ثايزصكي ترو قورسايي خةمصكي نوص ... خالَة حةمة

 

پاییزێكیتریش هات و

هه‌واڵێكت بۆ نه‌ناردم.

له‌ یادت چوو!

ئه‌م فه‌رهاده‌ی به‌سه‌ر خه‌می

شاخ و شارا

هاوارئه‌كا

به‌سته‌ڵه‌كی ئه‌م خه‌مه‌ی من

ناتوێته‌وه! !

رێژنه‌بارانی فرمێسك و

ئه‌م گریانه‌ پڕهاواره‌

نابڕێته‌وه! ! ..

هاوار ئه‌كا

ئه‌ی زامه‌كه‌ی

خۆشنه‌وه‌بووی دوای كۆچی من

ئێستاش له‌ (دۆز) ی بێنازی

ئه‌و ئه‌وینه‌ پڕ سۆزه‌وه‌

له‌كه‌ناری رێگه‌كانی پڕ (دره‌وشه) و

چاوه‌ڕوانی و ئه‌سرینه‌وه

له‌ ژێر ته‌مێكی خه‌ماوی

كه‌ڵه‌که‌بووی

زۆر زۆر تۆخا

ئه‌و سرووده‌ مرواریانه‌ ئه‌ڵێمه‌وه‌

‌هه‌زاران ساڵ پێش ئه‌مڕۆكه‌

بانگی یه‌كسانی و ئازادی مرۆڤی دا

به‌گوێی دنیاو به‌گوێی كوردا

كه‌ (یاوه‌ر) ی (نایاوه‌ر) ی ئه‌ئه‌مكورده‌

نیازی وایه‌ به‌مشتۆكه‌ی

خه‌نجه‌ره‌كه‌ی

 (العروبه‌)

ووردیانبكات

دۆزه‌خێكیان بۆ دابخات..

 (2)

پاییزێكیتریش هات و

ئه‌و رۆژانه‌شت له‌یادكرد‌

كه‌ رۆحم تێكه‌ڵ رۆحت بوو‌

له‌ سپیده‌ تائێوارێ

گوڵ ئه‌ستێره‌

له‌ ئاسماندا دائه‌باری و

وورده‌ ماچمان ئه‌چنیه‌‌وه‌..

ئاشنا بوین به‌و شیعرانه‌ی

به‌ره‌و ئاهه‌‌نگێكی خودایی

به‌سه‌ر‌ شارا

باڵیانده‌گرت و هه‌ڵده‌فڕین

پڕ به‌ئاسمان ئه‌یانخوێندو

پڕ به‌زه‌ویش بانگیان ئه‌دا

ئه‌بێ دیواره‌ به‌رزه‌كان

ژێرزه‌مینه‌ پڕ (نسێ) یه‌كان

كه‌له‌پچه‌ی ده‌ست

پێوه‌ندی (پا)

چی زیندانه‌

له‌ كوردستان هه‌ڵبگیرێ و

ببنه‌ وانه‌ی سه‌ره‌تایی قوتابخانه..

 (بێنه‌وا) كانی دوای جه‌نگ و

ئه‌و (په‌ری) انه‌ی

گوڵخونچه‌ی نازیان ژاكاندن

ئه‌و دایكانه‌ی

پرچی سپیان هۆنیه‌وه‌و

به‌رگی ره‌شیان كرده‌هاوسه‌ر

له‌خه‌ڵوه‌تی وه‌فاو عه‌شقا نه‌هاتنه‌ده‌ر‌

ئه‌و باوكانه‌ی

ده‌ستی شكاویان له‌ملناو هه‌‌ڵنه‌توتان

بوونه‌ په‌یكه‌ر

بوونه‌ پێشه‌نگ..

له‌ دوا پله‌ی جاوێدانی و نه‌مریدا

خه‌ڵاتیانكه‌ین

ده‌سته‌ ده‌سته‌، ، پۆل پۆل هه‌موو

له‌ رویاندا سه‌رمانداخه‌ین..

عاشقێكی كوردستانی

عاشقێكی ماندوو نه‌ناس

پڕ به‌ (رۆح) ی ماندووی ئه‌وان

گۆرانیه‌ پیرۆزه‌كانی عه‌شق و

سروده‌كانی شه‌هیدبوون

بۆ دڵنه‌وایی (بێنه‌وا) ی دڵه‌كا‌نیان

بڵێته‌وه..

 (3)

پاییزێكیتریش هات و

هه‌ر بێده‌نگی

ئه‌و رۆژانه‌ت فه‌رامۆشكرد

كه‌ رۆحم ئاوێته‌ی رۆحت بوو..

زه‌وی پڕ بوو له‌ فرمێسكی

ئه‌و‌ ئه‌وینه‌ی

له‌ ژوورسه‌ری هه‌وره‌كان و بارانه‌وه‌

دائه‌بارینه ‌سه‌رزه‌وی و

بۆنی گڵ و

بۆنی گوڵ و

هه‌‌ناسه‌ی ئێمه‌ی لێده‌هات..

