PDF

مه‌لیکی گۆرانی کوردی.. . هونه‌رمه‌ند زیاد ئه‌سعه‌د

ساز دانی دیمانه‌.. . هونه‌رمه‌ند هه‌ڵکه‌وت زاهیر

 

مه‌لیکی گۆرانی کوردی هونه‌رمه‌ند زیاد ئه‌سعه‌د، ئه‌ستێره‌یه‌کی دره‌وشاوه‌ی هونه‌ری گۆرانی کوردیه‌، ده‌نگی پڕه‌ له‌ هه‌ست وجوانی، وه‌ک به‌هار وایه‌ تادێ تازه‌ ئه‌بێته‌وه‌، ده‌نگی عه‌شقه‌، پڕه ‌له ‌هه‌ست و سۆز، عاشقێکه‌ وێڵه‌ به‌دووی ووشه‌ی نوێ بۆ دڵی عاشقان، ئاوازی نوێ بۆ دڵی گه‌نجان، سیمایه‌کی جوان‌و به‌سه‌لیقه‌، ئاره‌زومه‌ند به‌نوێ خوازی وداهێنان،

 

هه‌ڵکه‌وت/ ئه‌م کاته‌ت باش کاک زیاد، سه‌ره‌تا خۆشحاڵم به‌م دیمانه‌یه‌، ده‌مه‌وێت ساتێک به‌ڕێزتان له‌نزیکه‌وه‌ بدوێنم بۆ عاشقانی ده‌نگی زیاد ئه‌سعه‌د، مه‌لیکی گۆرانی کوردی.. .

 

زیاد/ ئه‌م کاته‌ت باش کاک هه‌ڵکه‌وت سه‌ره‌تا سوپاسی به‌ڕێزتان ئه‌که‌م، بۆ زه‌حمه‌ت کێشانتان، وه‌ زۆر خۆشحاڵم که‌ دیمانه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا ده‌که‌م به‌هۆی خۆشتان کاری هونه‌ری ده‌که‌ن باشتر له‌زمانی یه‌کتری تێ ئه‌گه‌ین و هه‌ست به‌گرفته‌کانی یه‌کتری ده‌که‌ین.. .

هه‌ڵکه‌وت/ دوا پڕۆژه‌ی هونه‌ریتان چییه‌؟

زیاد/ ئێستا من له‌گه‌ڵ كۆمپانیایی چوارچرا له‌وتوێژدام كه به‌ڕێزتان ئاگادارن، ئه‌ویش سه‌باره‌ت به‌ئه‌لبومێكی نوێیه كه چه‌‌ند به‌رهه‌مێكی نوێی له خۆ گرتووه، دوا گه‌یشتنه ئه‌نجام له‌گه‌ڵ كۆمپانیایی چوارچرا گه‌ر پۆزه‌تیڤ بوو ئه‌وا له ماوه‌ی دوومانگ‌دا ئه‌لبومه‌ نوێیه‌كه‌م ئه‌گه‌ێنمه به‌رده‌ستی خۆشه‌ویستانم.

 

هه‌ڵکه‌وت/ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن تا چ ڕاده‌یه‌ک له‌ خزمه‌تی کاری هونه‌رمه‌ندان‌دان له‌ڕوانگه‌ی زیاد ئه‌سعه‌ده‌وه؟

زیاد/ ئه‌بێ ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێ ئه‌گه‌ر ڕاگه‌یاندن ڕێگایه‌ک بێت به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بردنی ئاستی ڕۆشنبیری و هونه‌ری، له‌هه‌مان کاتدا ڕێگایه‌که‌ بۆ تێکدانی چێژو سه‌لیقه‌، بۆیه‌ من واهه‌ست ئه‌که‌م ئێستا ڕاگه‌یاندن نییه‌ له‌خزمه‌تی هونه‌رمه‌ندان و کاری هونه‌ری باش، وه‌ئه‌وه‌ی که‌هه‌یه‌ زۆر لاوازو بێ هێزه‌، چونکه‌ زۆر بێ هه‌ست کردنه‌ به‌لێپسراویه‌ت وه‌تێک دانی سه‌لیقه‌ی گوێ بیستانه‌ به‌ گۆرانی لاواز وه ‌ئاستی نزم.

