هاوار و ثةيامي عةشقصكي ياخي ... خالَة حةمة

 

ده‌وه‌ره‌وه‌و

وه‌ره‌ناو چاوانمه‌وه‌و

له‌كه‌ژاوه‌كه‌ی خۆتا پشویه‌ك به..

پڕ به‌ سییه‌كانت له‌و (با) یه‌ هه‌ڵمژه‌

كه‌ له‌ (ڕۆح) مه‌وه‌ هه‌ڵده‌كات و

به‌سه‌ر هه‌موو گوڵه‌ بێنازه‌كاندا ده‌گری و

باوه‌شێنی (ڕۆح) ه‌ سوتاوه‌كانی ئه‌ڤین ده‌كات

له‌ بۆته‌ی ڕقێكی خه‌ستدا خه‌م ژیرده‌كات..

تا له‌ باڵه‌خانه‌ی ئه‌م (شیعر) ه‌ بێنازمدا

به‌ هه‌‌ناسه‌ی بێمنی و ده‌ستی نه‌رمۆڵه‌ت

ئه‌و ته‌مه‌ قورسه‌ لاوه‌خه‌‌یت

كه‌ نایه‌ڵێت

ده‌سته‌كانمان بگاته‌ یه‌ك

چاوه‌كانمان له‌ بالای یه‌كتر بڕوانێ و

یادداشته‌كانی ڕابوردوو

له‌سه‌ر گه‌ڵا بێنازو وه‌ریوه‌كانی ته‌مه‌ن

كۆكاته‌‌وه‌..

سپیده‌ی ئه‌و به‌یانیه‌ ته‌ڵخه‌ش بهێنه‌

كه‌ جێمهێشتی و

شاده‌ی شكاندنی شوشه‌ی دڵه‌كه‌مه..

په‌پوله‌ی ده‌وری چراكه‌و

ماچه‌كانیش له‌ بیرمه‌كه..

ئه‌و ڕۆژانه‌ به‌ نه‌فره‌تكه

وه‌ك نه‌‌یارانی دڵه‌كه‌ت..

وه‌ك ئه‌و ڕۆژه‌ ڕه‌شه‌‌..ڕه‌شه‌ی

له‌كه‌لاوه‌ ڕقێكه‌وه‌‌ بۆتده‌ڕوانیم

خواش نه‌یده‌ویست ته‌ماشایكات..

ده‌سته‌كانی ئه‌و مه‌حاڵه‌ش

له‌گه‌ردنی خۆت هه‌ڵگره‌‌‌

له‌ناوه‌ختا ڕێیی پێگرتی

له‌كه‌ژاوه‌ی چاوه‌كانما (ڕۆح) تی دزی و

له‌ئاوێنه‌ی شاره‌كه‌شما ڕه‌شیكردی..

چنگی تیژی له‌ به‌هاری (عومرم) گیركرد

حه‌زو خۆزگه‌و

كێڵگه‌ی سه‌وزی پڕ له‌ (شیعر) ی (كریستاڵی)

به‌گاسنی ڕق ده‌كێڵا..

نه‌یده‌هێڵا

‌ئه‌و به‌سته‌یه‌ بڵێینه‌وه

هه‌ژاره‌كانی كوردستان

له‌ژێر ئاسمانێكی وه‌ك (مس) و

زه‌مینێكی ئاسنینا‌

له‌وه‌‌رزی بێبارانی و گوڵ وه‌رینا

له‌ وه‌رزی ڕه‌شبه‌ڵه‌كی مه‌رگا

ئه‌یان فه‌رموو :

 (هه‌ناران و مه‌ناران

یاخوا داكاته‌ باران

بۆ فه‌قیرو هه‌‌ژاران) ..

 (2)

ده‌وه‌ره‌وه‌و

وه‌ره‌وه‌ ناو دڵه‌كه‌م و

ئه‌وچرایانه‌ی فووت لێكرد

یه‌كه‌یه‌كه ‌دایگرسینه..

دیوه‌خانی چۆڵ و هۆڵی (شیعر) ه‌كانم

پڕكه‌ له‌ (نوور) ..

چه‌كمه‌ی ئاسنین له‌ پێ كه‌

بۆ ڕێگه‌ی دوور

بۆ ڕێگه‌یه‌ ببڕێ سنوور

بۆ ڕێگه‌یه‌ بمانباته‌ ناو ئاوایی و

چراکانی داگیرسێنین..

ئه‌و ئاگره‌ پیرۆزه‌ش هه‌ڵكه‌ین

كه‌ (جه‌هاله‌ت)

كه‌بیری بۆگه‌ن و ڕزیو لێی ده‌ترسن..

كه‌نوكی خه‌نجه‌رو شمشێر كول ده‌كات و

له‌ژێر سایه‌ی قه‌لغانێیكی (نه‌سۆت) دا

نیشمانی (پوره‌چیستا) و (له‌یلا قاسم)

له‌گوڵ ئه‌گرێ و

وه‌رزه‌كانیش له‌ كات و ساتی خۆیاندا

دێنه‌وانێ و

له‌زستانا

روبارو كانی كوێر نابێ

له‌هاوینا

كێڵگه‌ و زه‌وی تینو نابێ

له‌ پاییزا

وانه‌ی كۆچی ئازیزان و

له‌ به‌هاردا

سرودی مانه‌وه‌مان فێر ده‌كا..

