(1)
شیعر
چیترم ناوێ
لەوە بەدەر بە سادەیی بدوێم
جگە لەوەی
ئەم نیعمەتەم پێ ببەخشرێ . .
چوون ئێمە سترانمان،
بە چەندان جوور مۆسیقا
قورس كردووە و
وردە وردە خەریكە نقووم دەبێ . .
هونەرمان،
بەو هەموو خشڵە ڕازاندووەتەوە
دەم و چاوی بخوا . .
وەختی هاتووە
وشەی كەم بڵێین
چونكە بەیانی ڕۆحمان
چارۆگەكانی بڵاودەكاتەوە .
(2)
چهند ڕۆژێك له حوزهیراندا 41 (*)
ئەوەتا ئێستا مانگێكی نوێ
شەوقی دایەوە
دوورگەی دێرینی جوانی لە باوەشدا
زامدار،
خوێنی لەبەر دەڕوا . .
دوورگە هێمنە
دوورگە بەهێزە، پاكە . .
جەستەیش
وێنەی قەدی تێكشكاو
ڕەگ و ڕیشەی هەڵكێشراون .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(*)شاعیر ئهم قهسیدهیهی دوای داگیركردنی دوورگهی (كرێت)
ساڵی 1941 لهلایهن ئهڵمانهكانهوه نووسیوه.
(3)
مرۆڤ كه سێبهریان دزی
سێبەری دارانت لێ دەستێنن،
لێت دەستێنن . .
سێبەری دەریات لێ دەستێنن،
لێت دەستێنن . .
سێبەری دڵت لێ دەستێنن،
لێت دەستێنن . .
سێبەری خۆتت لێ دەستێنن .
5/3/1947
(4)
فیلۆكتیتس(*)
جەستەیەكی خوێناوی . .
وڵات خوێناوی . .
سەردەم خوێناوی . .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(*) فیلۆكتیتس – قارەمانێكی ئەلیادەی هۆمیرۆسە .
· یۆرگۆس سیفیریس، یەكەمین شاعیری گریكە نۆبلی ئەدەبیاتی وەرگرتووە ( ساڵی 1963). سیفریس 29/2/1900 لە شاری ئیزمیر لە خانەوادەیەكی ڕۆشنفكر كە بایەخیان بە ئەدەبیات داوە لە دایك بووە. باوكی مامۆستای زانستگە و لە هەمان كاتدا شاعیرێكی لیریكی و وەرگێڕیش بووە.
سیفیریس لە نێوان ساڵانی 1918 – 1924 لە پاریس بووە، هەر لەوێش بڕوانامەی لە كۆلیجی ماف وەرگرتووە و لە هەمان كاتدا بایهخی بە ئەدەبیاتی فەڕەنسی داوە . ساڵی 1960 زانستگەی كامبریج نازناوی دكتۆرای لە ئەدەب پێداوە و پاشان چەندان خەڵاتی دیكەی وەرگرتووە تا ساڵی 1963 كە نۆبلی ئەدەبیاتی بردووهتهوه .
* له ( مختارات من اشعار سيفيرس ) و بۆ عهرهبی. بشار عباس، بڵاوكردنهوهی وهزارهتی ڕۆشنبیری سووری2005 .