 

هه‌ڵکه‌وت/ گۆرانی کوردی چ ستایلێکی له‌ خۆ گرتووه‌؟

زیاد/ تا ئێستا گۆرانی کوردی له‌بیری فۆلکلۆردایه‌ داهێنان که‌مه‌ بۆ نوێ کاری، به‌ڵام چه‌ند هه‌وڵێک هه‌ن بۆ کارکردن له‌ پۆپ و ڕۆک و ته‌ره‌ب و ئه‌ره‌بیسک، هیوادارم کاری بۆ بکرێت، هونه‌ری کوردی به‌گشتی ڕوی له‌نوێ خوازیدابێت.

هه‌ڵکه‌وت/ چۆن هونه‌ری گۆرانی ده‌توانێ به‌ره‌و پێش بڕوات؟

 

زیاد/ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین هونه‌ری کوردی بگێنینه‌ ئاستی جیهانی پێویستیمان به:

 خۆێندن-

 ئازادی ته‌واو بۆ هونه‌رمه‌ند که‌ به‌چ زمانێک گۆرانی بڵێ -

باری ئابوری له‌پله‌یه‌کی زۆر به‌رز -

- هه‌بوونی چه‌ند که‌سایه‌تیه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند که‌هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیان هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی کۆمپانیای هونه‌ری گه‌وره‌ بکه‌نه‌وه‌ وئێمه‌ له‌وێ بتوانین کاری خۆمان ئه‌نجام بده‌ین، و به ‌پاره‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ناسراوی دونیا گۆرانی بڵێین، ئوسا تۆ هونه‌رمه‌ندێکی کوردی جیهانی

هه‌ڵکه‌وت/ زیاد ئه‌سعه‌د حه‌ز به‌ده‌نگی کێ ئه‌کات؟

زیاد/ به‌گشتی گوێ ده‌گرم له‌ به‌رهه‌می باشی هونه‌رمه‌ندای باش، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من زۆر پێم خۆشه‌ گوێی زۆر بۆ ده‌گرم ئه‌مانه‌ن:

کوردی/ حه‌سه‌ن زیره‌ک

عه‌ره‌بی/ سعاد حسنی زۆر زۆر ده‌نگیم پێ خۆشه‌، ام كلثوم، شیرین

فارسی/ مه‌هه‌ستی

تورکی/ ئیبراهیم تاتلیسس، مسته‌فا سه‌ندل

ئینگلیزی/ کریستینا ئاگولێرا، سلندون

هه‌ڵکه‌وت/ ئه‌و کاره‌ هونه‌ریانه‌ی کوردستان چۆن ده‌بینی؟

زیاد/ خۆشحاڵانه‌ هه‌ندێکیات له‌وانه‌ی هێمن حسێن و سه‌ید ئه‌حمه‌د کردویانه‌ ده‌توانین باوه‌ڕیان پێ بکه‌ین.

هه‌ڵکه‌وت/ کاره‌ هونه‌ریه‌کانی تاراوگه‌ چۆن ده‌بینیت؟

زیاد/ ئومێد هه‌یه‌ له‌چه‌ند هونه‌رمه‌ندێکدا، به‌زمانێکی دیکه‌ له‌ڕێگایه‌ به‌شه‌له‌شه‌ل.

 

هه‌ڵکه‌وت/ چۆن ده‌ڕوانیته‌ شعر له‌گۆرانیدا؟

 

زیاد/ گۆرانی هونه‌ره‌، شیعر ئه‌ده‌به‌.. جاران شعریان ده‌کرده‌ گۆرانی.. به‌ڵام من ده‌لێَم ده‌بێ تێکست بۆ گۆرانی بنوسرێ.

هه‌ڵکه‌وت/ کێن نووسه‌ری تێکست بۆ گۆرانی؟

 

زیاد/ عه‌بدورحمان بێ لاف سه‌رقافله‌ی هه‌موویانه‌، نازم دڵبه‌ند، ئیسماعیل خورماڵی ئه‌حمه‌د مه‌حه‌مه‌د.

هه‌ڵکه‌وت/ باشه‌ بۆ عه‌بدورحمان بێ لاف سه‌رقافله‌ی هه‌موویانه‌؟

 

زیاد/ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شاعیرێکه‌ له‌هونه‌رمه‌ندان زیاتر به‌دوی هونه‌رکه‌وتووه‌

و وه‌تێ گه‌شتنی بۆ هونه‌ر له‌هونه‌رمه‌ندان زۆر زیاتره.

