ثةروانة مةكربازةكان ... ئيسماعيل خورمالَص

xurmaly@yahoo.de

من وه‌ سوبحی ئه‌م عیشقه‌وه..

دیوانێکم له‌ قه‌ڵه‌می چڵه‌گیاکان،

پڕم له‌شه‌ونمی عیشق و

پڕم له‌ شۆخی هه‌ڵاژاو

پڕم له‌عیشوه‌ی مانگه‌شه‌و

پڕم له‌ختوکه‌و له‌ئاگری دره‌نگ شه‌وی

تاقانه‌دڵداره‌کانی ئه‌ودیو دۆزه‌خ. !

پڕم له‌ چۆمی ئه‌وئاوێنانه‌ی،

هه‌تاشه‌ویش

پڕن له‌مه‌له‌و له‌شڵپه‌ی کچان!

من وه‌ بازنه‌ی ئه‌م عیشقه‌وه‌

پڕم له‌ نێچیر و

پڕم له‌جه‌لادی عاشق

پڕم له‌ ڕێگه‌ی عه‌یارو

پڕم، پڕم

له‌دره‌ختی هه‌وه‌س باز و

له‌په‌روانه‌ی مه‌کر بازو

پڕم له‌ خه‌وی به‌ردو

پڕم له‌ خه‌یاڵی ئاو!

پڕم له‌هه‌ناری خوا هه‌نار و

پڕم له‌ ماچ و له‌لیمۆی ئێواره‌ سنگ!

من وه‌ بازنه‌ی ئه‌م عیشقه‌وه‌..

به‌ پڕبوونی ئه‌م هه‌مووهه‌ساره‌یه‌وه‌

له‌ئێواره‌ی چاخێکی ته‌ڕو

له‌کازیوه‌ی چاخێکی عاشق ده‌چم!

وه‌لێ یاران.. گه‌ر خوداشبم

گه‌ر ئه‌وپه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتم له‌بن ده‌ست بێ،

من هه‌ر ئاشقه‌ ڕوته‌ڵه‌که‌م

مینا جاران..

هه‌رله‌به‌رده‌م شه‌کردانیکی ئێوه‌دا

بۆن کردنی ڕیحانه‌یه‌کی ئێوه‌دا

هه‌ر وه‌ک گوڵی به‌ر خۆره‌تاو..

به‌سه‌رشان وبه‌سه‌رسنگی،

ئێوه‌دا لارلار ده‌بمه‌وه‌!

دوورم و لێ عه‌یاران

هۆکه‌نیشکه‌شه‌رمنه‌کانی نیشتیمان

من مردنم له‌دوورییا گوڵ ده‌رده‌کا و

من قه‌ڵه‌مم له‌ دوورییا

ڕۆنی عیشقێ وه‌ ده‌‌ر ده‌خا

به‌شی ئیوه‌ وبه‌شی نانی هه‌موو دڵه‌کان ده‌کا!

دوورم و لێ عه‌یاران

هۆ که‌نیشکه‌ شه‌رمنه‌کانی نیشتیمان

هه‌ر به‌ده‌می دووریشتان

من قوربانی دواین یه‌کتان بم

سێوتان

له‌پڕگاڵی ئه‌م خودایه‌ هه‌ڵدێ و

شه‌ونمتان به‌ کراسێکی ئاوییه‌وه‌،

به‌رده‌کانی قه‌راخ چه‌م هار ده‌کا و

هه‌ر وه‌ک و شه‌م، ئاگر.. ئاگر

له‌دێوانه‌ی چڵه‌ گیاکان ده‌نێ!

دوورم و لێ عه‌یاران

خه‌متان نه‌بێ

هه‌تا ئێوه‌و

بۆڵی سه‌وزی ترێم هه‌بێ

من غه‌زه‌لم به‌غه‌زه‌لی ده‌ریا و

کۆشم به‌ کۆشی جه‌هه‌نم و

کوفرم، کوفرم

به‌ باسوقی شیرین ده‌چێ!!

 

 

 بؤ ثةيوةندي لةطةلَ نووسةر: 

info@kurdistannet.org

ضاثيكة

كاتي بلآوكردنةوة 

www.kurdistannet.org