كه‌ له‌سه‌ر شۆسته‌و حه‌سارو

رێگه‌وبانا

به‌ره‌نگی سپی ئه‌ینووسی

ئه‌وینێكی بێكۆتایی

بۆ سبه‌ینێ

چاو هه‌ڵدێنێ

له‌یه‌كه‌م رۆژی بونیه‌وه‌

گۆرانیه‌كانی ئازادی بۆ كورد ئه‌ڵێ و

برینه‌كانی جه‌سته‌ی خاك رائه‌ژه‌نێ و

گشت ره‌نگه‌كان گرێ ئه‌دات

ئاگری پیرۆز له‌تاریكیدا خۆش ئه‌كات

به‌ سۆزی عه‌شق

گۆمی بێده‌نگی و گومان و

نهێنیه‌كان ئه‌شڵه‌قێنێ..

كچێ وه‌ره‌ تۆش له‌و عه‌شقه‌دا‌ گه‌وره‌بووی

* (بیناییم كوێره‌، هه‌‌ڵنایه‌ به‌ڕوی كه‌س)

موژه‌م یه‌ك یه‌ك ده‌ڵێئ بزماره‌ بێ تۆ) ..

بۆ بیرتچوو ئه‌و گه‌وره‌یی ‌و سه‌روه‌رییه‌

ئه‌و ئه‌وینه‌ پڕ ئه‌سرینه‌

باڵ سپییه‌..

‌نزیكترین باخچه‌ی گوڵ بوو

له‌پێش چاوتا..

فێنكترین هه‌ناسه بوو له‌ سییه‌كانتا..

شه‌ماڵێ بوو

له‌ قرچه‌قرچی هاوینتا..

سرودێ بوو له‌سه‌رێتا..

‌له‌سه‌ربست بست خاكی پیرۆزی ژێر پێتا

كه‌خۆت ئاوازت بۆ دانا..

ئێستاش وه‌ره‌

* (به‌بێ به‌زمی حوزوری تۆ حه‌رامم كردوه‌ باده‌

نه‌وه‌ك بشكێ به‌نه‌شئه‌ی مه‌ی خوماری ده‌ردی بێ تۆیی) ‌..

فریامكه‌وه

له‌ میحنه‌تی ئه‌م رۆژگاره‌ بێدڵه‌دا ده‌رم بێنه‌‌‌

گێله‌پیاوان واخه‌ریكن

نیشتمان ماره‌ ئه‌كه‌ن له‌ بۆره‌پیاو..

عه‌شقی پیرۆز

گوڵی نه‌ورۆز

سه‌روه‌ری هۆز ئه‌خه‌نه‌داو

كچێ وه‌ره

* (ئه‌ی نازه‌نین ئه‌‌ی به‌رگ ئه‌رخه‌وانی)

تۆش ئه‌یزانی‌

له‌باره‌گای دووسوڵتانی بێ به‌‌‌هه‌ره‌دا

شیری دوو ده‌م

له‌گه‌ردنی شیعرم ئه‌سوون!

ئه‌یانه‌وێ

به‌ده‌ستی خۆم

جه‌للادێ بۆ تۆ بهێنم! !

دڵڕه‌قتربێ

له‌و جه‌للاده‌ی

هه‌ڵه‌بجه‌كه‌ی شه‌هیدكردم..

به‌قینتربێ

له‌و جه‌للاده‌ی

هه‌زارهه‌‌زار شه‌ده‌لارو

هه‌زارهه‌زار شۆڕه‌سوارو

میرمنداڵ و ساوای بردم

كوردستانی ئه‌نفال كردم..

كوردستانی ئه‌نفال كردم..

دانمارك/ڤالبی/مانگی10/11/ی2004

تێبینی

ــــــــ

1) (دۆز) مه‌به‌ست..مه‌رام (2) (دره‌وشه‌) بریقه..(3) (‌یاوه‌ر) سه‌رۆكی كاتی عیراق (كه‌خۆی بۆ شه‌ڕی مان و نه‌مانی كورد هه‌ڵگرتوه‌) ..(4) (یاوه‌ر) بریكار، یاریده‌ده‌ر..(5) (سێبه‌ر) ، سایه‌.(6) (بێنه‌وا) بێ ئه‌نوا..بێجێگه‌..بێپه‌نا.

* (7) كۆپله‌یه‌ك له‌شیعری حه‌زره‌تی (نالی) .

* (8) كۆپله‌یه‌ك له‌ شیعری حه‌زره‌تی (مه‌حوی) .

* (9) كۆپله‌یه‌ك له‌ شیعری حه‌زره‌تی (دیلان) .

 

 بؤ ثةيوةندي لةطةلَ نووسةر:  xale1@ofir.dk

info@kurdistannet.org

ضاثيكة

كاتي بلآوكردنةوة 

www.kurdistannet.org