 

هه‌ڵکه‌وت/ کێن ئه‌وانه‌ی له‌بواری ئاواز داناندا کاری جوانیان هه‌یه‌، پێت باشترین ئاوازدانه‌رن؟

 

زیاد/ قادر کابان، ئیبراهیم خه‌یات، سه‌ڵاح ڕه‌ئوف، هه‌ڵکه‌وت زاهیر وه ‌هه‌روه‌ها مامۆستا وریا ئه‌حمه‌د که‌ من‌ خۆم به‌قوتابی ئه‌و دائه‌نێم وه‌له‌لای من که‌سێک نیه‌ له‌مامۆستا وریا ئه‌حمد هونه‌رمه‌ند تر بێت.

 

هه‌ڵکه‌وت/ ده‌توانم هه‌ندێ پرسیارت لێ بکه‌م به‌ڕاشکاوی و ئازادانه‌ وه‌ڵامم بده‌یته‌وه‌؟

زیاد/ بێ گومان.

هه‌ڵکه‌وت/ ڕات چیه‌ به‌وکه‌سانه‌ی شعری کلاسیک هه‌ڵده‌بژێرن و میلۆدی بۆ دائه‌نێن؟

زیاد/ من بێ گومانم ئه‌وه‌ی شیعری کلاسیکی ووتوه‌ تێی نه‌گه‌شتووه‌، ئه‌گه‌ر تێی بگه‌شتایه‌ ده‌یزانی ئه‌و شیعره‌ بۆ گۆرانی نابێت.

هه‌ڵکه‌وت/ مه‌به‌ست چییه‌ و نموونه‌ت چییه‌؟

زیاد/ بۆنموونه‌ گۆرانیه‌ک له‌ته‌له‌فزێۆن ده‌رئه‌چێت، به‌ناوی (ئه‌ڕۆی ئۆغر) که شیعری مامۆستا گۆرانه، له‌به‌شێک دا ئه‌ڵێت

به‌دوتا ئه‌شکی حه‌سره‌ت خوێن ئه‌بارێنێ به‌سه‌ر ده‌شتا) )

ئه‌و به‌هه‌ڵه‌ ئه‌یڵێت (به‌دوتا ئه‌شکی حه‌سره‌ت خوێن ئه‌بارێنی به‌سه‌ر ده‌شتا) .

هه‌ڵکه‌وت/ چۆن ده‌ڕوانیته‌ ده‌نگی ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌؟

مامۆستای گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ند ناسڕی ڕه‌زازی

مه‌رزیه‌ی فه‌ریقی

ئه‌یوب عه‌لی

عدنان که‌ریم

فاتێ

چۆپی

زیاد/ هونه‌رمه‌ند ناسڕی ڕه‌زازی؛ هونه‌رمه‌ندێکی گه‌وره‌ی کورده‌، هونه‌رمه‌ندێکه‌ که‌توانیویه‌تی بۆ ماوه‌ی 30 ساڵ له‌ستایلی خۆی تۆپ بێت واتا لوتکه‌، خاوه‌نی توانایه‌کی زۆره‌، ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ندی ووڵاتێکی وه‌ک سوید یان ئینگلیز بوایه‌ بێ گومانم ده‌بووه‌ یه‌که‌می هه‌موو دنیا، جێی ته‌قدیره.

مه‌رزیه‌ی فه‌ریقی؛ هه‌ستێکی ژنانه‌ی زۆر باشی هه‌یه‌ ده‌نگی خۆشه.

ئه‌یوب عه‌لی؛ ده‌نگێکی تازه‌یه‌ له‌گۆرانی کوردیدا.

عدنان که‌ریم؛ موئه‌دیه‌کی باشه‌، جه‌ره‌سی ده‌نگی خۆشه‌.

فاتێ؛ ده‌نگێکی فۆلکلۆریه.

چۆپی؛ ده‌نگی ئافره‌تێکی پڕۆفیشوناڵه.

