٨/١٢/٢٠٢٤
بە کورتی و بە خێرایی…. .
هێندەی گەردیلەیەک زیان و ئازار بە داگیرکەرانی نەتەوە و خاکەکەم بگات، خۆشحاڵ دەبم و بە مافێکی سرووشتی زەمینی و ئاسمانی خۆمی دەزانم .
رووخانی دەوڵەتانی داگیرکەر ئەگەرچی بۆ من خەیاڵ نەبوو، بەڵام چووبووە دۆخێکی مەحاڵەوە. ئەم رووداوی رووخانی سووریایە زۆر گرنگ و هەستیارە و خەونی عروبەی وردوخاش کرد و چیدی ئەو نەعرەتانە نابیستین…
سووریا دەوڵەتێکی داگیرکەری کوردستان و زادەی گەڕا ترووکاوە بۆگەنەکانی (سایکس - پیکۆ)ی تاوانە کە دەرهەق بە ئازادیی و ویستی نەتەوەی کورد نەخشەی بۆ کێشراوە.
نزیکەی سەدەیەکە ئەم دەوڵەتەی عروبەی کردۆتە دروشم و ئاینی لەسەر جەستەی نەتەوەکەم خۆی بنیات دەنێ و هەرچی پێ کرابێ لە سیاسەتی داگیرکاری نەتەوەیی و سەربازی و ئابووری و فەرهەنگی بۆ سڕینەوە و لە ناوبردنی کورد و کوردستان بەکاری هێناوە. .
حیزبی بەعسی عەفلەقیش بەهەمان شێوە نزیکەی سەدەیەکە گەرا دەترووکێنێ و جوجەڵەی وەک ڕیوی و عەبدوڵا ئەحمەر و خەدام و فاروق الشرع دوژمنانی سەرسەختی شۆڤێنی و ڕەگەزپەرست و نامرۆڤانەی دژ بە کورد بەرهەم دێنێ. ڕێوییەکەی دیمەشق و هەموو سەرانی ئەو حیزب و دەوڵەتە لە سەرە مەرگدا بوون، کەچی بێ شەرمانە دژی خواستەکانی کورد دەوەستانەوە و ئێستاش کە هەڵاتوون بە دڵنییایەوە دەستبەرداری ئەو بۆچوونانەی نابن .
هەڵتەکاندنی بونیات و ستراکچەری ئەم دەوڵەتە لە ڕەگ و ڕیشەوە دەستکەوتێکی گرنگی مێژووییە. جارێکی دیکە ناوەند هەرگیز وا بەهێز نابێتەوە. کاریگەری تەواویشی لەسەر دەوڵەتانی تری داگیرکەر وەک ئێران و تورکیا دەبێت. عێراقیش لە تاوان و ناوەندێتی دەسڵەمێتەوە چونکە دەوڵەتێکی تریش وەک خۆی هاتە ریزەوە. مۆدێلی دیکتاتۆری و تۆتالیتاریزمی عەرەبی لە گۆڕ نرا و ئیدی هاوسەنگی ناوچەکە تەواو لاسەنگ بووە و داگیرکەرانی ئێمەی تێدا زەرەرمەندن.
سووریا بە قەڵای بەرەی خۆراگری و بەرەنگاریی عروبە خۆی ناساندووە، دەوڵەت و رژێمەکەی گەیشتبووە رادەی پەرستن .
سووریا بەدەیان دەیەیە بزووتنەوەی فەلەستینی ئەوانی تری ناوچەکەی لەژێر پەردەی ئەم ناونیشانەدا دادەدۆشێ و بەکاردێنێ بۆ خۆی.
سووریا پەیوەندییەکی قوڵ و فراوانی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی هەموو بەشەکانی کوردستاندا هەیە و رۆڵی کاریگەری هەواڵگیریی و سیخوڕی لەناو حیزبەدا هەیە. ئەوەی مێژووی ئەم رووداو و پەیوەندییانەی لە بیر بێت، دەزانێ سووریا توانیویەتی زۆربەی حیزبە کوردییەکان بە لاڕێی کوردایەتی ببات و رۆڵی گردەبڕ لە دژایەتی گەیشتنی کورد بە ئامانج بگێڕێ. بەم ڕووخانە هەموو فایلی فایلدارەکان دەردەکەوێ.
دەرکەوتنی ئەم فایلانەش پێداچوونەوەیەکی ورد و بەدیقەتی ئەقڵی و مێژوویی و سیاسییمان بەسەردا دەسەپێنێ!!…
ئێستا کورد دەرفەتی هەیە بەشی رۆژئاوا و باشوور زیاتر لێک نزیک ببنەوە و ئاوەزمەندانە بیربکەنەوە و کوردانە لە بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی خەبات بکەن و بڕیار بدەن.
هیچ دەستکەوتێکیش بۆ کورد لەدوای سەربەخۆیی نابێت لە کۆنفدراڵی کەمتر بێت. .
ئایندەی دەسەڵات بۆ ئەو گرووپە تیرۆریستانە نابێت کە هەموو کلکیان بە تورکیاوە گرێ داوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگەی دەسەڵاتێکی تری وەک ئەفغانستان و ئێران نادات لەو ناوچەیەدا بەتایبەت.
تورکیا رۆڵی گرنگی دەبینێ لەم روداوانەدا، هەتا ئێستا بە رۆحی سەرکەوتن لە خۆی دەڕوانێ. بەڵام ئەم رووداوانە وا نامێننەوە و بەئاڕاستەی ڕووەو تورکیاش وەردەچەرخێ!. . وەک یاریی دۆمینۆ لەگەڵ ئێراندا بەرودوا سەرەیان دێت. ئاشکرایە لە هەنووکەدا پەڕوباڵکردنی ئێران و لەناوبردنی دۆستەکانێتی حماس و حیزبوڵا و سوریا تا نۆرەی خۆی دێت. .
ئەم چرکەساتە دەرفەتی زێڕینی گەڕانەوەی کوردە بۆ ناو مێژوو. . ئەم چانسەش گرێ دراوە بەوەوەی کورد باشتر هەبێت وەک هێز بە یەکگرتوویی و خۆی یار بکات و ڕێگە نەدا یاری پێ بکرێ. ئەو هەڵانە نەکاتەوە سووریا دروست بکاتەوە وەک لە باشوور عێراقمان دروست کردەوە.
پشتیوانی لە بەشی رۆژئاوای وڵات ئەرکێکی نەتەوەیی و مێژووییە. . دەبێت هەستیارانە لەو دۆخەدا رەفتار بکرێ .
(تورکیا و ئێران)یش وان بەڕێوە هەمان چارەنووسیان هەبێت. . نوخشەیان لێ بێت…
پیرۆزە لە نەتەوەی کورد و ئەو کەمە نەتەوەییانەی زوڵمی سووریا و بەعسیان بەسەرەوە بوو.