوبیرە جگە لە هەڵڕشتنی فرمێسکی وشک و ئەفسووس کێشان بۆ مەرگێکی ناوادە، بە دڵ هاوبەشی و هاوخەمی خۆم بۆ خێزان و منداڵان و کەسوکاری بەگشتی و هاوبیران بە تایبەت دەردەبڕم …
هاوبیر مامۆستا نوری، رەوانی شاد و گڵکۆی چراخان بێت.
تێبینی: وێنەکە ماڵی خۆمانە لە بەرلین ساڵەکەی؟ سەرەتای نەوەدەکان، بە کامێرای مامۆستا چرکێندراوە.