 (3)

ده‌وه‌ره‌وه‌و

له‌م ئه‌نگوسته‌چاوه‌ بێكه‌سه‌ی ئه‌مرۆكه‌دا

ده‌ستت بێنه‌

له‌ خوێناوی ئه‌م رۆژگاره‌ سپڵه‌یه‌دا

مه‌مخنكێنه‌

ده‌ستت بێنه‌

با له‌ ڕۆژگاری كڕنوش و بێده‌نگی

یاخی ببین

گۆچانه‌كه‌ی ده‌ستی (موسا) و

مێخه‌كانی مه‌رگی (عیسا) و

به‌رده‌ ڕه‌شه‌كه‌ (محمد)

له‌ پلیاسكه‌یه‌كی سه‌وزا هه‌ڵبگرین..

تاكوو ئه‌م جه‌نگه‌ سووره‌‌ نه‌مێنێ و

‌چه‌قۆی تاوان

ده‌‌ستی نه‌گاته‌ گه‌ردنمان

دێوزمه‌كان

ئاسمان و ڕێسمان به‌ش نه‌كه‌ن!!

گولله‌ی وێڵ و

بیری وێڵ و

كرداری وێڵ..

نیشتمان و

كچانی دوای باهۆزو ڕه‌هێڵه‌ ماره‌نه‌كه‌ن..

ئه‌و دڵانه‌ی پڕه‌ له‌ گوڵ

ئه‌و ده‌ستانه‌ی پڕه‌ له‌ كار

ئه‌و چاوانه‌ی دوور ئه‌بینێ و ناگرێ كه‌نار

ده‌ستی نه‌گریسی ئه‌نفال و

‌جه‌نگه‌كانی (قادسیه‌) ی هه‌ناسه‌ سوار

نه‌یانگاتێ و

له‌خۆرهه‌ڵات بۆ خۆرئاوا

په‌پوله‌كان به‌سته‌ بڵێن...

 (4)

ده‌وه‌ره‌وه‌و

وه‌ره‌وه‌ ژێر سێبه‌ری

خه‌می ئه‌م عه‌شقه‌ سه‌ركه‌شه‌

با له‌مڕۆژگاره‌ یاخی بین

كه‌ مێشك و كه‌لله‌سه‌ر ده‌خوات

كه‌ نایه‌ڵی پاساریه‌كان

له‌یه‌كه‌م‌ فڕینا فێربن

كولله‌ زه‌رده‌

له‌كام وه‌رزا هێرش دێنێ..

كه‌ نایه‌ڵێ مناڵه‌كان

به‌ ئایه‌تی (حه‌شرو نه‌شر) و كۆتاییدا

شۆڕبنه‌وه‌و پێبزانن

جه‌جاڵ له‌ كه‌یدا دێته‌وه‌و پشقل ده‌كا!!

درۆی گه‌وره‌و سه‌رزل سه‌رزل

به‌كام ڕێدا گوزه‌ر ده‌كا..

 (5)

ده‌وه‌ره‌وه‌ بایاخی بین

له‌ زیندان و

قوله‌كانی ده‌ریای لم و

له‌ سه‌گه‌ڕه‌شه‌كه‌ی بیابان!!

 له‌ بێده‌نگی قوبه‌ی شین و مناره‌كا‌ن..

له‌گشت گۆڕێكی به‌ كۆمه‌ڵ

له‌ لێشاوی بێ ئامانی یاسای جه‌نگه‌ڵ

له‌ (سه‌راب) ی ئێشكجی مه‌رگ..

له‌و نوسراوه‌ باڵا كورته‌ پڕ شكانه‌ی

دوای سه‌دان جار

ئه‌نفالیان له‌ خوێنی منداڵ هه‌ڵكێشا..

له‌و دوعا كورته‌بنانه‌ی نه‌یانتوانی

ده‌نگمان به‌رن به‌ره‌و لای خوا..

له‌و نوێژانه‌ی له‌هه‌‌ڵقرچانی (ڕۆح) دا

ده‌می گرتین..

له‌ سێ تیغی ژ‌هراوی سه‌ر

سینه‌ی سپی دایه‌ گه‌وره..

له‌سه‌دان ڤایرۆسی هاروهاج

له‌دوو ده‌ستی تێر نه‌خۆرو

دوو هه‌‌رێمی له‌ خاج دراو

له‌ زۆڵه‌كی ماڵه‌باوان

له‌عێراقی پڕ له‌خوێن و پڕ له‌تاوان

سه‌نگه‌ر بگرین

بۆ ئازادی

بژین..بمرین..

 

خاڵه‌حه‌مه‌/دانمارك/ڤالنی/29/8بۆ12/9/200

Xale1@ofir.dk

پوره‌چیستا/ ناوی یه‌كێ له‌كچه‌كانی زه‌رده‌شت بووه‌،، درودی خوای له‌سه‌ر...

 

 بؤ ثةيوةندي لةطةلَ نووسةر:  xale1@ofir.dk

info@kurdistannet.org

ضاثيكة

كاتي بلآوكردنةوة 

www.kurdistannet.org

Hit Counter