 

هه‌ڵکه‌وت/ وه‌ک لێمان بیستی که‌ هونه‌رمه‌ند زه‌که‌ریا، چه‌ند به‌رهه‌مێکی ئێوه‌ی بۆ تۆ ئاماده‌ کردوه‌ پاشان خۆی ده‌نگی خستۆته‌ سه‌ر و بڵاوی کردۆته‌وه، هونه‌رمه‌ند زه‌که‌ریا نه‌هی له‌م ووته‌ی به‌ڕێزتانی کرد! ئێوه‌ چی ده‌ڵێن؟

زیاد/ زه‌که‌ریا هێشتا له‌هونه‌ر منداڵه، له قسه‌کردنیش‌دا نه‌خوینه‌ده‌واره، بۆیه‌ قه‌ت لێی توڕه‌ نابم، هێشتا لای ئه‌و گۆرانی ووتن شه‌کره‌ به‌ڵام په‌حله‌.

هه‌ڵکه‌وت/ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و ووته‌ی تۆدا، هونه‌رمه‌ند زه‌که‌ریا ئه‌مڕۆ خاوه‌نی جمورێکی یه‌کجار زۆره‌ چ له‌ناوخۆی کوردستان چ وه‌ک کورده‌کانی له‌تاراوگه‌ ده‌ژین؟

زیاد/ كاتێك زه‌كه‌ریا هاته مه‌یدان، ئه‌وانه‌ی له مه‌یدانی گۆرانی ووتن‌دا بوون، زۆریان گۆرانیبێژ نه‌بوون، وه‌میدیای کوردی پێی وابوو معجیزه‌یه‌ک هاتووه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ میدیاکانیش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ تێ ئه‌گه‌ن له‌هونه‌ر.

 

هه‌ڵکه‌وت/ چۆن ده‌ڕوانیته‌ که‌سانی ده‌سه‌ڵات دارانی کوردستان و ئاستی تێ گه‌شتنیان بۆ هونه‌ر؟

زیاد/ جگه له چه‌ند كه‌سایه‌تێک نه‌بێ كه له‌ هونه‌ر تێ ئه‌گه‌ن، ئه‌وانه‌ دیكه‌ چه‌ند له سیاسه‌ت ده‌زانن، هه‌ر ئه‌وه‌نده له هونه‌ر تێئه‌گه‌ن.

هه‌ڵکه‌وت/ ده‌مه‌وێت چه‌ند پرسیارێکی تایبه‌ت به‌خۆتت لێ بکه‌م، چی ده‌ڵیت؟

زیاد/ فه‌رموو به‌ڕێزتان ئازادن بۆ هه‌موو پرسیارێک..

 

هه‌ڵکه‌وت/ چۆن ده‌ڕوانیته‌ خۆشه‌وویستی؟

زیاد/ هونه‌ره‌، مرۆڤایه‌تیه‌، زۆر شت هه‌ن شایه‌نی خۆشه‌ویستین.

 

هه‌ڵکه‌وت/ هونه‌ر پیشه یان ئاره‌زوو؟

زیاد/عشقه‌.. .. .

هه‌ڵکه‌وت/ زیاد خێزانی هه‌یه‌؟

زیاد/ هێشتا کاتی نه‌هاتووه.

هه‌ڵکه‌وت/ کێت خۆش ئه‌وێ؟

زیاد/ ئه‌وه‌ی منی خۆش ئه‌وێ

هه‌ڵکه‌وت/ چی ده‌ڵێت به‌عاشقانی ده‌نگی زیاد ئه‌سعه‌د؟

زیاد/ ده‌ڵێم من هه‌مووتانم خۆش ئه‌وێ.

هه‌ڵکه‌وت/ ئه‌ی به‌من؟

 

زیاد/ جوانترین چه‌پکه‌گوڵی کوردستان پێشکه‌ش ده‌که‌م، وه‌ئومێده‌وارم له‌کاره‌ هونه‌ریه‌کانت سه‌رکه‌وتوو بیت.

هه‌ڵکه‌وت/ زۆر سوپاس ده‌که‌م وه‌زۆر خۆشحاڵ بووم به‌م دیمانه‌یه‌، هیوای سه‌رکه‌وتنت بۆ ده‌خوازم له‌کاره‌ هونه‌ریه‌کانت، به‌هیوای به‌رهه‌می نۆێی به‌ڕێزتانین چونکه‌من بۆ خۆم یه‌کێکم له‌عاشقانی ده‌نگت، هه‌رله‌سه‌ره‌تای ده‌رکه‌وتنت و تائێستا.. ..

 

زیاد/ زۆر سوپاسی بۆ تۆی ئازیز کاک هه‌ڵکه‌وت.

 

 

Hit Counter